دیمانە: شامەران
- دەمانەوێ باسێک لە سەر یاسای «گەڵالەی نور» بکەین کە بزانین خۆدی گەڵالەی نور چیە و شێوازی جێبەجێکردنی یاساکانی چۆنە و هەروەها بۆچی بەتایبەتی دوای بزۆتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی مەسەلەی حیجابی زۆرەملێ لە دژی ژنان دیسان ئەوەنە بە تۆندی هاتووتە ئاراوە ، بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن گۆڤاری «ژنان»ەوە دیمانەیەکمان لەگەڵ خاتوو شلێر مەحمودی یاسازان و ئەندامی ڕێبەری حیزب و یەکییەتی ژنانی دێموکرات و هەروەها لەگەڵ زانیار حوسێنی فەوقی لیسانس لە بواری یاسا و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات دەبێ.
- ١- دەمەوێ لە پێشدا بەم پرسیارە دەستپێبکەم کە ئایا یاسای «گەڵالەی نور» چیە؟ شێوازی جێبەجێکردنی یاساکانی چۆنن؟
- شلێر مەحموودی:
- گەڵاڵەی نوور گەڵاڵەیەکە کە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرچووە لە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بۆ پێشگیری لە بێ حیجابی وە بەرخورد لەگەڵ لایەنەکان وە ژنانێک کە حیجاب نین یاخود بە دڵی ئەوان پۆشتە نین. فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیس «ئەحمەد ڕەزا ڕادان» دەڵێت ئەم یاسایە بە پاڵپشتی پەڕلەمان ،دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەری و هاوڕێیەتی خەڵك، بەهێز و وردبینی و زیرەکیەوە درێژە بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نوور دەدەین. ئەم گەڵاڵەیە لەسەر داوای ئاشکرای عەڵی خامەنەیی بۆ توندکردنەوەی توندووتیژی دژی ژنان دەستی پێکرد، عەلی خامنەیی بێحیجابی بە حەرامێکی شەرعی و سیاسی وەسف کرد وە لە لێدوانی جەژنی ڕەمەزان دا رێگەی دا بە (امران بە معروف) بە بەرەنگار بوونەوەی بێ حیجابی و ئەو کەسانەی بەها شکێنی ئاینی دەکەن. تەنها چەند ڕۆژ لە قسەکانی خامنەیی گەڵاڵەی نوور جێبەجی کرا.
- «پڕۆژەی نور» کە بە واتای باشترکردنی بارودۆخی حیجابی ژنان پلانێکە کە دەستی پۆلیس و هێزە پەیوەندیدارەکانی بەڕووی ژناندا کراوەتر کردووە بۆ توندوتیژیی سەر شەقام و داگیرکردنی تایبەتمەندی و ئاسایشی ژنان لە پێدانی کەرامەتی خۆیان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان گەیاندووەتە لوتکە.
- زانیار حسێنی
- سەرەتا لە دەسپێکدا پێم باشه باسێکی کورت لەسەر گەڵاڵەی پاکیزەیی و حیجاب بکەین کە بەهاتنە ناوی گەڵاڵەی نوور، هێندیک لە زێهنەکاندا کەمڕەنگ بۆتەوە و لە نووسراوە و لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، کەمتر باسی لێوە دەکرێ و پێموایە بە بێ باسکردن لە گەڵاڵەی پاکیزەیی و حیجاب، ناکرێ بەتەواوی و ڕوونی باس لە گەڵاڵەی نور بکەین.
- گەڵاڵەی پاکیزەیی و حیجاب لەدوای وەستانی کاری گەشتی ڕێنوێنیکەر یان هەمان ئیرشاد، ڕێک لە جەنگەی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن دەسەڵاتی دادەوە داڕێژرا و دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی بۆ دەسەڵاتی یاسادانەری نارد لەمەڕ هەڵسەنگاندن و پەسند کردنی؛ ئەو گەڵاڵەیە ئەو کاتە گەیشتە پارلەمانی ئەم دەسەڵاتە کە هێندێک شاری گەورە و بچووکی ئێران و زۆرینەی شارەکانی کوردستان لە ژێر ئاگری تووڕەیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دابوو. یەک لەم خاڵە بەرچاوانەی کە لە ناو ئەم گەڵاڵەیەدا هەیە، هەوڵدانە بۆ پێشگرتن لە تووندوتیژی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەم یاسا و ڕێسایانەی کە بۆ ڕێکخستنی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکار دەهێنرێ؛ بەم واتایە کە وەستاندنی کاری گەشتی ڕێنوێنیکەر بەم مەبەستە بووە کە ئەم سیاسەتە بە یاسایی بکردرێ و پشتئەستووری حقووقی هەبێ و ئەوکاتی ئەو تووندوتیژیانە حاڵەتی یاسایی لەخۆوە دەگرێ و ئەوەش ڕێک لە کاتی کووشتنی بە ئانقەستی ژینا ئەمینی هاتە ئاراوە. لەم گەڵاڵەیەدا لەبەرچاونەگرتنی جۆری حیجاب و پۆششی دیاریکراو بە وشەی بێرەهنێگی یان هەمان ڕووتی لە قەڵەم دراوە و ناوی هێنراوە و هەوڵدراوە کە کۆمەڵگە بە ڕواڵەت و ڕوکەشێکی یاسایی، یەکدەست و ڕێک بکرێ و هەمان کارێکە کە لەکاتی خۆیدا ڕەزا پەهلەوی، دەیهەویست بە پێچەوانەکەی ئەنجامی بدات؛ لە نیزامە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەکاندا، ڕێککردنی کۆمەڵگە لەبواری ڕواڵەت و زاهیرییەوە، یەکێکە لە ئامرازەکانی خۆسەپاندنی ئایدیای زۆردار بەسەر خەڵک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا.
- ئەگەر بچینە ناوەرۆکی ئەم گەڵاڵەیە پاکیزەیی و حیجابە، ماددە بە ماددەی جێی سەرنج و سەرسووڕمانە. بۆ نموونە ماددەی ٣ی پەسندکراوی دەڵێ کە لەم دەورە و ڕاهێنانانەی کە ساڵانە بۆ کارمەندەکان دادەنرێن، شێوەی ژیانی ئیسلامی و کەلتووری پاکیزەیی و حیجابی بگوونجێنن و هەموو ساڵێش ئەمجۆرە بەرنامانە بەڕێوەی بەرن. یان ماددەی ٨ی هەر لە پێناو پێکانی ئەو ئامانجانەی یاسادانەر، ڕێوشوێن بۆ دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی و سازمانی ڕێکلامی ئیسلامی دیاری دەکات و لە ماددەی ١٠دا بۆ وەزارەتی پەروەردە و هتد ڕێوشوێنی تایبەتی دیاری کردوە کە لە وانەکانی قووتابخانەدا بیگونجێنن و دەورەیان بۆ دابنێن. ئەگەر چاو لەم گەڵاڵەیە دەکەین، ئەوەی دێتە بەر زێهن و دیدەمان زیاتر لە گەڵاڵەیەکە و زۆرتر لە یەک چوارچێوەی تەواو و کامڵ دەچێ کە بۆ پازێلی ژیان داڕێژراوە؛ چوون لەم پڕۆژە گەورەیەدا کە بە گەڵاڵەی پاکیزەیی و حیجاب ناودێرکراوە، هەموو ڕەهەند و بوارەکانی ژیانی تاک و بەکۆمەڵ کەوتوونەتە بەر کووتکی ئاڵوگۆڕ و هەڵوەشاندنەوەی یاسادانەر و سەرلەنوێ داڕشتن و بونیاتنانەوەی خەڵک لەسەر بنەما و بناغەیەکی فکری تەک ڕەهەندی و دیار و هەڵبژێردراو. بواری کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئابووری و تەنانەت چۆنیەتی بیرکردنەوەش، ئامانجی تا ڕادەیەک نهێنی و شاراوەی ئەو پڕۆژەیەیە کە چۆنیەتی جل و بەرگ پۆشین، تەنیا یەک ڕووکەشی سادە و ڕواڵەتییە و بچووکترین داواکاری ئەم کەیسەیە. هەمان پرۆژە و پلان و کارێکە کە دەسەڵاتە فاشیستەکان، دیکتاتۆڕەکان و ئیدئۆلۆژیکەکان لەسەر بنەمای بیر و باوەڕەکانیان بۆ مانەوەی خۆیان کردوویانە و دەیکەن و ئاکام و لێکەوتەکانیشی لە مێژوودا زۆرن و دیارن.
- ئەم گەڵاڵەی پاکیزەیی و حیجاب هەر وەک باسم لێوە کرد لە جەنگەی ڕاپەڕینی ژینادا درا بە پارلەمانی ئێران، لە بازنەی زەمەنی تاڵیادی کووشتنی بەئانقەستی ژینادا پەسند کرا و بۆ ماوەی سێ ساڵان بە شێوەی تاقیکاری، خراوەتە گەڕ و بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەکوردی و بەکورتی یانی دەسەڵاتی ویلایی کەوتۆتە پەلەپەل بۆ قایمکردنەوەی جێ پێی خۆی لەباتی گوێدانە ویست و خواستی خەڵک و ئەوەش نەریتی هەمیشەیی ئەو دەسەڵاتە بووە هەتا ئێستا و هەر ئاواش دەمێنێ.
- پلانی نوور کە لە زۆر شوێن و نووسراوە و بیستراوە بە گەڵاڵەیان نێو بردوە، لە ڕوانگەی منەوە پلانە؛ بەم واتایە کە بەشێکی بچووکە لە گەڵاڵەی پاکیزەیی و حیجاب و هیچ لەم گەڵاڵەیە جیاواز و جودا نییە.
- پلانی نوور لە ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە دەس پێ کراوە و لەلایەن پۆلیسی وڵات واتە نیروی ئینتزامی بەڕێوە دەچێ؛ لەم پلانەدا هەوڵ دراوە کە لە سێ بەشی ناو بازاڕ، ناو ماشێن و شوێنەگشتییەکان بەڕێوەی بەرن. بەم شێوەیە کە هاوکات گوشار بخرێتە سەر کۆمەڵگە بە هەردووک شێوەی تاک و بەکۆمەڵ؛ لە دەستەواژەی نیزامیدا بە گوشاری دووجەمسەری و لەم شێوەیە دەگوترێ گازئەمبووری!
- ئەو پلانە دەستئاوەڵەییەکی ڕەهای بە پۆلیس و هێزە نیزامییەکانی سەر بە فەراجا بەخشیوە و لە ڕاستیدا بێ ڕێزیکردنە بە یاسا؛ چوون پۆلیس لەم تەرحەدا لەباتی بەڕێوەبەری پرۆسەی یاسا بێ وەک جێبەجێکەری یاسا دەردەکەوێ. ئەوەش لەبواری یاساییەوە دژی ئەرک بەرپرسایەتی هێزەکانی پۆلیسە و لەڕاستیدا بێ یاساییەکە لە ناو هەناوی یاسای ئەم وڵاتەدا؛ چوون ئەرکی پۆلیس دەسبەسەرکردن و بردنی تاوانبارە بۆ بەردەم دادگا و دادوەر نەک جێبەجێکردنی سزاکان بە پێی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی خۆی.
- پلانی نوور لە ئێستادا لە زۆربەی شارە گەورەکان و لەلایەن پۆلیسەوە بەڕێوە دەچێ و لە چەن بەشی دەنگدان، غەرامەکردن، دەسبەسەرکردن و دادگایی و هتد لەخۆ دەگرێ.
- ٢- دەرچوونی ئەم یاسایە بە ناوی گەڵالەی نور، پێتان وایە تا چەند گۆشار لەسەر ژنان زیاد دەکات و چەندە تۆندوتیژتر دەبن بەرامبەر بە ژنان بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ؟
- شلێر مەحموودی
- ئەگەر بگەرێمەوە بۆ مێژوو، کۆماری ئیسلامی ئیران هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە بۆ یەکەم جارکە توندوو تیژی ئەنجام دا بەرامبەر بە ژنان بوو، ئەوە بوو لە ١٧ی رەشەممەی ٥٧ بڕیاریدا کە ژنان دەبێ بە حیجابەوە بێنەوە سەر کارەکانیان ئەگەرنا بۆیان نیە بێنەوە سەرکار، ڕۆژی دواتر ڕێگە نەدرا ئەو ژنانەی حیجابیان نەپۆشیوە بچنەوە سەرکار و دواتر خۆپێشاندانی هەزاران ژنی لێکەوەتەوە و سەرەنجام بە سەرکەوت و توندووتیژی بۆ سەریان کۆتایی پێ هات. کەواتە کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتی خۆی بە هەموو شێواز و جۆرەها میکانیزمێک ژنان سەرکووت دەکات. بۆ نموونە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە بزوتنەوەی ژینادا لە ئیران چەندین ژن لە سێدارە دراون بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان شەهید بوون ،زیندانی کراون ،ئەشکەنجە دراون و دەدرێن ….. بێگوومان ئەو گەڵاڵەیەش میکانزمێکی نوێیە و درێژەدەری پلانی» داوێن پاکی و حیجاب» ە کە بۆ سەرکوتی زیاتری ژنان داڕێژراوە و بەیاساو هێزە سەرکوتکەرەکان بەسەریاندا دەسەپێ بێگوومان ئەو پرۆژەیە بەمەستی ڕێخۆشکردنی زیاتر و دەسوەردانی زیاتری ژیان و کەرامەت و ئەخڵاقی خەڵکەو بەتایبەتیتر ژنان. ئەگەر بڕوانینە یاسای باری کەسی ووڵاتانی دراوسێ یاخود دەوڵەتە پێشکەوتووەکان دەبینین بەیاسا خەڵک ڕادێنێ بۆ کەم کردنەوەی توندووتیژی ،بەتایبەت چەند پڕۆتۆکۆڵێکی یاسایی نێودەوڵەتی هەیە سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی ژنان کە وڵاتان پێوەی پابەندن و سزای توندی لەبەرامبەر سەرپێچیکارانی داناوە. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە پێچەوانەوە توندووتیژی بەیاسا ڕێکخراوە لە هەموو سێکتەرەکانی یاسای بنەڕەتی و یاسای باری کەسی وپەروەردە و تەنانەت دابونەریتی دژە ژن ،بۆیە ئەو پرۆژانەی وەک ئەم گەڵاڵەیە نامۆ نین بەنسبەت ژنانی ژێر دەسەڵااتی کۆماری ئیسلامی. بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ سەرکوتی ژنان ،ژنان لە ئێراندا زۆر ئازاییانە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە و بەئاشکرا داوی ڕوخانی دەکەن و پێی دەڵێن نا نا نا،ئەوەش دەرخەری ئەوە ڕاستیەیە کە کۆماری ئیسلامی لە هێز و پۆناسێلی ژنان دەترسێت و نایهەوێ ببنە کاربەدەست چونکە دەزانێ یەکەم ئیشیان لابردنی سەرانی ئەو دەوڵەتەیە.
- زانیار حوسێنی
- گەڵاڵە یان پلانی نوور بەر لە هەمووشت، دەرخەری ئاستی ناسەقامگیری یاسا و ڕێساکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەم سەردەمەی ئێستا دایە؛ ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەر یاسایەک و هەر چوارچێوەیەکی دەستووری، سەردەم و کاتی هەیە. چوون یاساکان بە پێی زۆر پێوەر وەک خواستی خەڵک، داب و نەریت و کەلتوور و هتد دادەڕێژرێن و بەکار دەهێنرن؛ هەرکات ئەو حاڵەتە پێچەوانە بۆوە کێشەخووڵقێن دەبێت و ئاکامی پیچەوانەی دەبێت. لەکاتی ئاوادا یاسا لەباتی ئەوەی ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاسایشی وڵات، خۆی دەبێتە بەردی بناغەی تێکچوون و هەڵوەشانەوەی سەقامگیری و ئارامی لە وڵاتدا. لە ئێستادا ئەو دیمەنە هەمیشەییەم دێتە بەر دیدە کە ئەو دەسەڵاتە، لە پێش هەمووشتدا بێ ڕێزی بە ڕۆحی یاسا دەکا؛ یاسا بە زمانێکی سادە پارێزەری گیان و ماڵ و ژیان و ئاسایشی خەڵکە و دەبێ ببێتە خووڵقێنەری بەستێنێکی لەبار بۆ پێشکەوتنی بوارە جیاواز و لێکگرێدراوەکانی ژیان و ئاسایشی خەڵک. بەڵام چوون ئەو پلانە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە هەموو بوارێکەوە دەخاتە ژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هێزە ڕاسپێردراوەکانی دەسەڵات و ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی لە ڕادەبەدەری دەبێت بۆ سەر ژنان و تەنانەت بنەماڵە و پیاوەکانیش؛ ئەوەندەی ژن بە پێی ئەو پلان و گەڵاڵەیە ڕابگیردرێ، دەنگ بدرێ و لێپرسینەوەی لێ بکرێ بەهەمان ڕادەش کاریگەریی نەرێنی دەبێ لەسەر بنەماڵە و کەس و کاری ئەم ژنە. بەم واتایە کە دەسەڵات ویستوویەتی بە شێوەیەکی زۆر نەرم خەڵک بکاتە دوو بەش و بەرەوڕووی یەکدیان بکاتەوە و لەمەش زیاتر چووەتە پێش و بەم پلانە هەوڵ دەدات کە ژن بەرەوڕووی کەس و کار و ئەندامانی بنەماڵەیان بکاتەوە و گوشاری یاساییەکە بە کاتالیزۆری « با تووشی کێشە نەبین» لە پۆلیسەوە بگوازێتەوە بۆ کەس و کار و نیزیکەکانی ژن. بۆ نموونە کاتێک ژنێک کە تووشی ئەم پلانە نوورە بێ و ڕواڵەت و زاهیری ئەمجۆرە نەبێ کە لە پلانەکە باسی کراوە، تووشی دەنگدان و جەریمە دەبێ یان دەیبەن بۆ لێپرسینەوە و ئەوەش خۆی دەبێتە هۆی سازبوونی ناخۆشی و ناکۆکی لە ناو بنەماڵەدا؛ یان کاتێک بە هۆی ئەوەی ژن یان چەن ژنێک جۆری جل و بەرگپۆشینیان لەبەرچاو نەگرن و بچنە شوێنێکی گشتی، ئەم شوێنە دەنگ دەدرێ و ڕەنگە تووشی پلۆمپ و داخران بێ. یانی لێکەوتەکانی ئەو پلانە وەها ڕێکخراون کە وا نیشان بدرێ کە هەڵس و کەوت، جۆری جل و بەرگ پۆشینی ژن دەبێتە هۆکار؛ یانی گوشارێکی دوو جەمسەری ئاراستەی ژنان کراوە، هەم یاسایی و هەم کۆمەڵایەتی. لەم گوشارەدا بەدڵنیاییەوە بنەماڵە و کەسانی نیزیکی ژنانیش تووشی کێشە و گرفت دەبن و ئەلێرەدایە کە وشیاری خەڵک و بەتایبەتی پیاوان و بنەماڵەی ژنەکان دەرخەری چۆنیەتی و چەندەیی سەرکەوتوویی یان شکەستی ئەو پلانەیە.
- جاران ئەگەر تەنیا گەشتێکی ڕێنوێنیکەر یان هەمان ئیرشاد بوو، دەبیندرا کە ژنان لە چوونە ئەو شوێنە گشتییانەی کە ئەم گەشتانە ڕاوەستابوون، خۆیان دەبوارد بەڵام لە ئێستادا کە پلانەکە لە درێژەی گەڵاڵەی پاکیزەیی و حیجاب دایە و بە شێوەیەکە کە هەموو جۆری ژیانی ڕۆژانە دەگرێتەوە، تەنیا ڕێگە بەرگریکردن و کۆڵنەدانە کە بۆ ژنان ماوەتەوە. یانی دەسەڵات بە زمانی بێ زمانی، ژنانی بۆ شەڕکردن بانگهێشت کردوە و ئامادەیی خۆی بەم پلان و گەڵاڵانە بەتەواوی دەربڕیوە؛ ئەوە شەڕێکی ئاشکرایە بە دژی ژن و مافی ژنان وەک هەموو مرۆڤی جیهان و دڵنیام کە گوشارەکان زۆر لەوە زیاتر دەبن کە لە ئێستادا هەن.
- ٣ـ کاردانەوەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی نیسبەت بەم گەڵالەیە چیە؟ پێتان وایە بۆچی بەتایبەتی دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی مەسەلەی حیجابی زۆرەملێ دیسان ئەوەندە بە تۆندی هاتووتە ئاراوە
- شلێر مەحموودی:
- کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان زۆرن بەتایبەت لە نێوخۆ و بەتایبەتی تریش لەلایەن سەرانی دەوڵەت و یاساناسان و خەڵکیش کە دەڵێن جێبەجێ کردنی ئەو گەڵاڵەیە ئیشی پۆلیس نیە و پۆلیس ناتوانێ خەڵک بگرێ و ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری بکا ،ئیشی پۆلیس پاراستنی سەرو ماڵ و کەرامەتی هاوڵاتیانە نەک تەداخول کردن لە پاراستنی ئەخلاق و گەرانەوەی کەرامەت بۆ کەسەکان.
- محسن برهانی، پارێزەر و ئەندامی فاکەڵتی یاسای زانکۆی تاران، دەڵێت ئەو کارەی پۆلیس بە تاوان دەزانێت و دەڵێت، پۆلیس مافی ئەوەی نییە کەسێک بگوازێتەوە بۆ دەستبەسەرکردن، بارەگا، بنکە، یان کەمپ، نە بیبات پابەندبوونێک لەلایەن خەڵکەوە. پۆلیس تەنها دەتوانێت کەسی دەستگیرکراو ڕاستەوخۆ بباتە دادگا (و نەک داواکاری گشتی) بۆ ئەوەی دادوەر بتوانێت کەفالەت وەربگرێت. ئەو درێژەی پێدەدات کە دیارە هەندێک لە بڕیاردەرەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە کارێکی لەو شێوەیە نایاساییە ئەنجام بدەن، بۆیە پێشنیار دەکرێت دادوەرێک بێت بۆ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکان و کۆکردنەوەی ئاسایش لە بارەگای ئێستای دا. ئەم فەقێیە دەڵێت ئەوە پلانە بۆ پووچەڵکردنی سیستەمی دادوەری و دادوەرەکان، کەرامەتی دادوەر ئەوەیە کە لە دادگا ئامادە بێت و فەرمانبەران و داواکاران بێنە خزمەت دادوەر، نەک ئەوەی لە بنکەی پۆلیس جێگیر بێت بە سەیرکردنی دادوەری دادگا وەک ئامرازێک.
- وە هەروەها مستەفا تاجزادە، زیندانیی سیاسی، لەم پێوەندییەدا، لە یاداشتێکدا لە زیندانی ئەوینەوە، بە توندی ڕەخنەی لە گەڕانەوەی دەورییە «نایاساییەکانی» ئیرشاد لە شێوەی «پڕۆژەی نور» گرت و جەختی لەوە کردەوە کە «نابێت کەس ناونیشانی هەڵە بدات». و بیرکردنەوەکان لابدەن» کە ئەم کارە «بە فەرمانی خامنەیی یان بە ڕەزامەندی و مۆڵەتی ئەو ئەنجامدراوە». «جگە لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، هیچ بەرپرسێکی دیکە ناتوانێت ئەرک بە پۆلیس بسپێرێت.
- کۆماری ئیسلامی بەبێ پشتیوانی یاسایی و داواکردن لە خەڵک – بە تایبەت گەنجان و لاوان کە خوازیاری ئازادی و بڕیاردانن لە شێوازی ژیانیاندا – بە فشار و زۆرەملێ و سەرکوت و سووکایەتیکردن و لێدانی ژنان و جل و بەرگیان لێ بکەنەوە. هەر یەک لەو پلانانە کەلێنی نێوان خەڵک و ئەم دەسەڵاتە زیاتر دەکات و وەک بۆمبێکی کاتی مامەڵە دەکات. شارەزایان لە یاساکەدا ئەوەیە کە بڕیاردان و جێبەجێکردنی پلانەکانی وەک ئەم پلانە لەدەرەوەی دەسەڵاتی پۆلیسە، پۆلیسیش تەنانەت ڕێگەی پێنادرێت هۆشداریی زارەکیش بدات. پۆلیس ژیان و ماڵ و شەرەفی خەڵکی کۆمەڵگا دەپارێزێت و ناتوانێ بە شێوەیەکی نایاسایی دەستدرێژی بکاتە سەر ژیانی تایبەتی خەڵک. کۆماری ئیسلامی بەردەوام لەلایەن دەوڵەتانەوە سەرکۆنە دەکرێ لەسەر پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتیش مافەکانی ژنان،ئەوەتا لەسەر ئەکارە ناڕەوایانەی لە کۆمسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دەرکرا هەرچەندە وەرگرتنیشی نارەوا بوو، وەبەردەوام سزای دەخرێتەسەر و بە تیرۆست پەروەر ناوی دەبەن و دەیناسێنن بەڵام لەبەر ئەوەی جارنامەی مافەکانی مرۆڤ هێزێکی گەورەی ئیجبار کەری لەپشت نیە ناتوانن ئێران ئیجبار بکەن بۆ جێبەجێکرنی دەقی یاساکان. بۆیە ئێران زۆر بێ شەرمانە و بەکەیفی خۆی یاسا و گەڵاڵە دادەرێژێ بۆ سەرکوتی زیاتری ژنان بەتایبەت دوای بزوتنەوەی ژینا چونکە هەروەک لەسەرەتاوە وتم ئێران هەمیشە لە توانا و هێزی ژنان ترساوە بۆیە هەردەم هەوڵی سەرکوتیان دەدات و بەردەوامیش میکانیزمی نوێ دێنێتە گۆڕێ، کۆمارێ ئیسلامی لە دوو ساڵی ڕابردوودا دیتی ژنان دەوڵەتەکەی دێننە لەرزە و داوی ڕوخانی دەکەن و هەڵکرنی سەرپۆشەکانیان بەدارێکەوە کردە هێمای بزوتنەوەکەیان وە هەروەها بینی کە ژنان لەپێناو وەدەست هێنانی مافەکانیان گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی و سڵ لە دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ناکەنەوە بۆیە ئیران هەمیشە لە ڕێگای نوێ دەگەڕێ بۆ سەرکوتیان.
- زانیار حوسێنی:
- کاردانەوەکانی ناوخۆ هەتا ئێستا پۆزەتیڤ بووە بەڵام دیسان کەمە؛ ئەگەر چاو لێ بکەین هەر جار نا جارێک لە زانکۆیەک، لە ناوچەیەکی شارە گەورەکان وەک تاران یان شوێنە ئیدارییەکان، شەپۆلێکی تووند بەڕێوە دەبەن و چاوەڕێی کاردانەوەی خەڵک دەبن. بەم مانایە کە ئەوان بە پێی کاردانەوە و وڵامدانەوەی خەڵک پلانەکانیان ڕێک دەخەن و جێبەجێ دەکەن و بەرەو پێشێی دەبەن؛ هەموو هەوڵیان ئەوەیە بە کەمترین تێچوو و بە زووترین کات و مەودا لە ناو دڵی شەقامەکاندا دەسەڵاتی تەواو بۆخۆیان بگەڕێننەوە و مسۆگەری بکەن. چوون کاربەدەستانی تاران لەدوای ڕاپەڕینی ژینا بە کۆدی ژن، ژیان، ئازادی بەتەواوی مەترسی ڕووخانیان لێ نێشت و لە ڕوانگەی ئەوانەوە، کوردستان هێما و نموونەیەکی خراپە بۆ سەرانسەری ئێران؛ بۆیە بە پەلە و بە بێ فەوتاندنی کات، ئەو گەڵاڵەیەی پاکیزەیی و حیجابیان داڕشت، پەسندیان کرد و بە پۆلێنبەندی و پلانەوە، خستوویانەتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەسەڵاتی تاران تەنیا لایەنگرانی خۆی بۆ گرینگە و جگە لە لایەنگران و ئەندامانی سیستەمی دەسەڵاتداری خۆی، کەسی تر نابینێ و هەر بۆیە هەتا بازنەی لایەنگران و ئەندامانی بچووکتر دەبێتەوە، زیاتر دەست دەداتە پوواندان پێیان. ئەم پووان و ئیمتیازانەش بە پارە بەخشینەوە، لێخۆشبوونی ئیداری، زیاتربەشداری پێکردنیان لە دەسەڵات و پەسندکردنی یاسا و ڕێسا لە پێناو دابینکردنی خۆراکی دەروونی، فکری و ئەمنی و مەیدانی ئەوانە؛ بۆیە گرینگە کە خەڵک بە شێوەی گشتی و بەکۆمەڵ بەرامبەر چکۆلەترین هەنگاوەکانی پۆلیس و جێبەجێکەرانی ئەم گەڵاڵە و پلانانە بوەستن و بۆیەش وشەی خەڵکم هێنا کایەوە چوون هەر وەک کووتم پێموایە پیاوانیش بە هەمان ڕادەی ژنانەوە دەبێ هەست بە مەترسی بکەن و وێڕای ژنان و لەپەنا ئەوان بەرەوڕووی ئەمجۆرە گەڵاڵە و پیلانانە ببنەوە.
- بەڵام لە ڕوانگەی دەرەوە دەتوانم بڵێـم کە دەرەوە هەر وەک پێشوو و هەر وەک ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەتی هەر وەک ڕاپەرینی ژینای، چاو لە خەڵک دەکات و دەڕوانێتە خەڵک؛ هەرچەند لە کایەی سیاسی و ئابووریدا، کۆماری ئیسلامی ئامادەیە هەموو تێچوویەک بدات بۆ ئەوەی بتوانێ دنیا بەتایبەتی ڕۆژاوا بێدەنگ یان لانیکەم وەک چاوەدێر و بێلایەن ڕاگرێ. بەڵام لە شوێنێک و لە جێیەک و لە کاتێکدا ئیتر، بیروڕای گشتی خەڵکی خۆیان لێیان قبووڵ ناکەن و لەبەر ئەوانیش بێ بەناچار دەبێ ودەنگ بێن؛ هەر وەک لە شۆڕشی ژینادا وەدەنگ هاتن و هەرچەند لە بواری کردارییەوە زۆر لاواز دەرکەوتن بەڵام هێندێك هەنگاوی جیدییان هەڵێنایەوە. بۆیە دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە هیچکات، هیچ وڵات و هیچ نەتەوەیەک، لەخۆمان زیاتر خەمخۆری خۆمان نییە و ئیمە کاتێک دەبێ چاوەڕێی گۆڕین یان گۆڕانی بیروڕای وڵاتان لە ئاستی نێودەوڵەتی و زۆر بەربڵاودا ببین کە قوورسایی ویستی سیاسی ئێمە، لانیکەم هاوتەریب لەگەڵ قوورسایی ویستی ئابووری و توجاری ئەوان بێتەوە. بەم مانەیە کە ناچار بن داهاتووی ئەمجۆرە وڵاتانە و ئەمجۆرە میللەت و مرۆڤانە لەبەر چاو بگرن و بە ڕوونی بۆیان شی بکرێتەوە کە چاوداخستن و بێدەنگبوون بە شێوەی کرداریش ئاست و چوارچێوەیەکی هەیە.
- ٤- وەک کۆتا پرسیار دەمەوێ ئەوەش بزانم کە کاردانەوەکانی خۆدی ژنان بەرامبەر بەم گەڵالەیە چۆنە؟ چۆن بەروڕووی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبنەوە؟
- شلێر مەحموودی:
- ژنان لە ئێران و بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان هەمیشە ئامادە ولەسەرپێن بۆ ڕووبەڕڕوو بوونەوەی هەر پەرچەکردارێکی کۆماری ئیسلامی، نەک ئەوە گەڵاڵەیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەیان گەڵاڵەی هاوشێوە دەربکا ناتوانێ حەزی سەربەستی و وەدەستهێنانی مافەکان لە ژنان دا بکوژێ بەڵکو لەگەڵ دەرکردنی هەر یاساو گەڵاڵەیەک ژنان بە گوڕو تینێکی زیاتر دژی دەجەنگن و بەرهەڵستی دەکەن .کۆماری ئیسلامیش باش ئەو ڕاستیە دەزانێ، وە لە بزوتنەوەی ژینا دا ئەوەی بە باشترین شێوە بۆڕوون بۆتەوە چونکە ژنان ڕێبەر و پێشەنگی خۆپێشاندانەکان بوون و دەنگی خۆیان بەدونیا گەیاند تا وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف و خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ کە دوو خەڵاتی جیهانین. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ژنانی ئێران و کوردستان شایانی باشترین خەڵاتی جیهانن وە قوربانی زۆریان لە پێناو بەدەستهێنانیان دا دراوە و دەدرێ.
- لەکۆتایی دا دەڵێم ژنانی ئێران و کوردستان چاوەڕێی دەرفەتن و لە هەر دەرفەتێکدا وەکوو بۆمبێک بە ڕووی کۆماری ئیسلامیدا دەتەقنەوە . بۆیە هیواخوازم خەباتە ڕەواکەیان هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بە پشیوانی هەموو لایەک سەرکەوێ.
- زانیار حوسێنی:
- پێموایە ئەم پرسیارە وەک ڕاپرسییەکی گشتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی بەردەست دەبێ ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی بتوانین بە پێوەر و ڕادەیەکی دروست و گونجاو، کاردانەوەی ژنان بەرامبەر بەم گەڵاڵە و پلانانەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاران ڕوون کەینەوە و بیخەینە بەرچاو؛ ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ ئەوەی بتوانین کاردانەوەی کۆمەڵگە یان نیوەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە کردەوە و بڕیارێک هەڵبسەنگێنین، پێویستیمان بە هێندێک کەرەستەیە کە یەک لەوان ڕاپرسی و کۆکردنەوەی بیروڕای گشتییە لە هەمبەر بابەت و پرسەکان بە تایبەتی پرسی ئاوا هەستیار و ناسک. لە ئێستادا بە هۆی فیلتەرینگی بەهێزی سەر میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن تارانەوە، بەداخەوە لە بەکارهێنانی تەواو و دروستی ئەو کەرەستەیە بێبەشین بەڵام دەکرێ پشت بە پێوەر و کەرەستەی تر وەک ڕابردوو ببەستین و چاو لەو بەشە لە مێژووی تێکۆشانی ژنان بکەین کە لە حاڵەت و دۆخی ئاوا نیزیکە؛ بەخۆشییەوە لەبواری بەڵگەمەندبوونەوە، دۆخی ئاوا لە ئەم جوگرافیایەدا کەم نەبوە و دەکرێ کەڵکی لێ وەرگیرن و لە هەمانکاتیشدا دەبێ بڵێم بەداخەوە کە حاڵەت و دۆخی ئاوا زۆر بوون لەم جوگرافیایەدا و بەم حاڵەشەوە دەسەڵاتی ڕووخاوی پەهلەوی هەتا کۆتا هەناسەکانیشی وانەیان لێ وەرنەگرت و دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامیش هەروا.
- ژنان لە درێژەی لانیکەم سەد ساڵی ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر تووشی ئازار و پیلان و تووندوتیژی بوون لەلایەن دەسەڵاتی تارانەوە و لە زۆربەی ئەم بەرەوڕووبوونەوانەشدا، کاردانەوەی ژنان بە شێوەی بەرگریکردن، وڵامنەدانەوە و ڕەچەشکێنی و هێندێكجاریش رووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بووە و هەتا ئەو جێیەی بۆیان کرابێ و بۆیان لووابێ، پاشەکشەیان نەکردوە و دەستیان لە هەڵبژاردنەکانیان بۆ هەموو بەشەکانی ژیانیان بەشێوەی ڕۆژانە و درێژخایەن هەڵنەگرتوە. لە تەمەنی چل و چەن ساڵەی دەسەڵاتی ئەمجارەی تارانیش، بەڕوونی دەبینین و ئاشکرایە کە ژنان بە شێوازی جۆراوجۆر و لەڕێگەی جیاوازەوە، هەموو هەوڵ و توانای خۆیان داوە کە سیاسەتەکانی ڕژیم سەرکەوتوو نەبێ و تووشی شکەست یان تەنگ و چەڵەمەی زۆر ببێتەوە. شۆڕشی ژینا دەرخەی لووتکەی ئیرادەی ژنان بەتایبەتی ژنی کورد بوو لە هەمبەر سیاسەتە دژەمرۆیی و دژەژنی کۆماری ئیسلامی و ئەوەی لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێ، نە کەلتووری ڕۆژاواییەکانە و نە میدیاکانی دژبەر بەڵکوو ئەو ژنانەن کە لە نێوخۆی وڵات دەژین و دایکن و خووشکن و کچن و لە بازاڕ دان و کار دەکەن یان لە ماڵەوەن و خانەدارن؛ پرچی ژن لە دەسەڵاتدارانی تاران بۆتە مۆتکە و شەوانە خەونی پێوە دەبینن کە وەک پەتی سێدارە لە مڵی دەسەڵاتیان هاڵاوە و خەریکە دەیانخنکێنێ. بە لەبەرچاوگرتنی دەستپێکی ئەو پیلان و گەڵاڵانە لە بواری جێبەجێکردنەوە کە لە کۆتاییەکانی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردوە، من پێموانییە ئەمجارەش دەسەڵاتی تاران بتوانێ، ویست و خواستی خۆی بسەپێنێ و ژنان لەم بەشەشدا بە خۆڕاگری ئەو ویست و خواستە تۆتالیتێرانەی دەسەڵات تێکدەشکێنێن و لای دەدەن. هەروەک دەبینین لە ئێستادا، جۆری جل و بەرگ پۆشینی ژنان لەگەڵ بەر لە ڕاپەرینی ژینا بەتەواوی جیاواز بوە و ئەم جیاوازییە گەیشتۆتە ئاستی تەواو پێچەوانەی سیاسەتە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی دەسەڵاتی تاران.
- ئەوە گرینگە کە زۆرجار لەم ماوەیەدا دیتراوە کە ژنانێک لە بواری بیرکردنەوە هەتا ڕادەیەک لە دەسەڵات نیزیکن بەتایبەتی لەبواری ئایینزاییەوە، بەتووندی ڕەخنە لەم هەڵس و کەوت و پلانانەی ڕژیم دەگرن و دەڵێن کە ژنانیش وەک پیاوان و وەک مرۆڤ، مافی ئەوەیان هەیە خۆیان هەڵبژێرن کە چۆن لە کۆمەڵگە و لە دەرەوەی ماڵێ دەرکەون؛ ئەوە خاڵێكی زۆر بەهێز و گرینگی تێدایە کە نە سیستەمی ڕووخاوی پەهلەوی تێیگەیشت و نە سیستەمی زۆرداری ئێستا تێیدەگا.
- ژنان نە حیجابیان دەوێ نە بێ حیجابی؛ ژنان وەک مرۆڤ ئازادی و مافی هەڵبژاردنی سەربەستانەیان دەوێ لە بوارە جیاوازەکانی ژیانیاندا. ئەوەندەی کە مێژووش شایەتی دەدات بۆ ئەم مافەیان زۆربەی هەرە زۆری کاتەکان شەڕیان کردوە و لە بەرامبەر دەسەڵاتی زۆرداردا وەستان؛ هەر ئێستا بە دەیان ژن کە چالاکی سیاسین، چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتین ئەوە لە بەندیخانەکانی ڕژیم دان و زۆر ژنی دیکەش ڕۆژانە بەرەوڕووی هەڕەشە و تۆقاندن و ئازاری هێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی کە دیار و بەرچاوە، بەرزبوونەوەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژەی زیاتری ئەمجۆرە ژنانەن لە ناو کۆمەڵگەدا و ئەوەش بەم مانایەیە کە ژنان لە بەرامبەر سەرکووت و ئازار و ئەشکەنجە و ویستە ناڕەواکانی دەسەڵاتی تاران ملکەچ و بێدەنگ نابن و لەبەرامبەردا بە هەموو تواناوە و لە ڕێگەی جۆراوجۆر، بە شێوەی ڕۆژانە و چۆنی بۆیان بلوێ، هەوڵ دەدەن کە ویست و خواستە ڕەوا و مرۆییانەی خۆیان جێگیر بکەن؛ هیوادارم لەم ڕێگەیەدا بابەکان، براکان و هاوژینەکانیان زیاتر لە جاران شان بە شانی ئەوان لە مەیدانی بەربەرەکانی و تێکۆشان دابن و نەهێڵن بە زەوتکردنی هەرچی زیاتری مافی نیوەی کۆمەڵگە، زیاتر لە ڕابردوو مافەکانی ئەوانیش بکەوێتە ژێر پۆتینی پاسدارەکان.