بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە یەكیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی دووشەممە ٢٢ی خەزەلوەری ١٤٠٢ هەتاوی خاتوو زێنەب ئەحمەدی ((گادانی ))ئەندامی دێرینی یەکیەتیی ژنان دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە شاری مهاباد کۆچی دوایی کرد.
خاتوو زێنەب لە سالی ١٣٠٧ لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە گوندی خاتوونباغ لە دایک بوو و لەهەرەتی جوانی و پێگەیشتنیدا لە گەل حاجی سمایل گادانی ژیانی هاوبەشی پێکهێنا و هەر لە سەرەتا و دەسپێکی ژیانی هاوبەشیدا بە هۆی چالاکی و سیاسی بوونی بنەماڵەی گادانی، دەستی بە تێکۆشان و هاوکاری ئەندامانی بنەماڵە کرد و یاری تا سەر بەوەفای سیاسەتمەتداری گەلەکەمان نەمر کاک جەلیل گادانی و نەمران کاک خەلیل و کاک محەممەد گادانی و هەروەها کوڕی تێکۆشەری، کاک سەلاح گادانی مایەو ە. خاتوو زینەب یەکیک لەئەندامانی چالاک و دامەزرێنەرانی یەكیەتیی ژنانی دێموکرات کوردستانی ئێران بووە، هەر لە زەمانی کۆمارەوە و تا کۆتایی تەمەنی بە گوێرەی پێوست یارمەتیدەر و ئەندامیکی وەفادار بە رێکخراوەکەی مایەوە، و هاکات لە دەورانی زیندانی بوونی هاوسەری ژیانی و باقی ئەندامانی بنەماڵە، نموونەیەک بوو لە خۆڕاگری و هەردەم هاندەر و ئۆلگۆیەک بوو بۆ ئەندامانی بنەماڵە و هەموو ژنانی تیکۆشەری کورد.
لە لایەن ڕاگەیاندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وێرای بەداخبوون بۆ کۆچی دوایی خاتوو زێنەب ئەحمەدی گادانی، هیوای سێبوری و دڵئارامی بۆ بنەماڵەی گەورە و تێکۆشەری گادانی، بە تایبەتی بۆ خاتو فەوزییە ئەحمەدی گادانی ئەندامی چالاکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەخوازین.