ڕەزبەری ئەمساڵ (٢٧٢٤ی کوردی)، کتێبی چیرۆکی منداڵانی «دەما کو زمانێ خرخرۆک و تەمبەلۆک ب هەڤ رە هاتبوون گرێدان» لە نووسینی «عادڵە خەلیفی» لەلایەن «ڕۆژان سۆفیزادە»، ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و مامۆستای قوتابخانە، لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردیی کورمانجی و لەلایەن ناوەندی ٤٩ کتێب لە ئەورووپا و باشووری کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەم کتێبە کە چیرۆکێکی تایبەت بە منداڵانە، لە ٢٤ لاپەڕە پێک هاتووە و «فاییزە شەکووری دیزجی» کاری وێنەسازیی بۆ کردووە.
«ڕۆژان سۆفیزادە» لەسەر مەبەست و ئامانجی لە چاپکردنی ئەم کتێبە و هەروەها گرینگیی ئەم بابەتە، بە گۆڤاری «ژنان»ی گوت:
سەرەتا دەمهەوێت دەستخۆشی لە هاوسەرەکەم بکەم کە هەموو کاتێک پاڵنەر و پشتیوانمە و بە هاوکاری و هاندەریی ئەو بوو کە بڕیارەم دا ئەم کتێبە خنجیلانەیە وەربگێڕمە سەر کوردیی کورمانجی.
کتێبی چیرۆکی «دەما کو زمانێ خرخرۆک و تەمبەلۆک ب هەڤرە هاتبوون گرێدان»، کتێبێکی چیرۆکی تایبەت بە منداڵانە کە لەلایەن «عادلە خەلیفی» بە زمانی فارسی نووسراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر چەند زمانی دیکە و مەبەستی سەرەکیم لە وەڕگێڕانی ئەم کتێبە ئەوە بوو زیاتر هـانی منداڵان بدەم بۆ خوێندنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی منداڵان گرینگی بە زمانی شیرینی کوردی بدەن.
بەهۆی ئەوەی پیشەم مامۆستایەتییە و بەردەوام لەگەڵ منداڵان لە پێوەندیدام، بڕیارم دا ئەو کتێبە وەربگێڕمە سەر کوردیی کورمانجی تا منداڵانی کورد بە هەر زاراوەی کوردی، کتێبی چیرۆکی منداڵانیان دەست بکەوێت و لە خوێندنەوەی کتێبی کوردی بە هەر زاراوەیەکی کوردی بێبەش نەبن.
لەلایەکی دیکەوە پێم وایە پێویستە و ئەرکی دایکان و باوکان و مامۆستایانە کە لەمبارەوە چالاکی بکەن و هـانی منـداڵان و قـوتابییەکانیان بـدەن بۆ خوێندنەوەی کتێبی منداڵان یان بۆیان بخوێننەوە تاکوو منداڵان ببن بە هـاوڕێی هەمیـشەیی کـتێـب و هـۆگری خوێنـدنەوە ببن و خوێنـدنەوە ببێت بە کولتـوور و بە پێویستییەکی ژیـانی ڕۆژانەیـان.
خوێندنەوەی کتێبی چیرۆکی منداڵان بەتایبەت بە زمانی شیرینی کوردی، منـداڵانمان پەنجەرەیەک و ئاسـۆیەکی نـوێ بەرەوڕووی منداڵانمان دەکاتەوە. خەیاڵ، مێشکی منداڵان دەورووژێنێـت و فـراونتری دەکات. هانیان دەدات و فـێری بەهـا جـوانەکانیان دەکـات. لەگەڵ شـتی نـوێ ئاشـنایان دەکات. ورەی منـداڵان بـەرزتـر دەکـاتـەوە و بـاری دەروونییان باشتر دەکات. کتێب بەگشتی و خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان، فـێری بیـرکـردنەوە و داهـێـنانیـان دەکـات. ئەمـانە، کارامـەیی بنـەڕەتین کە ڕێگایان پێ ـدەدات، گەشـە بـکەن و هـۆشـیار و زیـرەک و مـیهـرەبـان بن. هەروەها یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ بەرزکردنەوەی توانای وشەسازی و بـڕی ئەو زاراوانەی کە منـداڵان بەکاریان دەهـێنن، زۆرتـر دەبن.
لەلایەکی دیکەوە خوێندنەوەی کتێب، ڕاهـێنانێکی گرنگە بۆ مێشک، ڕایـدەهـێنێـت بـۆ ئـەوەی بتـوانێـت پەیـوەنـدییـە دەمـارییەکـانی باشـتر دروسـت بکات. بە تایبەتیـش کـتێـبی وێنەیی ڕەنـگاوڕەنـگ، زیـاتر مێـشکی منـداڵانی بچـووک دەگەشێنێتەوە. کـتێـبی باش، پەروەردە و بـڕوا و متمانەبەخـۆبـوون و هـیوا و گەشبینی و ئازایەتی بە منـداڵانی خوێنـەر دەبەخـشـێـت. دەبـن بە کەسـایەتیی سەرکـەوتـوو.
هەروەها قسەیەکم هەیە بۆ دایکان و باوکان و مامۆسـتایانی دڵسـۆز! هـەرچەنـدە کە کوردستان، نیشــتـمانی پیـرۆزمـان، ڕووبـەرووی کـۆمـەڵـێک کـێشە و نەهـامـەتی و سەختیی ژیان بووەتەوە، بەڵام نابێ منداڵانمان لە خۆشییەکانی ژیان بێبەش بن، هیوام وایە هەر خێزانێک لە بڕی ئەوەی شتێکی بێ سوود دەکەنە دیاری بۆ منداڵەکانیان (وەک ئایپاد و ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان و… هتد) کە چەندە نرخیشیان گران بێت، هیچ بەهایەکی نییە، لە بەرانبەردا کتێبێکی بەسوود بە دیاری بر منداڵەکەیان یان قوتابییەکەیان بدەن.
لە کۆتاییدا ئەو کتێبەی چیرۆکەی منداڵان کە وەڕگێڕانم بۆ کردووە، پێشکەش دەکەم بە منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان.