هەموو سالێک لە کۆتایی ساڵی خۆێندندا چەندیین کچ و ژن لە نێو ڕیزەکانی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»دا بە سەرکەوتووی قۆناغی خوێندن و زانکۆیان بە باشترین پلە دەبڕن و دەبنە مایەی شانازی بۆ حیزبەکەیان و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.
ئێمە وەک گۆڤاری «ژنان» داوامان لەو خۆشەویستانە کردووە کۆرتەیەک لە ژیاننامەی خوێندنی خۆیانیانمان بۆ بنێرن تا لەو ژومارەیەی گۆڤار بڵاو کەینەوە.
خوێندکاری سەرکەوتوو: نەشمیل عەبدی
من نەشمیل عەبدی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر، لە گوندی (سەحەتلیا) ناوچەی گەلی بەراندێز سەر بە شاری ئورمیە (ورمێ) لە دایک بووم. لە جۆگرافیایەک کە هەم کوردبوون و هەم ژن بوون ژیانت سەد قات قورستر دەکات. هەشت خۆشک و یەک براین و من منداڵی حەوتەمی بنەماڵەکەمم. ژیان لە کوردستان هەر بە بەرخودانەوە دەست پێدەکات، لەدایکبوونی منیش هەر بە بەرخودانەوە دەستی پێکرد، ساڵی ١٣٧١ و ئەو کاتەی کە من لە دایک بووم، باوکم لە زیندانی ئورمیە زیندانیی سیاسی بووە، لەو ماوەیەی کە لە زینداندا دەسبەسەر بووە مافی دیتنی کەسی لە بنەماڵەکەی نەبووە، بەڵام دوایی ئەو هەموو هەوڵ و تێکۆشانی دایکم دواجار دایکم سەرکەوتوو دەبێ و دەتوانێ باوکم ببینێ، جا لەو چاوپێکەوتنەدا دایکم لەگەڵ پوورم (خۆشکی باوکم) دەچن بۆ دیتنی باوکم و منیش لەگەڵ خۆیان دەبەن. باوکم لەو ماوەیەی کە لە زینداندا بووە ئاگای لە هیچ ڕووداوێک نەبووە و تەماشای من دەکات و بە خۆشکی دەڵێ: کچەکەت زۆر جوانە، ناوی چییە؟ پوورم لە وەڵامدا دەڵێ، ناوی نەشمیلە، کچی من نییە ئەوە کچی تۆیە. بەڵێ یەکەم بینینمان بەو شێوازە لە پشت میلەکانی زیندان بووە. بەو شێوازە لەگەڵ باوکم یەکتر دەبینین و یەکتر دەناسین. ڕەنگە ئەمە چارەنووسی دەیان یان هەزاران منداڵانی کورد بێ لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەردا، بۆیە دەڵێم کوردبوون قورسە.
دوای ئەوەی کە باوکم لە زیندان ئازاد دەبێ _ باوکم ئەو کات مەلا بووە لە گوندی سەحەتلیا_ بە زۆرەملێ ڕەوانەی شار دەکرێین و لە گوندەکەی خۆمان دەر دەکرێین بەو مەرجەی جارێکی تر نەگەڕێینەوە و من لە تەمەنی چەند مانگیەوە، لە ژیانی گوند دێمە ناو ژیانی شار، کە دوایی تەمەنی خوێندنم پێدەگات و دەست بە خوێندن دەکەم لەگەڵ دوو خۆشکم کە لە خۆم گەورەترن.
کە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییمان تەواو کرد و چووین بۆ قۆناغی ناوەندی لەبەر چەند هۆکارێک دوو خۆشکەکەی ترم نەیانتوانی لە خوێندن بەردەوام بن و من بە تەنیایی لە خوێندن بەردەوام بووم و قۆناغی ناوەندیم بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و ئیتر دەبوایە قۆناغی دەبیرستانم دەست کردبا کە کۆماری ئیسلامی جارێکی تر هات و ژیانی ئیمەی تێک دا و هەر بەو هۆکارە منیش لە خوێندن دابڕام.
بەیانییەکی فێنک بوو و ئێمەش واتە هەشت منداڵەکە لە خەوێکی خۆش و شیریندا بووین، من ئەو کات تەمەنم تەنیا ١٣ ساڵان بوو و تەنیا یەک خوشکم ژیانی هاوسەرگیری پێک هێنابوو، هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر ماڵی ئێمە و هەموو ماڵەکەیان پشکنی و بە زڕاندنی خەوەکەی ئێمە لە یەک شوێن ڕیزیان کردین و هێزە لیباس شيخسییەکان لەبەر چاوی ئێمەوە چەکیان لەسەر سەری باوکم دانا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە باوکم هێشتا لەناو جێگەی خەودا بوو، بینینی ئەو دیمەنە بۆ منداڵ دەبێ چەن تراژێدی و ڕووخێنەر بێ، ئەو دیمەنانە هیچکات لەبیرم ناچن کە لەبەر چاوی ئێمەوە باوکمانیان برد و جارێکی تر باوکم زیندانی کرا. دوای ئەم ڕووداوە تەواوی ژیانمان گۆڕدرا و بۆ جارێکی تر دابڕاین.
باوکم ناچار بوو ساڵی ١٣٨٥ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بێڵێ و لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بێ، چونکە ئەگەری حوکمی قورستر وەکوو سێدارەدان لە چاوەڕوانیدا بوو. لەبەر ئەوە ناچار کرا ماڵ و حاڵ و نیشتمانی خۆی بەجێ بێڵێ و دوور لە بنەماڵەکەی ژیان بەسەر بەرێت. ئەم ڕووداوە تەنیا دابڕان لەگەڵ باوکم نەبوو، دابڕانی من لەگەڵ خوێندنیش بوو. خوێندن بۆ من ئاوات و خولیا بوو و ئەمە کاریگەریی زۆر نەرێنیی لەسەر من دانابوو، بەڵام هیچکات هیوا و ئاواتەکانم بۆ درێژەدان بە خوێندن لەدەست نەدا. دایکم بە هەشت منداڵەکەیەوە بە تەنیا مایەوە و لەبەر ئەو هۆکارە سیاسییە و بەتایبەتییش هۆکاری کۆمەڵایەتی، کە ئەوکات خوێندن بۆ کچ لەو ناوچەیەدا زۆر ئەستەم بوو، بەتایبەت بۆ من کە دایکم تەنیا بوو و قسە و قسەڵۆکی خەڵک زۆر بوو، خەڵک دەیانگوت خوێندن بۆ کچ جوان و پەسەند نییە و پێویست ناکات. بەتایبەت کە باوکی نەبێ و دایکی بە تەنیا بژیت. ئەو کاتە تەنیا توانای نووسین و خوێندنەوە بۆ کچ بەس بوو و تەنانەت دەیانگوت زۆریشە. من تەنیا کچی بنەماڵەکەم بووم کە لە خوێندن بەردەوام بووم تا ئەو کاتە کە ئیتر باوکم ڕۆیشت و نەمتوانی بڕۆمە دەبیرستان. ژیانی من و خوێندن بۆ ماوەیەکی کاتیش بووبێ کۆتایی پێهات و خەم و خەفەتی زۆرم لێ خوارد، هەموو کات خەونم پێوە دەبینی و تەنیا ئاواتم درێژەدان بوو بە خوێندن. بەڵام ئەوکات براکەم لە خوێندن بەردەوام بوو و لە چاوی کۆمەڵگەی ئێمە، خوێندنی کوڕ ئاسایی بوو و عەیبە نەبوو لە نەبوونی باوکدا و باشتر وابوو کوڕ لە خوێندن دانەبڕێن، بۆیە دەڵێم ژنبوون قورسە. بەڵام دیسان کۆڵم نەدا و هەر دەمزانی لە دەرفەتێکی تر بەردەوام دەبم و وەک براکەم دەتوانم درێژە بە خوێندنەکەم بدەمەوە. ئیتر ئەوکاتە دەستم بە کاری دەستی کرد بۆ جلوبەرگی کوردیی ژنان کە بتوانم لەسەر پێی خۆم ڕاوەستم و هەروەها هاوکاریەک بێ بۆ دایکم، چونکە ئێمە حەوت خۆشک مابووین و خۆشکەکانی تریشم هەم بەرگدووریان دەکرد و هەم کاری دەستی. بەڵام خەونی من تەنیا خوێندن بوو و بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕام کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەست بە خوێندنی خۆم بکەمەوە تەنانەت جارێکیان چوومەوە بۆ خوێندنگەکەی خۆم و پەروەندەکەم هێنایەوە کە بۆ قۆناغی دواناوەندی(دەبیرستان) خۆم ناونووس بکەم لەبەر ئەوەی ئەوکات دوای دابڕان لە خوێندن دەستم بە خوێندنەوەیەکی بەربڵاو کرد لە ڕۆمان و شێعر … و بۆ من خوێندن تەنیا ناوەندەکانی خوێندن نەبوو و بەڵکوو خوێندنی هەر کتێبێک بۆ خۆی، خۆپێگەیاندنێک بوو لە نەبوونی خوێندنی ئاکادێمیکدا، چونکە من هیچکات تەسلیم نەبووم و دەمزانی بۆ خوێندن زۆر ڕێگا و دەرفەتی تر هەیە. هەر بۆیە خوێندن لە لای من کۆتایی پێ نەهاتبوو و خوێندنەوەی کتێب تا ڕادەیەک توانیبووی ئەو بۆشاییەم بۆ پڕ بکاتەوە. مەبەستم ئەوەیە هەر لەو کاتەدا لە پاڵ خوێندنەوی کتێب دەستم بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمانمکرد و هەر بۆیەش ئەوکات کە پەروەندەکەم هێنایەوە ویستم ئەدەبیات بخوێنم بەڵام بەداخەوە دیسان دەرفەتی خوێندنم بۆ نەڕەخسا و هەستم دەکرد خوێندن هەر ڕۆژ زیاتر لە من دور دەکەوێتەوە و نایشارمەوە کە هێندێک جار دەترسام کە بەڕاستی ژیانی خوێندنی من کۆتایی هاتبێ و چارەنووسی منیش وەک هەزران کچی کوردستان و ئەو جیهانە بێبەشی بێ لە خوێندن و وەک هەر حەوت خۆشکەکەی ترم بێ!
لە ساڵی ١٣٩١ بڕیارمان دا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بێڵین و لە باشوری کوردستان نیشتەجێ بین. ئەو دابڕانەی لەگەڵ باوکم کۆتایی پێ بێت و ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەین. ئەو کاتەش هەر خولیای خوێندنم لە مێشکدا بوو، بەڵام دیسان نەڕەخسا و منیش چووم بۆ کەناڵی تەلەفزیونی تیشک تی ڤی و لە تیشک دەستم بەکاری ڕاگەیاندن کرد ئەوکاتیش دسیان لە پاڵ کارکردندا هەوڵم دا هەم کار بکەم وهەم درێژە بە خوێندنەکەم بدەم، بەڵام دیسان لەبەر چەن هۆکارێک نەکرا . ئەو کاتەی کە تیشک بۆ ماوەی کاتی داخرا، من گەڕامەوە بۆ هەولێر و لە هەولێریش لە کاری ڕاگەیاندن هەر بەردەوام بووم.
ساڵی ٢٠١٦ی زایینی ئیتر بەیەکجاری بڕیارم دا کە درێژە بە خوێندنەکەم بدەم بە هەر شێوەیەک کە بووە، کە دەبوایە سێ ساڵی دەبیرستان بە شێوازی خارجی واتە دور لە ژینگەی خوێندنگە و مامۆستا بخوێنم، لە کاتێکدا کە دەیانگوت سەرکەوتوو نابی و بەو شێوازە قورسە و کاری کەس نییە، بەڵام من توانیم هەر سێ ساڵەکە بە دەرەجەی زۆر باشیش بێ مامۆستا قۆناغی دەبیرستان تەواو بکەم. ئاسان نەبوو بەڵام باوەڕم وایە ژن زۆر بەهێزە و دەتوانێ لە هەموو بوارێکدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ.
دوای تەواوکردنی قۆناغی دەبیرستان خۆم ئامادە دەکرد بۆ قۆناغی زانکۆ کە بە حوکمی کارکردنم لە تیشک و ئاشنابوونم بە کاری ڕاگەیاندن حەزم دەکرد لە بەشی ڕاگەیاندن درێژە بە خوێندن بدەم، فۆرمم پڕ کردەوە و ناوم لە زانکۆی سەلاحەدین لە کۆلێژی ئاداب و بەشی ڕاگەیاندن هاتەوە، چوار ساڵ خوێندن و کارکردن بەڕاستی ئاسان نەبوو چونکە دەبوایە شەوانە لە کاتی خەوتنم کوشتبایا و دەرسم بخوێندبا، توانیم چوار ساڵەکە بە سەرکەوتوویی و بە خوێندکاری نموونەیی زانکۆ تەواو بکەم. خوێندن بە زمانی دایکی چێژێکی تری هەیە، کەیفخۆشم کە هەم توانیم خوێندنەکم تەواو بکەم و هەم ئەم دەرفەتەم هەبوو کە بە زمانی دایکی درێژی بە خوێندن بدەم ئەو مافەی کە ڕێژیمی ئێران و دەسەڵاتەکانی پێش ئەویش لە کورد و تەواو نەتەوەکانی تر زەوتیان کردووە.