رۆژی یەکشەممەڕێکەوتی 2022/06/05 زایینی دایە “مریەمی رۆستەمپوور”هاوسەری پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان، کۆچکردوو مام عەزیز عەزیزی و دایکی شەهیدانی فەرماندە حەمەعەزیز عەزیزی و رەسوڵ عەزیزی، لەتەمەنی 84 ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.
دایە مەریەم سالێ 1317 هەتاوی لەگوندی بێورانی خوارێی سەردەشت چاوی بەژیان هەڵێناوە.
ژیانی دایە مەریەم وەکوو هەموو منداڵانی سەردەمی خۆی بێبەشی و ڕەنج و کوێرەوەری بووە و شانبەشانی ئەندامانی بنەماڵە تێکەڵی کار و زەحمەتی رۆژانە بووە.
کاتێک دەگەڵ مام عەزیز ژیانی هاوسەری پێکدێنن، بناغەی بنەماڵەیەک دادەڕێژن کە نەک هەر بۆ گوندەکەی خۆیان، بەڵکوو بۆ هەموو ناوچەی سەردەشت دەبێتە جێگای شانازی و لێ فێربوون.
ئەوان دەبنە خاوەنی کوڕان و کچانێک کە گەل شانازییان پێوە دەکات.
دایە مەریەم نەک هەر کوڕەکانی بوونە پارێزەرانی کوردستان، بەڵکوو بۆ خۆی و تەواوی بنەماڵەکەیان چوونە سەنگەری بەرگری لەمافەرەواکانی گەلی کورد.
ئەگەر کوڕە نەبەز و چاونەترسەکانی لەسەنگەری پاراستنی مافی ڕەوای گەلی کوردا سەرقاڵی خەبات و تێکۆشان بوون، دایە مەریەمیش لەسەنگەری پشتی جەبهە، سەرقاڵی تەیار کردنی خواردن و خۆراکی رۆڵەکانی بوو.
سەرەڕای ئەوەش دایە مریەم وەک هەموو ژنێکی کورد، هەستی بە بێبەشی و ماف خوراوی ژنان کردبوو و هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرێ و وەک ئەندامی یەکیەتیی ژنان لەو بنکەی کە تێدا نیشتەجێ بوون سازمان درا و چالاکانە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بەشداری دەکرد.
لەدرێژەی ئەو خەبات و تێکۆشانە بێوچانەدا، بەداخەوە دایە مەریەم قوربانی زۆر بەنرخ و گرانبەهای دا و دوو لەکوڕە ئازا و بەجەرگەکانی، کە هەردووکیان لە فەرماندە چاونەترس و خۆشەویستەکانی حیزب بوون، بەناوەکانی حەمە عەیز و رەسوڵ شەهید بوون و برینێکی سارێژ نەبوویان خستە سەرجەگی دایە مەریەم و تەواوی خزم و کەسانی.
بەوحاڵەش تۆزقاڵێک لە ئیرادەی پۆڵایینی دایە مەریەم و مام عەزیز کەم نەبووەوە و بیری نیشتیمان پەروەری و هیوا بە ڕزگاری رۆژ بە رۆژ لەدڵی ئەواندا زیاتر دەبوو، ئەوان هەموو پێشمەرگەکانیان وەکو رۆڵەکانی خۆیان تەماشا دەکردن.
لەوچەند ساڵەدا کە دایە مەریەم لەوڵاتی سوئێد دەژیا، تەواوی هۆش و زەینی لەکوردستان و لای پێشمەرگەکان بوو، ئاوات و ئارەزووی ئەوە بوو بەئازادی بگەڕێتەوە کوردستان و گڵکۆی شەهیدەکان بگرێتە باوەش.
بەداخەوە ماوەی 4 ساڵ بوو تووشی نەخۆشی شەلەلی ببوو و لەپێ کەوتبوو، تا سەرئەونجام رۆژی 2022/6/5 بۆ هەمیشە ماڵاوایی یەکجاری لەئاوات و ئامجەکانی کرد.
لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی عەزیزی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.