ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١-٠٧-٢٠١٦ بە ئامادە بوونی بەشێک لە ئەندامان لە شاری ستۆکهۆڵم کۆبوونەوەیەک بە هاوکاری کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد پێک هات. مەبەست لەم کۆبوونەوەیە ئەوە بوو کە باسێک لە سەر ناکارا بوون و ناچالاک بوونی کۆمیتەی ستۆکهۆڵم بکرێ، هەر بۆیە لەو پەیوەندییەدا بەشداران بە دڵسۆزیەوە تیشکیان خستە سەر کۆمەلێک باسی پەیوەندیدار بە کۆمیتەکەیان و دوای باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە سەر چۆنیەتی چالاک کردنەوەی کۆمیتە ستۆکهۆڵم و ئاوردانەوە لە کەم کاری و هەروەها ساخ کردنەوەی لیستەی ئەو کۆمیتەیە ڕێزیان لە هەوڵی کۆمیتەی کاتی بۆ ساخکردنەوەی کۆمیتەی ستۆکهۆڵم گرت و دواتر بە تێکرای دەنگ ساخ بوونەوە کە بۆ نەوژەن کردنەوەی کۆمیتەی ستۆکهۆڵم ، کۆمیتەیەکی نوێ بۆ کاروچالاکی ستۆکهۆڵم هەڵبژێرنەوە، هەر بەو مەبەستە داوا لە هاوڕێیانی ئامادە بوو کرا کە خۆیان بۆ وەئەستۆ گرتنی کار لە کۆمیتەی ستۆکهۆڵم بەربژێر بکەن.
لە ئاکام دا پێنج ئەندامی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە دا ئامادەگی خۆیان بۆ کار و ئەرکی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە شاری ستۆکهۆڵم دەربری و لە ئاکامدا سێ کەس وەک ئەندامی بەڕێوەبەری و دوو کەس وەک ئەندامی جێگر هەڵبژێردران.
ئەو هاوڕێیانە لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان دا کار و بەرپرسایەتیەکانیان دەستنیشان کرد و خاتوو چنوور ئەکبەرپووریان وەک بەرپرسی کۆمیتەی ستۆکهۆڵم هەڵبژارد.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان- سوئێد