بابەتێکی گرینگ لەکاتی باسکردن لەبابەتی مافەکانی ژنان لە ئێران، وردبونەوە لە کێشە و کەمبوودەکانی ژنانە. کاتێک کەمبوودەکان دیاری دەکرێن، بەدڵنیاییەوە دۆزینەوەی چارەسەر ئاسانترە، کلیلی چارەسەری کێشەکانی هەر کۆمەڵگەیەک، دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانە لە بنەڕەتدا.
سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، دەکرێ بڵێین ژنی کورد تا ئاستێکی باش لەمەڕ ناسینی گرفت و کێشەکانی وەک ژنێک هۆشیارە. سەرکەوتووە لە دۆزینەوەی کەموکوڕییەکان و نابەرابەرییەکان لە کۆمەڵگەکەیدا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری کورد بوونی، ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە ژنی کورد ئەگەر جارێک بە هۆکاری ژن بوونی لە ئێراندا دەچەوسێتەوە، بەهۆکاری کوردبوونی دووجار دەچەوسێتەوە.
واتە ژنی کورد هەمیشە لە تەنیشت خەباتی خۆی بۆ یەکسانی کۆمەڵگە و بەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەکەی شانبەشانی پیاوان لە شۆڕشی نەتەوەیی و یەکسانیدایە. ئەم بەشدارییەش باکگراوندێکی سیاسی و مێژوویی هەیە، بۆ نموونە بوونی ژنانی سیاسەتڤان و چالاک لە شۆڕشەکانی کوردیدا وەک حەپسە خانی نەقیب و مەستورە خانی ئەردەڵان و لەیلا قاسم و مینا خانمی قازی و سەدان ژنی دیکەی ناوداری کورد سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن کە خەباتی یەکسانیخوازی لە ناو کورددا، زۆر لەمێژە گەشەی سەندووە.
بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕوو دەدات و بڵێسەی ئاگری شۆڕشێک هەڵگیرساوە، شۆڕشێکە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕێژیمی ئێران، ئەوە خۆی دەگەڕێتەوە بۆ وشیاری و شۆڕشگێڕی نەتەوەی کورد، ناوی ژینا و کوردستان بوونە هەوێنی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەراسەرییانەی ئێران. بەدوور نییە ببنە بناغەی گۆڕینی سیستەمێکی دیکتاتۆریش. درووشمی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن گشت نەتەوەکانی ئێران و زمانە جۆراوجۆرەکانی جیهان دەگوترێنەوە، ئەم درووشمە بۆتە شوناسی ئەم شۆڕشە و دنیای تەنیووە.
وشیاری ژنی کورد سەبارەت بەمافەکانی وەک تاکێکی کۆمەڵگە لە دێرزەمانەوە باس کراوە، لە بچووکترین ئۆرگانی کۆمەڵگە کە چوارچێوەی خێزانەکەیەتی، هەر لە منداڵییەوە هەوڵی پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەی دەدرێ وەک تاکێکی کوردی مافخوراو لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیکتاتۆر و دوژمنێکی داگیرکەر. هەربۆیە کاتێک بچووکترین دەرفەت هەڵدەکەوێ بۆ بەرەنگاربوونەوە، ژنان لە بەرەی پێشەوەن.
بۆیە پێشڕەوبوونی ژنی کورد لەیەکەم ڕۆژەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە شتێکی چاوەڕوان نەکراو نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، پاراستنی کەرامەت و کەسایەتی ژنی کورد، لەلایەن هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانییە. لەکاتی کەوتنە مەترسی هەریەک لەم پیرۆزییانە، هاودەنگ و دەست لە ناو دەست، کۆمەڵگەی کوردی بەرەنگاری نەیاران و دوژمن دەبنەوە.
ناکرێ بڵێین ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران گرینگی بە مافەکانیان نادەن، یاخود هەوڵەکانی ئەوان کەمڕەنگ نیشان دەدرێن، بەڵام بۆمان ڕوونە لەماوەی نزیک سێ مانگی ڕابردوودا شێوازی هاتنە سەرشەقام و گوتنەوەی درووشمەکان و بەدەنگەوە هاتنی ئەوان ئەو جیاوازییەی دروست کردوە و پێمانوایە ژنانی کورد چەند هەنگاو لە پێشترن.
ئەگەر ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بۆ نموونە ژنی فارس، هەوڵ بۆ لادانی حیجابی ئیجباری یان ئازادی پۆشین دەدا، ژنانی کورد لە کوردستان خوێن دەدەن بۆ ئازادی ڕادەربڕین و خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی و چەندین مافی سەرەتایی دیکەی زەوتکراویان. ژنی کورد لەقۆناغە جیاوازەکانی مێژووی خەباتدا، هەوڵی بەشداری سیاسی و گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیاردانی داوە، ئەمە دەریدەخات ژنی کورد بە جیهانبینی و ڕوانینێکی مۆدێرنانەتر، لە مەسەلەی مافەکانی خۆی دەڕوانێ و جیاواز لەژنانی گەلانی دیکەی ئێران بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی تێدەکۆشێ و بە بوونی ئایدلۆژییەکی دێموکراتخوازانە و دیاریکراو، ئاسانتر دەتوانێ بگات بەو ئامانجانەی هەیەتی. خاڵی پۆزەتیڤبوونی ئایدۆلۆژیای دێموکراسی، گەیشتن بە ئامانج ئاسانتر دەکاتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوە جیهانییەکان دەرکەوتووە، لە ئەم کۆمەڵگانەی ڕێژەی هۆشیاری ژنانیان لە ئاستێکی بەرزدایە، گەیشتن بە مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری تا ڕادەیەکی بەرچاو باشترە. ڕەنگە لە زۆر لایەنەوە کۆمەڵگەی کوردی ئەو کۆمەڵگە نایابە نەبێ بۆ ژنی کورد، بەڵام لە بواری سیاسی و هۆشیاری بەرانبەر مافی تاک، لە ئاستێکی باشدایە. هەر کۆمەڵگەیەک ڕێژەی بەشداری ژنانی لە کاروباری سیاسی و ئاستی سەرکردایەتی باش بێت، بێگومان گەیشتنی ئەو چینە لە کۆمەڵگەش بە مافەکانی ڕێگەی زۆر دژوار نابێ.
بە هۆکاری بوونی حیزبە کوردییەکان و خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵات، ئاستی ئەم ئاشنایەتی و بەشدارییەی ژنان لەچاو نەتەوەکانی دیکەی ئێران جێگەی دڵخۆشییە. خەباتی ژنان لە حیزبە کوردییەکان بەمەبەستی یەکسانی جێندەری خەباتێکی درێژخایەن بووە. لە سەردەمی دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان و دامەزراندنی ڕێکخراوەی تایبەت بە ژنان بە ناوی یەکیەتیی ژنان، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن و بەشداری ژنان لەکاری ڕێکخراوەیی و حیزبی باکگراوندێکی مێژوویی هەیە، لەگەڵ ئەوەش لە دێرزەمانەوە ئەم ڕاستیە دەرکەوتووە، کلیلی گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان لە خۆپێگەیاندن و گەشەسەندنی پەروەردەیی خۆیان و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەتایبەتی چینی منداڵان و گەنجەکان دایە. بۆیە لەو دەرفەتانەی بۆ ژنان هاتۆتە بەردەست لە چوارچێوەی خەباتی نەتەوایەتیدا تا ئاستێکی باش ئەنجامی ئەرێنی بۆ ژنی کورد هەبووە.
لەگەڵ ئەوانەشدا دەکرێ بڵێم ئەو هەوڵانەی ژنانی ئێران بە گشتی دەیدەن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، جێگەی ڕێز و پێزانینە، چەوسانەوە و نابەرابەرییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ژنان لە چوارچێوەی وڵاتدا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە هەموو بوارە یاسایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کەلتوورییەکاندا ڕوونە. واتە لە چوارچێوەی ڕێژیمێکی دیکتارتۆر و دژە ژنی وەک ئێران، بە دڵنیاییەوە ڕێگەی گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان نییە، بۆیە بە یەکگرتوویی ژنانی وشیار و بەتوانا تەنیا ڕێگەی وەدەستهێنانی ئەم مافانە بە ڕووخانی ئەو ڕژیمە دەزانرێ و هەر ئاوا دەکرێ، ڕێگەی گەیشتن بە یەکسانی جێندەری و ئازادی ژن ئاسانتر بکرێ.
گرینگە ئێمە وەک ژنانی کورد هەوڵ بدەین هەستی بڕوابەخۆبوون و پشت بەستن بەتواناییەکانمان بەهێزتر بکەین، ئەو ئاستە لە خۆپێگەیاندن و شارەزایی ژنانی کورد بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ئێران، جێگەی شانازییە. بەڵام ڕەنگە نەبوونی یەکگرتوویی یاخود نەبوونی هەستی متمانە بەخۆبوون، زۆربەی کات ڕێگر بێ لە دەرکەوتنی خاڵە ئەرێنییەکانی بزووتنەوەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.