موژگان عەلیپوور
ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان ٧٨ مین ساڵەی تێکۆشان و خەباتی خۆی تێپەڕاند. ئەو ڕێکخراوە ٥٢ ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە سەرکۆماری پێشەوا قازی محەممەدی یاد بەڕێز دامەزرا. ئەو مرۆڤە بڵیمەت و زانایە لەو کاتەدا، بە گۆڕوتین مەشووڵی دامەزراندنی ئۆڕگانەکانەکانی حکوومەتی میللی کوردستان بوو، هەستی بە پێویستی بەشداری ژنان لە کاروباریی بەڕێوەبردنی وڵات کردبوو، بۆیە لەگەڵ هاوڕێیانی هاوبیری ڕێنوێن و پشتیوان بوو بۆ ئەوەی «حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان» لە ٢٤ ی ڕەشەممەی ١٣٢٤ دا، بە بەرپرسایەتیی مینا خانمی قازی (ئەسکەندەری) دامەزرێ. ئەو حیزبە دواتر بە حیزبی «یایان»یش ناوی دەهێندرا. دامەزراندنی ئەو حیزبە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەمڕۆدا، وەک: یەکەمین ڕێکخراوەی ژنان و کچان تێکۆشانی خۆی دەست پێکرد کە، کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر لە ٩٠٪ی نەخوێندەوار، لە ژێر تەوژمی پیاوسالاری، عەشیرەیی و نایەکسانیدا بوو. بەڵام ئەو هەڵویستەی پێشەوای مەزن دەری دەخا چۆن هەم لە هاوسەری خۆی داوا دەکا، بەرپرسایەتیی یەکەم ڕێکخراوی ژنان وەئەستۆ بگرێ و هەم ژنان و کچان بۆ هاتنەدەر لە ماڵەکان و بەرێوەبەریی دا، کە شتێکی نامۆ بوو، هان دا و گۆیا : لە کاتی سەفەرەکانی و بەشداریی لە کۆڕ وکۆبوونەوەکانیشدا، کچێکیشی لەگەڵ بووە.
خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوی ژنان لە نیزیک ٨ دەیەی تەمەنی دا، لە یەکەم قۆناغی کاروچالاکییەکانی دا، لە ماوەی بوونی حکوومەتی کوردی و پاڵپشتی یاسا بەسوودەکانی دەوڵەتی جمهووری کوردستان بوو، کە ژنان و کچان، بنێردرێنە قوتابخانە و زمانی دایک بخوێنن و بۆ ئەو مەبەستە بێ ئەوەی جیاوازییەک لەنێوان کوڕ و کچ هەبێ. ژنان و کچان لە ڕۆژنامەی کوردستان بە نووسین و قسەکردن کە لە ڕۆژنامەی کوردستان ئاماژەیان پێکراوە، نیشان لە پێشکەوتنی خێرای کۆمەڵگەی دواکەتوو ڕاگرتوەکەمان دەکا. هەروەها ژنان و کچان بۆ ڕێکوپێک کردنی کار و چالاکییەکانیان شوڕای گەڕەکیان لە مەهابادی پێتەختی کۆماری کوردستان دروست کردوە، کە جوولەکە و هەرمەنیشی تێدابوو و بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە (سپای میللی) بە کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی و ئامادە کردنی هێندێک پێداویستی پێشمەرگانە بە چنینی کاری دەستی، زۆر چالاک بوون. بەڕووخاندنی کۆمارە ساواکەی کوردستان بە کردەوەی فێلبازانە و سەرەڕۆیانەی دەسەڵاتی ناوەندی و پێشتیوانی زلهێزانی وەک: ئەمریکا و بریتانیا، بەداخەوە قۆناغی یەکەمی خەباتی و تێکۆشانی ژنان و کچان کۆتایی دێ. قۆناغی دوویەم دەگەڕێتەوە و بۆ دەورانی دەسەڵاتی پەهلەوی دوویەم (محەممەد ڕەزا شا) کە ئیزن بۆ کاروچالاکی ژنان و کچانی کورد بەشێوەی ڕێکخراوی کوردی نەدرا. بەڵام ئەو ژن و کچانەی لە کاتی بوونی کۆمار دا، چالاک بوون و نەسل (وەچە)ی دواتر لە دەرفەتەکان زیاتر بە شێوەی تاک و جار جار بە کۆ کەڵکیان وەردەگرت. بەتایبەتی لە زەمانی موسەدیق و جووڵانەوی جووتیارانی ناوچەی چۆمی مەجید خان وەک پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکە لە ساڵی ١٣٣١ دا، و چالاکییە فەرهەنگییەکانی دواتر لە بەشداری چیرۆکی شەو لە رادیۆ و کۆڕی هەڵپەرکێ لە تلویزیونی مەهاباد و کێبەرکێی دەنگ خۆشی لە قوتابخانەکان و بەشداریی لە ئۆردوویەکان قوتابخانەکان و خوێندن لە زانستگەکان هەرچەند ردەیان کەم بوو. ئەو قۆناغە کە سستی و بێدەنگیشی پێوەدیار بوو، هەتا بەهاری ١٣٥٧ و ناشتنی تەرمی نەمر عەزیزی یۆسفی لە مەهاباد و سێ ڕۆژانەکەی کە خۆپشاندانی توند بەرانبەر بە ڕیژیمی دیکتاتۆر کرا، ژنان هاتنە قوناغێکی نوێ لە خەبات و تیکۆشان دا. ٧ کچ لە مەهاباد ڕێکخراوێکیان دروست کرد و گۆڤارێکیان دەرکرد. لەوبارەیەدا، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی زاگرۆس باس لە ساغکردنەوەی «اتحادیە زنان مهاباد» (یەکیەتیی ژنانی مەهاباد دەکا. لە سەقز و مەریوان ڕێکخراوی چووکی ژنان و کچان پێکهاتن کە لە ڕێپوانەکان دا، بەشداریی چالاکانەیان هەبوو. لە هەموو ماوەی لە کۆماری کوردستان هەتا ڕووخانی دەسەڵاتی پەهەلەوی دوویەم، ژنان و کچانی تێکۆشەران و خەباتکارانی دێموکرات، چ لە باشووری کوردستانی ئەمڕۆ و چ لە کۆمەڵگە و یارمەتیدەری ژیانی زیندانییە سیاسییەکان و بەتایبەتی کاتی بزووتنەوەی ١٣٤٦ – ٤٧ ی پێشمەرگانە، بەشێک لەو خەبات و تێکۆشانەی ژیان، بوون.
قۆناغی سێیەمی کاروچالاکییەکانی یەکیەتیی ژنان لە کاتی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بووە. لە چەند شاری وەک: مەهاباد، بۆکان، شنۆ، سەردەشت کۆمێتەی ژنان تێکۆشانی چالاکانەی خۆیان دەست پێدەکەنەوە لە پەنا حیزبی دێموکراتدا ئەندامگیریش دەست پێدەکەن. لەو سەردەم دا، بە بڕیاری حیزب و هیممەتی یەکیەتیی ژنان چەند بابەتی وەک: بە زۆر بەشوودانی کچان، شیربایی وەرگرتن، ژن بە ژنە پێکردن، چووکە بە گەورە بە مێرددان، قەدەغە دەکرێن. ئەو کردەوە کە بە یاسا کرا و بە جیددی لە بەشی کۆمەڵایەتیی حیزب کارێ پێ کرا، پاڵپشتێکی باش بۆ ژنان و کچان و بەرەو یەکسانی هانگاونان بوو. ڕێژیمی نوێ و بە تایبەتی دوای داسەپانی کۆماری ئیسلامی، کە زۆربەی خەڵکان لە کوردستان دا، لە ڕێفراندۆم بەشدار نەبوون، گوشاری زۆر خرایە سەر کوردستان و هێرشی نیزامی و سەرانسەریی بۆ کرا، ژنان لە بەشداریی بەرگریکارانە گەلی دا، بۆ دیفاع لە ماف و ئازادییەکان سەرتا لە شارەکان و دواتر دێهاتەکانیش بە رێزی پێشمەرگەکان پەیوەست بوون و خەباتێکی دوررودرێژی چەند لایەنەیان دەست پێکرد، کە ئیستاش درێژەی هەیە. لەو قوناغەدا، کە لە هەر دوو قوناغی پێشوو درێژترە، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاخ و شارەکان، بە گرتنی کۆنفرانس و کۆنگرەکان لە باشووری کوردستان و دەرەوەی نیشتیمان بە گرتنی ٣ کونفرانس و ٥ کونگرە و پتر لە ١٠ کۆنفڕانس لە کۆمیتەکانی دەرەوە و ئەندامبوون لە شووڕای ئینتر ناسیونال – سوسیالیستی ژنان، بەشێوەی سیستیماتیک و ئۆڕگانایز، کار و چاکاکییەکانی بەڕێوە دەبا. پێویستە بگوترێ: جێگری سەرۆکی ئینترناسیۆنال- سوسیالیستی ژنان لە پانتایی رۆژهەڵاتی نێوراست و قەوقاز دا، بە یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئیرانە. قۆناغی نوێی یەکیەتیی ژنان لە پاش ڕاپەڕینی ژینا و شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» دا، کە لە ١٦ ی سێپتامبری ٢٠٢٢ (٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١) دەستی پێکرد. سەرەتا زۆربەی هەرە زۆری کوردستان و پاشان بەشێکی زۆری سەرانسەری ئێران و داوتر ژمارەیەکی دەیان هەزارکەسی لە تاراوگەی تێدابەشدار بوون، کە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی ژنان و کچان لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو شۆڕشە کە ڕێژیمی نگریس، مرۆڤ کوژ، مندال کوژ و ژن کوژی ئیسلامی سیاسی بۆ ١٠٠ ڕۆژ و شەو هەژاند. ئەو شۆڕشە ژنانی نەتەوە جیاوازەکان لە ئێران لە خاڵێک دا کۆ کردەوە کە ژن بوونیان بوو، و هاوکات ئەو دەرفەتەی بە ژنی کورد دا، کە بە ڕێشە مێژووییەی کە هەیەتی وتواناییەکانی خۆی نیشان بدا و لەو مەیدانە دا، ویست و داخوازییەکانی بە دیاریی کراوی بێنێتە گۆڕێ و ڕۆڵی پێشەنگیشی هەبێ. مەسەلەی شوناسی خۆی کە جگە لە ئازادی و مافی نەتەوەیی، یەکسانی و جیندری(ڕەگەزی)شە بێنێتە نێو کۆمەڵگەکان و بەتایبەتی میدیاکانە. ئەو شۆڕشە نە تەنیا ژنان، بەڵکوو هەموو هێز و لایەن سیاسیی و مەدەنییەکانیش بیر لە دارشتنەوەی فۆڕمێکی دیکە لە خەبات بکەنەوە هەتا لەگەڵ پەیام و نێوەرۆکی پەیامەکانی ژینا هاوتەریب بن. یەکیەتیی ژنان لە ئێستا دا، لە هەموو کات زیاتر، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنانی چالاک لەوبوارە دا، بە نیسبەت بەرەوپێشبردنی، پرسی ژنان و کچان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرکدارە. چوونکە لە کار وتێکۆشانی دا، ئەزموونێکی دیار و بەرچاوی هەیە لە کارێگەریی لە شۆڕشی ژیناش دا، زەق و بەرچاوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ