ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤/٣/٢٠٢٣ ١٣هەمین کۆنفرانسی ساڵانەی کومیتەی سویدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ژێر ناوی “ژن،ژیان،ئازادی”، بە بەشداری میوانان و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە، لە شاری “ڤێسترۆس” ی وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، بەتایبەتی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێکرد.
پاشان لە لایەن بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەوە خاتوو “شیلان ساڵحی” و “خاتوو ئارەزوو حیسامی” بەخێرهاتنی میوانان و بەشدار بووان کرا و دواتر خاتوو “سەکینە جەوانمەرد” ئەندامی لەمێژینەی ڕێکخراوەکەمان بە پێشکەش کردنی چەند وتەیەک کۆنفڕانسی کردەوە و کۆنفرانس بە ڕەسمی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
خاتوو “سەکینە” قسەکانی خۆی بە سڵاو لە شۆڕشگێڕانی سەر شەقام و زیندانە سیاسییەکان دەسپێکرد و پاشان باسێکی کورتی لەسەر مێژووی یەکیەتیی ژنان و دەور و کاریگەری ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستان و هەروەها ڕەوتی ئاڵووگۆڕە سیاسییەکاندا پێشکەش کرد و هەر لەو پێوەندییەشدا ئاماژەی بە شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران بە ڕێبەری ژنان و کچان و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کرد.
خاتوو “سەکینە” قسەکانی خۆی بە بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڕیزەکانی یەکیەتیی ژنان و مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات کۆتایی پێهێنا.
لە بڕگەی یەکەمی کۆنفرانسدا بەڕێزان خاتوو “شنە دروودگەر” سکرتێر و خاتوو “موژگان عەلیپوور” جێگری سکرتێری یەکیەتیی ژنان، کە بە شێوەی سەرئۆنڵاین بەشدار بوون، پیرۆزبایی و پەیامی خۆیان گەیاندە ئەندامانی کۆنفرانس.
پاشان پەیامەکانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتی ژنان لە لایەن خاتوو “مەحبووبە ڕەحیمی” بەرپرسی کۆمیتە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوید لە لایەن بەڕێز “نەبەز عەلیدووست” بەرپرسی کۆمیتە و پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن خاتوو “موژدە عەزیزی” یەوە پێشکەش کران.
بڕگەی دووهەمی کۆنفرانس تەرخان کرابوو بۆ پێشکەشکردنی هەر دوو ڕاپۆرتەکانی کۆمیتە، ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکان و ماڵی، کە لە لایەن بەرپرسانی کۆمیتە و بەرپرسی بەشی دارایی یەوە پێشکەش کران و پاش هەڵسەنگاندن و ڕەخنە و پێشنیاری بەشداربووان لە سەر هەر دوو ڕاپۆرتەکانی کومیتە و وەڵام دانەوەیان لە لایەن بەرپرسانی بەشەکانەوە، بە تەواوی دەنگی کۆنفرانس پەسند کران.
بڕگەی سێهەمی کۆنفرانس بۆ باس لەسەر بەرنامەوپەیرەوی نێوخۆیی کومیتەی سوید و هەروەها هەڵبژاردنی دەستەیەکی بەڕێوەبەری نوێ بۆ کار کردن لە کومیتەی داهاتوودا تەرخان کرابوو. لەم بڕگەیەدا بەشداربووان چالاکانە بەشدارییان کرد و لە کۆتاییدا لە هەڵبژاردنێکی نهێنی و دێموکراتییانەدا دەستەیەکی بەڕێوەبەری ٩کەسی بۆ کار کردن لە کۆمیتەی نوێدا هەڵبژێردران.
لە کۆتا بەشی کۆنفرانسدا، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی سوید، خاتوو “لەتیفە جەباری” سپاسی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری پێشوو و هەروەها ئەندامانی هاوکار لە دەرەوەی کۆمیتەی کرد و هەوڵ و تێکۆشانەکانیانی بەرز نرخاند.
کۆنفرانس پاش زیاتر لە ٦ کاتژمێر، بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.