هەموو سالێک لە کۆتایی ساڵی خۆێندندا چەندیین کچ و ژن لە نێو ڕیزەکانی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»دا بە سەرکەوتووی قۆناغی خوێندن و زانکۆیان بە باشترین پلە دەبڕن و دەبنە مایەی شانازی بۆ حیزبەکەیان و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.
ئێمە وەک گۆڤاری «ژنان» داوامان لەو خۆشەویستانە کردووە کۆرتەیەک لە ژیاننامەی خوێندنی خۆیانیانمان بۆ بنێرن تا لەو ژومارەیەی گۆڤار بڵاو کەینەوە.
خوێندکاری سەرکەوتوو: شلێر مەحموودی
من شلێر مەحموودیم و لە گوندی کونەماری سەر بە شاری قەڵادزێ لەدایک بووم. بەشانازیەوە منداڵی نێو شۆرشم و پەروەردەی قوتابخانەی دێموکڕاتم. بەشێکی خوێندنی سەرەتایم لە دێگەڵە تەواو کردوە و بەشەکەی تریشی لە هەولێر، وەهەروەها قۆناغی ئامادەیشم لە هەولێر تەواو کردوە و دوای تەواوکردنی پۆلی 12 نێوم لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بەشی یاسا هاتەوە، لەسەرەتادا هیچ خولیایەکم بۆ خوێندنی یاسا نەبوو بەڵام دواتر کە کەوتمە نێو قووڵایی دەرسەکەوە خولیایەکی زۆرم پێ پەیدا کرد. هەر ئەو حەزە وایکرد کە هەوڵدەم قۆناغێکی تر درێژە پێ بدەم، بەهۆی ئەوەی کە لەپەیمانگا بە دەرەجەیەکی باش دەرچووم هەر ئەوساڵە دەمتوانی درێژە بەخوێندن بدەم بەڵام بەداخەوە بارودۆخی ژیان ڕێگەی نەدا. بەڵام بڕیارمدابوو لەهەر دەرفەتێک کەبۆم هەڵکەوێ درێژە بە خوێندن بدەم و لەساڵی 2018 ئەو دەرفەتەم بۆ رەخساو توانیم لەزانکۆی کۆیە دەست بەخوێندنی یاسا بکەمەوە، بەڵام جیاوازتر لەساڵانی پێشوو ئەرکی دایکایەتی لەلایەک و ئەرکی پێشمەرگایەتی لەلایەکی تر، جگە لەکاری رێکخراوەیی، هەموو ئەوانە پێکەوە ژیانیان زۆر قورس کردبووم. قورسی دەرسەکەشم سەرباری هەمووان. ئەگەر خولیایەکی زۆرم نەبوایه بۆخوێندنی یاسا هەرگیز نەمدەتوانی ئەو قۆناغە تەواو بکەم. چونکە هەر لەدەستپێکی خوێندنەکەمەوە تاکوو پێنجەم ساڵی زانکۆ هەرچی نەهامەتی و ناخۆشیە بەسەرمان هات هەر لەموشەکباران و تیرۆرەوە بگرە تا نەخۆشی و ئاوارەبوون، سەرباری هەموو ئەوانەش ئەو برینە قولەی کە لەسەر دڵم دروست بوو بەهۆی شەهیدبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانم کەهەرگیز سارێژ نابێ.
ئەگەر باسێک لە بەشی یاسا بکەم دەڵێم یاسا وەک بەحر وایە خوێندنی قەت تەواو نابێ، زانستێکی فراوانە و چاو و گوێ ی مرۆڤ دەکاتەوە و فێرت دەکات ئەرکت چیە و مافت چیە. بەڵام لەڕاستیدا عیلمێکی قورسە و خوێندنی ئاسان نیە و دەبێ کاتێکی زۆری بۆ تەرخان بکەی کەبەداخەوە من قەت ئەو کاتەم نەبوو. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کەم رۆژ هەیە بەبێ دەرس چووبمە سەرکلاس و هەمیشە هەولمداوە یەکێک بم لەخوێندکارە دیارەکانی نێو پۆل. زۆر جاریش بەدڵ لێی وەرەز بووم بەهۆی سەرقاڵی و سەختی ژیانەوە و بڕیارمداوە وازی لێ بێنم. زۆر جار من لە 24 کاتژمێردا دوو کاتژمێر لەمالەوە بووم جاری واش هەبووە بەدوسێ ڕۆژ لەئەرکی حیزبی بووم. ئەوەش وایکردبوو کە بەتەواوەتی لەخێزانەکەم دووربکەومەوە، بەڵام پشتیوانی فەرهاد عەبدولی هاوسەر و هاوڕێیی ژیان وایکرد کە هەموو ئەوکارانە بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدەم و بگەم بە کۆتا مەرحەلەی خوێندن و ئەو ئاواتەم بێتەدی کە لەمنداڵیەوە خەونم پێوە دەبینی کە ببم بە پارێزەر. بۆیە ئەو قسەیە ڕاستە کە دەلێن لەپشت هەر ژنێکی سەرکەوتوو پیاوێکی سەرکەوتوو هەیە وە بە پێچەوانەوە. بۆیە لێرەوە سوپاسی خێزانە گەورەکەم دەکەم کەهەمیشە هاندەر و پشتیوانمن.
وە هیوادارم کە پارێزەرێکی دادپەروەر بم و بتوانم ماستەر و دکتۆرا لەو بەشە وەربگرم کە خەونی داهاتوومەو هەوڵی بۆدەدەم.
ژنان و کچانی پەروەردەی قوتابخانەی دێموکرات سەرەرای هەموو بەربەست و سەختی و ناخۆشیەکانی ژیان بەردەوامن لە خۆپێگەیاندن و سەرکەتوانە قۆناغەکانی ژیان دەبڕن، بەتایبەتی ئەوساڵ نیشانیادا کە هیچ هێزێک ناتوانێت رێگریان لێبکا و پۆلێکی باش لەخوێندکارەکان بە پلەیەکی باش لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەرچوون
کە ئەوەش نیشانەی بەهێزی و خۆڕاگرییە لەبەرامبەر دوژمندا.
لەکۆتایدا دەڵێم دێموکرات بوون شانازییە چونکە قوتابخانەکەی فێری خۆڕاگری، بەهێزی و بەردەوامیت دەکات.
هەربۆیە دەڵێم، ژنم، ژینم، ئازاو ئازادم✌️.