حەسەن حاتەمی
پێشەکی
لە دواین ساڵەکانی نەمانی دەسەڵاتی پەهلەوی یەکەم (ڕەزا شا) و لە ساڵی ١٣١٨ (١٩٣٩) دا، کە گەرمەی شەڕی ماڵوێرانکەر و پڕ خوێن و پڕ تێچووی دوویەمی جیهانی بوو، بە هیممەتی بیرمەندان و چالاکانی سیاسیی و بەهەستی دەروەستی مافی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستا (کوێستانی ئەوکات) و دەرووبەری، حیزبێک بە ناوی حیزبی ئازادیخواز (ئازادیخوازان)ی کوردستان پێکهات.
لە ٢٨ خاڵی «مەرامنامە»ی ئەو حیزبە دا، پێکهێنانی دەوڵەتێکی جمهووریی لە نێوان سێ گەلی کورد، تورکی ئازەری و ئەرمەنی باسی لێکراوە و هەوڵیی بۆ دراوە.
دوای سێ ساڵ تێکۆشان و سەرنەکەوتنی ئەو بیرە، ئەو حیزبە نەما. بەڵام ژمارەیەک لە خەباتکاران و تێکۆشەرانی کوردی نێو ئەو حیزبە بە پێی هەل و مەرجی ڕووداوەکان و کاریگەریی حیزبی هیوا، لە باشووری کوردستانی ئێستا ( گەرمێنی ئەو کات)، رێکخراوێکی دیکە بە ناوی «کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد» کە بە ناوی کورت کراوەی (ژێ کاف) پتر دەناسرێ، لە ٢٥ ی گەلاوێژی ١٣٢١ (٢٦ ی ئاگۆستی١٩٤٢) تێکۆشانی دەست پێکرد، کە ئامانجی پێکهێنانی دەوڵەتێکی کورد لە هەر چوار بەشی دابەشکراوی کوردستان بوو.
سێ ساڵ لە تێکۆشانی ئەو کۆمەمەڵە میللی – مەزهەبییە تێپەڕی. خەڵکانێکی زانا، هەڵکەوتە و دڵسۆز هاتنە نێو ئەو ڕێکخراوە کەیەک لەوان قازی محەممەدی بڵیمەت بوو. ئەو ڕێکخراوە پتر نەهێنی بوو.
سێ ساڵ دواتریش لە ٢٥ ی گەلاوێژی ١٣٢٤ (١٦ ئاگۆستی ١٩٤٥ ) دا، لەسەر ڕێبازی جەوهەریی ژێ کاف، حیزبی دێموکراتی کوردستان، دامەزرا.
لە ماوەی پتر لە پێنج (٥) مانگ دا، حیزبی دێموکرات، کۆنگرەی یەکەمی خۆی گرت و کەسێکی بڵیمەت و زانا و بەبیر و کردەوەی ژیری وەک: نەمر قازی محەممەدی بە پێشەوا و ڕێبەری خۆی هەڵبژارد. ئەویش بە ڕا و تەگبیر لەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی کە تێکۆشانی ئاشکرایان بە شێوەی تا رادەیەکی زۆر بەرفراوان لە گۆڕەپانی بەشێک لە خاکی کوردستانی کوێستان (ڕۆژهەڵاتی ئەمڕۆ) کە دەسەڵاتی ناوەندی پەهلەوی دوویەم (محەمەد ڕەزا شا)ی تێدا نەمابوو، و تا ڕادەیەکی بۆشاییەک لە نێوان سوڤیەتی پێشوو و بریتانیا دا، هەبوو، کۆماری کوردستانیان لە ٢ ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) لە پێتەختی مەهاباد (سابلاغی پێشوو) دامەزراند.
ئەوە لە حالێکدابوو، کە ئێران لە ساڵی ١٣٢٠ دەسەڵاتی پەهلەوی یەکەم(ڕەزا شا) ی نەما و سەرەڕۆییەکەی ڕووخێندرا، چوونکە لایەنگری ئاڵمان بوو. کوڕە لاوەکەی محەممەد ڕەزا لە جێی کرا بە شا. ئازادییەکی ڕێژیی هاتە ئاراوە. دواتر کۆنفڕانسی تاران کە لە ٦ هەتا ٩ ی سەرماوەزی ١٣٢٢ (٢٨ ی نۆڤێمبری١٩٤٣) دا، کە لە نێوان بەرەی موتەفیقین (یەکیەتیی سۆڤیەتی، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بریتانیا) و بەشداریی ژۆزیف ستالین، وینستۆن چرچیل و فرنکلین دلانۆ رۆزڤڵت، بە نهێنی لە بەر تێڕۆڕی ئەو سێ ڕێبەر لە لایەن ئاڵمانەکان کە دەستوورەکەی بۆ ئیجرا بە سەرهەنگ کۆنڕاد زینر درابوو، بە نهێنی و بێ ئیزنی دەسەڵاتی لاوازی ناوەندی ئێران لە بالێوێزخانەی یەکیەتیی سۆڤیەتی گیرا.
لە دابەشینی جوڕێک دەسەڵاتی نیزامیی دیفاکتۆی ئەو بەرەیە لەنێو ئێران دا، کە ناوی «پردی سەرکەوتن»یان لێنا، ئەمریکا و بریتانیا پتر لە بەشی باشوور و ڕۆژئاوای باشووری جێگر بوون یا مەیدانی دەسەڵاتیان دیاری کرابوو، بەشی زۆری باکووری ئێران و بەشێکی مام ناوەندەی لە ڕۆئاوای باکووری دا، لە ژێر جۆرێک دەسەڵاتی نیزامییەکان یەکیەتیی سۆڤیەت، بە شێوەی دوور و نیزیک بوو. یانی لە ڕاستی دا کوردستانی کوێستان، بە شێوەی دێفاکتۆ بە دوو بەش دابەشکرا.
هەروەها لە کونفرانسەکەی تاران بڕیار درابوو و ئیمزا کرابوو، کە ٦ مانگ دوای تەواوبووبی شەڕی دوویەمی جیهانی، نیزامییەکانی ئەو وڵاتانە ی ناویان برا، ئێران بە جێ بێڵن.
بە هۆی دابەشین ئیداری زەمانی دەسەڵاتی ڕەزا شا، پارێزگەی سێیەم بوو بە ئازەربایجانی. ڕۆژهەڵات و پارێزگەی چوارەم ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە تورکی ئازەری و کوردن، دوو حکوومەتی نوێی میللی ئازەبایجان و کۆماری کوردستان بە پشتیوانی یەکیەتیی سۆڤیەت یان تێدا دامەزرا.
لە حکوومەتی میللی ئازەربایجان کە لە ٢١ ی سەرماوەزی ١٣٢٤ (١٩٤٥) دامەزرا، هەڵبژاردنی شووڕاکان بۆ بەڕێوەبەریی شار و گوندەکان وەک بەشێکی گرینگی دەسەڵاتی گەلی ئەنجام درا و بۆ یەکەم جار، ژنان و کچانی عەزەب (١٨ ساڵ) مافی دەنگدان و بەربژێریان لە جوغڕافیای ئێران دا، وەدەست هێنا.
لە کوردستانیش ٥٢ ڕۆژ دوای دامەزرانی حکوومەتی میللی کوردستان، حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان دامەزرا.
***
حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان
کۆماری کوردستان خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی نەتەوەی دابەش و بێ ماف کراوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە ئێستاش دوای تێپەڕین لە نیزیک چارەگە سەدەیەک، لە سەدەی ٢١م دا، و ٧٧ ساڵ خەبات تێکۆشان دوای کۆماری کوردستانی پڕ ئەزموون و بەڕێوەبەریی سەرکەوتوانەی دا، نەخشە ڕێگەی بەشێک لە کوردەکان بە گشتیی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتییە.
لەو کۆمارە ساوا ١١ مانگییە دا، بۆ زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیی ئارایی ئەو کاتی کە لە چوارچێوەی جوغرافیای حکوومەتی میللی کوردستان دا، دەژیان بەهەستی خەستی دڵویستی دەروەست دا، لە ژێر سێبەریی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ژێرخانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی، سپای بەرگری میللی (پێشمەرگە) دا، بە یەکگرتوویی و لە دروست کردنی کیانێکی کوردی دا، بە دڵ و بە گیان بەشدار بوون.
بەڕێوەبەری و یاساکان بە هۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان خوڵقێنەری حکوومەتی جمهووری کوردستان، دەردەچوون و لە ڕێگەی هەیئەتی دەوڵەت و ژێر کۆییەکەی ئیجرا دەکران. کە وابوو ئەوە حیزب و بەرنامە باشەکانی بوون، کە بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی نوێی بوو.
ژنان و کچان کە بەداخەوە لە کۆمەڵگەی تەواو سوننەتی، عەشیرەتی، نەخوێندەوار و مەزهەبی دا، ژیانێکی زۆر نا یەکسان و پڕ کوێرەوەری لە نێو ماڵ و بە توندی لە ژێر جۆرێک فەرمان و مڵکییەتی پیاوان و کوڕان دابوون، مشوورێکی مەزنیان لە ژێر بیری ژیری سەرکۆمار و هاوبیرانیان دا، بۆ خورا و ژمارەیەکێش لە ژنان وکچان بە وزە و توانایی مەزن هاتنە مەیدان و حیزبی دێمۆکراتی ژنانی کوردستانیان بە ڕێبەری یایی مینا قازی (ئەسکەندەری) لە پڕۆسەیەکی یەک حەوتوویی دوای ٨ ی مارسی ١٩٤٦ دا، یانی ٢٤ ی ڕەشەممەی ١٣٢٤ (١٥ ی مارسی ١٩٤٦) لە مەهاباد دامەزراند.
لە ٨ی مارس دا، یەکەم کۆنفڕانسی ژنان و کچان کە نوێنەری گەڕەکەکان و دەڤەری مەهابادی پێتەخت، لە بەشدارە گرینگەکانی بوون، گیرا. جێی سەرنجە کە جگە لە نوێنەران شار و دێ، لە گەڕەکی جوولەکەکانیش نوێنەریان،؟ …ماوزەر بیلال زادە، بەشدار بوو.
دامەزرانی حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان، بۆ یەکەم جار لە خەبات و تێکۆشانی شاراوەی ژنان و کچان و بێ بەشیان لە کۆمەڵگەی نێر سالارەوە بۆ تێکۆشانی ئاشکرا و حیزبی جیاوازی و توێژی خویان، ژمارەیەکی بەرچاوایان لە کوردستانی کوێستان زۆر چالاکانە هاتنە مەیدان.
دوو وشەی «یایا ن»- بۆ ژنان- و «کیژان» – بۆ کچان- ناودێر کران و ژنان و کچان لە بەشە گرینگەکانی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی دا، خاوەن پێگەیەکی نوێ و کاریگەر بوون.
دامەزرانی قوتابخای گەلاوێژی کچان لە مەهاباد، دواتر مەدرەسەکانی کچان لە بۆکان و شنو، لە هەنگاوە زۆر گرینگەکان بوون کە خوێندن بە زمانی کوردی بۆ منداڵان، خوێندنی ئێواران بۆ ژنان و کچانی گەورە ساڵیان تێدا دەخوێندران.
ژنان لە مەهاباد کە ئەنجومەنی فەرهەنگیی سۆڤیەت و کوردستانی لێ دامەزرابوو، ئێوارانە بەشداریان دەکرد و سەبارەت بە پێشکەوتن و گیروگرفتە کۆمەڵایەتیی و بنەماڵیی باسیان لە ڕێگە چارەی گونجاو بۆ حەلی کەند و کۆسپ و کەم کردنەوەی ناکۆکییەکان لە ژێر ڕێنونییەکانی «حیزبی یایان» و یاسا دەرچووەکانی حیزبی دێموکرات دەکرد.
بە پێی نووسراوەی شڕۆڤە و لێکدانەوەکانی خاتوو «شهرزاد مجاب» مامۆستای زانستگە لە تۆڕێنتۆی کانادا، لە پێشەکیی کتێبی « ژنان و ناسیونالیزمی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دا»، سەبارەت بە دامەزران و تێکۆشانی «حیزبی ژنانی کورد» لە دوای کۆماری کوردستان دەڵێ: دامەزراندنی حیزبی ژنانی کورد هەم سیمایەکی مودڕێڕنی دا بە کۆماری کوردستان و هەم « دەوڵەت – نەتەوە» ییەکەی بەهێز کرد.
لە کاتی ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندی کۆمار دا، کە ١٦ کەس قسەیان کردووە، ٢ کەسیان ژن بوون. خەجیج مەجدی و پەروانە حەیدەری کە هەردووکیان مامۆستای قوتانخانەی کچان بوون، ئەوان کۆماریان بەرز نرخاندوە و بەشداڕیی چالاکانەی ژنان و کچانیان لە تێکۆشان دا، زۆر بە پێویست زانیوە.
لە گرتنی جێژن لە مەدرسەی کچان و بانگهێشتنی سەرکۆمار و قسەکانی ئەوان، نیشان دەدا کە ژنان و کچان لە بواری رەخسانی خوێندن و خۆ دەرخستن لەو سەردەم دا، چەندە بە توانا و ژیر بوون. بۆ وێنە: قسەکانی کوبرا عەزیمی کە هەم داوا لە یایان و کیژان دەکا، بۆ هاتن بۆ مەدرسەکان پەلە بکەن، ڕەخنە لەو بنەماڵانە و دایک و باوکانە دەگرێ کە کچەکان بۆ فێربوون و خوێندن ئیزن نادەن. ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانی دا، دەڵێ: «بەشی مهمی عمری انسان وەختی جوانیە چونکە انسانی جوان [لاو]، شایستەی هەموو کارێکە و فکری وی حاضرە بۆ فیربونی عقل و ادب و دانیش. هر سال و مانگ و روژ و سەعاتیکی کە دەروا انسان قدەم لە میدانی فراوانتر دادەنی. اگر فکری لی بکن چونکە ایمە زۆر لە پاشین کارمان گرانتر و کۆڵمان قورستر دەبی.» و نوێنەریان هەبوو کە یای ماوزەر بیلال زادە بەشدار بوو، هەروەها، یای مەزرە بلەزادەی، مەرمەنی، لە بەشێک لە قسەکانی دا کوتبووی: «خوشکە خۆشەویستەکانم، زۆر جیگای شوکرانەیە کە ئێمە و کچە کوردەکان دەتوانین بە آزادی زمانی خومان بنوسین و بخوینین. هەموو دەبینن رۆژی لاوەکان و کچە کوردەکانمانە بۆ پەرەیی دانی معاریف و مخصوصا بو ئەوەی کە کورد دونیا بیناسی دەقەیك لە هەر کاریکی کە پیش کەوتنی میللتی کوردی لی پیدا بی رانەوستن. رەجا دەکەم لە خوشکە خوشەویستەکانم لە ناردنی کچی خۆیان بۆ مەدرەسە تەقصیر نکن،» پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە خاتوو شەهزاد مەجاب، باس لە «حەیران خانمی دونبلی شاعیر» کە لە گۆڤاری نیشتیمان ژمارەکانی ٢٩ و ٣٠ ی کە لە ١٩٤٣ و ١٩٤٤ دەرچوون و کاریگەریی باشییان لە شێعرێکی کە گفتوگۆی خۆشک و برایەک سەبارەت بە خوێندن، تێگەیشتن و پێگەیشتن دەکا، یەک لەو کاریگەریە باشانە بوو.
لە دیهات ژنان و کچان بە چنینی دەستەوانە، کڵاو و سەرکڵاوە، بلووز و پوزلەخ، یارمەتیی پێشمەرگەکانیان داوە کە لە شەڕی نەخوازراو و بە سەرداسەپاوی دەسەڵاتی ناوەندەی لاوازی تاران کە لە بەرانبەر بیانییەکان و هێرش و داگیرکرانی ئێران، ناتوانێ کردەوەیەکی ئەوتۆ لە خۆ نیشان بدا، بەردەوام هەوڵی ڕووخاندنی کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللی ئازەربایجانئ دەدا. شەڕی مەحمەشە، سەردەشت، بە تایبەتی لە سەرای سەقز و دەرووبەری دا، کە بەشێکی لە کتێبی «کورد بوون ی کاپیتان حەمەدی مەلوودی» یش دا هاتوون و هێرش لە تارانەوە و گەڕانەوەی لە نیزیک قافڵان کێوی قەزوێن، لەبەر بوونی هێزی سۆڤیەتییەکان، بەشێک لە ئاکارە، شەڕخوازانەکانی دەسەڵاتی ناوەندی بوون.
لە سەر وەزعییەتی حەشیمەت لە مەهاباد و ڕادەی خوێندواری زنان و پێشکەوتنیان دوای دامەزرانی حیزبی ژنان خاتوو شەهزاد دەنووسێ: بو پێی ئاماری دەوڵەتی حەشیمەتی شاری مەهاباد لە دواین ساڵی ١٩٤٨ نیزیک ١٦ هەزار و ٤ سەد و ٥٥ (١٦،٤٥٥) کەس بووە. ڕادەی ٨١٨٩ کەسیان ژن و ٨٢٦٦ کەس ییاو بوون. ڕادەی خوێندەوارەکانی ژنانی گەورە ساڵی (١٥ سال و سەرووتر ) لە ساڵی ١٩٤٦ دا ٤٪ پتر نەبووە. زۆربەی خوێندورەکانیش لە مەدرەسەگەلێکی کە لە ساڵی ١٩٣٠ وە دامەزا، خوێندنیان دەست پێکردبوو. بەڵام لە زەمانی کۆمار دا، ئەو ڕێژەیە بەرەو سەر دەچێ کە دەسەڵاتی ناوەند نکوولی لێ دەکا.
هەروەها ئاماژە بە یەکسانی ژن و پیاو کە لە هەموو بەشەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵەلایەتی دا، بە پێی فەسڵی چواری خاڵی ٢١ ی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک: خاڵێکی زۆر گرینگ و بنەڕەتی، دەکا.
لە دوای ساوا کوژکردنی کۆمار و سەدارکردنی پێشەوای مەزن و هاوڕێیان حەمە حوسێن خانی سیفی قازی و ئەبولقاسمی قازی و پێشتر و دواتریش ژمارەیەک لە سەقز مەهاباد ، بۆکان و دەرووبەری نەغەدە و سەردەشت گیانیان لێ ئەستێندرا. بەرجەسترین خاڵی خۆڕاگری ژنان، داستانی «شێرە ژن» ی زێڕەوشان خاتوونی دایکی سێ سەرداری شەهید لە ١١ کەسەکەی سەقزە، کە لە بەرانبەر گزیرەکان (پیاوانی رێژیم)، نەگریا و خوێنڕژاندنی کوڕەکانی لە ڕێگەی ئازادی نیشتیمان دا، بە شانازیی زانی.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە؛ ئێران، تورکیەی و یونان وەک شوێن گەلی ستراتێژی بۆ دانانی پێگەی نیزامی یا کەلک وەرگرتنی لە بەرانبەر یەکیەتی سۆڤیەتی بۆ پێشگرتن لە بیری چەپ و عەداڵەتخوازی لە ڕۆژئاوی ئاسیا بوو، کە لە چوارچێوەی «ئەسڵی چواری تڕۆمن» و شەڕی سارد و هەڕەشەی لێدان لە سۆڤیەت بە بۆمبی ئەتۆمی لە چەشنی ژاپۆن و توندتریش، ئەو پێکهاتە کۆماریی و گەلییان لە کوردستان و ئازەربایجان ڕووخاند.
حیزبی ژنان کە بە ڕێکخراوی ژنان و یەکیەتیی ژنانیش باسی کراوە و ٣٢ ساڵ دوای دەسەڵاتی سەرەڕۆی محەممەد ڕەزا شا (پەهلەوی دوویەم)، لە تابڵویەکانی تێکۆشان و خەباتی شێلگیرانە چ لە بیر و هزر و دووبارە کردنەوەی کۆماری کوردستان لە لایەک و چ ئاڵوگۆڕییەکانی دوای کۆنفڕانس و کۆنگرەی ٣ لە ساڵەکانی ١٣٥٠ (١٩٧١) و ١٣٥٢ (١٩٧٣)، هەتا ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی ساڵی ١٣٥٧، بەتایبەتی لە ١٥ هەتا ١٧ ی جۆزەردان لە نێژرانی تێکۆشەر کاک عەزیز یوسفی، وەک: هێمای خۆڕاگریی و خۆپێگەیاندن لە زیندان دوای ٢٥ ساڵ لە لایەکی دیکە، کە ژمارەیەک لە ژنان و کچان بە شێوەیەکی نوێ بەکاتی خەباتی گەلانی ئازادیخواز و دیکتاتۆڕ نەویست و ئازادیخواز بە قازانجی یەکسانی، دێموکراسی و مافی گەلی کورد لە شکڵی «خودموختاری» دا، هاتنە مەیدان و بەرگی نوێیان بۆ خەبات و تێکۆشان پۆشی و لەدوای سەرکەوتنی خەبات و بەرخۆدانی گەلانی ئێران و بە مێژوو سپاردنی دەسەڵاتی پەهلەوی دوویەم، کۆماری ئیسلامی هێنرایە سەر دەسەڵات، کە بەداخەوە زۆر ڕەشتر و خراپتر لە دەسەڵاتی پەهلەوییەکان سەبارەت بە ئازادی، دێموکراسی و مافی گەلانی ئارایی و بەتایبەتی مافەکانی ژنان لە ئێران هەڵسوکەوتی کرد و پتر لە ٤٤ ساڵە درێژەی هەیە.
لەو ماویەدا، ژمارەیەکی زۆر لەژنان و کچان لە ٢٥ ڕۆژ دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەتی کاتی بەهۆی ئایەتووڵلا خومەینی، کە باسی «ڕووپۆشی زۆرە ملێی» ی هێنایە گۆڕێ، لە ٨ی مارسی ١٩٧٩ (١٧ ی ڕەشممەی ١٣٥٧) لە تارانی پێتەخت و چەند شاری گەورەی ئێران، خەبات و بەربەرەکانیان بە دژی ئەم هەڵوێستە و دروشمی «یا روسری یا تو سری» (یا سەرپۆش یا سەرکوت) گرت و ڕێپێوانی گەورەیان چێ کرد.
لە ساڵی ١٣٥٨ یشەوە قوناغ گەلیی جۆراجۆر هاتنە ئاراوە کە تێیدا، پێشمەرگەی ژن و کچ لە خەبات و بەرخۆدانی بەرگریی کارانە دا، دروست بوو. دواتر یەکیەتیی ژنانی دێموکرات چی کرا و چ لە حیزب و ڕێکخراوە مەدنییەکان دا و چ لە شاخ و شار چالاکبوون، کە نووسین یا ئاماژە پێکردنیان مەبەستی ئەو نووسراوە نییە.
پێویستە ئاماژە کرێ کە لەکۆنگرەی چوارەم دا، کە لە ڕەشەممەی ١٣٥٨ لە مەهاباد گیرا، خاتوو فەوزییەی قازی، کچی یادبەڕێزان پێشوای کوردان قازی محەممەد و یای مینا قازی، کیژی دەورانی دامەزران و تێکۆشانی حیزبی یایان بوو، وەک: یەکەم ژن لە مێژووی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژیرا.
هەروەها نوستالێژی «شێرە ژن» جارێکی دوای ٧٨ ساڵ لە گیانلێئەستاندنی ژینای بە غەدر مەهسا و جوانمەرگ کراو، بە «قەتڵی حاکمییەتی»، لەبەر کورد بوون، جوان و غەریب بوون، لە ٢٢ ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٦ سێپتامبری ٢٠٢٢)، سەقز و گۆڕستانی ئایچی، کە لێی نێژرا، دروشمی ژن ژیان ئازادی و پاشان کۆمەڵە دروشميکی دیکەی لێ بەرهەم هات و بزووتنەوەیەک چێ بوو کە سەرەتا ڕۆهەڵاتی کوردستان و دواتر زۆربەی ناوچەکانی دیکەی گەلان لە ئێرانی گرتەوەو بە پێشەنگایەتی ژنان و کچان بوو بە شۆڕش و بە جیهانیش بوو. لە دڕێژەی ئەو شۆڕش دا، کە دەسەڵاتی، مرۆڤ کۆژ، منداڵ کوژ، کچ کوژ و «توتالیتێری ئیسلامی سیاسی» گەیشتە لێواری نەمان کە بە ڕژاندنی خوێنی سەدان کچ و ژن و یەک چاو کردن و کەم ئەندام کردنی سەدانی دیکە و گرتنی هەزاران کەس لە هەموو چین و توێژەکان، نەیتوانی وەزع بۆ پێش شۆڕشی ژینا بگێڕێتەوە و لە ١١ ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ دا، دوو بەناو «هەڵبژاردن» ی ئەنجام دا، لەگەڵ بایکۆت و «نا»یەک بەروو بوون کە دەگوترێ ئەمجار «ئیمام بێ ئۆمەت» ماوەتەوە.
بە دڵنیایی دەکرێ بگوترێ خەبات و تێکۆشان بە یەکگرتوویی بەرەو دوورە دیمەنی بەرانبەریی، ئازادی، یەکسانی، دێموکراسی و مافی گەلانی لە ئێران و نەمانی جیاوازییەکان بەدی دەکرێ، کە ژنان و کچان زۆرتر دەبن بە پێشەنگیی درێژە دانی و لە ڕەوتی مێژووی نوێ دا، ڕۆنێساسی ژن ،ژیان،ئازادی دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانێکی نوێ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
سەرچاوەکان:
گووگل، گۆڤاری نیشتیمان، ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکراوەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ژمارەکانی ٢٤، ل. ٧، ٢٥، ل. ٣، ٢٧، لاپەڕەکانی ٢ و ٣. کوردبوون، بێرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی ساخکردنەوە و بەڵگەمەندکردنی، وریا ماملێ، چاپی سێیەم.
زنان و ناسیونالیزم کوردستان سال ١٩٤٦، شهرزاد مجاب، ترجمەی احمد اسکندری.