فەوزیە سوڵتانبەیگی
ئەم ڕۆژانە لێچکەکەی شل و ملتر گرێ دەدات، تیسکێ لە قژە شەڕابیەکەی بە لاجانگیدا شۆڕ بۆتەوە و لەبەر ئاوێنەکە خەریکی سوور کردنی لێوەکانیەتی. هەست بەوە دەکات لە پشت سەری راوستاوم، بە بەپێکەنینەوە ئاوڕ دەدەاتەوە و دەڵێ: فەوزیە جوانم؟ کە پێدەکەنێ لە ژێر بریسکەی چاوەکانیدا چینەکانی بەر چاوی شیرینتر دەنوێنن. دڵم نایەت بڵێم… بەدڵپڕییەوە کیفەکەم لە شان دەکەم و دەچمە دەرێ.
قورسایی نیگای شۆفیر تاکسیەکە لە ئاوێنەکەوە بێزارم دەکات، لە دڵی خۆمدا دەڵێم ڕەنگە ماتیکەکەم زۆر زەق و لەچاو بدات، لە شەرمان هەمووی دەلێسمەوەوە و قووتی دەدەم. پێش ئەوەی بگەمە جێ، کرێکەی بۆ دادەنێم و دەڵێم دەستت خۆش بێت کاکە ئا لەم نزیکانە دادەبەزم. دەست دەبات لە داشبۆردی ماشێنەکە کارتێک دەردێنێ و دەڵێ: «ئەوە شومارەکەمە هەر وەخت تاکسیت ویست زەنگم بۆ لێدە.» دەڵێم: «دەستخۆش پێویست ناکات، بۆ خۆمان ئوتۆمبێلمان هەیە، بەدەستەوە نەبوو دەنا قەت بە تاکسی تەلەفوونی هاتوچۆ ناکەین.»
دەڵی: «قەیناکە با هەر پێت بێ.»
بەڕقەوە دەرگەی تاکسیەکە پێوە دەدەم و تیژ تێدەپەڕم. دەڵێم:» هەمووی فیتی ئەو قژە شەڕابییەتە بیخە ژێر لێچکەکەت. هەنگاوی وەپێش هەنگاوم دەخات و دەڵێ: «خودای دەکرد شار بە هەموو شەقام و چراسوور و دارتێل و جامخانەکانەوە مەست دەبوون».
لە بەر دەم کیوسکی ڕۆژنامەفرۆشی ڕۆژ ڕادەوەستێ
سەردێڕی ئەو ڕۆژنامانەی بە تەنافەکەوە هەڵواسراون دەخوێنێتەوە. کەیهان، هەمشەهری، سیروان …
سەردێڕی هەواڵێک بە بەشی هەواڵەکانی ڕۆژنامەی «شار»دا دامدەچڵەکێنێت: «سەر لەبەیانی ئەمڕۆ حوکمی سەنگساری چیمەن.م بەڕێوە چوو». ئەژنۆم وەلەرزین دەکەوێ و تف لە گەروومدا ویشک دەبێ. من و چیمەن ئەندامی نهێنی ڕێکخستن بووین. دوای ئەوەی من بە جانتایەک تراکت و ڕۆژنامە و وێنەوە دەستگیر کرام و ماڵی چیمەن بەوەیان زانی لە ترسان خێرا بە مێردیان دا و ئیتر بەخەیاڵی خۆیان ناوی لە ناوان سڕایەوە.
وێنە خوێناویەکەی چیمەن بە بەرچاومەوە دەکەێتە ڕێشکە و پێشکە.
تا سینگم بەرەوخوار لە گڵ چەقیبوو. حەشیمەتێکی زۆر بە کۆگای وردکە بەردەوە دەوریان دابووم.
نەمهێشت چاوم ببەستن. بەردێک و دوان و سیان… زرینگ زرینگ بەسەرم، ملم، شانمدا. تەنیا چاوەکانم نەترسانە زەق زەق دەیانڕوانییە ئەو ڕوخسارانەی بەقینەوە مستە پڕ لە بەردەکانیان بە ڕوومدا بەتاڵ دەکرد. چاوم پێی کەوت لە ڕیزی پێش پێشەوە ڕاوەستابوو بە ریشە بۆز و چاوە دەرپۆقێوەکانیەوە، نقێمی ئەنگوستیلەکەی لە وردکە بەردەکانی نێو مستی گەورەتر بوو.
هێشتا حوکمەکەم نەهاتبۆوە لە نێو هاوبەندیەکانمدا قاو بڵاو بۆوە حامیلەم، بە دڵ تێکەڵ هاتن و هێقە هێقەکەمدا تێگەیشتبوون، من خۆم عەقڵم بەم شتانە نەدەشکا، هەر بیریشم بۆی نە دەچوو.
دوای ئەوە بوو رۆژێک بانگیان کردمە دەفتەرەکەی. بەدەستی بەستراوەوە ڕووبەڕووی خۆی داینیشاندم، پێش ئەوەی شتێک بڵێت هاڵاوی بۆنە ئارەقی بەسەرمدا هات و وەک ئەوەی بە حەوت نەفەر چنگ لە دڵم خەن، دڵم لە ژێڵا هات و هێق هێق ڕشامەوە بەسەر مێز و قەندان و ئیستیکانەکەی بەردەمیدا. ترس دایگرتم، گوتم تازە کارم تەواوە ئێعدامیش نەکرێم دەمبەنەوە ژووری تاکەکەسی، کەچی ئەو زۆر مێهرەبانانە دەستی خستە سەر شانم و گوتی:
« نگران نباش، چیزی نیست سرایدار تمیزش می کنە، فقط تو دختر خوبی باش!» نەمزانی مەبەستی لە دختر خوب چییە؟ سەعاتێ دواتر بە دەستی کراوەوە لە ژووری قابیلە بووم، گوتی: «بەوە چاکه زۆر گەورە نییە بە دەرزییەک هەڵدەکەندرێ». نەمهێشت، هەرچی خۆی لە دار و بەرد دا. گوتی: «ئەوە زۆڵە، حەرامزادەیە! ئاخەر تۆ منداڵی دووژمنێکی جەلادت بۆ چییە؟».
گوتم: «تەنیا منداڵە حەرامزادەکان دەتوانن پاشا زاڵمەکان لەقاو بدەن.»
وردە وردە لە نێو کۆگایەک وردکە بەرددا نوقم بووم ئاگەم لێبوو بۆ هەوەڵ جار لە کەلەکەی چەپمدا تەکانی خوارد، وەک لێدانی ڕەگێک، دوایە وەک خوشینی مارێک. هەستم کرد گەرماییەک بە نێو لەشمدا هات دوایە تەڕاییەک. ئیتر هیچم ئاگە لێ نەما.
کابرای رۆژنامەفرۆش گۆڤارێکی دایە دەستم و بە بزەیەکەوە گوتی: «دادە ئەمە ئابوونەکەت، چیرۆکێکی تۆشی تێدایە سەمای کچم لە بەیانییەوە زیاتر لە دە جار بۆی خوێندووینەتەوە. ڕۆژنامەکەم خستە تۆی گۆڤارەکەوە و وەڕێکەوتم».
تیسکێ لە قژە شەڕابیەکەم بە بەرچاومدا شۆڕ بۆتەوە و هەست دەکەم شەقامەکان بە هەموو پیادەڕەو و جامخانە و چراسوورەکانەوە تل دەخۆن. ئەم هەنگاوەکانی پێش هەنگاوم دەخات و بەدەم خوێندنەوەی چیرۆکەکەم قاقا پێدەکەنێ.