لە ڕۆژهەڵاتەوە
شاهیدحاڵیک
ئەوڕۆژە هەواڵی دڵتەزێنی ژینا بەدەستی جەنایەتکارانی ڕێژیمان دەبیست، تەنیا خەممان دەخوارد و هیوای چاکبوونەوە و وەهۆشهاتنەوەمان بۆ دەکرد.
هیچ کوردێک بیری نەدەکردەوە دوای چل و سێ ساڵ زوڵم و چەوسانەوە و کوشتن بە تیر و لە سێدارەدان و زیندانی، کەس ورەی ئەوەی هەبێت دژی ئەم ڕەژیمە بڕژێتە شەقامەکان و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامەنەیی و بەکرێگیراوانی لێ درێ.
کەس بیری نەدەکردەوە چەخماخەی شۆڕشێکی وا بەهێز دوای چل و سێ ساڵ لە کوردستانەوە لێ درێت.
بەڵام ئەوەی کرا و ئەوەی دیترا چاوەڕوان نەکراو بوو.
لە هەر شوێنێکی ئەم کوردستانە بە هەر شێوە ناڕەزایەتێک بوو، ئەم ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە سەری هەڵدا و تا ئێستاش بەدەوامە. کوردستان تازە دەیهەویست دەگەڵ خەمی گوڵاڵە شێخی و سۆعداخەدیرزادە و شلێر ڕەسووڵی، سێ ژنی زوڵملێکراوی کوردستانی بسازێ، کە هەواڵی ژینا و غەریبایەتی ژینا سەرلەنوێ برینەکانی ژنکووژی هێنایەوە ژان و خەڵکی کوردستان بۆ ئەمجارە بڕیاری دا ئیتر بەسە ژنکووژی.
لە سەرەتای شۆڕشی ژینا ژنان پێشەنگی ئەم شۆڕشە بوون و هەن.
لەم چەشنە شۆڕشە لە دوای چل و سێ ساڵ تەمەنی پڕ لە ئەشکەنجە و ئازار و کوشت و کوشتاری ڕێژیم کرا، دەتوانین بڵێن یەکمجارە دوای چوار دەیە کوردستان بەبێ ترس و بە خرۆشەوە ڕژانە سەرشەقامەکان و بە دروشم و بە زەربە لێدان بە جەستەی ڕەژیم شۆڕشێکی بێوێنەیان خوڵقاند.
شەقامگرتن و ئاگرکردنەوەی لاوەکان و وێڕای یەکتر هاواری ژن ژیان ئازادی، هێز و گوڕ و تینێکی خستبۆوە خەڵکی چەوساوەی ئێران و بە تایبەت کوردستان.
خۆپێشاندان لە کوردستان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو درێژەی پێ دەدرا لاوەکان دووان دووان و سێیان سێیان لە کوچەکان بە سەر و دموچاوی هەڵبەستراو بە ئاغابانووی پێشمەرگانەوە، بەپەلە خۆیان دەگایەندە شوێنی خۆپێشاندان. سایپایەک تەگەر ڕایدەگرت و بە سێ خولک، ماشێن بەتاڵ دەکرا و ئاگری شۆڕش بڵێسەی دەگرت و لەنەکاو کەسێک هاواری دەکرد ژن ژیان ئازادی و خۆپێشاندەران بە دەنگی بەرز و بڵیندەوە دووپاتیان دەکردەوە.
دەنک بە دەنک جاشەکان و بنکەی سپا ئاگر دەدران و خاکفرۆشان بە سزای کارە قیزەونەکانیان دەگەیشتن.
لە هەر شەقامی شارەکان هێزەئەمنیەتییەکانی سەرتاپا تەیار بە جلوبەرگی دژە گوللە و چەک و باتووم و ساچمە هێرشیان دەکردە سەر خۆپێشاندەرانی بێ دەسەڵاتی ڕێگای ئازادی و شەهیدیان دەکردن.
هەر شەهیدێک کە بە خاک دەسپێردرا چەخماخەی خۆپێشاندانێکی بەهێزتر دەبوو.
تەواوی شارەکان پڕی چەکدار بوون ساچمە و گوللە بوو سینگی ئازادیخوازانی دەبڕی. لە هەر لاوە دەنگی شیوەن و زاری و ناڵای دایکان و بابان بوو. بەم حاڵەشەوە خۆپێشاندان درێژەی هەبوو تا ئەو کاتەی ڕێژیمی دژە مرۆڤی دژە کورد بە هاوکاری خۆفرۆشەکان و بەسیجێکان دەستیان کرد بە گرتن و شەهیدکردنێکی زۆرتر.
لە زۆرتری شارەکان کچانی مێرمنداڵ گیران و خسترانە ژێر دەسدرێژی سێکسێوە ترس و دڵەڕاوکە تەواو شارەکانی تەنی بوو و ڕێژیم لە هیچ چەنە جنایەتێک خۆی نەدبوارد بە دۆشکا و کەڵاشینکۆف و ژێرسێ و تانک و فڕۆکە و نەفەربەر بەنێو شارەکاندا هات و چۆی دەکرد و تەنانەت هێرشی کردە سەر شارەکانی مەهاباد و خانێ و بۆکان و جوانڕۆ. بە ڕاشکاوی وەک بەرەوڕووی دوژمنێکی زۆر پڕ مەترسی بووبێتەوە هەڵسوکەوتی دەگەڵ خۆپێشاندەران کرد و لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەیان شەهید و برینداری لێ کەوتەوە. سەرەڕای ئەوەی ناوشار وەک مەیدانی شەڕ بوو و پڕی هێزی چەکدار و ماشێنی جەنگی بوو، دوژمنی خوێنڕێژ بە شەو و نیوەشەو هێرشیان دەکردە سەر ماڵەکان و ئیزنی هیچ چەشنە جووڵەیەکیان بە کەس نەدەدا، لەبەر چاوی ژن و منداڵ یان دایک و باب جەوانەکانیان دەسبەسەر دەکرد و بێسەروشوێن دەکران پاش ماوەیەک زەنگیان لێ دەدا و بە بنەماڵەیان ڕادەگەیاند کە لەسەر چی گیراوان.
یەک بە تۆمەتی دار ئاگر تێبەردان، یەک بە تۆمەتی شەمچەی ئاگرکردنەوە، یەک بە تۆمەتی ئاگرتێبەردانی ستڵی زبڵ دەگیرا و بێ سەروشوێن دەکران. ماڵ و خانوویان لێ سەروژێر دەکرا و کەلوپەلی ماڵەکان ورد و قاش دەکران. لە ئیست بازڕەسێکان گووشێکان دەگیران و دەپشکندرانەوە. ئینتێرنێت یان بە تەواوی دەپچڕا و یان بەردەوام بەربەست دەکران. شارەکان لە ناخۆشترین بارودۆخی ڕووحی و ڕەوانیدا بوون. ترسی ئەوەی هەر ئێستا بڕژێنە ماڵێ و بە لێدان و کوتان دەستبەسەرت کەن و پاشان تەرمی بێ ڕوحت بگەڕێتەوە و لە ژێرچاوەدێریدا تەسلیم بە خاک بکرێی هێزی لە ئەژنۆیان بڕیببوو. نەتدەتوانی متمانە بە دراوسێکەت بکەی کە نەکا خۆی بە میلۆنێک فرۆشتبێ و ڕاپۆڕتی لێ دابیت. هەمووی ئەمانە لەباری دەروونێوە گوشاری خستبووە سەر منداڵان. شەوان لە باوشی گەرمی دایکانەشدا نەدەسرەوتن نیوەشەو بە هاوار و ناڵە لەخەو ڕادەبوون و خەو لە چاویان دەتۆرا. با هەمووی ئەوانە وەک ڕابردوو بسپڕدرێتە مێژووی پڕ لە خوێنی گەلی کورد بۆ وەدەست هێنانی مافی ئازادی و سەربەخۆیی.
بژی کورد بژی کوردستان