شەهێن زادئەحمەد
لە مێژووی نوێی ئێراندا ژنان بۆ یەکەم جار لە سەردەمی بزوتنەوەی مەشروتەیدا ١٩٠٦ کە بە پێکهێنانی ڕێکخراوەی تایبەت بە خۆیان بەشداری لە ڕووداوە سیاسیەکان دەکەن و کەم و زۆر لەم بزوتنەوەیەدا بەشدار بوون، بەلام لە یاسای بنەرەتی دا ١٩٠٦ مافیان وەبەرچاو نەگیرا و بۆ وێنە لە یاساکانی زەواج، تەلاق، سەرپەرەستی مندال، و بەتایبەتی لە مافی دەنگدان بێ بەش کران.
قۆناغی پەهلەوییەکان
هەرچەند ژنان لەم قۆناغەدا مەجالیان بۆ ڕەخسا کە لە بواری کۆمەڵایەتی و مودیریەتی بە براوەرد بە ڕابردوو چالاک بن و تەنانەت مافی دەنگدان لە سالی ١٩٦٣ دەستەبەر بکەن و ڕێکخراوەی تایبەت بە خۆیان هەبێ، بەڵام ئەوەی کە ئەم ڕێکخراوەیە سەربەخۆ لە دەزگای دەوڵەت دابن، مەجالی پێ نەدرا و ئامانج و کردەوەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە ژێر کۆنترۆلی دەوڵەت دابوون.
ژنان لەم قۆناغەدا بە تایبەت لە سەردەمی محەممەدرزا شای پەهلەوی لە ڕیزی حیزب و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم دا چالاک بوون و هەربۆیە تێکۆشانیان زۆرتر لایەنی سیاسی هەبوو کە ئامانجی سەرەکی گۆڕانی ڕێژیمی دەسەڵاتدار بوو.
هەروەها خەبات بۆ یەکسانی لە چاورچێوەی خەباتی چینایەتیدا، و لەم بوارەشدا زۆریان لە خۆبردوویی و زەحمەت کێشا، بەدەیان ژنی چالاکی سیاسی لە ژێرئەشکەنجەدا بەهۆی ساواک و یا لە تێکهەلچوون لەگەڵ پۆلیسی ئەمنیەتی کۆژران و ژومارەیەکی زۆریان لە زیندانەکاندا تەمەنیان تێپەر کرد. بۆ وێنە ئەو ژنانەی کە لە ڕێکخراوەکانی چریکی و چەپدا بوون. دەبێ ئەو ڕاستیە کە حاشای لێ ناکرێ، لەم سالانەدا خەباتی ژنان بۆ یەکسانی لەگەل پیاوان بەهۆی زالبوونی دیسکۆرسی چەپەوە کەوتبووە پەراوێزەوە و ببوو بە تابعێک لە خەباتی چینایەتی.
ژنی کورد لەم قۆناغەدا
بەهۆی بوونی پێوەوندیەکانی سیستمی دەرەبەگایتی و عشیرەیی و زاڵبوونی کولتووری سوننەتی و دواکەوتووی کوردستان لەڕووی پیشەسازی و شارنشینی و هەروەها دوورکەوتنەوەی حیزبە کوردییەکان بۆ ئەودیوی سنورەکان. ڕۆڵ و خەباتی ژنان بەرچاو نییە و بێجگە لە سەردەمی کۆماری کوردستان ١٩٤٦ کە بە هۆی قازی محەممەدەوە بۆ یەکەم جار شاهیدی جموجۆڵی سیاسی و خۆڕێخستنی ژنان بووین لە ڕێکخراوەی تایبەت بە خۆیان و دواتر لە سەردەمی سەرۆک وەزیری محەممەدی موسەدیق ١٩٥١ تا ١٩٥٣ کە لە چاورچێوەوی چالاکی حیزبیدا دەور و ڕۆلیان هەبوو واتە لە خۆپێشاندانەکانی ١٩٧٩ بە دژی ڕێژیمی پادشایەتی، کە چالاکانە بەشداریان کرد.
قۆناغی پاش سەرکەوتنی شۆرشی ١٩٧٩
لەم قۆناغەدا بەهۆی بەرێوەچوونی یاساکانی شەرع لە لایەک و کۆماری ئیسلامی بەرامبەربە ژنان، ستەمی چینایەتی زۆر زەق و دواکەوتوانەتر بوونەوە لەسەر ژنان بە بەراوەرد بە ڕێژیمی پێشوو.
ژنان لەم قۆناغە بەرفروانتر و چالاکانەتر لە ڕیزی خەبات بۆ گۆرینی ڕێژیمی دەسەڵاتدار لەمەیدان دابوون.
بەهەزاران ژن لە ڕیزی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم ڕێکخران و لە ڕەوتی خەبات بۆ گۆڕینی ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەتایبەت لەساڵەکانی ١٩٨١ تا ٨٣ بەسەدان کەس لەو ژنانە گیانیان لێئەستێندرا و بە هەزاران کەسیان لە زیندانەکان توند کران.
ژنی کورد لە قۆناغی دوای شۆرشی ١٩٧٩
لەم قۆناغەدا بێجگە لە ستەمی چینایەتی و جنسیەتی (ئاپارتایدی جنسی) ژنی کورد ستەمی نەتەوەیشی لێدەکرێت. کە ئەمە ژنی فارس ناگرێتەوە
واتە ژنی کورد ناتوانێ بە زمانی زگمانگی، کوردی بخوێنێ، ناتوانێ گەشە بە کولتووری خۆی بدا، ناتوانێ لە مودیریەت و بەرێوەبەری جوغرافیای کە لێی دەژی، بەشداربێ و ڕۆل و شوێنی هەبێ و بە کورتی و پوختی مافی بریاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی هەبێ.
لەم قۆناغەدا بەسەدان ژنی کورد لە ڕیزی ڕێکخراوەکانی نەتەوەیی و چەپ لە کوردستاندا بوونیان هەیە و لە سەنگەری بەرگریدان لە بەرامبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان ، بە تایبەتی لە ساڵەکانی نیوەی یەکەمی ١٩٨٠ لە پرۆسەی بەرگری لە کوردستان لەڕیزی حیزبی نەتەوەیی و چەپەکاندا، بەدەیان ژنی کورد گیانیان بەخت کرد .
لەم سالانەشدا خەباتی ژنی کورد لەژێر کارتێکەری خەباتی نەتەوەیی و چینایەتی لەڕیزی حیزبە نەتەوەیەکان و چەپەکان دا و بۆ بە دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیان لە خەبات و تێکۆشان دان.
واتە خەباتی ژنی کورد لە دێرزەمانەوە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونی هەبووە، لە سەدەی بیستەم شۆرشی ژنی کورد بە دوو دەورەی پێش شۆرشی گەلانی ئێران و دوای شۆڕش دابەش دەبێ.
پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بەپێی سوننەتی خەبات، نۆڕمەکانی کۆمەلایەتی و بێبەش لە تیکنیک و تیکنولۆژی سەردەم کە بتوانێ ژنان لە زۆر بواری گرینگی کۆمەڵایەتی دا ئاگادار یان وشیار کاتەوە لە ڕاستیدا زۆر کەم لە ئارا دا بوو. بەڵام هەر ناوچەیەک لە کوردستان ئەگەر جموجۆڵی لێ بووبێ، ژنان بە تایبەتمەندییەکانی واقعی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان، ڕۆڵ و کارتێکەریی ڕێژەیی خۆیان هەبوە. ئەوە واقعییەتێکە بزووتنەوەی ژنان حاڵەتێکی ڕێکخراوایی و سیاسی بەخۆیەوە نەبینیەوە دیارە ئەوە بەومانایە نییە کە ڕێژەی کەمی ژنان لەو بوارانە دا بەربەستێکی جیددی، لە بزاڤی جووڵانەوەی کوردیدا بێت و حاشای لێناکرێت ژنان وەک توێژێکی باوەڕ پێکراو و پشتیوانێکی متمانەدار لە ڕەوڕەوەی جووڵانەوەکان دا، تەئسیر و کاریگەریی خۆیان هەبووە.
ئەوە لە حاڵەتێک دایە کە کۆمەڵگە هێژموونی پیاوسالاری بەسەردا سەپاوە و زۆربەی کۆمەڵگە نەخوێندەوارە و تانوپۆی کۆمەڵگە لەژێر پێکهاتەیی سەختی کۆمەڵایەتی دا، قۆناغەکانی ژیان تێپەڕ دەکا، بەو واتایە ژن تێکەڵاوە لە ژیانی فێئۆدالی، نیوە فێئۆدالی و ئاژڵداریی کە کاریگەرییەکانی ئایینی و مەزهەبی، کولتوور و نەریتی خوجێی و دواکەتوویی و هێژمۆنیی نێرسالاریی لە کوردستان و ناوچەکانی دەرووبەریی کوردستان، کارتێکەریان لە گەشە و پێشکەتوویی ژنان و کچان دا، هەیە.
بەڵام دەرفەتەکان لە مێژوودا، ئەوەمان پێ دەڵێن کە نەتەوەی کورد بەگشتی هەستی بەو کەمایەسییە کردووە، کە نەبوونی چالاکی ژنان لە بوارە جۆراجۆرەکان دا، زەرەرمەندن بۆ پێشکەوتن. بۆ نموونە دەرفەتیی زێڕینی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ دا، کە کۆمەڵگەی سیاسی کوردی ئەوکاتی بەو قەناعەتە گەیاند، پەیڕەوی لە بەرنامەیەکی سەردەمیانە بکا تا ویست و داخوازییەکانی ژنان تایبەت بەخۆیان بێنەگۆڕ، لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان (حیزبی یایانی کوردستان) بووتا ژنان و کیژان لە دەستکەوتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان دا بەشدار بن.
نووسراوە و بەڵگەکانی کۆمار ئەو ڕاستییەیان درخستوە کە ژنان و کچان ڕۆلیان لەبواری پەروەردە و ڕێکخراوەیی دا هەبوە. تەنانەت کارەساتی ڕووخاندنی کۆماریش و سەرکوتی بزووتنەوەی ئەوکاتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیتوانی ئەو زەمینە زێهنییە، یا ئەو پەروەردە بنچینەییە لەنێو کۆمەڵگەی کوردی دا بسڕێتەوە و دەبینیین لە شۆڕشی ٥٧ دا، ژناننیش لەو دەرفەتەدا بەپێی توانایان بەشدارییان لە شۆڕش و دەستکەوتەکانی دا کرد. ڕێکخستنیان لەنێو ئەحزابی سیاسی و ڕێکخراوە سینفییەکان دا لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران تا بە ئێستا بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستیە.
بزوتنەوەی ژنان لە قوناغی یەکەمدا دوای شۆرشی گەلانی ئێران واتە لە دەورەی رەفسەنجانی و “گەڵاڵەی سازەندەگی” ناوبراو و شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوو کە لەسەریەک بۆ ژنانی سێکۆلار و جیابیر دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبوو و چالاکانی ئەو بەشەش بە توندی سەرکوت دەکران.
قوناغی دوویەم، دوو دەورە کابینەی خاتەمییە کە دروشمی “گەل سالاریی دینی و چاکسازی” هەڵگرتبوو. ئەوکات بە چەند هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکیی فەزای داخراوی سیاسیی نێوخۆیی وڵات چڕژی تێکەوت کە چالاکانی مەدەنیی و مافخواز قوستیانەوە. بەمجۆرە خێرا کۆمەڵگە لە بواری فەرهەنگی، ئەدەبی، هونەری و چاپەمەنی جموجۆڵێکی ڕێژەیی بەخۆوە بینی. لەو بارودۆخەدا ژنانیش تا ڕادەیەکی باش توانیان دووبارە بێنەوە مەیدان و خۆیان ڕێکخەنەوە. بەتایبەتی ژنانی کورد لەم قۆناغە لە ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان، لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و خوێندنگەکان گەشەی باشیان کرد و لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی ئێرانیش تا ئاستێکی بەرچاو هەماهەنگ بوون.
قۆناغی سێیەم، دوو دەورە سەرکۆماریی ئەحمەدینەژادە کە بۆ بزووتنەوەی سێکۆلاری ژنان لە ئێران و کوردستان دەستکەوتی بەرچاوی نەبوو. لە سیستمی دەسەڵات و کابینەکەی لەبەشی وەزاڕەت و ڕاوێژکاریدا، بایەخ بە ژنان لە لایەنی بناژۆخوازی نێو دەسەڵات دەدرێ، بەڵام لە بەرانبەر دا، ژنانی سێکۆلار لەگەڵ پەرەسەندی خێرای زانست و تێکنۆلۆژیی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان و لەو بەشەدا، چالاک دەبن. هەرچەند چالاکانی پرسی ژن بە توندی سەرکوت دەکران.
بەباوەڕەی من لەو دەورەیە دا، بزووتنەوەی ژنان بەرەوڕووی خەسارێکی گەورە دەبێتەوە. سەرکوتی بێبەزیانەی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) کە گیانی “ندا آقا سلطان” و زۆر کەس لە ناڕەزایەتییەکان کە بە “بزووتنەوە یا شەپۆلی سەوز” ناوبانگی دەرکرد ئیستێندران، گیران و ئەشکەنجە و زیندانی کران. بەڵام ئەساسی ئەو بزووتنەوەیە بە لەبەر چاوگرتنی فاکتی سەردەمیانە و ئاڵوگۆڕەکان لە تانوپۆی کۆمەڵایەتی و لە بیرورای گشتیی وڵات دا، ئاسەواری فەرهەنگیی و زەمینەی زەینی دا، تا ڕادەیەک نیهادینە کرا.
لە دەرەوەی وڵاتیش ئەم ڕەوتە، ژمارەیەک لە ژنانی تاراوگەش لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە و بە شێوەی سازمانی پێوەندییەکانی دەرەوە و نێوخۆ بۆ ئەو پرسە سەرنج ڕاکێش و کاریگەر دەکاو بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان وپەرەپێدانی تەشکیلاتی هەوڵ دەدا.
قۆناغی چوارەم، سەردەمی سەرکۆماریی حەسەنی ڕووحانییە کە بە پێچەوانەی ئەوەی خەڵک و ژنانیش چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی مەخمەلی بوون، دەرکەوت کە ئاوڕێک بە پێی بەڵێنییەکانی لە گرفتەکانی خەڵک و کۆمەڵگە ناداتەوە. دیارە لەم قۆناغە دا بزووتنەوەی ژنان پێوەندییەکانی لەگەڵ نێوخۆ چڕوپڕتر دەکاتەوە. باشتر و ڕێکوپێکتر لەپێشوو لە سەرهێڵ دەمێننەوە و بە ئامرازەکانی تێکنۆلۆژی دەتوانێ بەشدار و هاندەری زۆربەی ناڕەزایەتییەکان بن.
لە ئاکامگیری ڕەوتی ماف خوازیی ژنان لەو چوار قۆناغە دا، دەبینیین کە سەرەڕای توندترین شێوەی سەرکوت، ژنان لە بەشە کۆمەڵایەتییەکان دا، ڕۆڵی خۆیان کەم و زۆر هەر دەگێڕن و زۆر جاریش لە ناڕەزایەتییەکان دا پێشەنگیشن.
قۆناغی پێنجەم ( خەباتی نوێێ ژنان)
هەروەک دەزانن شۆڕشی ژینا زیاتر لە پێنج مانگە شەقام و شارەکانی ئێران و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیشی تەنیوە و هەوڵ دەدا، بە شێوەگەلیی جۆراوجۆر ڕەنگدانەوە و کاریگەریی لە سەر بیروڕای گشتیی هەبێ. لەو شۆڕشە دا، ژنان و کچان پێشەنگن کە بە خۆشییەوە کۆمەڵگە بە باشی هەستی بە گرینگی دەور و ڕۆڵی ژن لەو شۆڕشە دا، کردوە و دەبینیین لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان ئەمجارە دا، ژنان و کچان تایبەتمەندییەکی سەمبولیکیان لە شوناس و پێکهاتە و دروشمی خۆیاندا دیتۆتەوە کە توانیویەتی بیر و ڕای سیاسی و فەرهەنگی لە جیهان دا، بەدووی خۆی دا ڕاکێشێ، و بەشێکی زۆر گرینگی ناوەندی بڕیاردەری وڵاتانی هێناوەتە سەر هێڵ.
ئەم شۆڕشە پێناسەیەکی تایبەتی لەخۆی گرتوە کە بۆتە هۆکارێک کە دروشمێکی گونجاو و کاریگەریی لێ بخوڵقێت، “ژن ژیان ئازادی” کە هەوێنی ئەم شۆڕشەیە.
بێگومان بە هەڵکەوت نەبوە، بەڵکوو پێوەندی هەیە بە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها ئەو پاشخانەی زۆڵم و هەڵاواردنی نیزامی دەسەڵاتدار بەسەر ڕەگەزێک دا، دایسەپاندوە و بە هەموو شێوەیەک پێشی لێگیراوە تا تێکەڵ بە ڕەوتی نوێ و پێشکەوتن نەبێ.
بەڵام بەپێچەوانەی هەموو بەربەستەکانی نیزام، ژنان بوێرانە و هوشیارانە هەلەکە دەقوازنەوەو دەستپێشخەریی لە راپەڕین دەکەنو ویستە پەنگخواردووەکانیان تێکەڵ بە دەنگ و درووشمەکانی شەقام دەکەن و دەبن بە پێشەنگی ئەم سەرهەڵدانە.
گرینگی ئەو شۆڕشە و کاردانەوەکەی لە دنیای دەرەوە و پێویست بوونی پشتیوانانی زۆرتر لەو شۆڕشە بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ داوایەک یا هاوارێکی دادپەروەرانە و عەداڵەت خوازانە بەو مانایە کە ئەو ڕەگەزە، بەدرێژایی مێژوو لەو نیزامە لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەکانی ئێران دا، لە زۆر بواردا چەوساوەتەوە و فاکتی سەرەکی ئەو چەوسانەوەیە، یاسای بنچینەیی لەسەر ویست و ڕۆڵی ژن، لە ژیانی کۆمەڵگە دا.
هەربۆیە یەکرێزی ژنان و پیاوانی پێشکەتوو، بە هەموو جیاوازییە، سیاسی، فەرهەنگی، ئیدئۆلۆژی و بیروبۆچوونەکانی تایبەت بە خۆیان لە رەدەی جوغرافیای سیاسی ئێران دا، توانی بیروڕای گشتیی ژنانی جیهانی بەدوادا بێ.
چونکە ئەو ویستە لەرووی پەسندی ڕێکخراوی مافی مرۆڤە و زۆربەی کۆنڤانسیۆنەکانی مافی مرۆڤ دا، داخوازیەکی ڕەوا و سەردەمیانەیە. هەرچەند دروست نییە ئەو شۆڕشە موتڵەق بکەینەوە بە پرسی ژن، سەرەڕای ئەوەی بە شانازییەوە دەلێم: چەخماغە شۆڕشەکە ژنانە بوو و پێداگریی دەکەم لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریی ژن بۆ بەردەوامیان لە خۆپێشاندانەکان لە بەئەنجام گەیاندنی ویستەکانیانە کە بە پێی تەمەنی خەباتی گەلانی ئێران، ئەوە یەکەمین جارە کە مەجالێک دەڕخسێ تا بتوانن کاریگەریی لەسەر داخوازییەکانی نەتەواوەتی، کۆمەڵایەتیی و سیاسییان هەبێ.
شۆرشی ژینا ئەم راستیەی دەرخست کە ژنان لە کۆماری ئیسلامیدا دەردێکی هاوبەشیشیان هەیە، و بێ جیاوازی نەتەوەیی، ئیتنیکی و مەزهەبی، بەرێوەچوونی ئاپارتایدی جنسییە کە لە یاساکانی شەرع سەرچاوەی گرتووە و لەلایەن ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران بەرێوە دەچی و هەر بۆیە تا گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هاتنە سەرکاری ڕێژیمێکی سێکۆلار و دێموکراتیک، ئاسۆیەکی ڕوون و گەش بۆ مافی یەکسانی ژن و پیاو بەدەی ناکرێ.
من پێموایە ژنان ئەو هێز و پتانسێلەیان هەیە کە لە هەموو بازنەکانی سیاسی و دپڵۆماسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەقشیان بەسەر ئەو ڕەوتەدا، زیاتر بێ و ڕەنگدانەوەی هەبێ. پێویستە پەیامی سێلێبریتی و هونەرمەندەکانی جیهانی، ئەندامانی پاڕڵمان و بڕیارەکانی دیپڵۆماسی و ئابووریی دەرەوە، و لە هەمووان گرینگتر بەردەوامی شێلگیری شەقام و کۆمەڵگە بۆ بە ئامانج گەیاندنی ئەو شۆڕشە، کە تێکۆشان بۆ ئازادی، بەرانبەریی و کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک و یەکسانە، بە جیددی وەربگیرێن.
دەتوانم بڵێم بەخۆشییەوە کۆمەڵگە بەگشتی هەستی بە زەروورەتی ئەو ئاڵۆگۆڕە کردەوە کە دەبێ لە ئێران بێتە ئاراوە. ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا و بەتایبەتی لەو شۆڕشە دا، سوکان بەدەستن و ڕۆڵی سەرەکیی دەگێڕن و بوێرانە سەرەڕای هەموو هەزینە قورسەکان کە تا ئێستا لەو پێناوە دا بەخشیویانە، ماونەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بە فۆڕم و شێوەی جۆراوجۆر، پەیامی خۆڕاگریی و بەردەوام بوونیان دەگەینن.
١٥ ی مارسی ٢٠٢٣بەرانبەر بە ٢٤ ی ڕەشەممەی ١٤٠١