بەرنامەی کاری ڕۆژی دووهەم بە هەڵبژاردنی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی نوێی ژنانی ڕێکخراوی سوسیالیست ئینتێرناسیۆناڵ دەستی پێکرد و بەڕێز “ژانێت کامیلۆ” وەک سەرۆکی نوێ بە تێکڕای دەنگ هەڵبژێردرا.
هەر لەو بەشەدا پۆستی سکرتێری گشتی و نێوی کاندیدی ئەو پۆستە هاتە بەر باس، بەڵام بۆ باس و تاوتوێ کردنی زیاتر ئەو بەشە دەستی لێ ڕاگیرا.
هەر وەها لە کۆنگرەدا جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ڕێکخراوەکە، بە پێی ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان چەندین جێگری سەرۆک هەڵدەبژێردرێت کە هەرکام نوێنەرایەتی ناوچەیەک دەکەن و بە تێکڕا کۆمیتەی بەڕێوەبەری پێک دێنن، کە خاتوو “گوڵاڵە شەرەفکەندی” وەک بەربژێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی مێدیتەرانە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقازیا، وەک جێگری سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە دەنگی متمانەی وەدەست هێنا.
دوای سپاس و دەسخۆشی کردن لە کۆمیتەی بەڕێوەبەری پێشوو، کۆمیتەی نوێ بە ڕەسمی ناسێندرا و بۆ بەڕێوەبردنی درێژەی کۆنگرە ئەرکدار کران.
پاشان سەرۆکی تازەی ئەم ڕێکخراوە واتە “ژانت” سپاس و دەسخۆشی لە هەموان کرد و ئاماژەیەکی کورتی بە بەرنامەی خۆی بۆ دەوری تازە کرد.
دواتر کۆنگرە بە پانێلێک لە سەر کۆتا یا شێوەی ڕێگە خۆش کردن بۆ بەشدار کردنی ژنان لە بڕیاردانی سیاسیدا، درێژەی بە کارەکانی خۆی دا. لەو پانێلەدا بەڕێزان “هادیزاتوو یاکووبا” جێگری سەرۆک و بەرپرسی ژنانی تارایا (OFT) لە لایەن حیزبی سوسیال دێموکراتی نیجێریا، “پیرفیکاسۆ کاوساپیێ” جێگری سەرۆک لە پارتی پسۆیێ و “شازیە ماری” جێگری سەرۆک و ئەندام لە پارلمانی پاکستان لە لایەن پارتی گەلی پاکستان باسەکانی خۆیان پێشکەش کرد.
بەشی یەکەمی باسەکانی پاش نیوەڕۆ تەرخان کرابوو بۆ هەیئەتەکانی وڵاتانی بەشداربووی کۆنگرە بۆ باس کردن لەسەر مەسەلە و ڕووداوە گرینەگەکانی وڵاتانی خۆیان. لەو بەشەدا خاتوو دەریا نەقشبەندی لە لایەن یەکیەتیی ژنانەوە باسێکی کورتی پێشکەش کرد. ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بە شۆڕشی ژینا کرد و وەک گەنجێک سەرنجی بەشدارانی بۆ چۆنیەتیی سەرکوتی ئەو شۆڕشە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاکێشا و داوای سزادانی ئەو ڕێژیمە لە لایەن کۆڕ و کۆمەڵی نێودەولەتییەوە کرد و وەک گەنجێک جەختی لە سەر پشتگیری کردن لە قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆ کرد.
لە بەشی کۆتایی کاری کۆنگرەی ٢٢ی رێکخراوی ژنانی سوسیالیست ئینتێرناسیۆناڵ، دو بڕیارنامە هاتنە بەر باس، یەکەمیان لە مەڕ توندوتیژی ڕەگەزی لە سەر ژنان لە هەموو دونیادا و پێداگری لە سەر چەند خاڵێک بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەل ئەم دیاردەیە بوو. دووهەمین بڕیارنامەی ئەم کۆنگرە سەبارەت بە ژنانی کورد و ئێرانی و سەرکوت لە ئێراندا بوو. ئەم بڕیارنامە تێکەڵاوێک بوو لە بڕیارنامەی پێشنیار کراوی ڕێکخراوی ژنانی دێموکراتی کوردستان و بڕیارنامەی پێشنیار کراوی “پیا لۆکاتێلی” سەرۆکی ئیفتیخاری ڕێکخراوی ژنانی سوسیالیست ئینتێرناسیۆناڵ، کە لە کۆتاییدا هەر دوو بڕیارنامەکان بە تێکڕای دەنگ پەسەند کران. لە کۆتایی کاری کۆنگرەدا “لوییز ئایالا” سکرتێری گشتی ڕێکخراوی سوسیالیست ئینتێرناسیۆناڵ دەسخۆشی لە هەموو بەشدار بووان کرد و کۆتایی بە کارەکانی کۆنگرە هێنا.