ڕۆژی دووشەممە 2023/02/13 شاندێکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرشتی خاتوو “زڵێخا دیباجی” بەرپرسی کۆمیتە، لەگەڵ خاتوو “لی ئاندێرسۆن” وەزیری خوێندن و پەروەردە و ئەندام پارلمان لە سەر لیستی پارتی چەپ کۆبوونەوە.
لەو چاوپێکەوتنەدا بە دور و دڕێژی باس لەسەر بارودۆخی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کرا.
ڕۆڵ و گرینگی بەشداری ژنان و کچان لە شۆڕشی ژینا و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران و بارودۆخی بەندکراوانی ئەو ڕاپەڕینە و چۆنیەتی ئازار و ئەشکەنجەدانیان بەشێک لە باسەکانی کۆبوونەوە بوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا باس لە سیاسەتەکانی فینلاند بە نیسبەت کۆماری ئیسلامییەوە کرا و داوا کرا کە وڵاتی فینلاند لەو پێوەندییەدا هەڵوێستی زیاتری هەبێ و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و کوردستان، بەتایبەتی ژنان و کچان، بۆ بە ترۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵی ئەرێنی و بەرچاوی هەبێت و بە داخستنی باڵوێزخانەی ئێران لەو وڵاتە و کێشانەوەی باڵوێزەکانیان لە ئێران بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرن.
لە کۆتاییدا خاتوو “لی ئاندرسۆن” پشتیوانی تەواوی خۆی دووپات کردەوە و بەڵێنی دا کە داخوازییەکانی شاندەکە بگەیەنێتە پارلەمانی ئەو وڵاتە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران_ فینلاند