ن. و: تریفە فاتیحی
خانمە چیرۆک نووس و وەگێڕ، دوکتور لەیلا قادری لە ساڵی1360هەتاوی
لەگەڕەکی کوشتارگای شاری بۆکان چاوی بەدونیا هەڵێناوە
لە تەمەنی دە ساڵییەوە بە خوێندنەوەی کتێبی ملوانکەی شین-ی مامۆستا شەریف، فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بووە، دواتر باوکی کە کەسێکی نە خوێندەوار نەبوو بەڵام زۆری شیعر و چیرۆکی کوردی لە سینەدا بوو، زۆربەی ژمارەکانی گۆڤاری سروەی بۆ دەکڕی لەیلا بە تامەزۆییەوە بۆی دەخوێندەوە و لەو کاتەوە جگە لە وانەکانی قوتابخانە و زانکۆ، هەموو پێوەندییەکانی بە زمانی کوردی بووە.
لەیلا لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەردا پەروەردە بوو، گرنگیدان بە شێوازی ئاخاڤتن و ڕەسەنایەتی زمان بە لای دایک و باوکیەوە زۆر گرینگ بوو، ئەوان هەردووکیان بە زمانێکی ڕەسەن و بە ئەدەبیاتێکی پەتی لەگەڵێ دەدوان.
گەورەماڵ بووین و هەمووکات دەرگای ماڵمان لەسەر گازی پشت بوو بۆ بەخێرهاتنی میوان لە خزم و دۆست و برادەر.
بۆیە زۆر زوو لە نیزیکەوە هەستی بە زۆربەی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەی خۆیان کرد و لە هەمووکات وەک گەردەلوول بیر و هۆشیان لوول دەداو ئارامیان لێ هەڵدەگرت لە لایەکی دیکەشەوە، هەستی دەکرد هێندێ وشە و دەستەواژە و قسەی نەستەق، خەریکە لەناو خەڵکدا بەرەو فەوتان دەچێ، بۆ پاراستنی ئەو وشە و پەند و ئیدیۆمە ڕەسەن و پەتیانە لە فەوتان و لەناوچوون، بیری لە نووسینی چیرۆک کردەوە کە ئازاری ژنانی بێدەرەتان و ڕەنجەڕۆی پێ داڕێژێ.
ــــــــــــــــــــــــــ
لە 18 ساڵیدا دەچێتە زانکۆی، کارناسیی تەربییەت موعەلیم/ لە زانکۆی تەورێز
ساڵی 1385 کۆچ دەکا بۆ تاران و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدا و ساڵی 1388 لە ڕشتەی «مودیرییەت ی بازرگانی شاخەی مارکێتینگی نێودەوڵەتی» زانکۆی تاران کارناسی ئەرشەد تەواو دەکا.
ساڵی1389 لە زانکۆی پەیام نووری کەرەج(البرز)، بۆ کارناسی ئەڕشەدی رشتەی «بەڕێوەبەرایەتیی کەسب و کار» دەردەچێ و دەست بە خوێندن دەکا، و ساڵێک دواتر بۆ قۆناغی دوکتورا، لە ڕشتەی «بەڕێوەبەرایەتیی بازاڕیابی» لە زانکۆی تاران وەردەگیرێ و سێ مانگ پێش ئەوەی وڵات بەجێ بێڵێ، بە سەرکەوتوویی داکۆکی له تێزەکەی دەکا و کۆتایی بەو قۆناغەش دێنێ»
لە بۆکان لە زۆربەی کۆڕوکۆبوونەوەکاندا بەشدار بووە و چالاکییەکانی سیاسی-مەدەنی بوون.
لە ماوەی ساڵەکانی 92_95 دوو کتێبی لەسەر ئەرکی خۆی چاپ کرد.
1_ وەک یەکەم بەرهەم، وەرگێڕاوی یەکێک لە کتێبەکانی «برایان ترەیسی»ە لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی بە نێوی» هـێماکانی سەرکەوتنی ژنان لە کار و ژیاندا»
کە دەزگای چاپەمەنی زانکۆ چاپی کردووە.
2_ دووهەمین بەرهەمی کتێبێکی زانستی-ئاکادێمیکە بە زمانی فارسی کە پێوەندیی بە بواری خوێندنی خۆیەوە هەیە بە نێوی «تجارت خارجی» کە دەزگای چاپەمەنی «نارین» لە بۆکان چاپی کردووە.
ماوەی چوار ساڵیش خەریکی نووسینی چیرۆکە و دەربیجەیەکی کردۆتەوە بۆ پێشاندانی ئازارە شاراوەکانی کۆمەڵگە بەبێ سانسۆڕ.
کۆی ئەو چیرۆکانەش هەر ئێستا ئامادەی چاپن، کە بە هۆی سەرقاڵیی خۆیەوە ناپەرژێتە سەر چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان، و لە وڵاتی فەڕەنسایە نیشتە جێیە.