دیمانە: گۆڤاری ژنان
لە کۆتایییەکانی هاوینی ئەمساڵدا و بەدوای کوشتنی “ژینا ئەمینی”، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە تارانی پێتەختی ئێران بەدەستی پۆلیسی “ئەخلاق”، زنجیرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکی بەرین، هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و ئێستاش هەر بەردەوامە. بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە لایەن گۆڤاری ژنانەوە وتووێژێکی کورتمان لەگەڵ «شەونم هەمزەیی»، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چالاکی سیاسی و مەدەنی پێکهێناوە؛ دەقی وتووێژەکە بەم شێوەیە:
1– ئێوە ئەم ڕاپەڕینەی کە بەدوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی لە کوردستان و ئێران سەری هەڵدا، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بەکورتی وڵام بدەمەوە، دەبێ بڵێم بێوێنەترین ناڕەزایەتییەکان بوو کە بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بووەوە لە مێژووی ئەم چلوئەوەندە ساڵ دەسەڵاتەیدا. شەهیدبوونی ژینا ئەمینی بووە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ڕاپەڕینی ئێراندا. ئەم ڕاپەڕینەی ژینا جیاوازیی بنەڕەتیی لەگەڵ هەموو ناڕەزایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران هەبوو. لە بزووتنەوەی مەشرووتەوە تا ساڵی ٨٨یش ئێمە شایەدی ناڕەزایەتی، ڕاپەڕین، کوودەتا و شۆڕش لە ئێراندا بووین، لە هەمووشیاندا ڕۆحانیەت ڕۆڵی هەبووە و بەشداریی تێدا کردووە و هاواری ئیسلامی سیاسی بەرز بووە و هاتووەتە گوێ. ئەمە بۆ یەکەم جارە شۆڕش لە ئێراندا بەتەواوی سێکۆلارە و لە دروشمەکانیدا دەردەکەوێ (مەلا ون بە لە پێش چاوان) لەو دروشمانەیە کە ئاخوند و مەلاکان دەتارێنێ، بەڵام تاراندنێک بەرەو شوێنی تایبەت بە خۆیان، واتە نابێ لە گۆڕەپانی سیاسیدا بمێننەوە. لێرەدا مەبەستم لە ئاخوند وەک نیشانەی دەسەڵاتە و ئەمە هیچ پێوەندییەکی بە ئاخوند و مامۆستایانی ئایینیی سوننەوە نییە. بۆ یەکەم جارە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ ئەوەی سەراسەرین، ئامانجی سەرەکییان نەمانی کۆماری ئیسلامییە. خەڵک وەک پێشتر ناڕەزایەتییەکی بەتەنیا ئابووری یاخود سیاسییان نییە، بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، کۆمەڵایەتی و … خوازیاری نەمانی ئەو ڕێژیمەن و خوازیاری چاکسازی و شتی لەو بابەتەش نین. لەم شۆڕشەدا ئێمە چینی بەرفراوانی پەراوێزخراوانی کۆمەڵگە دەبینین کە دەنگیان بەرزتر و دلێرترە لەوانەی وا لە بوارە جیاوازەکاندا لە چینی سەرەوەی کۆمەڵگەن، بۆ یەکەم جارە هەموو کەمینەکان، بە هاودەنگییەوە دەیانەوێ ڕیشەی هۆکاری هەڵاواردنە فرەڕەهەندەکان هەڵکەنن. لەم ڕووەوەیە کە من ناوی شۆڕشی لێ دەنێم ئەم ڕاپەڕینەی کە ئێستا لە ئارادایە.
2- قەبارەی تێوەگلان یان بەشداریی ژنان لەم ڕاپەڕینەدا چۆن هەڵدەسەنگێنی – ژنان بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی؟
ئاماژەم کردووە کە ئەم شۆڕشە، شۆڕشی پەراوێزخراوان و لەبیرکراوانی کۆمەڵگەی ئێرانە. جا کەواتە کێ دەتوانێ لە ژن لە گشتیەتی خۆیدا پەراوێزخراوترین پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێران بێت؟ بێگومان بوونی نییە. جا بۆیە ژنان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان بە باشترین شێوەی مومکین لەم دەرفەتە و لەم کەشە تێگەیشتوون و بۆیەش بە هێز و وزەیەکی بەرچاوەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و پێیانوایە شەڕی مان و نەمان و شەڕی ڕزگاریی یەکجارەکی دەکەن، ئەوەیە کە هاندەریانە و بووەتە هۆی دەرکەوتن و بەشداریی بەرچاویان. ئەوان بەدروستی تێگەیشتوون کە ئەم دەرفەتە، دەرفەتێکی مێژوویی و نایابە. ڕۆڵی ژنان تەنیا بە بەشداری بەرتەسک نەبووەتەوە، بەڵکوو ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن و ئەمەش دیسان خاڵێکی جیاوازە و لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا نموونەی نییە، بۆ یەکەم جارە کە ژن پاشکۆی پیاو نییە. کوردستانیش دۆخەکەی جیاوازترە، ئێمە دەزانین کوردستان لە باقیی بەشەکانی تر ئێران – تەنانەت ناوەندیش – سیاسیترە، کولتووری حیزبایەتی و پلۆرالیزم لە کوردستاندا پڕڕەنگە، حیزبە سیاسییەکان لە نزیک بە هەشتا ساڵ لەمەوبەرەوە باس لە مافی ژن دەکەن و هەوڵی گشتگیری بۆ دەدەن، ژنان لە کوردستان سیاسین و دێنە مەیدانی سیاسیی خەباتەوە، بۆیە ڕۆڵی ژنان لە کوردستان زەقتر دیارە لەچاو شوێنەکانی تر. ئەم دەرکەوتنە پێشخانێکی سیاسیی بەهێزی لەپشتە، بێبەشییەکانی ژنانی کوردستانیش هۆکارێکی بەهێزی ترە بۆ ئەم پێشوازییەیان لەم ڕاپەڕینە.
3- ڕای ئێوە چییە لەسەر ئایندەی ئەم ڕاپەڕینە؟ چۆن کاریگەریی لەسەر دۆخی ژنان لە ئێران دەبێت؟
ڕای من ئەرێنییە. ئەم ڕاپەڕینە بەهۆی ئەوەی کە سەراسەرییە، بەهۆی ئەوەی کە خاوەنی دروشمی پێشکەوتووە، بەهۆی ئەوەی کە فرەڕەهەندە و لە بوارێکی تایبەتدا قەتیس نەماوەتەوە و هەموو چوارچێوەی ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج، سەرکەوتوو دەبێت و هەر هەتا ئێستاش سەرکەوتوو بووە. ئەم ڕاپەڕینە ئۆتۆریتەی ڕێژیمی ڕووخاندووە، ترسی خەڵکی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا ڕشتووە، ڕێژیم دەستەوەستان بووە و لە هەموو بوارە سیاسی، ئایدۆلۆژی، کولتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هتددا تووشی داڕمانی قورس بووە. کۆماری ئیسلامی ڕەواییی نەماوە و نەک وەک دەسەڵاتێکی یاسایی و خەڵکی، بەڵکوو وەک داگیرکەرێکی سەرکوتکەر و بیانی چاو لێدەکرێ. مادام ڕوانگەی زۆربەی خەڵک بگۆڕێ بۆ ئەم ڕوانگەیە، ئەوە یانی دەسەڵات شکست دێنێ، جا ئەمڕۆ بێ یا کاتێکی تر، بەڵام وەک خۆم دڵنیام کە نە کۆماری ئیسلامی، کۆماری ئیسلامیی پێشوو دەمێنێ و نە خەڵکیش خەڵکی ڕابردوو؛ لەم چەن ساڵەدا خوێنێکی زۆر ڕژاوە و دوژمنایەتییەکەی پڕگڕتر کردووە.
لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ژناندا، ئەگەر ئەگەر کۆماری ئیسلامی بشمێنێ، ناتوانێ ئەو زەبروزەنگەی بەردەوام بێ، نەک لەبەر ئەوەی بڵێین دەگۆڕێ، نا بە هیچ شێوەیەک، تەنیا لەبەر ئەوەی کە ناوێرێ تێچوو بدا، چون لێی قەبووڵ ناکرێ، ژنان و پیاوانیش بە ئاستێک لە تێگەیشتن گەیشتوون کە هیچ زۆرێک قەبووڵ ناکەن و ناڕەزایەتییان لەدژی دەبێ. لەگەڵ ئەوەش هەر هەتا ئێستا ئێمە شایەدی دەنگۆی کۆمەڵێک پاشەکشە، بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ بابەتی حیجابی زۆرەملی و دەرکرانی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی پێگەی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و … هەین، ئەمە یانی گۆڕاوە سەردەمی دەسەڵاتداریی ڕەهای کۆماری ئیسلامی و دەنگی ژنانی ئێران، بە گوێی هەموو جیهان گەیشتووە.
٤- لە ساڵی ٨٨ لەگەڵ بزووتنەوەی سەوز، هەروەها ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨ـیش خۆپیشاندان هەبوو لەسەر ئاستێكی بەرفراوان، ئایا ئێستا دۆخەكە هاوشێوەیە یان جیاوازی دەبینیت؟
ئەوکات خۆپیشاندانەکان لە چەن شاردا قەتیس مابوون، هەموو ئێرانی دانەگرتبوو. ناڕەزایەتییەکە لە چوارچێوەی داواکارییەکی سیاسیدا بوو، داواکارییەکە ڕوون بوو، ئەویش ئەوە بوو کە «دەنگی من کوا؟» بە هیچ شێوەیەک تەواویەتی کۆماری ئیسلامی نەکرابووە ئامانج. داواکارییەکە تەنیا سیاسی بوو، تەنیا لە چوارچێوەی ڕێفۆرمیستیدا بوو، تەنیا بەردەنگ وەزارەتی ناوخۆی وڵات بوو، خودیخۆپیشاندەران دەترسان لەوەی پێیان بوترێ ڕووخێنەر، بەتوندی ڕەدیان دەکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ خەڵک کۆماری ئیسلامیی ناوێ، بە هەر دوو باڵی دیاریەوە کە ئەوکات دەیانتوانی کاریگەرییان هەبێ لەسەر بەشێک لە ڕای گشتی و ئەو ناڕەزایەتییانەش شەڕی نێوان ئەو دوو باڵە بوو (واتە ڕێفۆرمیستەکان و کۆنسێرڤاتڤارەکان) کە خەڵک ئێستا چەن ساڵە لەم قۆناغە پەڕیونەتەوە و چوونەتە قۆناغێکی یەکلاییکەرەوە. لە ساڵی ٩٦ و ٩٨ خەڵک بە قۆناغی تێپەڕین لەوان گەیشتن. ئەوکات ڕێژیم توانی بە دەسبەسەر کردنی ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە، بزووتنەوەکە کۆ بکاتەوە، ئەمڕۆ کێ ڕێبەرە؟ هەمووان ڕێبەرن، ئەوەی لە شەقامدایە خۆی ڕێبەرێکە. ئەو هەمووە دەسبەسەر کراون لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا، بەڵام ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین هەر نەنیشتووەتەوە، چونکە ئەم ڕاپەڕینە تاکڕەهەندی نییە و وەک چەن جار ئاماژەم پێ دا هەموو ڕەهەندەکانی شۆڕشێکی گرتووەتەوە و لە ناڕەزایەتی و داواکاری و … تێپەڕیوە و چووەتە قۆناغی گۆڕینی ڕێژیم و لە هەمان کاتدا داهاتوویەکی سیاسیی دیاریکراویان بۆ داهاتووی وڵاتی ئێران دەوێ، نەک تەنیا نەمانی کۆماری ئیسلامی. ئەم داهاتووەش بەکورتی دەتوانم بڵێم بەشداریی سیاسیی بەرچاوی هەموو کەمینەکانە، لەوانە کورد و ژن و …
٥- بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێتەوە پێوەندی گرتن بە ئێرانەوە دژوار بوو، ئێوە زانیاریی وردتان لەسەر دۆخەکە هەیە؟
بەڵێ لە ئێران پێوەندیی ئینتێرنێتی تووشی پچڕان بووە و کۆماری ئیسلامی ئینتێرنێتی لەسەر خەڵک داخستووە بۆ ئەوەی دەنگی ناڕازییان بە کۆمەڵگەی جیهانی نەگات. سەرەڕای ئەوەش ئێمە لە ڕێگەی ئەندامانمان لە نێوخۆی وڵاتەوە، ئاگاداری دۆخەکە هەین و دەزانین چ باسە. لە کوردستان ڕاپەڕینەکە بەگوڕوتین و وشیارییەوە بەڕێوە دەچێ، لەگەڵ بەلووچستان – کە ئەوانیش کەمینەیەکی نەتەوەیین – زیاترین قوربانی داوە، دەسبەسەرکرانەکان لە کوردستان زۆر زۆرە. ژمارەی برینداران گەیشتووەتە ئاستێکی یەکجار زۆر، هەموو کوردستان میلیتاریزە کراوە و بەبێ پشوودان هێزە سەرکوتکەرەکان بە چەکی قورس و نیوەقورسەوە ڕۆژانە و شەوانە مانۆڕ دەدەن و هەندێک جار تەقە دەکەن و کەشێکی ترسێنەر و شەڕیان زاڵ کردووە، هێرش دەکەنە سەر قوتابخانەکان و قوتابییان دەتۆقێنن و دەیانگرن و لە قوتابخانەکان پاش داخرانیان، وەک شوێنی مانەوەی خۆیان کەڵک وەردەگرن، ئەمە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان ڕووی داوە. هەر بەم بۆنەیەوە لەلایەن ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانەوە سێ ڕۆژ مانگرتن ڕاگەیەندرا.
بەگشتی دۆخەکە دۆخێکی ئەمنی و شوێنەکان میلیتاریزەکراون. لە چەند شاردا هێرش کراوەتە سەر ماڵی خەڵکی ئاسایی و کەلوپەلیان لەنێو بردووە، گرتنەکان بەردەوامن، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنێکی تریشی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە ناڕەزایەتییە پەنگخواردووەکانیش هەر دێ و زیاتر دەبێ، هەموو ئەمانە لە کۆتاییدا بە قازانجی خەڵک تەواو دەبێ نەک دەسەڵات، من لەم بارەیەوە دڵنیام.
٦- ژینا ئەمینی ژنێکی کوردە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دروشمێکی کوردییە. ئایا شتێکی تایبەتی کوردی لەم ڕاپەڕینەدا هەیە؟ ڕاتان چییە لەسەر پێگەی کورد لەناو ئەم ڕاپەڕینەدا؟
بەڵێ ژینا ژنێکی کورد بوو و هەر لە ڕۆژی ناشتنیدا لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقز، ئەم دروشمە بەرز کراوە و ئێستا لە هەموو جیهاندا بڵاو بووەتەوە. ئەم دروشمە پێناسەی سێ تەوەری گرینگە، تەوەری دژایەتی لەگەڵ هەڵاواردنی ڕەگەزی کە لە وشەی ژندا ڕەنگی داوەتەوە، تەوەری دژایەتی لەگەڵ هەڵاواردنی چینایەتی و ئاستی خۆشگوزەرانیی خەڵک کە لە وشەی ژیاندا بەرچاو دەکەوێ و تەوەری دژایەتی لەگەڵ دیکتاتۆرییەت کەوا لە وشەی ئازادیدایە. ئەم ڕاپەڕینەی وا هەموو گەلانی ئێرانی هێناوەتە سەر شەقام، قەرزداری گیانبازیی کوردستانە. کوردستان ڕۆڵی بەرچاو و زەقی چ لە دەسپێک و چ لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکاندا گێڕاوە. لە کوردستان هاوکات کە دژی ڕێژیمن و خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامین، چاوێکیان لە داهاتووش هەیە و شەڕی نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتییش دەکەن، هێما کوردییەکان، دروشمە کوردییەکان و … نیشاندەری ڕۆحێکی کوردیی مافخوازانەیە.
سپاس بۆ ئاماەبوونتان خاتوو شەونم
سپاس بۆ ئێوەش