🔻 شنە دروودگەر: هیوادارم بانگەوازی هاوبەشی ٦ حیزبەکەی ڕۆژهەڵات، ببێت بە بەستێنێک کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرەیەکی کوردستانیدا پشتیوانی و بەشداری لە شۆڕشی ژینادا بکەن
ئەوە لە یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا نزیک دەبینەوە. بەم هۆیەوە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ٦ حیزب و ڕێکخراوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانگەوازێکی هاوبەشیان بۆ مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان بڵاو کردەوە. بۆ تاوتوێی ئەم و بابەتە و چەند باسێکی تر، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز “شنە دروودگەر”، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا.
🔷 قەندیل پرێس: ئەوە لە یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا نزیک دەبینەوە، لە ئێستادا دۆخی سیاسیی ئێران بە گشتی و دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی چۆن دەبینن؟
🔻 شنە دروودگەر: لە ئێستادا کە تەنیا چەند ڕۆژمان ماوە بۆ ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی (ژینا)، دۆخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی خراپیی خۆیدایە. لە هەموو ڕەهەندەکانەوە بشێویی تێکەوتووە و بۆی کۆ ناکرێتەوە. لە بواری نێوخۆییدا دەبینین کە برسێتی و هەژاری و هەڵاوسان پشتی خەڵکی شکاندووە و هەموو هەوڵ و تەقەلای خەڵک بە درێژایی ڕۆژ، تێرکردنی سکی خۆیانە. لەلایەکی دیکەوە گرانی و کەمبوونی پێداویستییەکانی ڕۆژانە لە بازاڕەکاندا، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە، خەفەقان و زەبروزەنگ و سەرکوت بەرامبەر بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆ، ئەوەندەی دیکە خەڵکی ئێرانی بەرامبەر بە ڕێژیم ڕقئەستوورتر کردووە.
لە بواری دەرەکییەوە دەبینین کە ڕێژیم بە تەواوی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا تەریک کەوتووە و ئیزۆلە بووە. کۆماری ئیسلامی هیچ متمانەیەکی لە ناوچە و جیهاندا نەماوە. هیچ وڵات و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی باوڕی پێ ناکەن. هەروەک چۆن لە پرسی پیتاندنی ئورانیۆم و پشتیوانی لە گرووپە توندئاژۆ و تێرۆریستییەکاندا لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا درۆ و ناپاکیی کرد، ئێستاش دەرکەوتووە کە بە دانی دڕۆن و مووشەک و تۆپ و دەیان جۆری دیکەی چەک بە ڕووسیا، ڕاستەوخۆ لە شەڕی ئۆکراین گلاوە و لە قەڵاچۆکردنی خەڵکی ئۆکرایندا بەشدارە.
تەنانەت لەم چەند ڕۆژەدا دەرکەوتووە کە بە ناردنی زرێپۆش و تۆپخانەی قورس و دەیان جۆر چەکی دیکە بۆ ئەرمەنستان، ئاگری شەڕی ئەرمەنستان و ئازەربایجان خۆش دەکات.
لە سووریەش دەبینین کە لەلایەک چۆن ئاگری شەڕی تایفیی لە دێرەزوور خۆش کرد، بەڵام بۆی نەچووە سەر و شەڕەکە کۆنترۆڵ کرا و لەلایەکی دیکەوە، خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لە دژی حکوومەتەکەی خۆیان و دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکەن. لە عێراقیش دەبینین کە لە ڕێگەی حەشدی شەعبی و دەستوپێوەندییەکانییەوە هەموو هەوڵی ئەوەیە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان تێک بدات و شەڕی تایفی و مەزهەبی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە خۆش بکات، کە من پێم وایە لێرەش بۆی ناچێتە سەر، هەر وەک لە یەمەنیش بۆی نەچووە سەر و یەمەنی لە ڕووی هەژموونەوە ڕادەستی عەرەبستانی سەعوودی کرد. ئەو جیا لەو هەموو مووشەک و دڕۆن و تۆپبارانانەیە، ڕاستەوخۆ خەریکی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانە.
کەوابوو هەم لە ڕووی نێوخۆیی و هەم لە ڕووی دەرەکییەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخان و نەماندایە.
بەڵام لێرەدا ئەوەی کە بەشێکی پرسیارەکەتانە و من دەمهەوێ لەسەری بدوێم، دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. کوردستانی ڕۆژهەڵات و نەتەوەی کورد، بە بڕوای من چەند پلە لەپێشە بە بەراورد لەگەڵ نەتەوە و ناوچەکانی دیکەی ئێران. بۆ؟ چونکە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، نەتەوەی کورد نەچووە ژێر باری ئەو دەسەڵاتە پاوانخواز و ناوەندگەرایە و قۆڵی خەبات و بەربەرەکانێی لێ هەڵماڵی. واتە بە درێژایی تەمەنی خۆی، کۆماری ئیسلامی وەکوو خاکێکی داگیرکراو هەڵسوکەوتی لەگەڵ کوردستان کردووە و لە ڕاستیدا کوردستانی بە زەبری پووتین و ئاگر و ئاسن ئیدارە کردووە. ئەوەش بووە هۆی ئەوە خەڵکەکەمان خۆڕاگر و شارەزای شێوەکانی خەبات لە دژی ڕێژیم بن و هەم حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان ببنەوە خاوەن هێز و بەم شێوەیە بتوانن ببنە خاوەنی ڕێکخستنی تۆکمە کە دەبینین چلۆن بە بانگەوازێک هەموو دووکان و بازاڕەکانی کوردستان دادەخەن. جا لێرەدا دەمهەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە ئەم تایبەتمەندییانەی کە لەسەر کوردستان باسم کردن، بوونەتە هۆکار کە هەموو نەتەوە و دانیشتوانی ئێران لە ئێستادا چاو ببڕنە کوردستان و حیزبە کوردییەکان و بۆ بەشداری لە ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، کوردستان و نەتەوەی کورد بکەن بە ئەزموون بۆ بەشداریی چالاکانە و زیاتریان لە فازی نوێ و دووهەمی شۆڕشدا.
بۆیە بە بڕوای من بەستێن بۆ سەرهڵدانەوەی شۆڕش لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بارێکەوە ڕووخاوە و تەنیا هێزی سەرکوتی ماوە لەسەر شەقامەکان. هێزێکی ماندوو و برسی کە لە ڕووی داراییەوە لە دۆخێکی خراپدان. هێزێک کە درزی تێکەوتووە و دەسەڵاتدارانی نیگەران کردووە کە رڕەنگبێ چیدی خەڵکمان بۆ سەرکوت نەکەن. هەر بۆیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو خامنەیی دانیشتنێکی لەگەڵ فەرماندەکانی سپا هەبوو و لێیان دپاڕایەوە کە دەبێ هەوڵ بدەن نەخزێن و خۆڕاگر بن. بەڵام خاڵی گرینگ و یەکلاکەرەوە ئەوەیە کە دەبێ ڕێکخستن بۆ ڕووخانی لەسەر ئاستی هەموو ئێران بکرێت.
🔷 قەندیل پرێس: ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ٦ حیزب و ڕێکخراوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتن لە ٢٥ی خەرمانان بانگەوازێکی هاوبەشیان دەرکرد. بە ڕای ئێوە ئەم بانگەوازە هاوبەشە چ کاریگەرییەک لەسەر بەردەوامبوونی شۆڕشی ژینا و ورە و ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵات دادەنێ؟
🔻 شنە دروودگەر: لە ڕوانگەی منەوە کاریگەریی باشی بوو. بە دوو هۆکار:
یەکەمیان ئەوە بوو کە هەندێک لایەن ناویان لەو بانگەوازەدا هاتبوو کە یەکەمجارە لە وەها بانگەوازێکدا بەشدار دەبن و ئەوە بۆ خۆی هێما بۆ یەکدەنگییەکی گشتیی کوردە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵات.
دووهەمیان ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو یەکدەنگییەیە لەسەر خەڵکی خۆمان لە ڕۆژهەڵات و کۆی جوغرافیای ئێران بە هەموو نەتەوەکانەوە. بێگومان ئەو کۆدەنگییە دەبێتە مێتۆدێک بۆ کۆکردنەوەی ڕێکخراو و حیزبەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و هاوکات پەیامێک بوو بۆ هەموو لایەنێکی ئێرانی کە ئاگادار بن کوردستان لە ئامادەباشیی تەواودایە و زەرفییەت و کاریگەریی باشی لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لە ئێراندا دەبێت.
🔷 قەندیل پرێس: ئەم بانگەوازە هاوبەشە چ کاریگەرییەک لەسەر پەیوەندی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێ؟ پێتان وایە ئەمە هەنگاوێکە بۆ پێکهێنانی بەرەیەک؟
🔻 شنە دروودگەر: بێ شک هەر ئێستا و لە یەکەم بانگەوازی لەم چەشنەدا کاریگەریی ئەرێنی خۆی بوو و ڕەهەندە بەهێزەکانی کاریگەریی لەم چەشنە بانگەوازانە لە داهاتوودا دەردەکەوێ. چوونکە عەرزم کردن قەت هەنگاوی لەم چەشنە نەهاوێژراوە. لایەنی سیاسیی تێدا هەیە کە یەکەمجاریانە لە وەها پرسێکی نەتەوەییدا بەشدارن. من هیوادارم و پێموایە ئەو هەنگاوە ببێ بە بەستێنێک کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا لایەنەکان کۆ بکاتەوە و لە چوارچێوەی بەرەیەکی کوردستانیدا پشتیوانی و بەشداری لە شۆڕشی ژینادا بکەن و بەرەوڕووی سیاسەتەکانی ڕێژیم ببنەوە.
🔷 قەندیل پرێس: ئێوە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە شۆڕشی ژینادا، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
🔻 شنە دروودگەر: ڕاستە شۆڕشی ژینا دەرەنجامی سیاسەتی غەڵەتی ئیداری و ئابووریی کۆماری ئیسلامی بوو کە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستانی وەزاڵە هێنابوو و ستارت یان جەرەقەیەکی پێویست بوو کە شۆڕش بتەقێتەوە. ئەوەبوو کە شەهید ژینایان ئاوا مەزڵوومانە بێکەسکوژ کرد. بەڵام من پێموایە کە حیزبی دێمۆکرات ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ عامل یان هۆکاری سەرەکیی شۆڕش بوو. کاریگەریی ناڕاستەوخۆ ئەوە بوو کە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکرات تازە وەسەر یەک خرابوونەوە و ئەو یەکگرتنەوەیە (کۆمەڵەش بەرەو یەکگرتنەوە دەچوو) کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی گەشاندبۆوە و ئامادە بوون هەموو فیداکاری و گیانبازییەک لە پێناو حیزب و نەتەوە و نیشتمانەکایاندا بکەن.
کاریگەریی ڕاستەوخۆش ئەوە بوو کە دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدکردنی ژینا و ئاڵۆزبوونی دۆخی شاری سەقز، حیزبی دێمۆکرات لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانییەوە دەستبەکار بوو و شۆڕش دەستی پێ کرد تا هەموو شەقاماکانی کوردستانی گرتەوە و “ژن ژیان ئازادی” و “قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە” بوون بە دروشمی شەقامی کوردی و دواتر دیتمان کە هەموو ئێرانی تەنی.
🔷 قەندیل پرێس: ئێوە وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆڵی خۆتان لەم شۆڕشەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
🔻 شنە دروودگەر: ئێمە وەکوو یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هەوڵمان داوە کە بارتەقای تەمەن و متمانەی ڕێکخراوەکەمان کە لەگەڵ تەمەنی حیزبی دێمۆکراتە، کاریگەریمان لەسەر شۆڕشی ژینا هەبێت. هەر لەو ڕاستایەدا ئێمە سەرەتا ڕێکخستنەکانمان لە نێوخۆ وەگەڕ خست تا بە بەشداریی چالاکانە لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بن. ڕێکخستنەکانمان ڕاسپارد کە ژنان بە لیباس و هێما نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بەشداری بکەن و لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهیدانی شۆڕشدا بەشدار بن و هەتا بۆیان دەکرێ بنەماڵەی شەهیدان بەسەر بکەنەوە.
پاشان هەر لە ڕاستای وەگەڕخستن و سەرخستنی شۆڕشدا بە دەیان کۆبوونەوە و سیمینارمان لەسەر ئاستی کوردستان و سەرانسەری ئێران پێک هێناوە کە دوایین کۆنفڕانسمان چەند ڕۆژ لەوە پێش لە وڵاتی نۆروێژ گیرا و نوێنەری نەتەوەکانی بەلووچ و ئازەری و فارس و سکرتێر و جێگری ڕێکخراوی ژنانی ئینێرناسیۆناڵ سۆسیالیست تێیدا بەشدار بوو و لە پانێڵی
جۆراوجۆردا لێدوانیان لەسەر ئێستا و داهاتووی ئێران و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دا.
🔷 قەندیل پرێس: وەک خۆتان چ پێشبینییەک بۆ داهاتووی ئەم شۆڕشە دەکەن؟
🔻 شنە دروودگەر: ئێمە پێمان وایە شۆڕش سەردەکەوێ. کۆماری ئیسلامی هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات، بەڵام پێم وایە کڕۆڵ بووە و بەرگە ناگرێ و لە کۆتاییدا شۆڕش سەردەکەوێ. هیوادارم بتوانین لە دوای نەمانی ڕێژیم لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ڕێگە نەدەین جارێکی دیکە شۆڕشی گەلانی ئێران بەتاڵان ببردرێت و ئەمجارە سیستمێکی سیاسی و ئیداری بێتە دامەزراندن کە هەم خەڵکی بێت و هەم دونیاپەسەند.