ن. ئا: تریفە فاتیحی
خانمە شاعیرو نووسەرو وەرگێڕ خاتوو ئەسمەر ئیبڕاهیمی ، ساڵی 1348هەتاوی لە شاری سنەی سەربەرز مەکۆی شۆڕەسوارانی ئەدبیاتی کوردستان چاوی بە دونیا هەڵێناوە.
دەورانی منداڵی هەر شاری سنە بووەو هەر لەو شارەش دیپڵۆمی ئەدەبیاتی وەرگرتووە.
لە ساڵی 1380وە دەستی بە نووسین کردووە و زۆر چالاکانە هاتووتە مەیدان و سەرکەوتووانە درەخشاوەتەوە، ساڵی 1392هەتاوی یەکەم بەرهەمی شێعری بەناوی ( چاوم کە بە دواتا دەشتێکە) چاپ و بڵاو کردۆتەوە.
نووسراوەکانی خاتوو ئەسمەر هەڵقوڵاوی هەستێکی ژنانەو ئەویندارانەن بۆ خۆشەویستی نیشتمان و دەربڕینێکن لە ژان و ئازەرەکانی ژنانی نیشتمانی .
خاتوو ئەسمەر ئیبڕاهیمی هەم بە زمانی فارسی و هەم بەزمانی کوردی شیعر دەنووسێ و هاوکات لە پەنای شیعر دا کاری وەرگێڕان بەتایبەت وەرگێرانی فیلم و دراما دەکا بو سەر زمانی کوردی.
هاوکات لەزۆر لە بڵاڤوگەکانی کوردستان و ئێران شیعرەکانی بڵاو بوونەوەتەوە بڵاوکراوەکانی وەک سیروان ،ئاگرین ڕۆژ ، ڕۆژان ، وزن دنیا و
حەوتە نامەی دیدگا.
تائیستا زۆرێک لە شیعرەکانی خاتوو ئەسمەر کراونەتە بە گورانی ،
دەبێ بلێن خاتوو ئەسمەر لە زۆر بواراندا چالاکی و دەکا و بە هەوڵ و ماندوو بوونی زۆری خزمەت بە ئەدەبیات و شیعر و هونەر دەکا ویەک لەو ژنە هەڵسوور و ماندوو نەناس و دیارانەی شاری سنە و کوردستانە.
هەنوکەش بەر پرسی رێکخراوی وشە یە لە کافە کتێب کە مەکۆی هونەرمەندان و ڕۆشەنبیرانی شاری سنەیە بە گشتی و دەورو بەری بەتایبەتی ، خزمەت بە ئەدیبان و نوسەران و هونەرمەندانی گەلەکەمان دەکا و تا ئیستا زیاتر لە حەفتا بەرنامە و کوڕی ئەدەبی و پەردەلادانی کتیب و هەروەها پێشانگا وێنە و …. لە کارنامە درەوەشاوەکانی کافە کتێبە کە خاتوو ئەسمەر بەو پەڕی لەخۆ بردوویی و ماندوو نەناسی سەر پەرشتیان دەکات.
مستێک بێ ئامانجیم لە گیرفانە و
ڕێگا بەرەو نادیار ئەڕوانێت
ئاخۆ کامە دەستی بای ژیان
وەک گەڵایەکی سەرگەردانی پاییزی
هەڵمببڕێت و
لە بێهوودەیی کامە وەرزی چارەنووسدا
بەرم بداتەوە
ئەوەی لێ تێناگەم
سەمای چەمەری چارەنووسە کە واز لە هەڵبەزین و دابەزین ناهێنێت
ئەوەی ئەمخاتە گومانەوە
خۆشەویستی نیشتمانێکە
قامکی خستوەتە قۆڕگم و
هەتا ڕەشانەوەی دواین ئارەزوو واز ناهێنێت
نیشتمانێک
کە نە شهید کارێ لێ ئەکا و نە شێعر
نە ئاوات ئەناسێت نە ئارەزوو
نیشتمانێک کە هەموو سەر لە بەیانییەک
بە تەمای هەواڵی شەڕێکیتر بە خەبەر دێتەوە
لە برسیەتی و خەون و خوێن
ئاوڕ ناداتەوە
نە هەناسەی سارد ئەیورووژێنی و
نە کزەی جەرگی سووتاو
پشتی کردووە لە ژیان و
چاوی لە دونیایەکی مەرگاژنە
ئەوەی ئەمخاتە گومانەوە
خوشەویستی نیشتمانە
ئەسمەر ئیبراهیمی