حەمیدە مەحموودی
بەردەوام لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھەواڵی ژن کوشتن بڵاوئەبێتەوە لە ھەندێک شوێنیش گۆڕی غەریب ھەیە کە ھیچ کەسێک سەردانیان ناکات و ھیچ ناو نیشانێکیان لەسەر نییە لە بەرامبەردا لێرە و لەوێ نارەزایەتی بچووک دەردەبردرێت یان کۆمەڵێک کۆبوونەوە یان ھەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە ڕێکدەخرێت. ھەولەکان زۆر بچووکن لە ئاستی ئەو تاوانە قورس و گرانە کە دەرھەق بە نیوەی کۆمەڵگە و دایکی نیوەکەی تر دەکرێ.
لە سەردەمی ھاوچەرخ دا نووسەری ژندۆست (فێمنیست Feminist) دیانا ئـ.ھ. رەسڵ یەکەم کەس بوو ھەستا بە پێناسەکردن و بڵاوکردنەوەی دەستەواژەکە لە ساڵی ١٩٧٦ دا و پێناسەکەی بریتیی بوو لە “کوشتنی ژن لەلایەن پیاوەوە بەھۆی ژن بوونیان.”
نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکان و ژنان-ی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ کورتەی توێژینەوەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە، بە ناونیشانی “کوشتنی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی (فێمیساید): خەمڵاندنی جیهانیی بۆ تاوانەکانی ژنان لەلایەن هاوسەر/خێزان لە ساڵی ٢٠٢٢دا”، تێیدا ئاشکرایان کرد سەرباری کەمبوونەوەی ڕێژەی گشتی تاوانەکانی کوشتن، کوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا زۆر زیادی کردووە، بە شێوەیەک کە بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.
توێژینەوە هاوبەشەکەی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکان و ژنان-ی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تیشکی خستووەتە سەر ئەو کوشتنانەی لەنێو ماڵدا ئەنجامدراون، کە لە کۆی ٨٩ هەزار کوشتنی ژنان لە جیهاندا، ٥٥٪ـی (٤٨ هەزار و ٨٠٠)یان لەلایەن هاوسەر/ ئەندامانی دیکەی خێزان ئەنجام دراوە و ڕایگەیاندووە، ئەو ڕێژەیە دەرخەری ئەوەیە ماڵ و خێزان نەبوونەتە پەناگەیەکی سەلامەت و پارێزراو بۆ ژنان، کە بە تێکڕا ڕۆژانە زیاتر لە ١٣٣ ژن لەلایەن ئەندامێکی خێزان/ناو ماڵ، کوژراون.
ئامارەکانی کوشتنی ژنان مەترسیدار و هۆشدارییەکی توندە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی تا ئێستا ڕووبەڕوو و بەرەنگاریی نایەکسانی قوڵ و توندوتیژیی دژی ژنان دەبێتەوە.
پێویستە حکومەتەکانی جیهان کار بکەن بۆ پێشخستنی سیستم و ڕێگەیەک کە کۆتایی بە دەربازبوونی تاوانباران لە سزا بهێنن و پاراستن و ئاسایش بۆ ژنان زیاتر دەستەبەر بکەن هاوکارییەکی زیاتر پێشکەش بە قوربانییەکان بکەن و دادگانیش ببنە ناوەندێک بۆ کۆتایهێنانن بە ژنکوژیی و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن.
گرینگە ژنان خۆیان لە بزووتنەوە کۆنپارێز و لیبرال و سۆسیالدیموکراتەکان بپارێزن چونکە ھەر ئەوانن لە لایەنی کەمەوە سەدەیەکە لاف و گەزافی ڕزگاری یان پاراستنی ژنان و ئازادیان لێدەدەن. بۆ نموونە جبەیان لەبەر دەکەن یان پێیان دادەکەنن وەک بڵێ مەسەلەکە جلوبەرگە باسی چکلێت و مێشەکەیان بۆ دەکەن یان ئازادی وەک رووتبوون و ئارایش. پرسی ژن تەنھا بۆ ئاستی یاسا دەھێنن و دەبینین رۆژ بە رۆژ ژنان بە ھۆکاری جیاواز رووبەرووی کۆیلایەتی ھاوچەرخ و بێکاری و ھەژاری و لەشفرۆشی و بازرگانی دەبن تا رادەی فێمیساید
زۆربەی حالەتەکانی فێمیساید بە ھۆی پاراستنی شەرەف ئەنجامدەدرێ ھەر کەسێک شەرەف لای خۆیەتی نەک لای کەسێکیتر و نێر و مێی نیە، ئەوانەی ژن بە شەرەفی خۆیان دەزانن ھەر بە ھەمان ئەندازە پیاویش شەرەفی ژنە، جا بیھێنە بەرچاوتان ئەگەر ژنان بە ھەمان ھۆی پاراستنی شەرەف سزای پیاو بدەن ئەو کات بە دڵنیاییەوە ئەوەندە پێشێلی شەرەفی ژن دەکات ئەوا دەبێتە پیاو قران، لە بەرئەوەی پیاو پشت بە یاسا و ئاین ونەریتی خۆی دەبەستێ (پیاو سالاری) ئازادی بە خۆی داوە و بڕیار لەسەر گشت وردەکارییەکانی ژیانی ژن دەدات.