زیاتر لە سێ مانگە ژینگەی کوردستان بووە بە گۆڕەپانێکی بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داگیرکەران، گۆڕەپانێک لێوڕێژ لە وزە و پۆتانسیێل کە دوو فاکتەری سەرەکیی بەجەماوەریتربوون و ڕادیکاڵتر بوون، توانیویانە پێناسە و فۆرمێکی جیاوازتر لەوەی پێشوو بەم بزووتنەوەیە ببەخشن.
بە کورتی بزووتنەوەکە ئاوا دەستی پێ کرد: کچێکی کورد بە سەفەر ڕووی لە تارانی پێتەختی ئێران کرد، لەوێ بە بیانووی نەبوون یان پێڕەونەکردنی یاسای داسەپاوی حیجابی زۆرەملێ کەوتە بەر هێرشی دڕندانەی بەناو پۆلیسەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیم و بەهۆی لێدان و توندوتیژییەک کە بەرانبەری کرا، بەداخەوە بە هەزاران ئاوات و خۆزگەی بەدی نەهاتوو، شەهید کرا. لەسەر گۆڕەکەی ژینای جوانەمەرگ نووسرا: «ژینا گیان تۆ نامری، ناوت دەبێتە ڕەمز» و ئەمە بوو بە دەسپێکێک بۆ سەرهەڵدانێکی مەزن نە تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە ئێرانیش، سەرهەڵدانێک کە زیاتر لە سێ مانگە درێژەی هەیە و هەر ڕۆژێکی لێوڕێژ بووە لە کۆمەڵێک حەماسە و چیرۆکی جیاواز و لە هەمان کاتیشدا کاریگەر!
چەندین فاکتەر هەن کە لە بزووتنەوەی ئەمجارەدا گرینگ و جێی بایەخن کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم:
ـ کوردبوونی ژینا:
لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە هەموو هێزەوە هەوڵی داوە کە کوردستان و گەلی کورد لە بوون و شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان داماڵێ، بۆیە لە هەر دەرفەتێک بۆ ئەم مەبەستە کەڵکی وەرگرتووە و زۆرجاریش بە تێچوویەکی ماددیی زۆرەوە پیلانی داڕشتووە تاکوو بتوانێ خەسار بە کوردستان بگەیەنێ، لە ڕاستیدا زیندووبوونی کوردستان لە باری سیاسییەوە و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستان لە چییەتیی کۆماری ئیسلامی وای کردووە کە کوردستان هەمیشە وەکوو دوژمنی دەسەڵات چاوی لێ بکرێت؛ بۆیە لە سەفەری ژینای کوردستانیشدا بۆ تاران، هێزەکانی گەشتی ئیرشاد وەکوو ئەوی تر و دوژمن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کرد و ئەو ڕق و بێزارییەی کە دەسەڵات لە کوردی هەبوو، ئەمجارە کە کوشتنی ژینادا خۆی دەرخست.
ـ ڕەگەزی ژینا:
لەوەتەی کۆماری ئیسلامی وەکوو دەسەڵاتی حاکم بە سەر ئێراندا هاتووەتە سەر کار، دژایەتی لەگەڵ ژن بەشێکی حاشاهەڵنەگر لەم دەسەڵاتە بووە. هەر لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە لەلایەن ئاخوندەکانی ڕێژیمەوە، ژنان یەکەم توێژی کۆمەڵگا بوون کە کەوتنە بە ڕقی ڕێژیمەوە، یەکەم هەنگاویش بۆ ئەم مەبەستە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بۆ ژنان بوو کە هەر لەو کاتەشدا لەگەڵ دژایەتیی ژنان بەرەوڕو بووەوە، بەڵام ڕێژیم بە داڕشتنی یاسا و کەڵکوەرگرتن لە ئایین وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی ژنان، توانی حیجاب بە سەر ژنانی ئێراندا بسەپێنێ. ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا، حیجاب بەشێکی قەبووڵنەکراو لە ژیانی ژنان بووە، هەر بۆیە بینیومانە کە بە شێوازگەلی جیاوازیش و لە قۆناغی جیاوازدا بەنیسبەت ئەم بابەتە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بەرەوڕووی بوونەتەوە.
فاکتەری ژنبوونی ژینا و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتی حاکم کە چییەتییەکەی دژایەتیلەگەڵ ژن و ئازادییەکانیەتی لە هۆکارە سەرەکییەکانی کوشتنی ژینا بەدەستی پێتەخنشینان بوو؛ دوژمنایەتیی دەسەڵات و ئیدئۆلۆژییەکەی لەگەڵ ژنان بووە هۆی ئەوەی کە ژینا ببێتە قوربانیی قەتڵێکی حکوومەتی!
ـ هەستیاربوونی کۆمەڵگای کوردستان بەنیسبەت ژنان:
لە ڕاستیدا شەهیدبوونی ژینا و لەسەرهەستبوونی کۆمەڵگای کوردستان بەنیسبەت قەتڵی حکوومەتیی ژینا توانی گۆڕانێکی گەورە درووست بکات و پێناسەی ڕاستەقینەی کوردستان زیاتر دەربخات کە ئەمە لە ڕاستیدا وەکوو شکستهێنانی دەسەڵات دەبێ چاوی لێ بکرێ. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەی توندوتیژییەکان تێێدا بەنیسبەت ژنان زۆرە، خودی یاسا و دەسەڵات بە شێوەی سیستماتیک بەرانبەر بە ژنان توندوتیژی دەنوێنن و لە ڕێگەی میدیا و قوتابخانە و باقی پێگەکانیشەوە کە لەبەر دەستی دەسەڵاتدان توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان ئاسایی دەکرێنەوە؛ ڕێژیم بەنیسەت کوردستان لەم بوارەدا سیاسەتێکی جیاوازی هەبووە، ئەگەر لە مانگێکدا لە سەرتاسەری ئێران ١٠ ژن کوژرابێتن و لە کوردستان یەک ژن، بێگومان ڕێژیم هەوڵی داوە ئەوەی کوردستان زەقتر نیشان بدات، بۆ ئەوەی کوردستان شوێنێکی نائەمن بۆ ژنان نیشان بدا و بڵێ پیاوی کورد جگە لە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان هیچ ئاکارێکی ئەمڕۆیی نازانێ و بەگشتی پیاوی کورد بە مرۆڤێکی نەزان و دەمارگرژ و توندوتیژ لەقەڵەم بدات.
بەڵام مەرگی ژینا ئەم پێناسەی لە ڕێژیم تێک دا؛ پیاوانی کوردستان بەنیسبەت قەتڵی حکوومەتیی ژینا لەسەرهەست بوون، چونکە مەرگی ژینایان بە دەستدرێژیی ئاشکرای دەسەڵات بۆ سەر شوناسیان واتە کوردبوونیان و بەشێکی جیانەکراو لە کۆمەڵگای کوردستان واتە ژنانی کوردستان زانی!
ڕەنگە زۆر کەس لە سەر ئەو بڕوایە بن کە ئەگەر ئەمە بەنیسبەت کچێک لە شارێکی دیکەی ئێران ـ مەبەست جگە لە کوردستانە ـ ڕووی دابا هەڵوێستەکە هەر ئەوە دەبوو و پیاوان دەهاتە سەر شەقام، بەڵام ڕاستییەکە شتی دیکەمان پێ دەڵێت، مەگەر کچی شین(دختر آبی)، بەهۆی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ ڕێگریکردنی ژنان بۆ چوونە نێو ستادیۆمی فووتباڵ و بینی یاریی تیمی دڵخوازی خۆی ئاگری لە جەستەی خۆی بەر نەدا؟ مەگەر ئەمە توندوتیژیی سیستماتیکی دەسەڵات بەرانبەر بە کچێکی ئێرانی نەبوو؟ ئەی چۆن بوو کە بەنیسبەت مەرگەکەی هیچ ناڕەزایەتییەک نەهاتە ئاراوە؟
ـ بەجەماوەریتربوون:
ڕاپەڕینێک لە کوردستانەوە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێ کرد، هەموو خەڵکی کوردستان بە چین و توێژی جیاوازەوە هاتنە سەر شەقام و دژی ڕێژیم و دڕندەییەکانی ڕاپەڕین، زۆری نەخایاند کە شارەکانی دیکەی ئێرانیش هاتنە سەر شەقام و بەکەڵکوەرگرن لە دروشمێک کە ئاخێزگەکەی کوردستان بوو، پەیوەست بە ڕاپەڕینەکەوە بوون؛ ڕاپەڕینەکە توانیی هەم لە بواری حەشیمەتەوە بەربڵاوتر بێت هەم لە باری جوغرافییاییەوە، ڕووبەرێکی گەورەتر لەگەڵ خۆی بخات.
ـ ڕادیکاڵتربوون:
ئەگەرچی پێشتریش ناڕەزایەتییەکان دروشمی ڕادیکاڵیان تێدا دەوترایەوە و تەواویەتی ڕێژیم و ڕێبەرانی دەکرانە ئامانج بەڵام لە ڕاپەڕینی ئەمجارەدا هەم داڕشتنی دروشمەکان جیاوازترە و هەم خەڵکی راپەڕیو کردەوەی ڕادیکاڵتر لە خۆیان نیشان دەدەن؛ ئانالیزکردنی کردەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران نیشان دەدات کە خەڵک بە ئامانجی ڕووخانی ڕێژیم هاتوونەتە سەر شەقام، سەرنجدانێکی خێرای ئاخرین ستۆری و پۆستی شەهیدەکانی ڕاپەڕینەکان بەتایبەت لە کوردستان دەری دەخات کە ئەوان خۆیان یەکلایی کردووەتەوە، بۆیە بوێرانە و بەمەبەستی بە ئامانج گەیاندنی ڕاپەڕینەکە هاتبوونە مەیدانی کردەوە.
ـ دابەزینی تەمەنی بەشداربووان لە ڕاپەڕینەکە:
چاوخشاندنێک بەسەر ڤیدیۆ و وێنە بڵاوکراوەکان نیشان دەدات کە زیاترین ڕێژەی بەشداربووان لەم ڕاپەڕینە کەسانێکن کە تەمەنیان کەمە، کەسانێک کە هاوکات لەگەڵ ژیانکردن لەژێر چەتری دەسەڵاتی سەرەڕۆ و تۆتالیتەری ئێران و سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکیان و ڕاکێشانیان بۆ ڕیزی بەسیج و مودافعانی حەرەم و گرووپە نیابەتییەکان بە بیری ڕزگاری لە چنگی دیکتاتۆری پەروەردە کراون! نەسڵێکی نوێ کە ڕێژیمیان لە خۆیان بێهیوا کرد و بە هەبوونیان لە مەیدانی کردەوەدا بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند
کە داهاتوویان دەوێ و نایانەوێ لە بەرانبەر بێدادی و سەرەڕۆیی ڕێژیمدا بێدەنگ بن.
ـ بەشداریی ژنان:
ئەوەی کە زیاتر دەبێ بایەخی پێ بدرێت، بوونی ژنانە، بە پێچەوانەی پێناسەی باوی کۆمەڵگا و ئەوەی کە ڕێژیم هەمیشە هەوڵی دابوو جێگیری بکات، ژنان لە مەیدانی کردەوەدا خۆیان بە کۆمەڵگا سەلماندەوە، بە دەیان ژن لەم ڕێبازەدا چوونە کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە، دایکی شەهید بە بوێرییەوە دەڵێ کچی نیشتمان نەبم ئەگەر تۆڵەی نەستێنم، هاوسەری شەهید بە وتنەوەی دروشمی شەهید نامرێ دەبێتە لیدەری ڕاپەڕینەکە، دایکی شەهیدێکی دیکە بە چۆپی کێشان دەچێتە پێشوازی تەرمی کوڕەکەیەوە، دایکێکی دیکە بە بوێرییەوە گرتە ڤیدیۆیەک بڵاو دەکاتەوە و ڕاشکاوانە دەڵێ بکوژی کوڕەکەی من کۆماری ئیسلامییە! ئەمانە نموونەگەلێکی بچووک لە هەزاران تابلۆی پڕ لە وانەی شۆڕشی ژینان، شۆڕشێک کە بە شەهیدبوونی ژنێک دەستی پێکرد و ئێستاش ژنانن کە بە بوونیان لە مەیداندا و بە پاڵپشتیردن لە کوڕ و هاوسەر و براکانیان بوونەتە هەوێنی درێژەپێدانی.
ژنان بە بەشداریی چالاکەنە و پۆزەتیڤ لەم راپەڕینەدا سەلماندیان کە ڕێبەرن! ڕێبەرانێک لەخۆبوردوو و بەهێز کە ئامادەن بۆ ڕزگاریی خاک و نیشتمان پێشمەرگانە تێبکوشن و لە بەرانبەر هیزە دڕندەکانی رێژیمدا سینگیان بکەنە قەڵغان بۆ پاراستنی نیشتمان. ژنانی کوردستان ژینایان کردە سەرقافڵەی کاروانی تێکۆشان و بە بەشداریی چالاکانە، ناوی ژینایان کردە ڕەمزی بەرخودان بۆ بەگژداچوونەوەی داگیرکەران.
ڕاستە کە شۆڕشی ژینا، شۆڕشێکی جەماوەرییە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش توانییان خۆیان تێدا ببیننەوە بەڵام بێگومان بەشداریی ژنان توانی ڕەنگوبۆنێکی جیاوازتر لەوەی جاران بەم شۆڕشە ببەخشێت، هەر بۆیە ئاسۆی ڕزگاری زۆر ڕوونتر لە جارانە. ژنان بوونەتە سەرقافڵەی کاروانی بێپسانەوەی تێکۆشان بۆ ڕزگاری و ئەبێ دواوێستگەی ئەم ڕاپەڕینە هەر ڕزگاری بێت.