هەموو سالێک لە کۆتایی ساڵی خۆێندندا چەندیین کچ و ژن لە نێو ڕیزەکانی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»دا بە سەرکەوتووی قۆناغی خوێندن و زانکۆیان بە باشترین پلە دەبڕن و دەبنە مایەی شانازی بۆ حیزبەکەیان و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.
ئێمە وەک گۆڤاری «ژنان» داوامان لەو خۆشەویستانە کردووە کۆرتەیەک لە ژیاننامەی خوێندنی خۆیانیانمان بۆ بنێرن تا لەو ژومارەیەی گۆڤار بڵاو کەینەوە.
خوێندکاری سەرکەوتوو: سۆما مەجیدی
ناوم سۆما مەجیدییە کچی عەلی ئەشرەف مەجیدی و لەیلێ موحتەمەدی. لە ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٨٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووم، باوک و دایکم خەڵکی شاری کامیارانن و لە دوای ئەوەی باوکم پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی حیزبەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بەجێهێشتووە. خوێندنی سەرەتاییم تا پۆلی ٤ی بنەڕەتی لە قوتابخانەی گردەچاڵی تێکەڵاو خوێندوە و دواتر بەهۆی گواستنەوەمان بۆ کەمپی ئازادی، خوێندنم بە سەرکەوتوی لە قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی تێکەڵاو تەواو کردووە. دواتر بۆ بەردەوامی دان بە خوێندن لە شاری کۆیە لە قوتابخانەی کانی کچان خوێندنی ئامادەییم تەواو کردوە. لە زانکۆی کۆیە لە بەشی کوردی وەرگیراوم لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ .لە دوای چوارساڵ خوێندن بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لەو بەشە وەرگرتووە.
ئەگەرچی بەهۆی سەختی و دژواری ژیانی ناو شۆڕش خوێندن ئەوەندە ئاسان نەبووە بۆ ئێمە، بەڵام توانیومانە سەرکەوتن لە خوێندنماندا بەدەست بێنین.
باوکم عەلی ئەشرەف مەجیدی کە ساڵی ١٣٢٩ لە گوندی وێزەیەری سەر بە شاری کامیاران لەدایکبووە. دواتر لە ساڵی ١٣٥٨ پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لە هێزی بێستوون سازماندراوە. لە دوای ٧ جار برینداربوون لە بە هۆی سەختی برینەکەییەوە لە ساڵی ١٣٦٤ ڕەوانەی وڵاتی فەڕەنسا کراوە، دواتر گەڕاوەتەوە ناو ڕیزەکانی حیزب. لە پاش گەڕانەوە جارێکی دیکەش لە ناوچەی سەقز بۆ ٨ەمین جار بریندار بووە. ئەوانەش نەبونەتە هۆکارێک دەستبەرداری حیزب بێت و تاکو ئێستاش لە فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە لە خەباتی خۆی.