ن. ئا: تریفە فاتیحی
شاعیرو نووسەرو وەرگێڕی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان خاتوو نیان فاتمی ، ساڵی ـ1363ی هەتاوی لەشاری سەقز چاوی به دونیا هەڵێناوە .
ماوەی دوازدە ساڵە بەشێوەی ڕەسمی دەستی بە کاری نووسین و وەرگێڕانی شیعر کردووە کە نموونە هەرە بەرچاو لە وەرگێڕانەکانی ، چەند شیعرێکن لە ژنە شاعیر و ڕەچە شکێنی فارس “فروغ فەڕوخ زاد” بووە.
خاتوو نیان بە زمانێکی پاراوو زاراوەی سۆرانی شیعر دەنووسێ و لە بواری شیعری کلاسیک و نوێ و شیعری سپی دا کار دەکات هەروەها سەرەڕای کاری نووسین و وەرگێڕان ، وەک ئەرکێکی پیرۆز وانەبێژ و فێرکاری زمانی کوردی بۆ منداڵانی ژێر دەساڵی نیشتمانە.
تا ئیستا لە زۆربەی گۆڤارو بڵاڤۆگەکانی کوردستان شیعرەکانی بڵاو کراونەتەوە ، وەک گۆڤارەکانی مهاباد، ژن ، سیروان و ڕامان.
خاتوو نیان فاتمی کۆی بەرهەم ونووسینەکانی ئەو چەند ساڵەی لە توێی کتێبێک بەنێوی”قاوخی گوڵە بەڕۆژە” کە کۆمەڵە شیعرێکی پڕ لە جوانی و تەژی ناخی ژنانی نیشتمانە لە ساڵی1397هەتاوی لە چاپەمەنی خانی لە تیراژی 1000دانەو ڕێژەی110لاپەڕە چاپ و بڵاو پێشکەش به کتێبخانەی کوردی کردووە.
هەنووکەش ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی ئەدەبی مەولەوی سەقز و ئەندامی ناوەندی نوسەرانی کوردستانە.
سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خاتوو نیان فاتمی شاعیری جوان و نووسی نیشتمان و هەموو ئەو ژنانەی کە هیچ کەد و کۆسپێک ناتوانێ و نەیتوانیوە ببتە لەمپەر لەسەر ڕێگە و ڕێبازیان.
پڕم لەخواردنەوە
خواردنەوەی تابۆکانی ئەم سەردەمە
پڕم لەحێق
حێق کردنەوەی تۆ پێت جوانە
و دنیا لەشوێنیەوە لەشم بریندار ئەکا
پڕم لەکوودتا
بۆ جەستەی بریندار و ڕۆحی شکاوم
گەریلاکانی ناخم ناسرون
ناخەون
پڕن لە شۆرش بۆ چاوەکانی نەسرین و هێرۆ
لە ئێوارەدا لەخەو هەڵئەستم و دەمەو بەیان ژیان پڕ ئەکەم لە خۆم و خوتان و نەسرینەکان
فوودانەی ئەم ژوانە تەقاوە بە ڕووتا
نەخشاوە بەژیانتا
حێق کەوە
حێقکەوە بە ئاڵایێکا کە سوورایی لەرۆخسارت بڕی و ومانای حێماسەی لێشێواندی
هەڵگرە ماتیکێ
سوور
یان گۆشتی
لە کاتی تەنیاییدا
باڵ ناگرمەوە
بۆ گەرمە هەناسەکانی ئێوارانی پاییزی
من مرۆڤی نیشتمانێکی تەنیام
کچی بانگەشەی ئازارم
دڵی کۆس کەوتەی قەرارم
ژنی ناسکی پڕ لە ژیانم و
دایکی چوار کۆرپەی لەش کوێستانم
کاتێ تەنیام
پڕ لە بارانێکی بەگرمەو ناڵەم
و کاتێ لە کەڵێنی دابەشی جەستەمەوە ئەڕوانم
هزرم ناگاتە شوێنی
جێ پێی ئاواتم و
تەنیایی نیشتمان و ئەم مڕۆڤانە
تەنیاترە لە پەڕەسێلکەیێک
کە لە پایزە و کۆچ دەکا بۆ بەهار و لە بەهارەوە بۆ پایز
نیان فاتمی
ئەوبابەتە لە ژومارە ٦١ی “ژنان”دا بڵاو بووەتەوە