دەركرانی ڕێژیمی دژەمرۆڤ لە كۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی نەتەوەیەكگرتووەكان
دیپلۆماسیی وڵاتان بەتایبەتی زلهێزە سەرمایەدارەكان و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتاندا، بەر لەوەی گرێدراوی كۆمەڵێك باس و بابەتی وەكوو مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ئازادی بێت و لەسەر بوون یان نەبوونی ئەو شتانە پەكی بكەوێت، سەرلەبەری لەسەر پرسی بەرژەوەندی دامەزراوە. هەر ئەوەی كە دەڵێن لە سیاسەتدا نە دۆستی تاهەتایی هەیە و نە دوژمنی تاهەتایی، زیاتر لەسەر ئەو بنەمایەیە كە سیاسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكان دادەمەزرێ و دادەڕێژرێت. هەر بۆیەش ئەو كەس و لایەنانەی كە ڕوانگە و تێگەیشتنێكی ڕۆمانتیكیانەیان بۆ ڕووداو و واقیعەكانی گۆڕەپانی سیاسەت هەیە، هەرگیز ناتوانن لێكدانەوەیەكی دروست و بەجێیان هەبێت و، هەموو جارێ وەختێك بەخەبەر دێن، كە كورد واتەنی دەمێكە كەوڵەكە ئاو بردوویەتی.
هاتنە سەركار و بەردەوامبوونی كۆماری ئیسلامی كە تا ئەم دەموساتەش هەر لەسەر كارە، پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی زلهێزەكانەوە هەبوو. لە چل و سێ ساڵی ڕابردوودا كۆماری ئیسلامی هیچ شوێنێكی ئەم دونیایە نەماوە یان تیرۆرێكی لێ نەكردبێ، یان پشتی تیرۆریستێكی نەگرتبێ. لە چلوسێ ساڵی ڕابردوودا پەروەندەی هەموو جینایەتەكانی ڕێژیم بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە لە بەر دەستی كۆڕ و كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بەو ڕێكخراوەدا بووە، بەڵام جگە لەوەی جاروبار لە پێناو وەرگرتنی كۆمەڵێك ئیمتیازدا بە ڕاگەیەنراوێك مەحكوومیان كردووە، هیچ هەوڵێكی لێبڕاوانە و كاریگەریان نەداوە. بۆچی؟ چونكە تەواوی ئەو شتانەیان بە پرسی ناوخۆی ئێران زانیوە، تا ئەو جێیەی كە كێشەی بۆ بەرژەوەندیی ئەوان ساز نەكردبێ، بە گرفتی خۆیانیان دانەناوە و ئەو چەند ڕاگەیەنراوەش كە جاروبار بڵاویان كردوونەتەوە، هەم ئیمتیازیان پێ وەرگرتووە، هەمیش شتەكەیان بەوجۆرە لە ئەستۆی خۆیان داڕنیوە، بەتایبەتی وەختێك كە دیتوویانە گەلانی ئێران هێشتا ئەگەر بەشێوەی شانۆیەكیش بێ لە شانۆی هەڵبژاردنەكانی ڕێژیمدا بەشدارن و، هێشتا شێلگیرانە نەهاتوونەتە شەقام تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بەدەنگیانەوە بێن. بەڵام لەگەڵ شەهیدكرانی ژینا ئەمینی و هەڵاییسانی ئاگری پیرۆزی شۆڕشی ژینادا وردە وردە ئەم باڵانسە گۆڕانی بەسەردا هات و دەنگی خەڵكی ئێران، بەتایبەتی دەنگی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەتایبەتیتر پرسی ژن لە ئێراندا گەیشتە نێو كۆڕ و كۆمەڵ و بیروڕای جیهان و لە پەرلەمان و ناوەندە سیاسی و ڕووناكبیرییەكانی جیهاندا دەنگی داوە. شتێك كە كۆماری ئیسلامیی ئێران قەت بڕوای نەدەكرد بگاتە ئەو ئاستە.
بزووتنەوەی ژنان لە ئێراندا
بۆ تێگەیشتن لەم ڕاپەڕینەی بە شۆڕشی ژینا ناسراوە و ژنان هێزی سەرەكیی شۆڕشەكەن، پێویستە ئاوڕێكی كورت لە بزووتنەوەی ژنانی ئێران بدەینەوە.
تا سەردەمی مەشڕووتە لە ئاستی ئێراندا هیچ دەنگێكی ژنانە نابیسرێ. تەنانەت شاعیرە ژنەكانیش بە دەنگ و زمانێكی پیاوانە دەنووسن و دەدوێن. ژن لە شیعری پیاواندا تەنیا مەعشووقێكی قەدباریكی چاوپیاڵەی لێوقەیتان و لێوخونچەی تاووس ئاسایە. ژن لە كۆمەڵگەی ئێراندا پاشكۆی ژیانی پیاوانە و بەگوێرەی ڕێوشوێنی ئایینی و مەزەبی دەجووڵێتەوە و هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێ. پرسی جلوبەرگ و خۆداپۆشین و ئەوەی پێی دەگوترێ حیجاب، تا سەردەمی مەشڕووتەش هیچ پرس و باسێكی لە نێو كۆڕ و كۆمەڵی ئێرانییەكاندا نییە. وێدەچێ ژنان تەواو پێملی بڕیاری پیاوان و فەرمان و ڕێوشوێنەكانی ئایین بووبێن.
یەحیا ئاریەنپوور لە كتێبی “از صبا تا نیما”دا دەڵێ: لە سەرانسەری پاشایەتیی قەجەردا، باسی ژن و ماف و ئازادییەكانی ژن هەر لە گۆڕێ نەبووە، ئەوەندە نەبێ جاروبار بەشێوەی لاوەكی قسەیەكی لێ كراوە؛ ژنانی ئێران تەنانەت لەبەرچاوی كوڕ و ئامۆزا و خاڵۆزاش دەموچاوی خۆیانیان دادەپۆشی و وەختێك لە ماڵ دەچوونە دەرێ، پانتۆڵێكیان لەپێ دەكرد كە پێی دەگوترا “چاقجوور” و چارشێویان بەسەر خۆیاندا دەدا و پەچە و ڕووبەندیان دەبەست. خۆ ئەگەر ژنێكیش ئەو شتانەی ڕەچاو نەكردبایە، وەكوو ژنێكی بێشەرم و سووك و بێئابڕوو سەیری دەكرا.” لە سەردەمی مەشڕووتەدا پاش ئەوەی ڕووناكبیرانی ئێرانی لە فەڕەنگ دێنەوە، وردە وردە ئەو باسانە دێنە گۆڕێ. ئاریەنپوور دەڵێ بەرپرسانی دەوڵەت ئەو كات مۆرك و تۆمەتێكی كە دەیاندایە پاڵ ئازادیخوازان، ئەوە بوو كە دەیانگوت ئەوانە لایەنگری سەر ڕووتكردن و فڕێدانی چارشێون. ئەو تۆمەتەشیان بۆیە دەدانە پاڵ تا خەڵك بە چاوی كەسانی بێدین سەیریان بكەن و بڵێن ئەوانە ئیمانیان لاوازە و ئیدی ڕوویان نەدەنێ و پشت بكەنە مەشڕووتە و مەشڕووتەخوازان.
تەنانەت یەكەم جار وەختێك ژنە ڕووناكبیرێك بەناوی تاهیرەی قوڕەتولعەین لەسەردەمی ناسرەدین شای قەجەردا تەنیا پەچە فڕێ دەدا، ناوی دەكەوێتە سەر زار و زمانان و لە هەموو تاراندا بە خراپ ناوی دێنن، بەڵام چونكە هاوكات كچی پادشاش ئەو كارە دەكات، ئیدی لە هەڕەشە و هێرش دەپارێزرێت.
نفووز و دەسەڵاتی گوتاری پیاوانی ئایین تا ئاستێك بوو، كە ساڵی 1314 وەختێك ڕەزا شا فەرمانی فڕێدانی چارشێو و لەچك دەدا و وەكوو یاسا پەسند دەكرێ، بەربەرەكانییەكی زۆر توند دەكرێ و تەنانەت لەو بەربەرەكانێیەدا بەشێكی زۆر لە ژنانی ئێرانی پشتیوانی لە گوتاری پیاوانی ئایین دەكەن.
لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا كە بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكەی سەنا ساریان 67 لەسەدی ئێران خوێندەوار بوون، كەچی توێژی نەریتیی ژنان پشتیوانییان لە بەرنامە و گوتاری خومەینی و پەیامەكانی كرد، ئەگەرچی ژنە خوێندەوار و ڕووناكبیرەكانی ئێران، بەتایبەتی ئەوانەی بیری ئازادیخوازانە و چەپگەرایانەیان هەبوو، ملیان بۆ ئەو گوتارە ڕانەكێشا. پاش ساڵی 57 یەكەم یاسایەك كە لە پەیوەندی لەگەڵ جلوبەرگی ژناندا پەسند كرا، مادەی 102ی یاسای سزادان بوو، كە دواتر بەشێوەی بڕگەیەك لە مادەی 141ی یاسای سزای ئیسلامیی پەسندكراوی 1357 زیاد كرا. حیجابی زۆرەملی لە ئێراندا لە ساڵی 1362ـەوە و لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و بە پەسندكرانی سزا ئیسلامییەكان بۆ ڕەچاونەكرانی حیجاب لە شوێنە گشتییەكان و دەسنیشانكردنی سزاكانی ئەو یاساشكاندنە بە كردەوە جێبەجێ كرا. بەڵام بەشێك لە ژنانی ئێران كە شان بە شانی پیاوانی ئەو وڵاتە لە شۆڕشی دژی شادا بەشدارییان كردبوو، ئامادە نەبوون مل بۆ ئەو یاسا و حوكمانە كەچ بكەن، بۆیە دژی ئەو یاسایانە خۆپێشاندانیان كرد. ڕۆژێك پێش هەشتی ماڕسی ساڵی 1357 لە حاڵێكدا كە دەستە و گرووپە سیاسییە جۆراوجۆرەكان خۆیان بۆ یەكەم ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە ئێراندا ئامادە دەكرد، ڕۆژنامەی كەیهان بەو سەردێڕەوە بڵاو بۆوە: “ژنان دەبێ بە سەرپۆشەوە بچنە ئیدارەكان”. ئیتر پاش ئەوە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لە شاڕەكانی دیكەی ئێرانیش دەستی پێ كرد و هێزە چەكدارەكانی رژیم لەو ڕۆژەوە دەستیان كرد بە سەركوتی ژنان.
لە ساڵی 2018ـەوە ناڕەزایەتیی ژنانی ئێران لە شارەكانی وەكوو تاران و ئیسفەهان و كەرەج و شیراز قۆناغێكی دیكەی بڕی و دەستەواژەی ژنانی شەقام، یان كیژانی شەقام كەوتە سەر زاران. بەڵام لەگەڵ كوژرانی ژینا ئەمینی، ئەو دەنگە واتە دەنگی ژنان لە ئاستی ئێران و بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا تەقییەوە و دەكرێ بڵێین بۆ یەكەم جار لە مێژووی ئێراندا ژنان نەك شان بە شانی پیاوان، بگرە لە پێشەوەی پیاوان بوونە سەركردەی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەكان.
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پرسی مافی مرۆڤ
ئەگەر مەسەلەی مرۆڤ و پرسی مافەكانی مرۆڤ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بابەتێكی گرینگ بوایە و، كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان شێلگیرانە لەو بابەتەی كۆڵیبایەوە، بە دڵنیاییەوە كۆماری ئیسلامی نەدەبوو تەنانەت یەك ڕۆژیش لەو كۆمیسیۆنەدا ئەندام بێت. رێژیمێك كە لە دەستووری بنەڕەتیی وڵاتەكەیدا بێڕێزی بە ژنان دەكا و و لە یاسای دادوەری و یاساكانی سزاداندا بە ئاشكرا ژن بە نیوەی پیاو دادەنێ، چۆن دەبوو لەو كۆمیسیۆنەدا نوێنەری هەبێ؟
ئێستاش لە یاساكانی ئێراندا، بە دوو ژن لە شایەتیدا حیسابی پیاوێكیان بۆ دەكرێ و لە میراتیشدا دوو خوشك میراتی برایەكیان پێ دەبڕدرێ. تەنانەت لە پرسی قەساس یان تۆڵەشدا ئەگەر پیاوێك ژنێك بكوژێ، خوێنبایی نیوەمرۆڤێكی لێ دەستێنن. جگە لەوەی لەو چلوسێ ساڵەدا چەندین حوكمی سەنگساری ژنان لەو وڵاتەدا جێبەجێ كراون. وەها ڕێژیمێك چۆن دەبوو لەو كۆمیسیۆنەدا بەشدار بێت؟
بەڵام پاش شۆڕشی ژینا، ئەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو كە لە بەرانبەر ویست و داخوازی گەلانی ئێراندا پاشەكشەی كرد و، لانیكەم ئاوڕێكی لە پرسی ژنانی ئەو وڵاتە دایەوە. شۆڕشی ژینا، دەنگی بێبەشیی ژنانی ئێرانی كردە بابەتی سەرەكیی نێو پەرلەمانی وڵاتان و كۆڕ و كۆمەڵی سیاسی و ڕۆشنبیری. هەر لەو سۆنگەیەوە بوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرەڕای هەوڵی وڵاتگەلی وەكوو ڕووسیا و چین و چەند دۆستێكی دیكەی ئێران، بەڵام ئەمجارە نەیتوانی ئەم بەشە لە مافی مرۆڤ لە ئێراندا لەبەرچاو نەگرێ و بە نەوت و بەرژەوەندیی دیكەی ئابووری و سیاسی بیگۆڕێتەوە، چونكە ئەگەر وەها كارێكی كردبایە، دەبوو بە ڕیسواییەكی گەورە و، ئەوەی چلوسێ ساڵە ساتوسەودای پێ دەكەن، دەبووە پەڵەی نێوچاوانیان.
هەڵبەت پێش ئەم دەستكەوتەی شۆڕشی ژینا، پەسندكرانی دامەزراندنی كۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەكان، دەسكەوتێكی دیكە بۆ خەڵك و ڕاچڵەكینێك بوو بۆ كۆماری ئیسلامی. ئەگەرچی بەڵگەی جەنایەتەكانی كۆماری ئیسلامی هێندە ئاشكران، كە نە پێویستیان بە خۆزەحمەتدانە و نە بە لێكۆڵینەوە، چونكە هەموویان حاشاهەڵنەگرن و كۆماری ئیسلامییش نەك نكۆڵی بگرە داكۆكیشیان لێ دەكات.
شۆڕشی ژینا، جگە لەوەی دەنگی خەڵكی ئێران بەتایبەتی ژنانی نێو ئێران و كوردستانی كردووەتە بابەتی سەرەكیی كۆڕ و كۆمەڵ و بیروڕای گشتیی نێودەوڵەتی و میدیا جیهانییەكان، لەلایەكیش دەهۆڵی ڕیسوایی ڕێژیم و داشدیارەكانی ئەو جەللادانەی كوتاوە تا ئاستێك كە یەكێك لەو پشتیوانانەی ڕێژیم پشتی پێی گەرم بوو، واتە وڵاتی چین لە سۆنگەی ئەو شۆڕشەوە هەستی بە باری لاری ئەو ڕێژیمە كرد و، جگە لەوەی خاوەنداریەتیی وڵاتی ئیماڕاتی لەسەر سێ دووڕگەكەی كەنداو بە فەرمی ناسی، كۆمەڵێك پڕۆتۆكۆل و گرێبەستی ئابوورییشی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو واژۆ كرد، كە سەرلەبەری ئەو شتانە دەكرێ بە دەسكەوتی شۆڕشی ژینا و نیشانەی باری لار و دۆخی نالەباری ڕێژیم لەقەڵەم بدەین.
هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر پێمان وابێ دونیا تازە كۆماری ئیسلامیی ناسیوە. نەخێر، دونیا هەر لە سەرەتاوە ئەوانەیان ناسیبوو. مەگەر لەو چلوسێ ساڵەی ڕابردوودا لە تەقاندنەوەی بنكەی جوولەكەكان لە ئاڕژانتینەوە تا تیرۆری دژبەرانی خۆیان لە دەرەوەی وڵات و وەڕێخستنی قەتڵەزنجیرەییەكان و دەیان و سەدان جەنایەتی دیكە و پشتیوانی لە تاقم و گرووپە تیرۆریستییەكانی لوبنان و فەلەستین و یەمەن و بەحرین و عێراق و مووشەكبارانكردنی خەزێنەكانی سووتەمەنیی سعوودیە و مووشەكبارانكردنی حیزبی دیموكرات و هەولێر تەنیا ئێمە بیستوومانن و خەڵكی جیهان و كۆمەڵی نێودەوڵەتی لێیان بێخەبەر بووە؟ نەخێر، ئەوان زۆر لە ئێمە باشتر ئاگاداری زۆر لەوە زیاتری كردەوەی تێكدەرانەی كۆماری ئیسلامی بوون و هەن، بەڵام بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانیان لاواندوویانەتەوە و ئیمتیازیان پێ داوە و ئیمتیازیان لێ وەرگرتووە. ئێستاش كە لەو كۆمیسیۆنە دەركراوە، ئەوە نەبێ تازەیان ناسیبێ، بەڵكوو پەرەگرتنی دەنگی ناڕەزایەتییەكانی ئێران و تەنینەوەی بیروڕای گشتییە. هەر بۆیە هەنگاوی داهاتوو پێویستە بەرەو دەركرانی باڵیۆزە تیرۆریستەكانی ڕێژیم و داخرانی ژارگە و هێلانە سیخوڕییەكانیان بێ لە وڵاتان.
چونكە ئەگەر وڵاتانی جیهان پشت بكەنە كۆماری ئیسلامی و تەواو گۆشەگیری بكەن، بە دڵنیاییەوە خەڵكی ئێران بۆخۆیان مشووری دەخۆن و دەیخەنە زبڵدانی مێژووەوە. بەڵام ئەوە دیسان هەر خەڵكی ئێرانن، كە بە مانەوەیان لە گۆڕەپانی شۆڕش و شەقامەكانی ئێراندا پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی ناچار بكەن ئەو بڕیارەش بدات.