نەسرین یوسفزادە
ڕۆژی جیهانی ژنان هاوکاتە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی هەڵاوارندن، و بەتایبەت هەڵاواردنی جێندەری و ڕەگەزییە. یانی لەو کاتەوە خەبات دژی هەڵواردن دەستی پێکردووە ئەوەش وردەوردە پەرە دەستینێ. ئەو رۆژە ڕۆژی یەکگرتن بۆ خەبات لە پێناو یەکسانی مافەکان و هەلومەرجی باشی ژیان بۆ ژنانە.
هەڵبژادرنی ٨ی مارس وەک ڕۆژی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی ژنانی کرێکاری پیشەسازی کارگەی ڕستن و چنین لە ساڵی ١٨٥٧ لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا، کە هەلومەرجی سەختی کار و مووچەی کەم و بێ حەسانەوەی کرێکارانی ژن کە لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ کە هاوڕێ لەگەڵ پیاواندا هاتبوونە مەیدانی کار و پیشەوە؛ ناچاریان دەکردن کە بە کەمترین مووچە و ڕۆژانە چەندی کاتژمێر کار بکەن بۆیە ناچار بوون دەست بدەنە خەبات بە شێوەی ڕێکخراو و بە دژی ئەو نادادپەروەرییە. لەو ڕۆژەدا کرێکارانی ژنی کارگەی ڕستن و چنین بۆ بەرهەڵستکاری هەل ومەرجی سەخت و دژواری کار و دۆخی ئابووری خۆیان مانیان گرت.
لە هەشتی مارسی ۱۹۰٨دا دوای تێپەڕینی پتر لە ٥۰ ساڵ کرێکارانی ژنی کارگەی ڕستنن و چنینی شاری نیۆیۆرک لەگەڵ بیرەوەری مانگرتن لەو ڕۆژەدا و لەگەڵ هەڵاواردن و بێبەشکردن و گوشاری کار مووچەی یەکجار کەمدا مانگڕتنی خۆیان دەست پێکرد. خاوەنی کارگەکە بە یارمەتی پاسەوانەکان بۆ پێشگرتن لەو یەکگرتن و سەرهەڵدانەی ژنانی بەشەکانی دیکە لەو مانگرتنە، ئەو ژنانەیان لە شوێنی کارەکەیان واتە کارگەی ڕستن و چنین زیندانی کردن و دوای چەند کاتژمێر ئەو شوێنە ئاگری گرت و تەنیا بەشێکی کەم لەو ژنانە ڕزگاریان بوو و ۱۲۹ ژن بوونە قوربانی.
هەر بۆیە ٨ی مارس لەسەر بنەمای خەبات لە پێناو مافەکانی ژنان ساڵەکانی دواتر لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا ژنان بە شێوەی خۆپیشاندان و مانگرتن دژی گوشار و هەڵاواردن و چەوسانەوە و هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسان لە کۆمەڵگەدا و دژی سیستمی پیاوسالاری درێژەی دا و هەر بەردەوام بوو. یەکێک لە گرینگترین لایەنگرانی ژنان لە وڵاتی ئەڵمانیا خاتوو کلارا زیتکین بوو ( ١٨٥٧ – ١٩٣٣) کە داخوازەکانی خەباتی ژنانی لە ئەڵمانیادا خستەڕوو و گرینگترینی ئەو داخوازیانە بریتی بوون لە هەشت کاتژمێر کاری ڕۆژانە بۆ ژنان، مافی تەرخان کردنی کاتی پشوودان و هەروەها کاتی مۆڵەتی منداڵبوون و یەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان لە هەمبەر یاسادا.
لە ئەورووپا، دووهەمین کۆنفرانسی سۆشیالیستیی نێونەتەوەیی ژنان کە ١٠٠ بەشداربووی لە ١٧وڵاتی جیهانی لەخۆیدا کۆکردبوویەوە و تێیدا بەشدار بوون لەسەر پێشنیاری کلارزیتکین لە ڕۆژی ٢٧ی ئاگۆستی ساڵی ١٩١٠ لە شاری ئۆپێنهاکی دانمارک، ڕۆژی 8ی مارس وەکوو ڕۆژی ژن بۆ پشتیوانی کردن لە مافەکانی ژنان لە هەمبەر هەڵاواردنی جۆراوجۆر و هەموولایانە هەڵبژێردرا و دابین کرا.
یەکەم ساڵوەگەڕی ڕۆژی جیهانیی ژن لە مانگی مارسی ساڵی ١٩١١ لە وڵاتانی دانمارک، ئەڵمانیا، نەمسا، سوئیسڕا و ئەمەریکا و… بەڕێوە چوو. بە ملیۆنان ژن لەو بۆنەیەدا بەشداریان کرد و بنەڕەتیترین داخوازەکانی ژنان بریتی بوون لە چەسپاندنی هەندێک یاسا بۆ ناکۆکی کردن لەسەر مافەکانی ژنان سەبارەت بە کار و پیشە، مافی دەنگدان و بەشداربوون لە هەڵبژاردن، دژایەتیکردن لەگەڵ شەڕە ئیمپریالیستیەکان، یەکسانیی ژن و پیاو لە هەمبەر کار و پیشەی یەکسان، هەشت کاتژمێر کاری ڕۆژانە، پشتیوانی لە دایک و منداڵەکەی و هەروەها دیاریکردنی لانیکەمی کرێی کار.
بەهۆی قەیرانی گشتیی ئابووریی جیهان لە سییەکاندا واتا دەیەی ساڵی ١٩٣٠ و هەر لە ئەو پەیوەندییەدا کە مەترسیی فاشیزم هاتبووە ئاراوە و بابەتی خەباتی ژنان کەوتە پەڕاوێز و بووه بەشێکی لاوەکی کە زۆر گوێی پێنەدرا. لە نێوان دوو شەڕی جیهانیشدا جگە لە بابەتەکانی پێشوو مافی یاسایی لەباربردنی منداڵ و پشتیوانی لە دایکان گرینگییەکی تایبەتی پەیدا کرد. ئەو خەباتە وردە وردە بووە بزووتنەوەیەکی بەرچاو و بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ئەوکات سەرتاسەری ئەورووپای داگرتبوو ساڵێ نزیکەی یەک ملیۆن ژن بەناچاری تووشی لەباربردنی منداڵ دەکران. بەهۆی کاریگەریی نەرێنیی ئەو لەباربردنە لەساڵی ١٩٣١دا تەنیا لە وڵاتی ئەڵمانیا چل و چوار هەزار ژن گیانی لەدەست دا.
لەلایەکی دیکەشەوە مەسەلەی یەکسانی کرێی کار لە بەرامبەر کار و پیشەی یەکساندا، واتا ژن و پیاو لە یەک کاتدا هەردووکیان یەک کار بکەن. بەهۆی ئەوەی کەی مووچەی پیاوان لە ژنان زۆرتر بوو. لەگەڵ هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی دیکتاتۆری و فاشیستی لە وڵاتی ئەڵمانیادا و قەدەغەکردنی هەرجۆرە کۆبوونەوەی ناڕەزایی دژی ئەو دەسەڵاتە، بەڕێوەچوونی ئەو بۆنەیە و ئەو ڕۆژە چیتر ڕێگەی پێنەدرا. لەگەڵ ئەوەشدا کە لەو ساڵانەدا خەباتکارانی مافی ژنان پێداگرییەکی زۆریان بەسەر دۆخی ئابووریی ژنان و گوشار و هەڵاواردن لە شوێنی کار لەسەریان بوو و کەمتر باس لە پێکهاتەی ئاڵۆز و پیاوسالارانەی کۆمەڵگەدا دەکرد ژنانی ئازا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا خواستەکانی خۆیان بۆ لابردنی هەڵاواردن لەسەر بنەماڵە و کار و ئیش و پەروەردەی ژنان هێنابووە بەرباس و لێکدانەوە.
دوای شەڕی جیهانیی دووهەم لە وڵاتانی ئەورووپیدا بەبۆنەی ڕۆژی ژن لە ساڵی ١٩٤٦ -ەوە بەڕێوە چوو. لەو وڵاتانەدا ڕۆژی ژن وەک جەژنی فەرمی لە ڕێی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە بۆ پێشاندانی حەزی حکوومەت بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان بەرز نرخێندرا.
لە وڵاتە ئەورووپییەکاندا سەرەتا دوای شەڕ هیچ گەڵاڵەیەک و بەرنامەیەک سەبارەت بە ڕۆژی ژن بەڕێوە نەچوو بەڵام دواتر ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی خەبات بۆ خواستی گشتیی ژنان و هەروەها ڕۆژی بنەماڵە و جەژنی گشتیی دیاری کرا.
لە هەشتاکاندا واتە دەیەی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ لەو وڵاتانەدا ئەو ڕۆژە دیسان گرینگییەک و مانایەکی تایبەتتری پێدرا و دیسان بابەتگەلێکی وەک یەکسانیی مافی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژناندا کە وەکوو شەپۆلی سێهەمی فێمێنیزم دەناسرێ، وەکو مافی لەباربردنی کۆرپەڵە، سڕینەوەی هەڵاواردن لە ژیانی بنەماڵەییدا و پشتیوانی لە دایکان لە کاتی دووگیانیدا دوای منداڵبوون سەرنجێکی زۆری پێدرا.
یەکێک لە خاڵەبەرچاوەکانی ئەو ناڕەزایەتییانە لە ساڵی ١٩٩٤دا بوو کە ژنان مانیان گرتبوو و پتر لە یەک ملیۆن ژن لە سەرتاسەری ئەڵمانیادا دژی هەڵاواردنی ژنان و نایەکسانیی مافی ژنان بەشدارییان لەو مانگرتنەدا کرد.
ئەمڕۆکە بەرز ڕاگرتنی ئەوڕۆژە تا ڕادەیەک لە هەموو وڵاتەکاندا وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕینی گشتی دژی ستەم و گوشار لەسەر ژنان و هەروەها دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ ئەو کەسانەی کە ئەو خەباتەیان دەستپێکردووە و درێژەیان پێداوە و بۆ گۆڕین و باشتر کردنی دۆخی ژنان هەوڵیان داوە بەڕێوە دەچێ. لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا پێشکەوتن و بەفەرمی ناساندن و چەسپاندنی مافی سەرەتایی و مرۆڤەکان کەم نەبووە. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان مافی دەنگدانی ژنان و بەشداریی ئەوان لە چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەفەرمی ناسراوە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەیەکی دوور و درێژ بۆ دەستکەوتنیان بۆ ئەو داخوازییەی ئێستاکە لە پێشە و ژنان لە زۆر جێدا لە بنەماڵە، لە کۆمەڵگە یان لە شوێنی کار و لە زۆر جێگە توند و تیژییان لەگەڵدا دەکرێ، ئێستا لە زۆربەی وڵاتاندا یاساکان دژی ژنانن و بەداخەوە پەیوەند دەکرێنەوە بۆ هێزی کاری ژنان لە هەمبەر کاری یەکسان لەگەڵ پیاواندا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا کرێ و هەقدەستی کەمتر دەدرێ بە ژنان و داهاتی ڕێژەی ژنان لە هەموو ئەو وڵاتانە لە پیاوان کەمترە. ژنان بەگشتی خزمەتگوزاری و هەلومەرجی پەروەردەیی و تەندروستیی یەکجار کەمتریان بۆ دابین دەکرێ. هەروەها سێ لە سەر چواری نەخوێندەوارەکانی جیهان لە ژنان پێکهاتووە. زۆربەی ئاوارەکان و پەنابەرەکانی شەڕ ژنانن. لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کوشتنی نامووسی وەکو قەتڵ و کوشتنی مرۆڤێک، لە یاسادا بە فەرمی ناناسرێ و وەکو تاوانێکی ئەوتۆ نایناسن. دیاریکردنی جلوبەرگی تایبەت بۆ ژنان و زۆری سەرپۆش بەسەردادان یان پێچەوانەکەی، هەروەها قاچاقکردنی ژنان و فرۆشتنیان، دەستدرێژی و کەڵکاوەژووی جنسی لە ژنان و بابەتگەلێکی هاوشێوەی ئاوا کە تەنیا بەشێکن لەو ستەمە ئاشکرایانەی لە دژی مافی ژنان بەردەوام ئەنجام دەدرێ و ئەمڕۆکەش بەشێوەی یاسایی لە هەموو شوێنەکاندا بەڕێوە دەچێ. پتر لە سەد ساڵ لە بەڕێوەچوونی یەکەم ڕۆژی جیهانیی ژن تێدەپەڕێ بەڵام هێشتا هۆکارگەلێکی زۆر هەن کە بەبۆنەی ڕۆژی ژن یان پشتیوانی مافی ژنان لەو ڕۆژەدا و داواکردنی داخوازییە سەرەتاییەکانی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا کە دەبێ بۆی ڕاپەڕین و ئێستاش بەڕاستی بیانوومان زۆرە بۆ ئەوەی کە باسی مافی ژنان بکەین بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە ئێمە بۆخۆمان تێیدا دەژین و پێشێلکارییەکانی ڕۆژانە بەچاوی خۆمان دەیبینین.