شەهلا دەباغی
چ شەماڵیک هەڵیکردووە بەم نیشتمانەدا نازیلێ!
بەم درەنگ وەختە ماچ دەچڕێ
وەک ئەوەی نیوەشەو
دوایین دەرفەتی ڕزگاری بێ.
(س.ف) ٢٩ی نوامبری ٢٠٢٢
ئەم نووسینە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە شۆڕشی ژینا بە دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کۆلۆنییەکی نێوخۆیی ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی و ”ژن ژیان ئازادی“ سروودی سروودەکان و باڵاترین سروودی هاوچەرخە بەڵام هێشتا ناتەواوە. جووڵانەوەی ژینا بە دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ تێروانینێکی ئینتێرسێکشنالی نوێیە لەسەر چەند ئەستوندەکی سێكۆلاریزم، ئازادی بیروڕا، دادی کۆمەڵایەتی و یاسایی، یەکسانی جێندێری، مافی چارەی خۆنووسین، وێڕای خۆشەویستیی ئاو و خاک و هەوڵی ژینگەپارێزی. بەڵام هەرچەند نەتەوەکانی ژێردەست، ژنان، گەنجان و زەحمەتکێشان لەم چەند مانگەدا لەسەر شەقام بوون، نوێنەرانrepresentantی ئەم نەتەوە و چینانە و داواکانیان بۆ پەرەدان و پێشبردنی خەبات لە دەرەوەی وڵات دیار نین و یان حەزف کراون. دوای چەند مانگ تێپەڕین لە جووڵانەوەی ئینتێرسێکشنالی ژینا، هێشتاش ڕێبەری و مێکانیزمی جووڵانەوەکە بەدەست ئێلیتی چینی سەرەوە، ناوەندنشین و پیاوانە.
نووسەری ئەم وتارە نزیک بە چل ساڵە لە نیشتمان دوورە و ئەم نووسینە زیاتر لەژێر کاریگەریی ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی ئەم چەند مانگە لە مێدیاکاندا نووسراوە و سەرچاوەکانی هەواڵەکان زیاتر مێدیاو دنیای مەجازیی بوون نەک زانیارییەکی مەیدانی. بەڕای نووسەر، مێدیاکان کە زیاتر بەدەست نەتەوەی ناوەندنشین و باڵادەستن، بەشێکن لە سیستیمێک کە هێژمۆنی نەتەوەی باڵادەست دووبارە بەرهەم دێننەوە. مێدیاکانی باڵادەستان لەم چەند مانگەدا نەیانتوانی ببنە دەنگ و بڵندگۆی نەتەوەکانی ژێردەست و دروشم و ئامانجەکانی “ژن ژیان ئازادی” دەستی بەسەردا گیراوە. پرسیار ئەمەیە کە ئایا دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ نابێ بەردەوام لە کۆنتێکستێکی کوردانەدا دووبارە خوێندنەوەی بۆ بکرێ و کامڵ کرێ؟
سروودی سروودەکان
بە پێی کتێبی پیرۆز، سروودی سروودەکان یەکێک لە سروودەکانی ناو تەوڕات و ئەنجیل، لە زمان حەزرەتی سولەیمان گوتراوە. سروودی سروودەکان دیالۆگێکی سێکسوال و ئاشقانەی نێوان ژن و پیاوێکە. ژنەکە دەست بە سروودەکە دەکا:
1 Sångernas sång, av Salomo.
Hon
2 Kyssar vill jag dricka ur hans mun!
– Din kärlek är ljuvare än vin.
3 Ljuvligt doftar din balsam,
som Turak-balsam är ditt namn,
och kvinnorna älskar dig.
4 Ta mig med, låt oss skynda,
för mig, konung, till ditt rum.
Vi skall jubla och glädjas över dig
och prisa din kärlek högre än vin.
Med rätta älskar de dig.
١ سروودی سروودەکان، لە سولەیمان
ژن
٢ دەمهەوێ لە زارت ماچ بنۆشم!
ئەوینی تۆ سەرزیندووترە لە شەڕاب.
٣ بزێوە باڵسامی تۆ،
وەک باڵسامی توراکە ناوی تۆ،
وە ژنان ئەوینداری تۆن.
٤ لەگەڵ خۆت ببمە، با گوناح بکەین،
بمبە، ئەی شەهنشا، بۆ ژووری خۆت.
هەلهەلە دەکەین و شاد دەبین لە تۆ
وە ئەوینی تۆ خەڵات دەکەین بانتر لە شەڕاب.
بەمجۆرە ڕەوایەتێکی سێکسۆال و ئێرۆتیک لە هەشت بەنددا دەگێڕدرێتەوە و ژن و پیاوەکە پێکهەڵدەڵێن و باسی ئارەزووی خۆیان بۆ یەکتر دەکەن. گەرچی ئەم سروودە بە ”سروودی سروودەکان“ ناسراوە، واتە بەرزترین و عالیترین سروود، بەڵام ئەم بڕگەیە بە گشتی لە بۆنەکانی ئایینیدا ناخوێندرێتەوە. توێژەران پێیانوایە کە ڕیشەی سروودی سروودەکان دەگەڕێتەوە سەر کولت و سوونەتی دایک/ژنانە لە شارستانییەتی میزۆپۆتامی کە لەوێ، ژنایەتی، دایک و سرووشت پەرستش دەکرا و ڕیتواڵەکان جۆرێک لە بایەخ بوون و بۆ بەپیت بوونی کشت و کاڵ و ژیانەوە گرینگییان پێ دەدرا. بە لێژبوونی جێگەی کولتی دایکتەوەر وردە وردە بۆنە و بایخەکانی پێشووی ژنانە گرینگی خۆیان لەدەست دا و ژن و تواناییەکانی پاشەکشەیان پێ کرا و سیستیمی باوکسالاری دەسەڵاتی گرتە دەست. سروودی سروودەکان پاشماوەی ئەو دەورانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میزوپۆتامیا.
سەردەمانێک، زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ پێش زایین، لەم ناوچەیەدا سروشت و ژن، بە دایک و ئافەریدەگار دەبیندران. بە ڕای ئانیتا گۆڵدمان، کە لێکۆڵینەوەی بەرینی لەسەر مێژووی ژنان و وێنای ژن لە تەوڕات و ئینجیل دا کردووە، ئەو سەردەمانە ژن دەسەڵاتی هەبوو. نوێ بوونەوەی ژیان و زەوی جێژن دەگیرا. منداڵ بە دایکەوە دەناسراوە (کە ئەمە هەر ئێستاش لە هێندێک شوێن لە کوردستان و ئەفریکا و هێندێ شوێنی دیکە هەیە) و خودایانی ژن ستایش دەکران. بەڕای گۆڵدمان لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا و بەهاتنە کایەی دەسەڵاتی ئایین و پیاو وردە وردە جێ پێی دەسەڵاتێکی ژنانە لێژکرا و ئەمجارە پیاو پێناسەی دەدا بە ژن، و ڕیتوال و کولتی ژنانە بە پلەی نزمتر دەبیندرا.
جێ پەنجەی “ژن ژیان ئازادی”
هەموو کوردێک دەزانێ کە دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ لە باکوور و دواتر لە ڕۆژاوای کوردستان لە شەڕی داعش و ڕۆڵی بەرچاوی ژنانی قارەمان لە شەڕەکەدا زیاتر ناسرا و جیهان بە چاوی ڕێزەوە ڕوانییە کورد و ژنانی کورد. ئینجا دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ لە سووڕانێکی زەمەنیدا لە پاییزی ٢٠٢٢ و لەسەر گۆڕی “ژینا” لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوار کرا. دوابەدوای بەخاک ئەسپاردنی ژینا، ئەم دروشمە لە سەراسەری ئێران و دنیادا بڵاو بۆوە. جیهان یەکپارچە بە چاوی ڕێزەوە بۆ بەرخۆدانی پاییزی ٢٠٢٢ و بە دووپاتکردنەوەی ئاواز، سروود و سیمبۆلەکانی ئەم جووڵانەوەیە لە شوێن و قوژبنی جیاوازی دنیا بوونە هاودڵ و هاوکاری ئەم جووڵانەوەیە. جووڵانەوەی ژینا و دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ بەشێوەیەکی ئەرێنی بە ڕووداوێکی نوێ و گرینگی مێژووی ئینسان و ڕێنێسانسێک دادەندرێ. لەم بارەوە ژیژک دەڵێ:
ئەم بەرخۆدانە بۆ لێ فێربوون دەبێ. جۆڕێک لە فێمینیزم کە پیاوانیش لەخۆ دەگرێ. چونکە پیاوان دەزانن ئەو ستەمەی کە لە ئێران دا لە ژنان دەکرێ تەنانەت خۆیان دەگرێتەوە و ئەگەر ژنان ئازاد نەبن ئەوانیش تامی ئازادی ناچێژن. هەروەها بۆ زۆربەی ئێرانییەکان کە کورد نین ڕوون بۆتەوە کە ئەگەر کورد ئازاد نەبن ئەوانیش ئازاد نابن. هاوکات بەشێکی دیکەی ئەم خەباتە دژی ڕادیکاڵیسمی ئیسلامییە. ئەو خاڵانە بۆ ئێمە لە ڕۆژاوا کە لە ئازادیدا دەژین دیار نییە و دەتوانین لێیان فێربین. دژایەتی فێمینیزم، زەبروزەنگی سیاسی و ئایینی لە پەرەئەستاندن دایە. شتێک کە لەم خەباتەدا زۆر جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە هەموو کلیشەکانی کولتووری و قەومی کە ”ئێمە لێک تێناگەین“ شکان. ئەم جووڵانەوەیە دادخواز و حەقخوازە و سەردەکەوێ.
بەڵام دوابەدوای ئەم دروشمە، پیاوسالاری باڵادەست تاقەت ناهێنێ و دەیهەوێ دەسەڵات بگرێتەوە دەست و لەبەرامبەر ئەم دروشمە پێشکەوتوویەدا ڕاوەستی و ”مرد، میهن، آبادی“ لە بەرامبەریدا قوت دەکاتەوە. باسێک کە نووسەری ئەم وتارە و زۆر کەسی دیکە لەوان نووسەری ئێرانی ”فرج سەرکوهی“ هەمانکات کە دروشمی ”مرد، میهن، آبادی“ درا ڕەخنەمان لێگرت.
هەروەها نووسەری ئەم بابەتە زۆر زوو لە هەوەڵ ڕۆژانی بەرخۆدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەسەر شەقامەکان ”شۆڕشی ژینا“ی لەگەڵ ”ڕێنێسانس“ و ”شۆڕشی مەزنی فەڕانسە“ بەراورد کرد و ئاماژەی هەم بە تایبەتمەندیی ”یەکسانی خوازی جنسییەتی“ شۆڕشەکە دا، باسێک کە لە شۆڕشی فەرانسەدا ون بوو، و هەم بە خوڵقانی ڕووحێکی تازەی ڕزگاریخواز لەلای تاکی کورد. هاوشانیی شۆڕشی ژینا لەگەڵ شۆڕشی فەڕانسە دواتر لەلایەن بیرمەندانی گەورەی دنیا باس و قسەی لەسەر کرا. بۆ وێنە فیلسووفی ئەمریکی مایکل هارت باسی ئەوە دەکا کە دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ لەگەڵ ”بەرابەری، بەرایەتی و ئازادی“ شۆڕشی سەدەی ١٨ی فەرانسە بەراورد دەکرێ، بەڵام بە تەفسیرێکی تازە. دروشمەکان سەفەر دەکەن. هاوکات مایکل هارت ئارەزووی ئەوەی دەکا کە ”ژن ژیان ئازادی“ ببێتە هۆی شۆڕش لە شوێنەکانی دیکەی دنیادا.
سروودێکی ناتەواو؟
هەر دروشم و سروودێکی شۆڕشگێرانە لە سەردەمێکدا دەتوانێ کاریگەریەکی شۆکهێنەری لەسەر کۆمەڵگا هەبێ، بەڵام دوای ماوەیەک یا بە لاڕی دا ببردرێ، یا ڕێبەری جووڵانەوە فەرامۆشی بکا، یا تەرازووی هێزەکان بە قازانجی ئیدە و دروشمەکە نەشکێتەوە. بەڵام خاڵێکی گرینگ کاکڵ و ناوئاخنی دروشمەکەیە. لە ڕاستیدا هەر دروشمێک لە خۆیدا ناتەواوە. واتە دروشم و ئیدەکان لە ڕەوت و پڕۆسەدا کامڵ دەکرێن و گەشە دەکەن. ”ژن ژیان ئازادی“یش لەم قاعیدەیە جیا نییە. ”ژن ژیان ئازادی“ دەبێ پەرەی پێ بدرێ و هەلی گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی بۆ بڕەخسێ. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەم ئیدە جوان و شۆکهێنەرە لە کوێ دەبێ تەکمیل کرێ؟ بۆ گەشە و تەواو کردنی دروشم و ئیدەیەک دەبێ هەوەڵ بزانین کەمایەسییەکە چییە.
دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ وەک دروشمەکەی شۆڕشی مەزەنی فەرانسە، ”بەرابەری، برایەتی، ئازادی“ و یا بیرۆکەی ”سۆسیالیسم“ دروشم و بیرۆکەیەکی یونیڤێرساڵ و گشتین. بەڵام بۆ وێنە لە فەڕانسە دەوڵەتێک هەبوو و داوای خەڵک لە دەوڵەت و حاکمییەتی فەرانسە بە گوتنی دروشمی ”بەرابەری برایەتی و ئازادی“ ڕوون بوو.
دروشم و ئیدەکان سەفەر دەکەن و لە کۆنتێکست و کاتشوێنی جیاوازدا تایبەمەندی تازە وەردەگرن و دەگونجێندرێن و دەگۆڕدرێن و تەفسیر دەکرێن. یونیڤێرساڵ بوونی دروشمی “ژن ژیان ئازادی” لە عەینی جوانی و ئەرێنی بوونی خۆیدا لە شوێنێک دەکوترێ کە نەتەوەکە، واتە کورد، بێ دەوڵەتە و ئەم دروشمە دەبێتە هەمەک بێژی/کلی گویی و گشتی. هەر بۆیە ئەوانەی زەخت و هێزیان زیاترە، واتە نەتەوەی باڵادەست، دەتوانن دروشمەکە بقۆزنەوە و بە ناوی ئەوە کە هەموومان وەک یەکین و جیاوازیمان نییە، مافی ژێردەستان بە هەمەک بێژی حەشاربدەن و ناوئاخنی بگۆڕن، واتە مۆدیفای modify بکەن یا دایبەزێنن reduce بکرێ.
دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ زۆر بە دروستی ویستی ژیانێکی ئاسایی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە حکوومەتی ”ولایت فقیە“ی تاران لە هاووڵاتی زەوت کردووە. هاوکات نەمانی ئەو ستەمە جێندێرییەی کە ٤٣ ساڵە ممارسە دەکرێ و داوای دادی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە ئازادی خواستی خەڵکە. ئەمانە مافی هەر هاووڵاتییەکن لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو لە ژێر دەسەڵاتی یەک دەوڵەتی مۆدێڕن دا. گەیشتن بەم مافانە بۆ هاووڵاتی سەر شەقامە ناوەند داوای سەرەکین بەڵام بۆ گەلێکی ژێردەستی وەک گەلی کورد کافی نییە و بە مانای دابینکردنی مافی چارەی خۆنووسین و یا مافی نەتەوەیی نییە و جۆرێک لە سەروەریی سیاسی بە کورد نابەخشی. مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەیەکی ژێردەست تەنیا بە دروشمی ”جهانشمول“ لە وڵاتێکی تۆتالیتەردا دەستەبەر ناکرێ. هەر ئەو جۆرەی کە لەم چوارمانگەدا دیتمان تەنانەت زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی بە پێی هەمان دروشم کە دەستیان بەسەردا گرتووە دان بە مافی نەتەوەیی کورددا ناهێنن. لێرەدا ”سروودی سروودەکان“ی کتێبی پیرۆز و ”ژن ژیان ئازادی“ی کورد لەیەک مایە و دەستەن. هەر دووکیان فۆڕم و دەڕبڕینێکی جوان و ئەدەبی و ئینسانییان هەیە بەڵام لە ژێر ڕێبەری و هیرارشی و دەسەڵاتی باڵادەستدا و لە پڕاکتیکی ئایینی- سیاسیدا سروودی سروودەکان لە ناو دیندا وەپشت گوێ خراوە، و ”ژن ژیان ئازادی“ لە مەیدانی سیاسی ئەمڕۆدا هەر ساتێک دەکرێ وەپشت گوێ بخرێت و دروشمێکی دیکەی لە جێ دابندرێ (مرد میهن آبادی) و جووڵانەوەکە دەستی بەسەردا بگرترێ هەر ئەو جۆرەی لەم چەند مانگەدا دیتمان نەتەوەکانی غەیری فارس، ژنان، گەنجان و زەحمەتکێشانی سەر شەقام کەمترین نوێنەریان لە ڕێبەریی و باسەکاندا بووە و هەوڵ دەدرێ پرسی نەتەوەکان لەژێر ناوی ”تمامیت ارضی“ بێدەنگ کرێ.
سروودی سروودەکان وەک دەنگێکی ژنانە لە دەورانێکی دوور، لەناو کتێبی پیرۆزدا ماوەتەوە، بەڵام وەک سروودەکانیتری کتێبی پیرۆز لە بۆنەکانی ئایینیدا ناخوێندرێتەوە، مەگینایەک لە هێندێ سروودی موزیکالیی و نمایشی، و هەڵبەتە ئێستا لە تۆژینەوە و لێکۆڵینەوەکاندا بەهای پێ دەدرێ.
دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ یش دەتوانێ بکەوێتە (کەوتۆتە) داوی ئەم خەتەرە. ئەم دروشمە بەدوای شەڕی قارەمانانەی کۆبانێ لە ناو کتێبێکی پیرۆزدا نەماوە و ژنان بەشێک لە دەسەڵاتیان بۆ پاراستینی خۆیان و خاکیان گرتە دەست. ئەم دروشمە بە جووڵانەوەی بەرینی خەڵک دوای شەهیدبوونی ژینا لە ناوەڕاستی مانگی سێپتامبردا، بە لێشاو هاتە سەر زاری خەڵکی سەر شەقام و بوو بە واڵاترین و مەزنترین سروود، بوو بە سروودی سروودەکان، وەها کە لە هەموو ئێران و دواتر لە هەموو جیهاندا گوتراوە. خەڵکی جیهان بەتایبەتی ژنانی دنیا خۆیان لەم سروودەدا دیتەوە. واتە دروشمێکی کوردانە وەک ”بێلاچاو“ی ئیتالی دژی فاشیزم بە جیهاندا بڵاو بۆوە.
”ژن ژیان ئازادی“ وەک دروشم تا بتهەوێ جوان و دڵڕفێن و هاوکات یونێڤێرساڵە، بەڵام لەم چەند مانگەدا دیتمان کە لە پڕاکتیکی سیاسیدا بۆ گەیشتن بە مافی سەروەریی کورد بەش ناکا و هاسان دەستی بەسەردا دەگیرێ. ژینا کرا بە مەهسا و ”ژن ژیان ئازادی“ بە ”زن زندگی آزادی“ و تەنانەت شەهیدانی شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە حیسابی ئێرانی بوون و پەهلەوی داندرا. بە ڕای کەماڵ سولەیمانی ئێستا دوو شۆڕش لە ئارا دایە. شۆڕشێک کە بە کودەتایەکی وەپاشکەوتووانە دەیهەوێ زێدەخوازانە دەست بە سەر هەموو شتێک داگرێ و نابەرابەری ئەبەدی دووبارە بەرهەم بێنێتەوە، و شۆڕشێک لەبەرامبەردا بۆ تێکدانی هیرارشییەکانی جنسییەتی، زمانی و ئیتنیکی هەنگاوی هەڵێناوەتەوە و ژیان تێدایە پیرۆزە و گیان بە نرخە.
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە چارەنووسی نەتەوەیەکی ژێردەست تەنیا بە دروشمێکی جوان و یونیڤێرساڵ دیاری ناکرێ گەرچی خودی دروشمەکە پڕبایەخ و گرینگ بێ. زۆر فاکتەر، لەوان ”ڕێبەری“، لە سەرکەوتن یا سەرنەکەوتنی ئەم دروشمەدا ڕۆڵیان دەبێ. ئەگەر لێرەدا دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان بەراوەرد بکەین تەنانەت لە دۆخێکی وەک باشوور کە بە حیساب عێڕاق دەوڵەتێکی فێدێڕاڵییە و لە دوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەڕەب پێکهاتووە، تەوافق لەگەڵ ناوەند کێشەکانی چارەسەر نەکردووە و کورد نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی سەروەری. سولەیمانی ئاماژە بەوە دەدا:
”لە چەند دەیەی ڕابردووی سیاسەتی کوردیدا، مرۆڤ و نەتەوەی کورد قەت لە مەرکەزییەتی سیاسەت و ستراتیژییەکانی سیاسی دا نەبووە: کورد هێندێک داوای هەن، بەڵام خۆڵقێنەری سیستەم نییە. کورد مرۆڤی پەراوێز و چاوەڕوانی مەڕەحەمەتی دەوڵەتی غەیرە کوردە. سایکۆلۆژی زاڵ بە سەر ڕێکخراوی سیاسی کوردیدا، سایکۆلۆژی مرۆڤی دەوڵەتساز نییە. مەعریفەی سیاسی کورد ئی خۆی نییە، بۆیە لە مەعریفەی سیاسی ڕێکخراوی کوردیدا، کورد بکەر نییە. ئەو مەعریفەیە کورد-تەوەر نییە، ئەویدیکە تەوەرە.“
شۆڕشی ژینا لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵات شۆڕشێکە بۆ ڕزگاری لە دەسەڵاتی ئایین و ژێردەستی. لەم بەرخۆدانەدا، ویستی ڕزگاری سووژەی کورد (بە ژن و بە پیاوەوە) لە هێژمۆنی باڵادەست تا ڕادەیەک دەبیندرێ بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەم ویستە لەناو ڕێبەریی دەرەوەی وڵات کەمتر دەبیندرێ. سووژەی کورد لەناو وڵات خۆی لە ئیدئۆلۆژی نەتەوەی باڵادەست و ناوەندمیحوەر بە جۆرێک ڕزگار کردووە و گەیشتۆتە ساتی ڕزگاری لە وەهمی ”ئێڕانی بوون“. ئیدیۆلۆژی ئێرانی لە دوای مەشروتە، بە ڕای کەماڵ سولەیمانی، لەسەر بناخەی دەسەڵاتی مەزهەبی جەعفەری و حاکمییەتی نێرسالاری دامەزراوە و سەد ساڵە بەناوی مۆدێرنیته کوردی ژێردەستەی خۆی کردووە و دەیچەوسێنێتەوە و هیچ مافێکی پێ ڕەوا نابینێ. هەر ئەم نیگایە بە دەسەڵات بەڕای ئەحمەد محەمەدپوور، لای بیرمەندانی ئیرانی دەگاتە جۆرێک لە فاشیزم و لە ئیدیۆلۆژیی ئێرانشاریی کەسانێکی وەک تەباتەبایی بە ئاشکرا خۆنیشان دەدا.
ئێستا دوای ئەزموونی چەند مانگ شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵات و باوەڕکردن و هاوکاری کردنی هێندێک لایەن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەبینین کە لە هەموو شت گرینگتر ڕزگار بوونی سووژەی کورد و هێزی کوردییە لە هێژمۆنی سیاسی و ئێلیتی باڵادەست. ڕزگاری سووژەی کورد لە هێژمۆنی باڵادەست پرسێکی مانایی و جەوهەرییە. ئەوسا کە سووژەی کورد خۆی لە زنجیری باڵادەست ڕزگار دەکا بەشێکی زۆر لە ڕێگامان بڕیووە. کاتێک سووژە دەگاتە ساتی سپارتاکووسی، واتە سووژە ژێردەست بوونی خۆی دەبینێ و دەیهەوێ لێی ڕزگار بێ و ڕادەپەڕێ. دوکتور کەریمی لە وتاری دەروونشیکاریی سووژەی بندەست دا باس لەم ڕزگارییە دەکا:
”لە کۆمەڵگەی بندەستدا هەموو دامەزراوە فەرمییەکان لە سازکردنی سووژەی بندەستدا بەشدارن لەبەر ئەوەی ئەم دامەزراوانە لە لایەن سەردەستەکانەوە ڕێکخراون و پێویستە بەرژەوەندییەکانی ئەوان بپارێزن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە ئاسۆی ڕزگاری داخراو نییە و بندەست بۆ هەمیشە لە دۆخی بندەستیدا نامێنێتەوە لەبەر ئەوەی کە سوبژێکتیڤیتە دیاردەیەکی هاڵۆزترە لەوەی کە سەردەستەکان بیری لێ دەکەنەوە. مێکانیسمەکانی سوبژێکتیڤیتە گەورەترین بەربەستن بۆ پرۆژەکانی درێژەدان بە سەردەستی. یەکێک لەو مێکانیسمانە شتێکە کە دەتوانین پیی بڵێین ساتی سپارتاکووسی“.
کەریمی بەردەوام دەبێ و دەنووسێ: ”دامەزراوە فەرمییەکانی کۆمەڵگەی بندەست خەریکی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی سووژەی بندەستن. بەڵام هەستی بندەستی و ئارەزووی ڕزگاری بەردەوام دەبێ و سووژەی بندەست لە خاڵێکی تایبەتدا بەدژی سەردەست ڕادەپەڕێ؛ ساتی سپارتاکووسی.“
ڕزگاریی سووژە لە هێژمۆنیی داگیرکەران لە دەرەوەی وڵات لە ناو ڕێبەریی کورددا وەک بکەری سیاسی بە پاساوی سیاسیەتکردن کەمتر دەبیندرێ. هاوکات لە پێوەندیی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی ناوەندگەرا هەمان ڕوانگەی کۆلۆنیالیستی لە سیاسەتی ڕۆژانەی سیاسەتی کورددا بەرهەم دێتەوە. عوسمانزادە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە بەپێچەوانەی تیۆڕە کۆمەڵایەتییە کلاسیکەکان کە پێیانوابوو تەنیا پێکهاتە و ساختارەکان یان تەنیا ئەکتەر و بکەرە کۆمەڵایەتییەکان ژیانی کۆمەڵایەتی دیاری دەکەن، بەپێی ڕوانینە تێکهەڵکێشەییەکان ئەو دوو بەشە، واتە ساختاری کۆمەڵایەتی و بکەری کۆمەڵایەتی بەیەکەوە و لە پڕۆسەیەکی کارلێکی بەردەوامدا ژیانی کۆمەڵایەتی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکەن. لەم ڕوانگەوە، ژیانی ڕۆژانەی ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان شوێنی بەیەکگەیشتنی هەردووک پێکهاتە و بکەرە کۆمەڵایەتییەکانە و تێیدا پێکهاتەکان، ئایدیۆلۆژیاکان، و دیسکۆرسە جیاوازەکان بەرهەم دەهێندرێنەوە، جێگیرتر دەکرێن، دەگۆڕدرێن و پاساو دەدرێنەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی کۆلۆنیالیستیشدا، ”کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە“ بە تێپەڕاندنی ئاستی فراوانی ڕاڤەی کۆمەڵایەتی هەوڵ دەدات دیاردەی بەردەوامیی کۆلۆنیالیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا بهێنیتە بەرباس. بە پێی ئەم تێڕوانینە ژیانی ڕۆژانەی ئەکتەری سەردەست یەکێک لە گرینگترین شوێنەکانی بەرهەمهێنانەوە، پاساودانەوە، و درێژەپێدانی ئایدیۆلۆژیا و پێکهاتە کۆلۆنیالیستییەکانن. ئەم ڕوانینە تەنیا کۆلۆنیالیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا ناگرێتەوە، بەڵکوو دەشێ لەپەیوەندیی لەگەڵ کۆی نەزمی کۆمەڵایەتیدا بەکار بهێندرێت.
دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەهۆی هەوێنی یوونیڤێرساڵی خۆی توانێ ببێتە بەشێک لە ئیدەکانی ڕۆژانەی کوردێک، فارسێک و خەڵکی دونیا. بەڵام ئەم دروشمە لە ژیانی ڕۆژانەی فارسێکدا دەبێتە “زن، زندگی، ئازادی”، بۆ ئینگلیزییەک woman life freedom و ئەم دروشمە لەگەڵ سیستەمی سیمبۆلێک و بەهاکان و پاشخانی ئایدیۆلۆژی- مێژوویی کۆمەڵگاکەیان دەگونجێندرێت. هەر بۆیە ئێرانییەک دەتوانێ بەناوی ”زن، زندگی، آزادی“ – نەک ژن، ژیان، ئازادی – دروشمەکە بکاتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوە دۆخی سەردەستی- ژێردەستی. چونکە ئەم دروشمە یونیڤێرساڵە هاوکات ڕاڤەهەڵگرە. لێرەدا ڕاڤەی ئەکتەری کۆمەڵایەتیی سەردەست کە دەسەڵاتی هێژمونیک بوونی زیاترە، دەتوانێ بە پشتیوانیی پاشخانە مەعریفی و ئایدیۆلۆژییە بەهێزەکەی لەڕێگەی ئەم دروشمەوە نکۆڵی لە مافی نەتەوەیی خەڵکی ژێردەست بکات و بڵێت ئامانجی ئەم دروشمە و بزووتنەوەی پاییزی ٢٠٢٢ ئازادیی ژنان و هەوڵ بۆ مافەکانی هاووڵاتی و نەجات لە دەسەڵاتی سیاسی حکوومەتی ئیسلامییە، چونکە ئێمە هەموومان یەک نەتەوەین، واتە ”ملت ایران“.
لێڕەدایە بۆ کامڵکردنی ”ژن ژیان ئازادی“ پێویستە لە پراکتیکی سیاسی و یاساییدا لەلایەن هێزەکانی کوردییەوە ڕەهەندێکی پارتیکیوولار و تایبەت – ڕەهەندێکی تایبەت بە مافی نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسین- بە ڕەهەندی جێندێری و یوونیڤێرساڵەکە زیاد بکرێت. نەتەوەی ژێردەست دەبێ هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ یەکسانیی جێندەری، خەباتی ”ڕزگاریی نەتەوەیی“یش بکا. کامڵکردنی، ئەم دروشمە دەبێ ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ئەکتەر و بکەری کۆمەڵایەتی- سیاسیی کورد و لە ژیانی ڕۆژانەیدا پڕاکتیزە بکرێت؛ واتە ئاگایی ڕزگاریخوازانە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەرهەم بهێنێت. بۆ ئەمە پێویستە ”ژن ژیان ئازادی“ هەم لە پێکهاتەی سیاسی و ئایدئۆلۆژیدا و هەم لە لای سووژەی بندەست ڕەنگ بداتەوە و لە بەرامبەر کۆلۆنیالیزمی ڕۆژانە داڕاوەستێ.
کاتێک باس لە ڕێبەریی ناوەندمێحوەر دەکەین دەبینین کە تەنانەت ژنانێکی وەک ”مسیح عەلی نژاد، گلشیفتە فراهانی و شیرین عبادی“ دەرکێکی دروستیان لە کێشەکانی کورد و بەلووچ نییە و پرسەکان تەنیا بە دێمۆکراسی و مافی هاوڵاتی دەبەستنەوە و هەر لە پارادیمی ”تمامیت ارضی ایران“دا دەدوێن و دەڵێن ”تمامیت ارضی“ قابیلی باس نییە. ئاتۆیەک کە بۆ سەرکووتی نەتەوەکان لەم سەد ساڵەدا کەڵکی لێ وەرگیراوە و گەیشتن بە جۆرێک لە سەروەریی سیاسی بۆ کورد بەڕەسمییەت نەناسیوە و کوردستان هیچ واقعیتی سەربەخۆی نییە.
ئەگەر بمانهەوێ باسەکە کۆ بکەینەوە دەبینین کە ژنان و خەڵکی ناوەندنشین و پەڕاوێزخراو لە شۆڕشی ژینادا خاڵی هاوبەشییان هەیە واتە ڕزگاریی جنسییەتی لە حکوومەتی ئایینی و گەیشتن بە ئازادی و جیایی دین لە سیاسەت. بەڵام ئامانجی ژن و پیاوی کورد لەم شۆڕشەدا تەنیا گەیشتن به ئازادی و سێکۆلاریزم نییە، بەڵکوو بۆ ئامانجێکی دیکەش ڕژاونەتە سەر شەقام: داڕنینی سیستیمی کۆلۆنیالیستی و گەیشتن بە ڕزگاری. ژنی کورد لەژێر چەندین سیستیمدا دەچەوسێتەوە: یاسا و نۆرمەکانی حکوومەتی ئێسلامی- شیعی، سیستیمی پیاوسالار/ نێرسالار، سیستیمی کۆلۆنیالیستی کە چەندقات دژی ژن و پیاوی کوردە. فێمینیستی باڵادەست ئەو ”چەندتوێژی“یە نابینێ. لێرەدایە کە تەنیا ڕوانگەیەکی ئینتێرسێکشنالی کوردانە دەتوانێ هەموو توێژەکان بێنێتە ژێر ڕەخنە و شیکردنەوە و دروشمی ”ژن ژیان ئازادی“ دەبێ حەتمەن لە پراکتیکی سیاسیدا ویستەکانی لۆکاڵی و تایبەت بەخۆ بکرێ و تێکەڵاوی چەمکی سەروەریی سیاسی بێ. مافێک کە لە جارنامەی مافی مرۆڤ دا هەیە و قەبووڵ نەکردنی ئەم مافە قەبووڵ نەکردنی خودی مافی مرۆڤ و وجودی ئینسانی کوردە•
شەماڵیک هەڵدەکا، درەنگ دەکێشێ، بەڵام ڕووی لە ڕزگارییە.
مارسی ٢٠٢٣