نەسرین یوسفزادە
لە ژیانێکی پێشمەرگانەدا ژنێک بۆ چاکە دەجەنگێ، بۆ بەهێزبوون، لە جیهانێکدا کە نازانێ چارەنووسی چییە هەڵبژاردن بۆ ئەو سانا نییە، بەڵکوو ناچارییە، زۆرجار ئەوەندە دۆخەکە خراپە کە لەوانەیە شکست قبوڵ بکات! بەڵام هەمووکات تەسلیم نابێ و لە جیاتی دانیشتن و بەزەیی بەخۆداهاتن دەوەستێ و بارودۆخەکە دەگۆڕێ!
ئەو شەڕ دەکا، ڕووحی بریندار و ماندوو دەبێ، دەکەوێ، بەڵام هەرگیز شکست ناهێنێ چونکە باوەڕی وایە شایەنی ئەوەیە ئاسوودە بێ و هەوڵ دەدا بە هەموو توانایەوە بۆ خۆی ژیان دروست دەکا و شکست ناهێنێ و لاواز نابێ. ئەو هاتووە جیهان بگۆڕێ هاتووە جیاواز بێ و خەونەکانی وەدی بێنێ کەواتە دەبێ کڕنۆش برین بۆ ژنانی پێشمەرگە و پێشمەرگانی ژن بۆ هەموو گەورەییان.
یەک لەو ژنانە خاتوو “فەریدە شاوەیسی”یە هاوژین و هاوڕێی شەهیدی فەرماندە و چۆپیکێشەکەی زرێبار مامەقالەی عیزەتی ناسراو بە قالەڕیشەیە کە نیزیک بە نیوسەدە لە ژیانی بە هەموو جورە تەنگ و چەڵەمەیەدا تێپەڕی و دەیان هەوراز و نشێوی بڕی و شان بەشانی هاوژینەکەی پێشمەرگەئاسا ژیا و درێژەی بەو خەباتە ڕەوایەدا کە هاوژینەکەی بارەڕی پێی بووە و خۆشی باوەڕی پێ هێناوە.
بەپێی گێڕانەوی یەکێک لە نیزیکانی بنەماڵەی مامەقالە، خاتوو فەریدە دووهەم هاوژینی مامەقالەیە و بەهۆی دابڕانی چەندین ساڵەی مامەقالە لە ماڵ و منداڵەکەی و بێهەواڵی لێیان لەگەڵ خاتوو فەریدە کە پێشتر هاوژینی یەکەمی ئەویش کە پێشمەرگەی حیزب و شەهید ببوو، ژیانی هاوبەش پێک دەهێنێ.
خاتوو فەریدە خەڵکی ناوچەی بێسارانە و هەر لەوێ لەگەڵ مامەقالە ئاشنا دەبێ و بڕیار دەدن ژیانێکی تازە لەگەڵ یەک دەست پێبکەن، بەڵام ئیتر دەبێ بڵێین ژیانی ژنی پێشمەرگانە بە تایبەت کە هاوژینی پێشمەرگەیەک بێ و هەر ڕۆژێک و لە ترسی دوژمن لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر ڕاکەڕاکی بێ و هەردەم لە ترس و دڵەڕاوکەی ئەوەی کە ئایا کەی دەکوژرێی یان هەواڵی شەهیدبوونی نیزیکەکانی بەدەست دەگا دەبێ چ جۆرە ژیانێک بێ؟!
وەک ئەوەی کە باس دەکەن دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بنەماڵەی پێشمەرگەکان بڕیار دەدەن شار و ناوچەی خۆیان بەجێ بهێڵن و بەرەو سنوورەکانی باشووری کوردستان کۆچ دەکەن. بنەماڵەی مامەقالە لە شوێنیک بە ناوی هانەگەرمەڵە دەگیرسێنەوە لەوێ فەریدە دووگیان دەبێ و کوڕە گەورەکەی دەهێنێتە دنیا.
ئەوەی کە دەڵێن ژیانی پێشمەرگانە پێشبینی ناکرێ و پێشمەرگە هەردەم دەبێ چاوەڕوانی ڕوداوێکی چاوەڕواننەکراوە بێ، بەڵام هەردەم ڕوحمی دایکانە و خۆشەویستی نیشتیمان و ئەوین بە بیروبارەڕیان لە ژنانی وەک فەریدە بیندراوە؛ دەڵێن لە دەرگیرییەکی سەختی نێوان پێشمەرگەکان و بەکریگیراوانی ڕێژیمدا لە کاتێکدا مەترسی ئەوە هەیە کە یان دەستبەسەر یان تێکڕا شەهید بکرێن، مامەقالە پێ لەسەر دڵی خۆی دادەنێ و پێشنیار بە فەریدە دەکا کۆرپە دوو مانگانەکەی بەجێ بهێڵێ و خۆی دەرباز بکا، بەڵام فەریدەی بە بەزەیی و بە ڕەحمی دایکانەی، قەبووڵی ناکا و کۆرپکەی بە کۆڵێوە گری دەدا و بەهەر شێوەیەک بێ خۆی لەو دۆخە ڕزگار دەکات.
لەو ماوەیەدا فەریدە هاوڕێ لەگەڵ چەند ژنی دیکە لە هاوژینی پێشمەرگەکان بە دەستی داگیرکارنی دڵپیسی کۆماری ئیسڵامی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندنیخانە دەکرێن و لەوێش بە شێوازێکی زۆر خراپ ئەشکەنجەی ڕەوانی دەدرێ ئازار و سەختەیەکی کە ئەو خاتوونە چێشتوویەتی لەوانەیە بە دەیان لاپەڕە بگرێتەوە لە بەندیخانەش دوای ماوەیەک پاڕانەوە کە دەڵێن ئێمە تاوانمان نییە و مێردەکانمان نازانین لە کوێن و بەجێیان هێشتووین و…. ئازاد دەکرێن.
دوای ئەوەی کە دێنە باشووری کوردستان و لە شوێنێک بەناوی زڕیان نیشتەجێ دەبن و ژیانێکی ئاسایی دەست پێدەکەن دوای ماوەیەک کە مامەقالە لە پێشمەرگایەتی دادەنیشێ دەبێتەوە پێشمەرگە و دووباره ژیانی پڕ لە ئازار و چەرمەسەری و ترس و دڵەڕاوکێ و تۆپباران و ڕاکەڕاک بۆ فەریدە و ماڵ و منداڵی دەست پێدەکا. تەنانەت وای لێ دێ کە لە ژێر ئەو هەموو گوشار و هێرشانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران فەریدە بڕیار بدا لەگەڵ منداڵەکانی بەرەو ئێران ڕابکا و لەوێ لە شوێنێک خۆی حەشار بدا، بەڵام ئەو کاتیش بەسەر خۆیدا زاڵ دەبێ و پەشیمان دەبێتەوە و بڕیار دەدا هاوشان لەگەڵ هاوژینەکەی شەڕ لەگەڵ نەیار بکا.
مامەقالە بەردەوام لەگەڵ پێشمەرگەکانی دیکە لە ناوچە بوون و ژیانی فەریدەش هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکەی ئەوە دابووە کە ئاخۆ کەی دەبێ هەواڵیکی ناخۆش ببیستێ، مامەقالە چەندین جار بە سەختی زامدار دەبێ و تەنانەت چەند جارێک کە بریندار دەبێ هاوسەنگەرانی لە مانی نائومێد دەبن، بەڵام بەخۆشیەوە چاک دەبێتەوە بەوەرەتر و ئازاتر لە هەموو کاتێک ڕووبەڕووی دوژمن دەبێتەوە، هەتا ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوای کاتێک ڕێژیمی دەژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی، بە هاژەک هێرش دەکاتە سەر قەڵا و فێرگەی دێموکرات و لە ئاکامدا کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامی ڕێبەری ئەو حیزبە شەهید و بریندار دەبن و مامەقالەش ئەو ڕۆژە زامێکی سەخت هەڵدەگرێ و دوای دوازدە ڕۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگ بەهۆی سەختی برینەکەی دەچێتە ڕیزی ناودارانی مێژوو و شەهید دەبێ.
ئێستاش دوای نیزیک بە شەش ساڵ کە بۆ چەندین جاری دیکە کۆماری ئیسلامی بە دڕۆن و هاژەک هێرشی کردووەتەوە سەر بنکەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و دووبارە دەستی پیسی بە خوێنی گەشی ڕۆڵەکانی ئەو نیشتمانە سوور هەڵگەراوە مەزارگەی شەهیدانی کۆیە بە تاجە گوڵینەی بنەماڵە و خۆشەویستانی شەهیدان ڕازاوەتەوە.
ئەو بابەتە لە ژومارە ٦١ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بووەتەوە