لە کاتێکدا بەرەوپیلی پیرۆز کردنی یووبیلی ئەڵماس و ۷٥ مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەچین، هەورێکی ڕەش باڵی بەسەر عاسمانی نیشتماندا کێشا و وەک هەموو جار شایی و خۆشیمانی تێکەڵ بە خەم و ماتەم کرد.
زۆر بەداخەوە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، ۱٦ی گەلاوێژ، تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبەکەمان، سیاسەتوانێکی بە توانای گەلی کورد، خەباتگێڕێکی بەورە و ماندوویی نەناسی نێو ڕیزی شۆڕش و خاوەنی ۷ دەیە خەبات و تێکۆشانی بێ وچان، کاک جەلیل گادانی، ماڵئاوایی لێ کردین و خەم و پەژارەی بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت.
کومیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان-سوئێد بەو بۆنە خەمناکەوە، وێڕای بە داخ بوون بۆ لە دەستدانی ئەو کەڵە پیاوە، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی گادانی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و تێکڕای خەڵکی کوردستان دەکات و بەڵێن دەدا کە پشوو درێژتر لە پێشوو و بۆ گەیشتن بە ئامانج، وەفادار بە ڕێباز و درێژەدەری ڕێگای کاک جەلیل و هەموو شەهیدان بێت.
ڕۆحی بەرزی شاد و ڕێگای پڕ لە سەروەری پڕ ڕێبوار.
یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان-سوئێد