ژینا بوو بە هێمای شۆڕش و شۆڕش بوو بە کاڵایەک بە خەڵفی باڵای ژینا بڕا و هەتا ئێستەیش بڵێسەی ئاگری ئەم شۆڕشە، تاریکایی دڵی دەیانساڵەی خەڵکی بەشمەینەتی ڕووناک کرووەتەوە و هەتا هەڵاتنی خۆری ڕزگاری، ئەم ڕووناکییە دڕی بە شەوەزنگی دەسەڵاتی توتالیتەری( Totaliter) کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە و خەڵک لەسەر مافی ڕەوای خۆیان کۆڵ نادەن.
زۆرینەی شاعیران و نووسەران، هەرکام بەپێی توانا، لەسەر مەرگی خودی ژینای جوانەمەرگ و شۆڕشی ژینا، چ وەک شیعر و پەخشان، چ وەک چیرۆک و وتار، بەرهەمیان خوڵقاند کە هەرکەس لە لاپەڕەکانی خۆی لە سوسیال مێدیا بڵاوی دەکردەوە و چەند کەسێک دەیانخوێندەوە و لە بەینی ئەو بابەتانەی لە ڕۆژا بڵاوی دەکردەوە، ئەو دەقەی کە بۆ ژینا و شۆڕشەکەی بوو، ون دەبوو و دەچووە خانەی فەرامۆشییەوە. بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بۆیان ناکرێ و ناتوانن بەرهەمەکانیان بە شێوەی کتێب بڵاو بێتەوە، هەتا ئەو دەقەش لەبەر تیشکی ڕووناکی کتێبدا بدرەوشێتەوە!
بەڵام، بۆ ئەوەی ئەم دەقانە پرژوبڵاو نەبن، گرد و کۆ بکرێنەوە و لە فەوتان ڕزگاریان بێ و ببنە ئەرشیڤێک بۆ مێژووی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و دروشمی پێشکەوتنخوازانەی ژن ژیان ئازادی، هەوڵ درا لە ڕێگەی بانگەواز لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و پێوەندیی ڕاستەوخۆ بە ئەدیبان و نووسەرانەوە، کۆمەڵێک بەرهەم بگاتە دەستمان و ئێمەیش ڕێکوپێکیان بکەین و لە دوتوێی کتێبکدا بۆ چاپ ئامادە بکرێ و لە ڕێگەی ئەدەبەوە مێژوویەکی زێڕین بە زیندوویی بهێڵینەوە. خۆشبەختانە زۆرینەی ئەو کەسانە کە پەیوەندیمان پێیانەوە گرد، دەقەکانیان بۆ ناردین کە جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە.
ئەم کتێبەی کە دێتە بەردەستی ئێوەی خوێنەری هێژا و بەڕێز، نزیک چوارمانگی خایاندووە و لەم ماوەیەدا زەحمەتێکی زۆری ویستووە، بەڵام عیشق بە ئازدی و شۆڕشی نوێ، هەر سات دڵمانی گەرمتر و ورەمانی بەرزتر کردووەتەوە.
ئەوە ئێوە ئەوە کتێبی “ژینای ئازادی لە ئاوێنەی ئەدبدا”!
پێشکەشە بە گڵکۆی پیرۆزی ژینا و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و کەنیشکان و کوڕانی وڵات و هەموو شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ژینا.
براتان: شاڕۆخ ئەرژەنگی و جەلال هانیسی