هێرۆ جەڵدیانی
ئەوە ساڵ پێ دەنێینە حەفتا و حەوتەمین ساڵەی دامەزرانی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران. ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشێکی سەراسەری لە ئێران و کوردستان کە لە نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکترمان دەکاتەوە.
ئەگەر ئاوڕێکی کورت لەو دەسەڵاتدارییەی کە چل و سێ ساڵە لە ئێران دا هەیە بدەینەوە، هەر لە سەرەتای شۆڕشدا کۆماری ئیسلامی، کێشەی بۆ ژنان بە بیانووی ئەوەی کە دەسەڵاتێکی ئایینیە، دروست کرد، کە مەبەستێکی گرینگی ئەوە بوو ژنان بگەڕێنێتەوە بۆ دەورانی جاهیلیەت. جگە لەوەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی فەرهەنگی و کولتوری کە لە قەدیمەوە باو کرابوو و مابۆوە بۆ بۆ وێنە ژن بە ژنە، گەروە بە چووکە، شیر بەها، خوێن بەها، ڕەگەڵکەوتنی کچان و ژنان لەگەڵ کوڕان و پیاوان لە کاتی بەربەستەکان بۆ ژیانی هاوبەش پێک هێنان و هتد… ببوونە هوۆگەلێک هەم نابەرانبەرییەکی زۆر ناخۆش کە لە هەناوی کۆمەڵگە بە گشتیی هەبوو کە ژیانی ژنانی دەخستە حاڵەتێکی بەستراوە پێوەکانی بڕیاردەر لە ماڵی و هەم دەسەڵاتی نوێی ئیسلامی بە گوتارێکی چاوەڕوان نەکراوە و دواکەوتوانەی “ڕووپۆشی زۆرە ملێ” (حجاب اجباری) بەتایبەتی کۆمەڵگەی کچان و ژنان تووشی مەترسی بکا.
هەر دوو ڕوانگەی سوونەتی لە گۆمەڵگە و دواکەوتوانەی دەسەڵاتی نوێ و بە پێچەوانەی بەڵێنییەکانی خومەینی لە نوفێل لوشاتووی فەڕانسە پێش گەیشتینی بە دەسەڵات بوو. بۆیە ٢٥ ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لە ئێران بە دژی سەرەڕۆیی دەسەڵاتی محەممەد ڕەزا شا، و لە ڕێوڕەسمی ٨ی مارسی ١٩٧٩ (١٧ی ڕەشەممەی ١٣٥٧) دا، خەبات ژنان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییەکان و دژی ڕووپۆشی دەستی پێكرد. لە تاران ڕێپێوانی گەورەی ژنان و کچان هاتە ئارا و لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هاتنە مەیدانی ژنان و کچان لە شەقام خۆی دەرخست.
دەسەڵاتی نوێ کە لە ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی لە چەند قوناغ دا، خۆی داسەپاند. بە کەیفی خۆی بە بەهانەی ئایین و مەزهەب مەیدانداری بە دژی ژنان و کچان و بەربەست دروست کردن بۆ کاری دەرەوەی ماڵ و گەشە کردنیان دەست پێکرد و ململانێیەکی نابەنرانبەر دەستی پێکرد.
لە کوردستان وەزعەکە جیاواز بوو. ٣٢ ساڵ پێش شۆڕش حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دامەزرابوو. کۆماری کوردستان و حیزبی دێمۆکڕاتی ژنانی کوردستان لە مێژووی حکوومەتی ساوای کوردی دا، گرینگترین پاشخانی کۆمەڵگەکەی بوو. لە ٢٦ ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ کۆمەڵی شۆڕشگێڕیش تێکۆشانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاندبوو کە بیروڕای چەپ و ئازادیخوازنەی هەبوو و سەبارەت بە یەکسانی ژن و پیاو هەنگاوی دەنا.
حیزبی دێمۆکڕات کە لە ١١ ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ دا، بە تێکۆشانی ئاشکرای خۆی پتر لە ١٠٠ کەسی لە ستوادێۆمی شاری مەهاباد، پێتەختی کۆمار، کۆکردەوە. ژنان و کچان بەشێوەی مەدەنی و پێشمەرگانە بۆ بەرگریی لە ئازادی و لەگەڵ کوڕان و پیاوەکان هەنگاویان نا.
دواترکە کوردستان هێرشی چەند جارەی پێکرا و شەڕێکی نەخوازراوی بەسەر دا سەپێندرا، حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی نوێی مەدەنیی یەکگرتووانە بەرگریان کرد لە سێ مانگ شەڕی زۆر نابەرانبەردا، ڕێژیمی کاتی ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە و قبووڵی ئاگربەست کرا.
حیزبی دێمۆکڕات لەو دەرفەتە کەلکی باشی وەرگرت، هەم ڕێکخراوی ژنانی چالاک کرد، و هەم بە یاسا گەلێکی موسبەت [ئەرێنی]، دیاردە ناحەزەکانی لە سەرەوە باسمان کردن، کەم ڕەنگ و کەم توانا کردن. بەڵام بەداخەوە ئەو وەزعە دوای ٩ مانگ بەهۆی ڕێژیمی ئیسلامی لەنێو برا. بەڵام یاساکانی موسبەت بە قازنجی ژنان و کچان لەنێو کۆمەڵگە دا مان و کاریان پێکرا. بە پێی بەرەوپێشچوونی ژیان و ڕۆژ بە ڕۆژگۆشار هێنان بۆ پتانسێلی بەرگریی و لاوازکردنی تێکۆشەرانی سازماندراوی حیزب و ڕێکخراوەکان لە کوردستان، کۆمەڵێک لە کچان و ژنان گیران، ئەشکەنجە و ئازار دران و زیندانی کورت ماوە و درێژ ماوەیان لە بەناو “دادگای چەند دەقیقەیی” بەسەر داسەپا و تەنانەت چەند پێشمەرگەی کچ و ژنیش بەداخەوە ئێعدام کران.
هاوکات کەش و هەوای سیاسی و دڵگەرمیی کۆمەڵایەتیی بە دەستکەوتەکان بە تایبەتیی ئازادی و کە پتر سەرانسەری بوو، و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکەن. لەو دەرفەتەشدا چەندین گروهی جۆراوجۆر هەبوون کە دەیانهەویست لەوەی کە حکومەت ئەو هەموو فشارەی هاویشتۆتە سەر ژنان، ئەوانیش کەڵکی خۆئ لێ وەرگرن. بەڵام بە خۆشییەوە بەشێک لە ژنانی ئێران زۆر وشیارتر لەوە بوون کە بکەونە نێو داوی ئەو فێڵ و کەڵەکانە لە سەرەتای ئینقلاب لە بیری دەسەڵاتداران و کردەو دزێوەکانیان دا، هەبوو.بەتایبەتی کچان و ژنان هەر زۆر زانیان لەگەڵ دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ بەرەڕوون کە بەرەو تۆتالیتێریش چووە.
دەسەڵات دەیزانی ئەگەر زوو پێشی ئەو جوڵانەوانە نەگرێ، لە داهاتوودا بۆی دەبێتە دەردەسەر، بۆیە دوای بڕیاری حیجابی ئیجباری بۆ ژنان و مەنعی کڕاوات و پاپیۆن لە پیاوان ڕیش دانێن و کەلک وەرگرتن لە یەخە کراسی ئاخوندی بوو بە بەشێک لە سەرکوتکارای سازمان دراو و گوشار بۆ بەرتەسک کردنەوەی کراوەییەکی کە پێشتر لەوبوارانە هەبوون. ئەگەر بڕوانینە زیندانەکانی ساڵانی ٦٠ تا ٧٠، زیندانەکان پڕبوون لە زیندانی بیروڕای جیاوز و سیاسی، بۆ نموونە بە بەهانەی هەبوونی چالاکی لەگەڵ حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات وە حیزب و ڕێکخراوە سەراسەریەکانی دیکە لە ئێراندا، خەڵک و بە تایبەتی ژنان دەست بەسەر دەکران. زیندانیەکان لە زیندانەکاندا بە هۆی شکەنجە، تەجاوز و ئیعدام لە باری ڕوحی و ڕەوانی زۆر لە فشاردا بوون. سەرەڕای ئەوانەش هەشت ساڵ شەڕی نێوان ئێران و ئێراق ژمارەیەکی زۆری لە ژنان بێ سەرپەرست هێشتەوە و سەرپەرستی بنەماڵەکانیشیان خستە ئەستۆیان. وە باری ئیقتسادی لەو سەردەمیدا زۆر وێران بوو. تەنانەت حکومەت بەوەش ڕانەدەوەستا، لە تەمەنی کەم ئیجازەیان دەدا کە کچان بە شوو بدرێن و سیغەش بە پێی قانونی مەزهەبی شیعە ئیجازەی پێ درا کە تا ئێستاش ڕێ پێدراوە. لە لایەکی دی شەرعیەت درا بەوەی کە هەر ژنێک زینا بکا سەنگسار بکرێ. لە ماوەی یەک دەهەدا ئەوەی کە نەدەبا لە بەرامبەر ژنان کرابا بە دژی ژنان کرا.
لێرەدا ئیشاڕەیەک بە ژنی کورد بکەم لە کوردستانی ئێراندا، ژنانی کورد بەهۆی ئەوەی کە حیزبەکانی کوردی بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەیداندا چالاک بوون، وزەی ئەوەیان هەبوو کە چالاکتر بن و فەعالیەتی خۆیان تا ئەو جێیەی بۆیان دەکرا، بکەن. هەرچەندە موبارزەکردن بۆ ژنان لەگەڵ پیاواندا بۆ بەرابەری و یەکسانی ئاسان نەبوو، بەڵام ژنان و کچان بە هێز و توانا و باوەڕ بە خۆیان بەردەوام بوون لەو ڕێگایە دا.
دەسەڵاتیش بەشێکی غافڵ نەبوو لەوەی کە سرنجی ژنان بۆ لای خۆی ڕابکێشی، دەستی کرد بە جموجۆڵی سیاسی تا هاوکات لە نێوخۆ و دنیای دەرەوە لەو بوارە دا، سیمای دژە ژنە ژنی نیزام جۆرێکی دیکە نیشان بدا، بۆیە چەند گۆڤار و ڕۆژنامەی ژنان و بڵاوکراوەی دیکەی بە ناوی ژنان و مافی ژنان بەتایبەتی لە دەورانی خاتەمی دا، بڵاو کردنەوە و تەنانەت چەند ڕێکخراوی ژنان و لەنێو ئەوان دا، باسی فێمینیستە ئیسلامییەکانیش چالاکییان هەبوو. بەڵام لە ڕاستی ئەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیم بوو، ئەوانەی “بسیج خواهران” لە دواییشدا “گەشتی ئیرشادی” پیاوانە و ژنانە بۆ سەرکوتی پتر بەناوی “امر بە معروف و نهی از منکر” ئەنجام بدەن، سەرەڕای ئەوەی هاوکات لە بەسیجی جۆراوجۆر بەتایبەتی لە قوتانخانە و زاستگەکان دا، بە ناوی “خواهران زینەی ” دروست کران و لە گیان خەڵکی ڕێژیمی دژە ژن و دەژی گەلی نەویست بەردران، لە دەیەی ڕابردووش دا، لە گەڵ دروست کردنی سپای “دفاع از حرم” زینبەبیوون، فاتمییون ، زنان و کچانیش بەو ناوانە دامەزراندەوە بۆ بەرگری لە ڕێژێمە داگیرکەرکەی.
لە بەشی ئیتلاعاتی و ئەمنییەتیش بە دروست کردنی دیاردەی “پرستو”، ژنان و کچانی زیندانی و بەکرێگیراوە بۆ جاسووسی لەسەر حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کارە زۆر دزیوەکانی بەکار دێنێ، لە نوێژی جومعەکانیشدا بەشداریان پێدەکا. بەشی ئابووریش بە بونیادی “امام ” کە خومەینی پیاوچاک نیشان بدەن بۆ ژنانی بێ سەرپەرست یان دامەزرا، کە گویا یارمەتی بە بێ سەرپرستان دەکەن ە و لەو ڕێگەدا، ژنان لە نێو چاودەستی و مواجب خۆری هەژار و لە دەرەوەش بۆ هاوکاری ژنانی گرووپە “نیابت”ییەکان زۆرتر کەلکی لێوەردەگیرێ. جگە لەوانەش چەندین کۆنفرانسی ژنانی لە وڵاتەکانی دراوسێی وەکو ئێراق، لوبنان و سوریە و وڵاتە عەرەبیەکانی دیکە پێکهێنا. وە لە سازمانی میللەلیش نوێنەری لە “پلەی ژنان” هەبوو. کە بە خۆشییەوە لە ڕەوتی بەرەوپێش چوونی شۆڕشی ژینا (مەهسا)، کۆماریی ئیسلامی ئێران لەو شوێنە دەرکرا. ئەو کارانە هەموو بە پوڵ و سەرمایەی ئێران کە لەبەر دەستی ئەو ڕێژیمە دایەچوونە سەر، بۆ ئەوەی کە بە دنیای دەرەوە بسەلمێنێ کە دیفاع لە مافی ژنان دەکا وە ئەوەش خۆراکێک بێ بۆ خەڵکی نێوخۆ. بەڵام بە خۆشیەوە ژنانی ئاگاه و ڕۆشنبیر لە ئێران و لە کوردستان بۆ ئەوەی کە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە نگریسە بکەن، لە زانکۆ و لە مەدرەسەکان ڕوتبەی ئەوەڵیان بەدەستدێنا تا بەو شێوەیە بتوانن خۆیان دەرخەن و جێگە و پێگەیەک لە نێو کۆمەڵگەدا بە دەست بێنن.
ژمارەیەکی زۆر لەو کچ و ژنانەی کە ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کرد بەهۆی زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی، تا ئێستا لە وڵاتانی دەرەوە لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی نەخشی ئیجابیان هەبووە. چ لە باری هونەری، چ لەباری وەرزشی و عیلمی و تەنانەت تا ئاستێک ڕۆیشتوون کە لە پارلمانەکانی ئورووپادا نوێنەرایەتی خەڵکی دەکەن. ژنانی کوردیش بەشێک بوون لەو ژنانە.
ئەرکی ژنانی کوردی نێو حیزبە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە دەرەوەی ئێراندا قورستر بووە لەبەر ئەوەی کە سەرەڕای ئەرکی دایکایەتی، ئەرکی پێشمەرگایەتیشیان بە ئەستۆ گرتووە، وە لە هەر گۆشەیەک لەو کوردستانەدا موبارزەی خۆیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەربڵاوتر کردووە وچەندین کۆنفرانس و سیمینار لەسەر کەسایەتی ژنان و ئەو شۆڕشانەی کە تا ئێستا لە کوردستاندا کراون، بەڕێوە بردووە، وە هەر بەوشێوەیەش شێلگیرانەتر بەردەوامن. هەرجارەێک کە لە ئێرانێ سەرهەڵدانێک بە دژی دەسەڵات ڕوودەدا، ژنان نەخشێکی بەرچاو دەگێڕن. بەڵام لە ڕابردوودا ئەو سەرهەڵدانانە هەرجارەی بە جۆرێک دامرکاونەتەوە، ئەویش بەهۆی زیندانی کردن و ئیعدام کردن و خوێن ڕشتنی هەزاران کەس لەسەر شەقامەکان و لە نێو زیندانەکاندا. بەڵام ئەجارە جیاواز لە هەموو جارەکانی دیکە ئاگری ژێر خۆڵەمێش سەر لە نوێ سەری هەڵداوەتەوە.
ئەم جار کە شۆڕشێک بە ناوی شۆڕشی ژینا سەری هەڵداوە و ئەو شۆڕشە هەموو نەتەوەکانی لە نێو ئێراندا گرتۆتەوە. ئەوە کچی کوردە، دیسان خوێنی ڕژا بەڵام بوو بە چرای ڕووناکی و پێشڕەوی، کە دروشمی سەرەکی ئەو شۆڕشە ژن ژیان ئازادی یە. ئەو دروشمە لە دنیای دەرەوە پشتیوانی زۆر باشی لێ کرا و گەیشتۆتە جێیەک کە وەزەیەکی گرینگی بۆ لەنێوچوونی دەسەڵات دروست کردوە.
چل و سێ ساڵ خەبات کردن لەو ڕێگایەدا، ئەویش لە بەرانبەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و بگرە سەرکوتکارتریش و توتالیتێر، کە بە ناوی جۆرێک لە ئایین و بەگوێرەی مەزهەبی شیعە هەرچی لە دەستی هاتووە بەسەر گەلانی ئێرانی هێناوە. زۆر ئازیزمان لەو ڕێگایەدا لە دەستدا، زۆر سەرمایەی نەتەوەییمان لە نێوچوون، وڵاتیان بە وێرانی کێشا، ژینگەی سروشتیان بە وێرانی کێشا، فکر و ئەقڵیەت و جاهیلیەتی چل و سێ ساڵەیان دەرخواردی خەڵک دا، فەرهەنگ و داب و نەریتی نەتەوەکانیان شێواندوە. ژنان و کچانی بە دوو دەستە دابەش کرد بە کلتوری ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات. من لەو باوەڕەدام دوای ئەو دەسەڵاتەی لە ئێران دایە، ئەگەر ببێتە حکومەتێکی دێمۆکراتیک، کاتێکی زۆر دەوێ و حەوسەلە وە لەخۆ بردووییەکی زۆری و کاری بنیادنەر و بنەچینەیی دەوێ هەتا ئاڵوگؤرێکی جێی ڕەزامەندی دروست کرێ.
بۆ ئەوەی ژنان و کچان بە بەرانبەریی و یەکسانی لە کۆمەڵگە لە لایەک و لەگەڵ کوڕان و کچان لە ژیان و تێکۆشان و دەستکەوتەکان لە لایەک بگەن، لایەکی دیکەش پێویستە لە ژنانی پسپۆڕ وشارەزا و خوێندوارانی ئەکادیمی لە ڕشتەگەلیی جۆراوجۆر بەتایبەتیی سیاست و پێوندییە نێونەتەوەیی و بەرنامە و پلان دانانەکان کەڵک وەرگیرێ. بە تایبەتی ڕێکخراوەکان ئەرکدارتر بن کە بە وردبینی بەرنامە گەلێکی تۆکمە دابڕێژن و بە مەشقی بەردەوامی یەکگرتوویی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان هەوڵ بدین و دوای سەرکەوتن، لە کۆمەڵگەمان دا، نیهادینە و ڕێشەدار بکرین.
بژی ژن، ژیان، ئازادی.
هێرۆ جەڵدیانی
٢٦ ی فیوریەی ٢٠٢٣ی زایینی، بەرانبەر بە ٧ ی ڕەشەممەی ٢٠٢٣ ی هەتاوی.