لەیلا قادری
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییانەی کە لەم دواییانەدا بڵاو بوونەتەوە، توندوتیژی دژی ژنان یەکێک لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە ٣٥ لەسەدی ژنانی جیهان لە ماوەی ژیانی خۆیاندا لانیکەم یەکێک لە جۆرەکانی توندوتیژیان ئەزموون کردووە. توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران بەتایبەت ژنکوژی تا ئاستێکی مەترسیدار زیادی کردووە. ئامارەکان دەریدەخەن کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ١٥٦ ژن بەشێوەی جیاواز کوژراون و بەپێی ئەم ئامارە زۆرینەیان بەدەستی هاوسەرەکانیان و زۆربەشیان بەپاساوی کولتووری و کۆمەڵایەتی واتە «شەرەف» بوونەتە قوربانی.
تووندوتیژی دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئێمە هەمیشە بە هۆی بارودۆخی سیاسیی کۆمەڵایەتی تایبەت، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتی نموونەی جۆراوجۆری توندوتیژی دژی ژنانین. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە لەشەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٤ زیاتر لە٢٥ جۆری ژنکوژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون کە هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە، بەشی زۆریان بەپاساوی شەڕەف، بەشوودانی زۆرەملێ یان تەنانەت کێشەی خێزانی بوون.
ئەگەر لە هۆکارەکانی هەڵکشانی ئامارەکانی ژنکوژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بکۆڵینەوە، دەبینین ئێستاش هەژموونی نەریتەکانی پیاوسالاری، شەڕەفپارێزی و لە هەموو ئەوانەش خراپتر پاڵپشتی ڕێژیمی ئاخوندی لەو یاسا و رێسایانەی دژی مافەکانی ژنانن، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە هەڵکشانی ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان. هەموو ئەوانە لەلایەک، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی «ژن، ژیان ئازادی» کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سەقز و بە شەهیدکرانی ژینای کیژی کوردان چەخماخەی لێدرا، ئاماژەیەکی گرینگ بوو بۆ ئەوەی دنیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابچڵەکێ و بزانێ، ئیتر ژنی کورد بەرەوڕووی نادادپەروەری سیاسیی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە. رۆژی 25 نۆڤەمبر کە وەک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە جیهاندا ناسراوە، دەرفەتێکی زیاترمان بۆ دەڕەخسێنی کە وردتر ئاوڕ لەو دیاردە قێزەونە دژە مرۆییە بدەینەوە و حاشاهەڵنەگریشە کە ئێستاش کورد وتەنی؛ چ بگات بە زۆر ناوچەی دواکەوتووی کۆمەڵگەی جیهانی، بگرە لە رێژەیەکی زۆر لەو خێزانانەشدا کە لافی رۆشنبیری و داکۆکی لە مافی ژنان دەدرێت، ئێستاش رۆژانە ژنان ڕووبەرووی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی دەبنەوە. پرسیار ئەوەیە بۆچی ٢٥ نۆڤەمبر بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی جیهانی بەدژی تووندوتیژی ڕاگەیەنرا؟ خۆ گومانی تێدا نییە زۆر کەس و لایەن دەزانێت، ئەو ڕۆژەیە کە سێ خوشکی شۆڕشگێر خەڵکی کۆماری دۆمێنیکە -کە بە خوشکانی میرابل ناسراون- لە ساڵی ١٩٦٠ بەهۆی بەرەنگاربوونەوەیان بە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری رافاییل ترۆخیۆ بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژران. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەر بەو بۆنەیەوە لە ساڵی ١٩٩٩ ئەو ڕۆژەی وەک رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند، ئەوەش لە پێناو گرینگی کۆتاییهێنان بە هەرچەشنە توندوتیژیێەک دژی ژنان لە ئاستی جیهانیدا.
توندوتیژی دژی ژنان گەلێک شێوەی جیاوازی هەیە : توندوتیژی خێزانی، جنسی، بەشوودانی زۆرەملێ، تا دەگاتە کوشتن بە پاساوی شەڕەف و…. هتد کە لە جیهاندا ڕوودەدەن.
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ئامارەکان دەیسەلمێنن لە هەر سێ ژن، لانیکەم ژنێک لە ماوەی ژیانی خۆیدا لانیکەم یەک لە جۆرەکانی توندوتیژی ئەزموون کردووە. نایەکسانی ڕەگەزی، هەژاری، نادادپەروەری یاسایی و کولتووری پیاوسالاری لە بەردەوامی ئەو توندوتیژیانەدا ڕۆڵی گرینگیان هەیە. ئەوە حاشاهەڵنەگرە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر هەژموونی و کاریگەریی ئەو هۆکارانەشدا، هۆکارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی چەندقاتە لەسەریان. ژنی کورد لە ڕۆژهەڵات جگە لە نایەکسانی ڕەگەزیی لەگەڵ نادادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتیش بەرەوڕوویە. ئەوەی لە هەمووی بێدەنگتر بەڵام بەئازارترە، هەژموونی کولتووری پیاوسالاری و نەریتی خۆپارێزییە لە عەیبە و قسەو باسی دەورووبەر. سەرباقی ئەمانە، گوێڕایەڵی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم و بەگژداچوونەوەی سیاسییانەی ژنی کوردی خستووەتە دۆخێکی دوولایەنی لەتوندوتیژی جەستەیی و سیاسی. بۆشایی یاسایی یان بەجێنەگەیاندنی تەنانەت یاسا سەقەتەکانیان، دەرفەتی زیاتری بۆ توندوتیژی دژی ژنان ڕەخساندووە. ئەمانەش سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی نادادپەروەری دەزگەی داد و نائەمنی دامودەزگەی ئەمنی لەجیاتی پاڵپشتی لە دۆخی کچان و ژنان پەرەی بە سەرکوتی بزووتنەوەی ژنان داوە.
شۆرشی «ژن ژیان ئازادی» کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، هێمای بەرەنگاربوونەوە بوو بە هەرچەشنە توندوتیژییەک، بەتایبەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان .هەر درووشمی «ژن ژیان ئازادی» دەرخەری خواستی ژنان بوو بۆ ژیانێکی شیاو و یەکسان. ئەو شۆڕشە ئەوەندە پڕ نێوەڕۆک و مانادار بوو کە زۆر زوو هەموو ئێرانی گرتەوە و دواتر لە کۆمەڵگەی جیهانیش دەنگی دایەوە. ئەوەی گرینگ و جێی سەرنجە، چۆن دەکرێ بەرەنگاری توندوتیژی دژی ژنان بینەوە یان ئەو لایەنانەی پەیوەندارن بەو بابەتە کێن؟ ئەگەرچی یەکجار ئەستم و سەختە لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕێژیمی ئێراندا بەڵام وەگەرخستنی کاناڵ و گرووپی فێرکاری بۆ بەئاگەهێنانەوەی مافەکانی ژنان و دادپەروەی بەجۆرێک کە لە بونیاتەوە ڕوانگەی کۆمەڵگە بەرەو ئاڕاستەی باوەڕمەندی بە یەکسانی بگۆڕێت. دابینکردنی ماڵی داڵدەی ئافرەتان و ناوەندی پارێزگاری لە ژنان، بەتایبەت ئەو ژنانەی قوربانیی توندوتیژی خێزانین و پێویستیان بەپاڵپشتی کۆمەڵایەتی هەیە.
خاڵێکی دیکەی گرینگ ، چۆنێتی کارکردن و بەئاگەهێنانەوەی ئەو پیاوانەی لە درووشم و لە ڕەفتاردا تەواو پێچەوانەن و ناتوانن خۆیان لەکۆت و بەندی باڵادەستی دەرباز بکەن. پاڵپشتی لە هەر چەشنە بزووتنەوەیەک کە ئامانجەکەی یەکسانیی ڕەگەزی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێ.
لە ئەنجامدا نابێ لەیادی بکەین کە توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە هەوڵێکی بەکۆمەڵ هەیە کە گۆڕانی کولتووری، یاسایی و کۆمەڵایەتییە. وەک چۆن شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» دەریخست کە ژنانی کوردستان نەک هەر دەتوانن لە ڕۆڵی قوربانیانی توندوتیژی کۆمەڵایەتی خۆیان دەرباز بکەن بەڵکۆ دەتوانن ببنە پێشەنگی شۆڕش و بزووتنەوە بۆ دەستەبەربوونی یەکسانی ڕەگەزی و دادپەوەری کۆمەڵایەتی.