شەهرام سوبحانی
شۆڕشی ژینا دەستپێکی گۆڕانێکی بنەڕەتیی بوو کە دوای ساڵەها کوشتن و سێدارە و بڕین و ناحەقی و کپکران و زیندانیکرانی چالاکانی کوردستان و ئێران، هاتە ئاراوە و شەپۆلەکەی تا شەقامەکانی لەندەن و واشینگۆتن ڕۆیی.
لانەکەی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە وڵاتێکی غەریب و بێکەسە کە سەدان ساڵە لە ژێر چەپۆکی دڕندەترین ڕێژیمی مێژووی مرۆڤایەتی بە شێوازی جۆراوجۆر دەچەوسێتەوە و شەڕی مان و نەمانی لەگەڵ دەکرێ، شۆڕشێک کە ڕووناکی لەگەڵ خۆی هێنا و پەردەی لەسەر دروشمە بێ بنەماکان ڕاماڵی و دەروازەیەکی نوێی لە خەباتی گەلەکەمان دژی نادادپەروەری و زوڵم و زۆر کردەوە و خەباتی ڕەوای گەلی کوردی لە ئێران و دنیاش زەق کردوە، ئەم ڕاسانە تینێکی یەکجار گەورەی وەپاڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان ناو وەک پرسێکی سەرەکی خۆی دەرخست.
ئەم شۆڕشە چەندین دەسکەوتی گەورەی بەدوادا بوو، کە ئەمڕۆ دەسکەوتەکانی وەک بەرگێکی زێڕین لە مێژوویی سیاسی کوردستاندا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو و یەکدەنگ لە نێوان نەتەوەکانی ئێران بۆ داهاتوویەکی ڕوون و هاوبەش بوو، کە هەروەک هەموومان بینیمان نەتەوەکانی ئێران بە یەکگرتووی و بەردەوام بوون لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران تەنگیان بە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵچنی و ڕێژیمیان تا لێواری نەمان برد. ئەڵبەت با ئەوەش بڵێم ڕاستە ئەو بەشدارییەی کە کورد و بەلووچ لە شۆڕشی ژینادا بوویان پڕ ڕەنگتر لە نەتەوەکانی دیکە بوو بەڵام، لە لایەکیش بینیمان کە فارس و تورکەکانیش تێکەڵ بەم جەماوەرە بوون، کەوابوو خاڵێکی ئەرێنی بوو کە بۆ یەکەمجار ئێرانی فرە نەتەوە بەبێ لە بەرچاو گرتنی بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیکی جیاواز پێکەوە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆریان لە شەقامەکاندا دەوتەوە، هەروەها لە ڕێکخستن و ڕێبەری و بەڕێوەبەری ئەم جووڵانەوەیەدا هاوکار و پاڵپشتی یەکبوون، یان دەتوانین بڵێن ڕێنوێنی یەکبوون. بەڵام لە ڕاستیدا چینێک هەیە لە نێو کۆمەڵگەی ئێران کە دژی دێمۆکراتیزەکردنی ئێرانن و زیاتر لایەنگری پاشماوەکانی پەهلەوین، ئەم چینە لە کۆمەڵگەی ئێران نە تەنیا لەمپەرێکن لە بەردەم ئازادی و دامەزراندنی وڵاتێکی دێموکراتیک، بەڵکوو مەترسییەکی گەورەن بۆ نەتەوەکانی ئێران، لە شۆڕشی ژینا کاتێک خەڵکی کوردستان و بەلووچستان دژی کۆماری ئیسلامی خەباتییان دەکرد و دروشمی مەرگ بۆ خامنەییان دەوتەوە، ئەوان دروشمی «جانم فدای ایران» یان دەوتەوە، ئەمە خاڵی جیاوازی ئەم چینەیە لە گەڵ نەتەوە ستەم لێ کراوەکان و مافخوازەکانی ئێران، لەم شۆڕشە دەرکەوت کە شەڕی ئێمە دامەزراندنی کیانێکی ئاشتی و دێمۆکراتیکە کە هەموو نەتەوە ستەم لێکراوەکان خۆیان تێدا ببینەوە، بەڵام شەڕی ئەوان شەڕی دەسەڵات و کورسییە، هەروەها دێمۆکراسی و دادپەروەری لای ئێمە دابەشبوونی دەسەڵات و عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە، نیزامێکە بەویستی خەڵک دامەزاربێت و ئاکامەکی ژیانێکی ئاسوودە و ئارام بۆ هەموان بێ، بەڵام لای ئەوان واتایەکی دیکەی هەیە، لە ڕوانگەی ئەوان ئازادی و دێمۆکراسی لە ئێران دامەزراندنی حکوومەتێکی ناوەندگەرا و بە بێ لەبەرچاو گرتنی مافی نەتەوەکانی دیکەیە، بەواتای ئەوەیە دەسەڵات و سەروەتی ئێران هەمووی بۆ نەتەوەی حاکم و باڵا دەست بێ و نەتەوەکانی دیکەش هەر لە بەدبەختی و چەرمەسەری ژیاندا بمێنەوە، بە زمانی سادەی خۆمانییانە «پاشا و ڕەعییەت»یان دەوێ. دەسەڵات و دەسەڵاتداری بۆخۆیان بەڕەوا دەبینن بەڵام بۆ نەتەوەکانی دیکە نە، ئەم ناوەڕۆکە هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ ماهییەتی کۆماری ئیسلامیدا نییە.
دووهەمین خاڵی ئەرێنی ئەم شۆڕشە کە وەک دەسکەوتێکی مێژووی باسی لێ دەکرێ، ئاشکرا بوونی دەستی ڕێژیم لە پیلانگێڕییەکانی دژی خەڵکی کوردستان بوو، ڕێژیمی خوێنمژی خۆمەینی پاش ئەوەیکە خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ڕێفراندۆمەکەیدا «نا»یەکی توندیان پێ گوت لەو ڕۆژەوە دوژمنایەتی لە گەڵ کورد دەکەن و بە هەموو ئاقار و شێوازێک لە هەوڵی سڕینەوە و بنبڕکردنی کورد و کوردستان دان و لەم پێناوەدا لە هەر دەرفەتێک و ئیمکاناتێک بۆ لاوازکردنی کورد کەڵک وەردەگرن، تاکوو کورد و جووڵانەوە ڕەواکەی بەرە و لێواری نەمان بەرن و کۆتایی پێ بێنن، کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی چەن دەیە دەسەڵاتداری لە ئێران بۆ ئەوەیکە ڕۆخساری کوردەکان خراپ نیشان بدا و وێنەیەکی خراپی لای هەر تاکێکی ئێرانی دروس بکەن بە دێکۆمێنت و کتێب و کەڵک وەرگرتن لە دامودەزگا پەروەردەییەکان بە تایبەت ڕاگەیاندن و ڕێکلامکردن و …. هتد.
هەوڵی چەواشەکردنی ڕووی ڕاستەقینەی کوردیان داوە و دایم کورد وەکوو تێرۆریست و جیایخواز لە قەڵەم دەدەن، تاکوو نەتەوەکانی دیکە لە ئێران دژی هانبدەن بۆ ئەوەیکە نەتوانێ بەرەیەکی بەهێز بۆ جووڵانەوە ڕزگاریخوازنەکەی پەیدا بکا، جووڵانەوەیەک کە نە تەنیا هەوڵی ڕزگاری کوردە لە چەوسانەوە و چەرمەسەری و نەهامەتی، بەڵکوو خەبات بۆ کردنەوەی چەترێکی گەورەیە کە هەموو نەتەوەکانی ئێران خۆیانی تێیا ببینەوە و پێ بگەن، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ دوای ئەم هەموو چەواشەکارییە لەم شۆڕشە بۆ خەڵکی ئێران ڕوون بووەوە کە ئەمانە تەنیا دروشمی پووچ و بێ بنەمای کۆماری ئیسلامی بوونە کە ئامانجی تەفرەقە و دووبەرەکێ نانەوە بووە، بۆیە هەموومان ئەمڕۆ لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا دەبینین کە بە چاوێکی هیوابەخش و گەشبینانەوە دەڕواننە دۆزی کورد و خەباتەکەی و خەباتی کورد و ڕزگاری کورد بە ڕزگاری و سەرکەوتنی خۆیان دەزانن و کوردستان بە پێشەنگی خەبات و سیمبولی ئازایەتی دژی زوڵم و زۆری ئەم ڕێژیمە دەناسن.
وە ئەمما گرینگترین دەسکەوتی ئەم شۆڕشە چی بوو؟ بەر لە دەستپێکردنی ئەم شۆڕشە بەشێک لە خەڵکی ئێران بە ڕوانگەیەکی دیکەوە چاویان لە پاشماوەکانی پاڵەوی دەکرد بە جۆرێک کە باس لە دێمۆکراسی و ئازادی ئێران دەکرا، لایان وابوو کە ئەمە تەنیا بنەماڵەی پاڵەوییە دەتوانێ ئەم ئامانجانە بە حەقیقەت بگەێنێ، لایان وا بوو ئەمە تەنیا بنەماڵەی پاڵەوییە دەتوانێ وڵامدەری ویست و داخوازییەکانییان بێت یا لە لایەک دەتوانم بڵێم فریوی دروشمەکانی ئەوانییان خوارد بوو، دروشمگەلێک وەک سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران کە چۆن خۆمەینی بەم دروشمانە «آب و برق را مجانی میکنیم» دەیهەویست خەڵکی ئێران فریو بدات تا دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ، ئەمانیش ڕاست بەو شێوەیە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دوای تێپەڕبوونی چەن مانگ لە شۆڕشی ژینا بە تایبەت دوای شکستهێنانی مەنشووری «جۆڕج تاون» ئەو مەنشوورەی کە تەنیا لەعابێک بوو بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و دروشمێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بە ناو دێمۆکراسی، بۆ ئەو بەشە لە خەڵکی ئێران ڕوونبووەوە کە ماهییەتی ئەم بنەماڵەیە چییە! و ویست و داخوازییەکانییان چی دەبێت. خەڵکی ئازا و تێگەیشتووی ئێرانیش چەن ڕۆژ داوتر بە دروشمی «مرگ بر ستمگر چ شاە باشە چ رهبر»، «نا»یەکی توندیان بە بنەماڵەی پاڵەویش گوت و بۆیان دەرکەوت کە ڕووی ڕاستەقینەی ئەم بنەماڵەیە چییە، هەر وەک باسم کرد ئەم بنەماڵەیە نە تەنیا لەمپەرێک بوون لە شۆڕشی ژینا، بەڵکوو مەترسییەکی گەورەن بۆ گەڵانی ستەم لێکراوی ئێران چونکە ئەگەر ئێمە یەکگرتوو نەبین و یەکگرتوو تێ نەکۆشین ئەوا نە تەنیا وەک لەمپەرێک لە سەر ڕیگامان دەمێنەوە بەڵکوو شۆڕشەکەش بە لاڕێدا دەبن یان دەیدزن. کەوابوو نەتەوە ستەم لێکراوەکانی ئێران دەبێت زۆر بە وریاییەوە بڕواننە ئەم مەسەلە، ئەگەر بیانهەوێ شۆڕشی ٥٧ دووپات نەبێتەوە دەبێ هەر لە ئێستاوە وەک چۆن هەتا ئەمڕۆ بەگژیدا چوونەوتەوە لەمەو بەدواش شێلگیرانەتر لەقاوی بدەن و دژی ئەم مەترسییە بۆوەستنەوە. تا لە کۆتاییدا بە هاوکاری ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێران کە خوازیاری دامەزراندنی ئێرانێکی دێمۆکراتیکن، بتوانین پێکەوە کیانێکی ئازاد و دێمۆکرات دابمەزرێنین و چارەنووسی خۆمان بەدەستەوە بگرین.