شەهلا کاوە
جیاوازی ئەم جارەی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە چاو چل ساڵی ڕابردوودا لە ئێران هەمان شۆڕشی ژینا بوو کە هەموو شتێکی بەزیانی ڕێژیم لە ئێران گۆڕی.
شۆڕشی ژینا و جوانەمەرگ کردنی کچە لاوێکی کورد تەنیا لەبەر دیاربوونی دووسێ تاڵی پرچ لەچکی لەسەر بەشێکی زۆر لە ژنانی ئێران بۆ هەمیشە خستە خوارەوە کە ئەمە ئەتکێکی ئەخلاقی بوو بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، بەجۆرێک کە هەندێ خاوەن بیری چاوەدێری وەزعی ئێران پێیان وابوو ئەمە وەک «ڕووخانی دیواری برلین وابوو.
لەدوای کەوتنەخوارەوەی گوماناوی هیلیکۆپتێری «ئیبراهیمی ڕەیسی» و مردنی خۆی و چەند کەسێکی دیکە؛ بەپێی یاسای بنەڕەتی ئێران کە ئەبێ دوای مردنی سەرۆککۆمار پاش چڵ ڕۆژ هەڵبژاردنی نائاسایی بکرێت، بۆیە پێشوەختە ئەو شانۆیە لە ئێران بەڕێوەچوو کە دواتر ڕایانگەیاند «مەسعوودی پزشکیان» وەک سەرۆککۆمار زۆرترین دەنگی هێناوەتەوە. بابەتی باسەکەی ئێمە لەوەبەدواوەیە[ کەڵکاژۆی ڕێژیم لە ژنان بە مەبەستی بەشداری لەو شانۆیەدا] .
ڕێژیمی ڕزیوی کۆماری ئیسلامی بەشێکی زۆری هێز و دەسەڵاتی خۆی لەسەر چەوساندنەوی ژنان تاقی ئەکاتەوە. جارێک بەخورافەی دینی، زۆرجار هەڕەشە و لێدان و دەیان پیلانی دیکە هەوڵ بۆ دەستەمۆ و ژێردەستەکردنی ژنان ئەدات.
لەدوای ئەو شۆڕشە هەڵتەکێن و لەرزێنەرەی ژینا کە ژنان ڕۆڵی سەرەکی و کارایان تێدا گێڕا و لەولاوەش ڕێژیمی ئێران کە پێویستی بە حزووری ژنان لە مەیدانە[ لەبەر ئەوەی بە دنیای دەرەوە بڵێ من ئیسلامییەکی ڕۆشنبیرم و ژنان لەژێر دەسەڵاتی مندا پێگەیان هەیە و حیساب بۆ بوونیان ئەکرێ] هات کۆمەڵێ سیناریۆی ئەنجامدا وەک ئەوەی وتەبێژی شوورای نیگابان وتی ژنان بەبێ لەچکیش ئەتوانن بێنە سەر سندووقەکان و دەنگ بدەن چوونکە مافی دەنگدان تەنانەت بە بێ حیجابیش لە ژنان ناگیرێتەوە. لێرە کە باسی بەرژەوەندی نیزامەکەیانە و پێویستییان بە بوونی ژنانە قسەخۆش بوون و خەڵکیان پێ نەزانە.
ئەو ژنانەی کە بەر شێوازێک دەبوایە دەنگ بدەن و فەلسەفەی وجوودیی ڕێژیمییان ناوێ و قبووڵیان نییە دەنگ بە هەر بەربژێرێک بدەن دواتر ئەویش وەک هەموو مۆرەکانی دیکەی ڕێژیم جەخت لەسەر «چارشێو و مەقنەعەی «ئیسلامی بۆ ژنان ئەکاتەوە و «گەشتی ئیرشاد «بە پارێزەری ئابڕووی نیزام ئەزانێت.
مەسعوود پزشکیان لە چاوپێکەوتنی تایبەت بە هەڵبژاردنەکاندا دەڵێ ناکرێ بەزۆر لەچک لەسەر ژنەکان بنێین وەک چۆن پێشتر نەتوانراوە بەزۆر لەچک لەسەر ژنەکانمان لابدەن . پاشان نموونەی کچەکەی خۆی ئەهێنێتەوە و دەڵێ من بەدیالۆگ و قسەی نەرم کچەکەی خۆمم هیدایەت کردووە ئەگەر لەگەڵی تووند بام نەدەبوو بەوەی کە ئیسە هەیە. بەڵێ بۆ منداڵەکانی خۆیان نەرم و خاوەن سۆزن بەڵام خۆ منداڵی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران بۆ ئەوان گرینگ نییە بژین یان بمرن.
هەموومان لە سایەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دیتوومانە کە چۆن کچ و کوڕی کاربەدەستانی ڕێژیم بە کەمترین پۆشاکەوە بە مەیلی خۆیان ئەژین و ئەوەی لە لاوەکانی ئێرانیان گەرەکە منداڵەکانی خۆیان هیچی پێڕەو ناکەن .
«سەعید جەلیلی» یەکێکی دیکە لە شانۆکارانی بەر بژێر بۆ هەڵبژاردن لە چاوپێکەوتنی پێش هەڵبژاردندا باس لە سانسۆڕ لە ئێران ئەکات و دەڵێ ژنانی ئێمە نابینرێن. ئەم جۆرە قسانە لەکاتی نزیک بە هەڵبژاردنەکاندا بە ئەنقەست لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕێگەپێدراو ئەبێ و سیاسەتی پشتی ئەم ڕێگە پێدانەیش تەنیا درووستکردنی ئەو بیرەیە لە لای خەڵک کە بەڵێ لەوانەیە گۆڕانکاری درووست ببێ و هێشتا ئومیدێک بەو دەسەڵاتە هەیە، مەبەستیش تەنیا گەرم کردنی بازاڕی شانۆی خۆیانە ئەگینا شانۆکارانیش هەمان پارێزەرانی نیزامن بە تاکتیکی نوێوە هاتوونە مەیدان بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی ڕێژیم.
بەسەرنجدان بەو وەزعە سیاسی وکۆمەڵایەتییەی نێو ئێران بۆمان دیار ئەکەوێ کە مەبەستی «جەلیلی» لە بینین و نەبینین تەنیا ئەتوانێ کورتی و درێژی جل وبەرگی ژنان و کەمیی و زۆری بەدەرەوە بوونی پرچەکانیان بێت بۆ سزادان و بەندکردنیان.
ئەو ڕێژیمە زیاتر لە چل ساڵە نەک هەر نیگای باشی بۆ ژنان نەبووە بگرە وەک یەک لە دوژمنە سەرەکییەکانی خۆی سەیری کردوون و هەمیشە هەوڵیداوە پێش بە هاتنە پێشیان لە گۆمەڵگادا بگرێت بۆ ئەو کردەوە ژنان دژکردەوەی تووندیان بووە و بەداخەوە ژنانێکی زۆر شەهید، نوقسان و بەند کراون.
لەدوای شۆڕشی ژینا و ئەو گۆڕانە گەورەیەی لە سەراسەری ئێران و بەتایبەتی گەورەشارەکان درووست بوو دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران بە هێنانە پێشەوەی بەربژێرگەلی بێ ڕیش و مەندیل و زەقکردنەوەیان بە هەندێ قسەی جیاوازترلە ئاخووندەکانی دیکە بەنیسبەت ژنان و مافەکانیان جارێکی دیکە بەردەنگە ساویلکە شوێنکەوتووەکانی خۆیانی نزیکتر لە خۆی کردەوە .
«زوهرە ئیلاهییان» ژنێکی سەر بە ڕەوتی «بناژۆخوازە» کە لە کارنامەی کاریدا دیارە بەتەواوەتی لە نیزامدا تواوەتەوە بەڵام چۆنە ئاگاداری ئەو بەندە لە یاسای بنەڕەتی ئێران نییە کە دەڵێ سەرۆککۆمار ئیلا ئەبێ پیاو بێت، کەچی جەنابیان خۆی ئەپاڵێوێ بۆ ئەو پۆستە و پاشانیش پاشەکشە ئەکات، چاوەدێران ئەڵێن پێش ئەوەی»رد صلاحیت» بکرێت خۆی گەڕاوە دواوە بەڵام مرۆڤ سەری سووڕ ئەمێنێ لەو جۆرە کارانە.
کەسی وەک «زوهرە ئیلاهییان» یان دەستی لە ژن بوونی خۆی شۆردۆتەوە و لەگەڵ گشت ئەو سووکایەتییانەی بە ڕەگەزی ژن ئەکرێ خۆی یەکلا کردۆتەوە یان ئەوەندە چڵکاوی چەوری بەردەست کەوتووە کە هەموو خوێندن و ئەزموون لە دەسەڵات و شاهیدی باروودۆخی ژنان لە ئێرانی بە فیدا کردووە. چۆن ئەبێ لە قوڵایی ئەو نیزامەدا بیت و چاوت لە کارەکانی دەسەڵاتێکی ئاوا تۆتالیتەر بنووقێنی؟
کورت و پوخت کۆماری ئیسلامی نە ژنی بۆ گرینگە نە دەنگدانەکەی بەڵکوو شانۆکارێکی سەیرە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی جیهانی خۆی بپارێزێ لە کاتی تەنگانەدا کەمێ کەش ئاوەڵا ئەکات و دواتر وەک قەدیمە ئەڵێ بە قوڕگیاندا ئەیهێنێتە دەرەوە.