هەموو سالێک لە کۆتایی ساڵی خۆێندندا چەندیین کچ و ژن لە نێو ڕیزەکانی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»دا بە سەرکەوتووی قۆناغی خوێندن و زانکۆیان بە باشترین پلە دەبڕن و دەبنە مایەی شانازی بۆ حیزبەکەیان و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.
گۆڤاری «ژنان» بە ئەرکی خۆی دەزانی پشتگیری هەموو سەرکەوتنەکانی ژنان و کچانی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان و کچانی نیو ڕیزەکانی شۆڕش بکا.
بەو هۆیە داوامان لەو خۆشەویستانە کردووە کۆرتەیەک لە ژیاننامەی خوێندنی خۆیانیانمان بۆ بنێرن تا لەو ژومارەیەی گۆڤار بڵاو کەینەوە.
بێریوان عبدوڵاپوور:

من بێریوان عبدوڵاپوور کچی شەهید ڕەسوڵ عبدوڵاپوور ناسراو بە (ڕەسوڵ لیلانەیی) و خونچە سەلیمی، لە 3ی ڕێبەندانی ١٣٨٠ لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دایک بووم، خاوەنی سێ خوشک و دوو برام بە ناوەکانی (بێگەرد، بێخاڵ، بێژان _ بیرەوەر، بڕیار) ژیانی منداڵیم لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بەسەر بردووە، لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی تا پۆلی ٤ سەرەتایی لە قوتابخانەی هەرمۆتە و لە ۵ و ٦ی سەرەتایی لە قوتابخانەی ٢ی ڕێبەندانی کەمپی زەویەسپی خوێندوومە، لە پۆلی ٧ تا ٩ی ناوەندی لە قوتابخانەی هەرمۆتە خوێندوومە، دواتر بۆ درێژەدان بەخوێندی ئامادەیی ڕووم لە قوتابخانەی (کانی کچان) لە شاری کۆیە کردووە و توانیم سەڕەرای قورسی ژیان ئەو قۆناغەش بە سەرکەوتوویی ببڕم، لە پۆلی ١٢ ئامادەیی توانیم کۆنمرەی (٧٨) بەدەست بهێنم.
توانیم بەو کۆنمرەیە لە فاکەلتی پەروەردە_ بەشی مێژوو لە زانکۆی کۆیە درێژە بەخوێندن بدەم، بە خۆشحاڵییەوە لەسەر ئاستی زانکۆ لەو بەشەدا توانیم هەر چوار قۆناغ (پلەی یەکەم) بەدەست بهێنم و بەسەرکەوتوویی تەواوی بکەم.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەماوەی ژیانی خوێندنم توشی زۆر کۆسپ و تەگەرە بوومەتەوە، بەڵام هەر سوور بووم و بەردەوام بووم لە خوێندن، هیوادارم ئەمە تەنیا سەرەتایەک بێت بۆ ژیانی خوێندن و بتوانم زۆر زیاتر خۆم پەرەپێبدەم و لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە گەلەکەم بکەم.
سەبارەت بە ژیانی بنەماڵەییم، باوکم خەڵکی گوندی(لیلانە) ی سەر بە شاری ڕەبەت و دایکم خەڵکی شاری ڕەبەتە، دایکم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە پەیوەست بە ڕیزەکانی خەبات بووە و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر گەورە بووە ، باوکیشم لەتەمەنی ١٥ ساڵییەوە پەیوەست بە ڕیزەکانی خەبات بووە و تا تەمەنی ٤۵ ساڵی لە خەبات بەردەوام بووە و لە ڕێکەوتی ١٧ی ٨ی ١٣٩٣ شەهید بووە، بەڵام دایکم توانیویەتی پاڵپشتمان بێت و لەو ماوەیەدا سوور بێت لەسەر ئەوەی بتوانین لە خوێندن بەردەوام بین و پەرەبەخۆمان بدەین، خۆشم لە ساڵی (١٣٩٧) ژیانی هاوسەرگیریم لەگەڵ یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزب پێک هێناوە، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا پاڵپشتم بووە و بەردەوام کار ئاسانی بۆ کردووم تا بتوانم بەو خەون و ئامانجانەی لە ژیانم هەیە بگەم.
شیلان خزرپوور:

من شیلان خزرپوور لە ٧ی گەلاوێژی ١٣٨١ لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە گووندی (گۆلی مەرزینگ ) سەر بە شاری بۆکان لە دایـــک بووم .
لە تەمەنی شەش ساڵی وەک هەر منداڵێکی تر هەر لە گووندەکەی خۆمان ناو نووس کرام بۆ خوێندن و لەگەڵ کرانەوەی خوێندنگا دەستم کرد بە خوێندنی سەرەتایم بەڵام بەهۆی ئەندام بوونی باوکم و کارو و چالاکییەکانی و ئاشکرا بوونی نەم توانی لەوێ درێژە بە خوێندن بدەم و هاتینە باشووری کوردستان و لە کەمپی (جێژنیکان) نیشتەجێ بووین.
خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی جێژنیکانی بنەڕەتی بە کۆتا گەیاند و بە خۆشحاڵییەوە یەکێک بووم لە خوێندکارە پلەبەرزەکان و ئەگەر یەکەم نەبام دووەم بووم. دواتر خوێندنی ناوەندیم تا پۆلی هەشتەم لە قوتابخانەی دواناوەندی جێژنیکان درێژە پێدا و دواتر لەگەل ڕاگەیاندنی خەباتی نوێی حیزب (ڕاسان) بەهۆی ئەرکە حیزبیەکانی باوکم ماڵمان گواستەوە بۆ کەمپی ئازادی لە کۆیە و بەم جۆرە خوێندنی ناوەندیم لە خوێندنگای رۆژهەڵات بە کۆتا گەیاند.
خوێندنی دواناوەندیم لە خوێندنگای چرۆی نموونە دەست پێکردوو لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەوەی کچە پێشمەرگە بووم چەندین جار ڕووبەڕوی بارودۆخی سەختی ناو شۆرش دەبوومەوە و زۆر جار ترسی بێباوکی باڵی بەسەردا دەکێشام بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو سەختییە دەبوو دەرکی ئەوەمان هەبایە کە ئەم ڕێگا و ڕێبازە فیداکاری دەوێت و منیش وەک منداڵێکی ناو ئەو شۆرشە پێم وایە کە ئێمە وەک منداڵانی ناو شۆرش هەموومان پێویستە بە پێنووسەکانمان یارمەتیدەر و درێژەدەری ئەم ڕێبازە بین.
سەرەڕای ئەو هەموو ناخۆشییە توانیم لە پۆلی ١٢ی زانستی بە کۆنمرەی ٨٠ دەربچم و قۆناغی نوێی خوێندنم درێژە پێ بدەم .
بە خۆشحاڵییەوە لە زانکۆی کۆیە فاکەڵتی زانست و تەندروستی لە بەشی فیزیا وەرگیرام و ئێستاش لە دوا قۆناغم بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالاریۆس (لیسانس) لە بواری فیزیا.
هەرچەندە ئەمە ئاسان نەبوو زۆر شەو و رۆژم بە شەونخونی و بێ خەوی بەسەر برد لە زۆر کۆر و کۆبوونەوە و خۆشی بەشدار نەبووم بەڵام هەرگیز لە هیچ رۆژێکی ئەم ساڵانە پەشیمان نەبووم. لە لایەکی تریش ئەو بارودۆخە سەختەی کە حیزب کەوتە ناوی لە مووشەک بارانی بنکە و ماڵەکانمان تا چۆڵکردنی ماڵەکانمان و جێهێشتنی ، لە ساڵەکانی خوێندنم راستە کۆمەڵێک ناخۆشیم بینی بەڵام باوەڕم وابوو کە هەر ئاوات و ئامانجێک کە هەتبێت و لە دڵەوە باوەڕت پێی هەبێ ئەوا هیچ شتێک ڕێگر نابێت لە بەردەوام بوون بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئارەزووەکان.
ئاواتە خوازم بتوانم لە قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی ژیانم و خوێندنیشمدا بە هەمان شێوە سەرکەوتوو بم و ئاواتەخوازم کە هەموو منداڵانی ناو شۆرش بە سەرکەوتوویی و سەرفرازی ببینم.
لە کۆتــــــایدا بە پێویستی دەزانم کە سپاسی حیزبی دێموکرات بکەم بۆ یارمەتی دان و رێخۆشکردن بۆ درێژە دان بە خوێندنی من و هەموو منداڵانی ناو شۆرش، وە هەروەها سووپاسی دایک و باوکم دەکەم کە هەموو کات لە هەموو باروودۆخێک پاڵپشت و هاوکارم بوون .
بێریڤان عەزیمی:

من بێریڤان عەزیمی، کچی زیبا ڕەوشەن و فەرەیدون عەزیمی، لە ١ی بەفرانباری ١٣٨١ لە نەخۆشخانەیی کەمپی ئازادی لە دایک بووم، خاوەن یەک خوشک و یەک برام بە ناوەکانی (فەردین و دلۆڤان) وەک هەر منداڵێکی تری حیزبی ژیانی منداڵیم لەناو کەمپی حیزبی بەسەربردووە، پۆلی یەکەمی سەرەتاییم تا پۆلی نۆیەمی ناوەندی لە قوتابخانەیی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی تێکەڵاو بە سەرکەوتوویی خوێندوە، دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندنی ئامادەیم ڕووم لە شاری کۆیە کردووە لە ئامادەیی کانی کچان خوێندنی ئامادەییم تەواو کردووە، دواتر بە کۆنمرەی ٨٢ لە بەشی مێژووی زانکۆی کۆیە وەرگیراوم و ئێستا لە قۆناغی چوارەمی خوێندنم دام، بە خۆشحاڵیەوە توانیومە لەو چوار ساڵەمدا لەسەر ئاستی بەشەکەم پلەی دووەم بە دەست بێنم، ئەگەرچی ژیانی خوێندنم وەک هەر منداڵێکی تری حیزبی بە قورسی تێپەڕیوە بەڵام هیوادارم دوای تەواوکردنی خوێندنم بتوانم خزمەت بە حیزب و گەلەکەم بکەم.
سەبارەت بە ژیانی بنەماڵەم باوکم خەڵکی گوندی کەڕاوایی سەر بە شاری مەریوانە و دایکم خەڵکی گوندی نۆدشەی هەورامانە سەر بە پارێزگای کرماشان، باوکم هەر لە سەرەتای تەمەنی لاویەوە پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئێستاش بەردەوامە لە ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆیی و دایکیشم هەر بەو جۆرە ئەندامی حیزبی دێموکراتە و نیشتەجێین لە کەمپی ئازادی.سەبارەت بە ژیانی بنەماڵەم باوکم خەڵکی گوندی کەڕاوایی سەر بە شاری مەریوانە و دایکم خەڵکی گوندی نۆدشەی هەورامانە سەر بە پارێزگای کرماشان، باوکم هەر لە سەرەتایی تەمەنی لاویەوە پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئێستاش بەردەوامە لە ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆیی و دایکیشم هەر بەو جۆرە ئەندامی حیزبی دێموکراتە و نیشتەجێین لە کەمپی ئازادی.