ئا: تریفە فاتیحی
خاتوو لەیلا بەهرامبەگی یەک لەو ژنە چالاک و ئەدیبانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە دڵنیاییەوە داهاتوویەکی گەشی بۆ ئەدەبیات و وێژەی کوردی لێ چاوەڕوان دەکرێ.
خانمە شاعیر و نووسەر و چالاکی ئەدەبی خاتوو « لەیلا بەهرامبەگی» ناسراو بە»لاولاو» لە ساڵی 1356ی هەتاوی لە شارە جوان و فەرهەنگ پەروەرەکەی بۆکان بووکی موکریان چاوی بە دونیا هەڵێناوە .
لە ساڵی 1385ی هەتاوییەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە و لە چەند قالبدا، شیعری نووسیوە. هەم کلاسیک و هەم شیعری نوێ.
بە ڕای شاعیر گرینگ نییە لە چ قالبێکدا شیعر بنووسی، چون شیعر خۆی بڕیار دەدا بە چ کراسێکەوە بچێە ژوانی بەردەنگ .
خاتوو لاولاو لە گۆڵشەنی شیعری کوردیدا، لاولاو ئاسا بە هەستە جوان و قەڵەمە بوێرەکەی بە باڵای ئەو گۆڵزارەدا هەڵدەزنێ و سات بەسات و ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو لووتکە دەچێ و ئەویندارانە دەنووسێت و دەدرەوشێتەوە.
لاولاوی گوڵزاری شیعر ئەویندارانە شیعر بەڵای ئەوینەوە دەنووسی.
نووسینەکانی خاتوو لاولاو تەژین لە هەستی ژنانە و
لە زمانێکی پاراو و دونیایەکی پڕ لە جوانی ژنانەوە سەرچاوە دەگرن( لەگەڵ ئەوەشدا خۆی دەڵێ: شێعر گەورەتر لەوەیە کە بمانەوەێ بیبەستینەوە بە ڕەگەز، ئایین،ئایدۆلۆژیا یا وڵاتێکی تایبەتەوە… شێعر هونەرێکی بێسنوورە کە گەورەترین ئەرکەکەی وێنا کردنی جوانییە..)
خاتوو لاولاو جیا لە نووسینی شیعر و چیرۆک، لە زۆر بوارگەلی دیکەشدا ماندوو نەناسانە چالاکی دەکا.
وەک :
ئەندامیەتی ئەنجومەنی ئەدەبیی شارەکانی بۆکان، نەغەدە، سەردەشت.
مامۆستای وانەبێژ بە شێوازی هاوکاری لەگەڵ فێرگەکانی زمانی کوردی.
وانەبێژی کلاسی شێعری کلاسیک لە لایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی مناڵانی نیشتمانی شاری بۆکان.
بەڕێوە بردنی چەند ئێوارەشێعر و کۆڕ یاد.
ئەندام و یەکێ لە بەرپرسانی سەرەکی ئەنجومەنی ئەدەبیی مناڵانی بۆکان.
دەبیری کۆبوونەوە ئەدەبییەکانی کتێبخانەی مەستوورە کوردستانی بۆکان.
براوە و هەڵبژاردەی چەند فستیڤالی شیعر.
وانەبێژی مەکاتبی ئەدەبی لە دنیای مەجازیدا.
ئەندامی دەستەی نوێی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان و هتد..
خاتوو لاولاو، سەرەڕای ئەو کارە پیرۆز و ئەرکە زۆرەی کە باسمان کردن، لە زۆربەی بڵاڤۆگەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا نووسینەکانی چاپ و بڵاو بوونەتەوە، بڵاڤۆگەکانی وەک:
بۆکان، زیرەک، هەڵاڵە، سیروان، مهاباد ڕامان و..
بە ڕای خاتوو لاولاو شاعیری ڕێگەیەی ئەستەمە. بۆیەش زۆر جار دەڵێ شاعیری لەگەڵ هۆگر بوونی شێعر جیایە.
هەڵبەت خاکەڕاییەک کە لەم قسەیەیدایە شاراوە نییە.
لای ئەو کەسێک کە وەک مامۆستا هێمن سەر و ماڵ و ژیان و تەمەن و شەڕەفی بۆ ئەدەبیات و شێعر دانەنێ تەنیا دەتوانی ناوی هۆنەری لێ بنێی نە شاعیر! خۆی دەڵێ لەگەڵ هەموو ئەو وزانەی بوومە و لە گەڵاڵەی داهاتووی تەمەنی ئەدەبیمدا هەیە و ناوەستم، خۆم پێ لە سەرەتای ئەو ڕێگە ئەویناوییە. پێم وایە زۆری پێدەوێ تا ئەو بەهایەی پێویست و شایانی شێعرە بیدەم. دیارە لە هەر چەند سەدەدا تەنیا کەسێک تۆانیویەتی بەرگی بەرژەوەندیخوازی و خۆویستی دادڕێ و سەرشێتانە تێبکۆشی بۆ شێعر. هەڵبەت ئەوە ڕوانگەی ئەزموونکراوی خۆمە و بڕوای سەتاسەتم پێی هەیە. هونەر بە گشتی و شێعر عادڵترین پڕۆسەی کایناتە، کە چەندەی تێچوو بۆ بدەی، هەر بەرامبەری ئەوەت پێدەداتەوە. ساڵانێکی زۆری پێدەوێ کە هۆنەرێکی هۆگری شێعر ببێتە شاعیرێک کە میللەت بیانەوێ. بۆیە شاعیر بوونی خۆم بۆ ئەو کات مسۆگر دەکەم کە هەموو شتم لە خۆم داماڵیبێ جیا لە یەک شت، ئەویش خۆلیایەکی بێدەرەتان و سەتاسەت بە خودی شێعرە. فارس کوتەنی: بە بها دهند نە بهانە…
کاتێک بە سادقی هیدایەت دەڵێن تۆ گەورە نووسەر و ڕۆشنبیری وڵاتی پێت وایە چ دەڵێ؟ دەڵێ: قوڕ بەسەر ئەو میللەتەی کە من گەورەترین نووسەر و ڕۆشبیرەکەیم. دیارە ئەم وتەیە جیا لە خاکەڕایی و بەرزڕووحی نووسەر، ئیمانێکی زەبەلاح بە ڕووحی هونەری لە پشتە. ئێمە هەر کات ڕوحمان بۆ ئەدەبیات دانابێ ناومان شاعیر و نووسەرە، ئەگەینا مامۆستا هەژار کوتەنی: وردەهەنگاوێ بەرەو گۆڕنانە…
ئەدەبیاتی منداڵان یەک لەو کارە پیرۆزانەیە کە بەخۆشیەوە لە ڕوژهەڵاتی کوردستان کاری بۆ دەکرێ و پێشکەوتنی زۆر باشی بە خۆیەوە بینیوە. خاتوو لاولاو لەو بوارەشدا قەڵەمی بە بڕشتی لە گەڕدایە، دوای کار و تێکۆشانی بەردەوام لەگەڵ مامۆستایانی شارەزادا لە ئێران و کانوونی نووسەرانی مناڵان، وەک ڕەحماندووست و… هەنووکه بەرهەمێکی بە نێوی «دونیای ئاڵا» کە
چیرۆکە شێعری دووزمانەیە
لە نووسینی خاتوو لاولاو و
وەرگێڕانی بە زمانی ئینگلیسی لە لایەن دوکتور عەبدولخالق یەعقووبییە، بە زوویی دەکەوێتە بەرچاوی مناڵە چاوگەشەکانی کوردستان.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی هەرچی زیاتر بۆ خاتوو لاولاو و هەموو شاعیرانی دەروەسی نیشتمان
خەونی گەڵا
لێرە گشت ڕۆژێ خەفەت خۆشییە دادەدڕێ لە بەر
هەڕەتی ڕەزبەرە وا خێڵی گەڵا، کەوتە سەفەر
سەفەری هات و نەهاتە بە تەمای حەزرەتی سەوز
پێشەوای بایە کە کاروانی گەڵای خستە خەتەر
ڕێگە ڕژد و هەڵەمووتە و نییە تاقەت لە دڵان
تاقە یەک لەم هەموانە دەگەنە تیشکی نەزەر
خۆ لە دار دادەڕنن، تاکوو لە دار دەن خۆیان
بۆتە تاوانی ئەوین، مردنی پڕ داخ و کەسەر
ڕێگە سەد بێ، یەکە سەر مەنزڵی ئەم قافڵەیە
وەرە تۆ بیت و خودا لەم سەفەرەش، بیکە حەزەر
تۆ تەما بگرە لە خۆت بەردە دەسی خۆویستی
ترسی چیتە کە گەڵاش مەرگەوەژی بۆتە قەدەر
ئەمە پاییزە دڵم چەشنی گەڵا وێڵە وەرە
ئاوڕی وێدە هەتا ئاوری دڵ نەچتەوە سەر
دەرسی هەڵچوون و زنین فێر بە لە “لاولاو”ی کەلان
تاکوو پاییزە لە لەش دەرچێ، دڵت بێتەوە بەر
لەیلا بەهرامبەگی
“لاولاو”