ناسک نەسیری
چل و چوار ساڵە، ڕێژمێکی دژەمرۆیی سەدەی ناوەڕاستیی بێ بەری لە کۆی جوانییەکانی مرۆڤایەتیی و ڕەوشت و دەست لەملانی هەموو ڕەشی و چەپەڵیی و چەوتیەکان لە ئێران هاتووەتە سەر کار. هەبوونی نەبوونی مرۆڤایەتیی و لە مەترسی خستنی ئازادیی و ژیانە. نەتەوە نییە لە ئێران، زەبری دەستی ڕەشی ئەم حکومەتە دژەمۆرییە فاشیستەی لێ نەوەشابێ، مرۆڤ نییە، لە هەبوونی ئەم ڕێژیمە دڕندەیە، خەونی نەزڕابێ و ئاسایشی تێکنەچڕژابێ. لە هەموویان زیاتر، نەتەوەی کورد کە دژی توخم و تۆوی وەها فاشیسمێکی دڕندەی دژۆمرۆڤ و ئازادی کوژە و هەر لە یەکەم هەنگاوەکانیەوە، ناسیی و لە هەمبەری وێستاوە.
غەدر و هێرش و دڕندەییەکانی ئەم حکومەتە دژە بوون و ئازادییە، هەر بە سنووری دەسکردی ئێرانەوە نەوەستاوە و ناوچەکەی کردووە بە گڕ و خوێن. پشتیوانی لە تیرۆریزمی ئایینی و گرووپگەلی کۆنەپەرست و ئازادی نەویست دەکات و هەر ڕۆژە و گرووپ و تاقمێکی لە توخمی خۆی چەکدار دەکات.
دڕندەییەکانی ئەم ڕێژیمە دژەڕەوشت و دێموکراسییە، تا دێ ئیتر بە ناوچەکەشەوە ناوەستێ و هەروا گەشە دەکات. ئێستا ئورووپا بە هۆی هێرشەکانی و کارە سیخوڕییەکانیەوە و بە هۆی هەناردەکردنی مادەی هۆشبەر و دەیان کرداری تری لە توخم و زاتی ئەم ڕێژیمە، هەڕەشەی لە سەرە.
بەوەشەوە نەوەستاوە و ئەمریکا لە سەدان هەزار مایل لەمبەرترەوە، بەهۆی ترازانی بەرژەوەندییەکانی وبە هۆی لابیە دەست ئاوەڵاکانی ڕێژیم لە مەترسی دایە.
لە لایەکی ترەوە، ئەم ڕێژیمە کە وەک دێوەزمە پەل و پۆی هاویشتووە و گرووپ و ڕێکخراوی تیرۆریستی نییە لەسەر خوانی خۆی نەلەوەڕاندبێ، لە حکومەت و دەوڵەتێکی وڵاتێکەوە خەریکە دەبێتە هێزێکی ناوچەیی کە دەستلەملانی هێزی ناودەوڵەتیی لە خۆی ڕەشترە، واتا چین و ڕووسیە و بەم دواییانەش هیند کە دەیهەوێ پەل بهاوێ و بۆ ئەم پەلهاویشتنەی خۆی، لە هیچ ناسڵەمێتەوە
خاڵی جێگای سەرنج، دەست لەسەر دەست دانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە مخابن لە سەدەی ئێستادا، زیاتر لە هەموو سەدەیەک، بەپێی بەرژەوەندیی ئابووریی کورتخایەن دەجووڵێتەوە. بێ ئاگا لەوەی کە لە درێژخایەن و تەنانەت کورتخایەنیشدا، ئەم بەرژەوەندییە بچووکە ئابوورییانە، سەری بەرژەوەندییە سیاسیی و نەتەوەییەکانیان بەبا دەدات.
بێ دەنگی لە هەمبەر ئەم ڕێژیمە و وڵام نەدانەوەی لەلایەک و بێ پشت و پەنا و پەسیو بەجێهێشتنی دژبەرەکانی ڕێژیم لە ئاستی ئێران و بەتایبەتی کوردستان و بەلووچستان، وای کردووە کە زەرەرەکان هەتا دێن زیاتر بن.
کۆمەڵگەی ناودەوڵەتیی و دەوڵەتانی زلهێز دەبێ ئەوە بزانن کە هەبوونی ڕێژیمێکی نگریسی وەک ئێران، داهاتووی هەموو بەهاکانی ئەوان وەک دێموکراسی، مافی مرۆڤ بەگشتیی و مافی ژن بە تایبەتی بەرەو مەرترسیی نەمان پاڵ پێوە دەنێ.
نەتەوەی کورد، لەو چل و چوار ساڵەدا، بە ماڵ و گیان و خوێن، لە دژی ئەم ڕێژیمە وەستاوەتەوە، چونکوو مافەکانی بە هەقن و بڕوای بە ماف و بەها بەرهەقەکانی خۆی هەیە. بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەهاکانی، شتێکی هێندە بچووک و بێ مەترسی نین کە کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی خرپ لێی بخەوێ و بڵێ بە من چ خۆ ئاگرە سوورە لە من دوورە. ئەم چل و چوار ساڵە ئەزموونە پێمان دەڵێ کە ئەم ئاگرە تا دێت گڕی زیاتر دەبێتەوە و دۆست و دوژمن و دوور و نزیک ناناسێ.
ڕێژیمێک کە لەسەر بنەمای خۆپەرستی، خورافاتپەرستی، فاشیزم، کوشتن، تیرۆر و لەداردان و دەستدرێژی کردن هاتبێتە سەر کار و یەکەم کۆڵەکەی هەبوونی، هەناردەکردنی شۆڕشە نگریسەکەی بێ، هی ئەوە نییە پێت وابێ ئاگرە سوورە لە تۆ دوورە.
لەنێو خۆی خودی ئێرانیش، مخابن نەتەوە جیاوازەکان بەپێی مێژوو و بەرژەوەندیی و حەزی جیاواز کە هەندێک جار هەڵەیان بۆ پێناسە کراوە، خۆ لە یەکگرتوویی دەدزنەوە. ئەوەتا لە ڕاپەڕینی ژینادا جیا لە دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ کەس بە کردەوە نەهاتە سەر شەقام و تەنانەت وایان کرد کە لە نێوخۆ و دەرەوە، ڕاپەڕینەکە تەریک و تەنیا بمێنێتەوە و لەبری هێرش بۆ سەر ڕێژیم و هەوڵ دان بۆ لەنێوبردنی، کەوتنە داوی لێکدانەوەی وشەکان و ترس لە داهاتوو.
هەندێک ترس هەقیقەتن، بەڵام هەقیقەتێک کە مرۆڤایەتی بە هەقیقەتی دەناسێ. خۆ ئەگەر بێت و نەتەوەگەلێکیش لە ئێران بیانهەوێ سەربەخۆ بن، ئەوە نابێ بەم واتایە بێ کە ئێرانیەکان و بەتایبەتی فارس و تورک، زۆرداریی ئەم حکومەت گەندەڵە مڵۆزمە قەبووڵ بکەن، ئەوە چیە ئێران لێک دەترازێ. وەک ئەوە وایە کە ئەوان لێک ترازانی ئێران و فرۆشترانی زیاتر و بندەستەبوونی زیاتری ئێران بۆ چین و ڕووسیان نەبینیبێ و نەبینن. ئەمە لێکدانەوە و هەڵوێستانە پێمان دەڵێ کە نەک هەر خودی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بگرە ئەم بیرۆکە و ترس و هیوایانەی کە لە دڵی هەندێک نەتەوە و تاکدا دەیانخوڵقێنێ، بۆ داهاتووێ جیهان، ناوچە و مرۆڤایەتیی و دانیشتووان و نەتەوەکانی نێو ئێران مەترسین.
ڕێژیمێک کە سنوور نازانێ، لە ئورووپا تیرۆر دەکات، لە باشووری کوردستان، خەڵکی بێ تاوان شەهید کات و هێرش دەکاتە سەر پاکستان و ئەفغانستان و ئەو پەنابەرە ئەفغانانەش کە لە ئێرانن ئەگەر نەبنە تیرۆریستی ئەو، بێ یەک و دوو دەیانکوژێ کە لە زمان و تا ڕادەیەک خوێنی خودی خۆین، سبەی و ئێستا هیچ بەزەییەکی بە خودی فارسەکانیشدا نایە.
ڕێژیمی ئێران، چەندە نوێنەری مرۆڤایەتیی و ڕەوشتە، هەر ئەوەندەش نوێنەری فارسەکان و ئێرانیەکانە.
کات کاتی یەکگرتووییە بۆ ئەوەی مڵۆزمێکی وەها لەکۆڵ مرۆڤایەتی بکەینەوە.
وڵاتانی زلهێز و لە پێش هەموویانەوە ئەمریکا، فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا ئەرکی سەر شانیانە هەم بە هۆی مێژوو و هەم بە هۆی ئێستا، بێنە سەر خەت و هەڵوێستی جیدیان هەبێ. ئەمڕۆ کە قسەی تێدا دەکەین، درەنگە چ بگات بە سبەی و دووسبەی.