هەموو سالێک لە کۆتایی ساڵی خۆێندندا چەندیین کچ و ژن لە نێو ڕیزەکانی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»دا بە سەرکەوتووی قۆناغی خوێندن و زانکۆیان بە باشترین پلە دەبڕن و دەبنە مایەی شانازی بۆ حیزبەکەیان و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.
ئێمە وەک گۆڤاری «ژنان» داوامان لەو خۆشەویستانە کردووە کۆرتەیەک لە ژیاننامەی خوێندنی خۆیانیانمان بۆ بنێرن تا لەو ژومارەیەی گۆڤار بڵاو کەینەوە.
خوێندکاری سەرکەوتوو: ڕۆژین شابازی
من ڕۆژین شابازی لە ڕێکەوتی 1/1/1377 لە “کەمپی ئازادی” لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و لە بنەماڵەیەکی حیزبی و شۆڕشگێڕدا لەدایکبووم.
باوکم، ئەحمەد شابازی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و دایکم، سانیە شابازی پێشمەرگەی پێشووی حیزب و ئێستا ئەندامی حیزبە. دوو برا و دوو خوشکم بە ناوەکانی؛ شۆڕش، سەرگوڵ، ڕووناک و شێرکۆ هەیە.
سەرەتای خوێندنم لە قوتابخانەی “ڕۆژهەڵات” لە نێو کەمپی ئازادیدا دەستپێکرد و لە مێرمنداڵی قۆناغی خوێندنی دواناوەندییەوە لەگەڵ ناوەندنی منداڵپارێزیی نێرگز ئاشنا بووم کە ناوەندێکە تایبەتە بە منداڵان و مێرمنداڵان. لەوێوە لەگەڵ چالاکیی هونەری و وەرزشی و خولەکانی ڕاهێنان پتڕهەستم بەو زوڵم و بێبەشکردنانە کرد کە لە منداڵانی نەتەوەکەم کراوە و زیاتر ئاشنا بە هەوڵ و تێکۆشانەکانی حیزب کرد کە بۆ لابردنی ئەو زوڵم و زۆریانە خەبات دەکات.
خوێندنی بنەڕەتیم لە خوێندنگەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی تێکەڵاو لە بنکەی ئازادی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە ، وە بۆ خوێندنی ئامادەیی چوومەتە شاری کۆیە. توانیم ساڵی 2017 ئەو قۆناغە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەم .
لە 16/10/1396 (2017) بوومە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لە کومیتەی “زاگرۆس” دەستم بە کاری حیزبی کردووە و چەند ئەرکێکم لە کومیتەی زاگرۆس بە ئەستۆ گرت کە بەخۆشییەوە توانیم بە سەرکەوتوویی بەجێیان بگەیەنم. هەروەها بەشداریی چەند دەورەیەکی سیاسی و پێشمەرگانەم کردووە.
لەگەڵ ئەوەی لە کومیتەی زاگرۆس دەستم بەکار کرد بەردەوام بووم لە خوێندن و ساڵی 2019 توانیم بڕوانامەی فوق دیپلۆم لە بەشی ژمێریاری لە پەیمانگای تەکنیکی لە شاری کۆیە بە پلەی شەشەم بەدەست بهێنم .
لە ڕێکەوتی 28/2/1398 بوومەتە ئەندامی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لەو ڕێکخراوەشدا چەند ئەرکێکم بە ئەستۆ گرت و بەخۆشحاڵییەوە توانیم بەسەرکەوتوویی بەجێیان بگەیەنم. هەروەها له ڕێگەی یەکێتی ژنانەوە سەرکەوتووانە بەشداریی چەند دەورەیەکی تایبەت بە زانیاریی سیاسی و پێشمەرگانە کردوە .
ساڵی 2023 بڕوانامەی بەکالریۆس(لیسانس) لە زانکۆی کۆیە لە بەشی زمانی ئینگلیزی مسۆگەر کردوە.
لە هاوینی 1401 لەگەڵ ئارام محەممەدیان پێشمەرگەی پێشووی حیزب کە ئێستا ئەندامی حیزبە و لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێیە، بڕیاری پێکهێنانی ژیانی هاوبەشمان داوە.
لە ماوەی چەند ساڵی خوێندنمدا بنەماڵەکەم پاڵپشتێکی بەهێزم بوون و لەگەڵ ئەوەشدا حیزبی دێموکرات پاڵپشتێکی گەورەی دیکەم بووە و بە پێ ئیمکان ئەوەی لە دەستی هاتبێ بۆ منداڵانی نێو شۆڕش لە خوێندن و پەروەردەدا درێغی نەکردووە و بۆتە هۆی دڵگەرمیمان لە خوێندن و خۆپێگەیاندن.
منداڵانی نێو شۆڕش لەگەڵ ئەوەی ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی ناخۆشی وەک دوورە وڵاتی، هێرش و هەڕەشەکانی دوژمن و بێ ئیمکاناتی و دەستکورتیی بنەماڵەکانیان بوونەتەوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان توانیویانە قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی تەواو بکەن.
هەندێک لەو ڕووداوە سەخت و ناخۆشانەی کە لەم چەند ساڵەی دوایدا ڕوویاندا کاریگەریی دەروونی زۆری لەسەر منداڵانی نێو شۆڕش هەبووە. بەڵام دیسانەوە توانیومانە بەسەر هەموو ناخۆشیەکاندا زاڵ بین و بەپێوە بوەستین و درێژە بە هەوڵەکانمان بۆ خۆ پێگەیاندن و خزمەت بە نیشتمانەکەمان بدەین.
هەر لەگەڵ دەستپێکردنەوەی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکرات و سەرهەڵدانی ڕاسان لە نەورۆزی 1395 ، لەگەڵ ئەوەی جارێکی دیکە پێشمەرگە بە نێوخۆی ڕۆژهەڵات شاد بووەوە و خەباتی شار و شاخ سەریهەڵدا کە بەشێکی نوێی خەبات بوو و چەندین گۆڕانکاری تێیدا ڕوویاندا بەڵام هەندێک ڕووداوی ناخۆشیش لەو خەباتەدا هەبوو کە چەندین هاوڕێ و هاوسەنگەری ئازیزمان شەهید بوون و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون .
هەروەها چەندین ڕووداوی تری ناخۆش و دڵتەزێن لەو ماوەیەدا ڕوویاندا، وەکو تەقینەوەی شەوی یەڵدا لەبەردەم دەرگای قەڵای دێموکرات کە چەند کەسێک شەهید و بریندار بوون و تیرۆرکردنی چەند پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لەو ماوەیەدا لەو ڕووداوە ناخۆشانە بەوون .
هەر لە درێژەی ئەو ڕووداوە ناخۆشانە و پیلانگێرییەکانی ڕێژیمدا؛ مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە 17 خەرمانانی 1397 کە دیسان بەداخەوە لەو کارەساتەدا 16 پێشمەرگە شەهید بوون و پۆلێک هاوڕێی و هاوسەنگەر بریندار بوون.
سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕەزبەری 1401 لە کوردستان و ئێران یەکێک لەو ڕووداوە مێژوویی و گرینگانە بوون کە بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەستی پێکرد و ناوی شۆڕشی ژینای لەسەر نرا. لەم شۆڕشەدا کوردستان ڕۆڵی پێشەنگایەتی گێڕا و کورد لە ئاستی ئێران و جیهاندا زیاتری ناوبانگ پەیدا کرد. ڕێژیم بۆ تۆڵەکردنەوە و بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵک بنکەو بارەگای حیزبەکان، بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کردە ئامانج.
لەم پێوەندییەدا سپای پاسدارانی بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکەکانی حیزب کە بەم هۆیەوە جیا لە شەهید و بریندرابوونی کۆمەڵێک پیشمەرگە و ژن و منداڵ، زیانێکی زۆر بەر قوتابخانەی منداڵان کەوت.
ئەمانە و چەندین ڕووداوی دیکەی ناخۆش لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ئاخر ڕوویدا، بەڵام ئەمانە ڕاستە کە ناخۆشترین ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بوون کە ڕوویاندا، بەڵام نەیانتوانیوە بمانوەستێنن و هەروا بەردەوامین. .
لەگەڵ هەموو ئەم ناخۆشیانەدا توانیومانە بەسەر کەند و کۆسپەکاندا زاڵ بین و لە درێژەی کارو تێکۆشانماندا تەنیا بیر لە سەرکەوتن و بەختەوەریی نەتەوەکەمان دەکەینەوە.
ئەوە بەشێکە لە ژیان و بەسەرهاتەکانی منو یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانم ئەوەیە کە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دا و لە پێناو بەختەوەریی خەکیی کوردستاندا خەبات دەکەم.
دەستخۆشی لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنان دەکەم بۆ بەسەرکردنەوەی ژنانی نێو شۆڕش.