ن. ئا: تریفە فاتیحی
ژنە شاعیر و نووسەری قەڵەم پاراوی نیشتمان «لەیلا گورگانی « له یەکەمین ڕۆژی مانگی ڕەشەمەی 1358ی هەتاوی لە شاری کرماشان چاوی به ژیان هەڵێناوە
خۆێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری کرماشان تەواو کردووە.
هەر لە منداڵیەوە خولیای شیعر بووە و شیعرەکانی ماموستا «لەتیف هەڵمەت» و «فروغ فەروخزاد» کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەری تا بتوانێ شیعربنووسێ. لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی ئەوینی شێعر له ناخیدا چرۆی کردووە و دەستی به هۆنینەوەی شێعر کردووە ، لەسەرەتا بە شیعری فارسی دەستی پێکردووە و ماوەیەک قوتابی مامۆستای بەڕێز «مەسعوودی سادقی برووجردی» بووە،
یەکەمین بەرهەمی شێعری ئەو خاتوونە بەڕێزه لەساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی لە» ئاوای کرماشان « بڵاو بوەتەوە،
ساڵی ١٣٨٢ تا ساڵی ١٣٩٤ به هەندێک هۆکارە دەرفەتی هۆنینەوەی شێعری بۆ نەرەخساوە، ساڵی ١٣٩٤ له خزمەتی بەڕێز مامۆستا «ئیرەج عێبادی» له شاری سنە جارێکی دیکە خۆی باشتر له جاران به شێعر به تایبەت به شێعری کوردییەوە گرێدراوەتەوە و هەر وەها لەلای ماموستا «ئیرەج بەرزنجی « زۆر بەباشی فێری خوێندن و نوسین بە زمانی دایک واتا زمانی کوردی بووە و تا ئێستا بێپشوودان و زۆر پۆخت تر له جاران هەستی خەیاڵی سواری وشه کردووە تا وڵاتی بیروهزری کوردستان گەشاوەتر بنوێنێت.
خاتوو «لیلا گورگانی» یەک لەو ژنە چالاک و ئەدیبانەیە کە هەموو وەختێ خۆی بۆ نووسین، بەتایبەت نووسینی شێعر تەرخان کردووە.
ئازارو بەشمەینەتیەکانی ژنانی نیشتمانی بە زمانی شیعر دەهۆنێتەوە و ئیستا لەشاری سنەی سەربەرز دەژیت
چەند شێعری خاتوو لەیلا لە حەوتەنامەکانی لووتکە وئارێز چاپکراوە و ئێستاش کتێبێکی شێعری بەناوی «سهم من از مجنون» چاپ و بڵاو کراوەتەوە
بە هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خاتوو لیلا گورگانی و هەموو خاتوونانی نیشتمان
وشکێکی سارد لە ڕوومەتما
سەرخۆش
سەرخۆشتر لە چی ئاوازە
بە سینەی ئەم دەشتا ئەچرپێم و
نەوڕەسی ئەم رستە
کە ئەشقە و مەیلەوکاڵ
ئاراستەی بەهار دەکەم
گوڵەکانم لە خاکدا نووستوون و
مزگێنی هیچ سروەیەک
خەبەریان ناکاتەوە…
*
دار کۆچ دەکات
گوڵ کۆچ دەکات
ئاو کۆچ ئەکا و
ماسی دڵم دەمێنێت و
خۆشەویستی تۆ دەمێنی و
وشکێکی سارد لە روومەتما
تەنانەت تۆ
تەنانەت بارانیش
بەهاری پێ نەبوو
سوور بووین
لە هاواری سووتاو
لە فرمێسکی ون بوون
کە بۆنی هیچ گوڵێ
دەنگی زام
لە ڕوومەتیاندا ناشواتەوە
هاوارەکانمان
گرێ دەدەین بە ئاسمانەوە
هەور دەگرمێنێ و
لە شوێنە بێ بارانەکاندا
بەهار ئەدۆزینەوە…!
لەیلا گورگانی