کۆنفڕانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد.
سەرەتا لەلایەن خاتوو نازدار کرمانج وەک بەڕێوەبەری کۆنفرانس بەخێرهاتنی ئەندامان کرا و ڕێژەوی کاری کۆنفرانس خوێندرایەوە. پاشان داوا لە خاتوو ماهڕۆخسار عینایەتی ئەندامی لە مێژینەی یەکیەتیی ژنان کرا کە بەڕەسمی کۆنفراس بکاتەوە.
خاتوو ماهڕۆخسار پاش بەخێرهێنانی بەشداربووان، خۆشحاڵی خۆی لە چالاکی بەردەوامی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان دەربڕی و سوپاسی کۆمیتەی ڤێسترۆسی کرد کە وەک ڕێز گرتن لە بەڕێزیان وەک ئەندامێکی دێرینی ئەو ڕێکخراوەیە، کردنەوەی کۆنفرانسیان پێ سپاردوە و هیوای خواست کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو بێ.
دوابەدوای کردنەوەی کۆنفرانس و بەڕەسمی ناسینی کۆنفرانس، ناوی “خاکیپۆشان”بۆ کۆنفرانس لەلایەن بەشداربوانەوە دیاری کرا.
پاشان خاتوو شلێر حەسەنپوور بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دیموکرات لە وڵاتی سوئێد لە ڕێگای سەرھێڵ بە چەند وتەیەک بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کرد.
بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە کۆمیتەی ڤێسترۆس یەک لە چالاکترین کۆمیتەکانە هۆیەکەشی گەڕاندوە بۆ مێژووی تێکۆشانی ئەندامانی ئەو شارە کە بەشی زۆریان دوای شۆڕشی گەلانی ئێران شان بە شانی بنەماڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی چالاکانە خەباتیان کردوە.
بەڕێز حەسەنپوور لە وتەکانی دا ئاوڕێکی خێرایی لە چەند قوناغێکی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دایەوە و گوتی: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی چەند دەیە ڕابردوو بۆ وەدەست هێنانی ئازادی نرخێکی زۆریان داوە و لە کوردستان کەمتر بنەماڵە هەیە کە خۆشەویستێکیان لە دەست نەدابێ یا کەسێکیان زیندانی و ئەشکەنجە نەدرابێ بەڵام خەڵک هەردەم لە مەیدان دابوون هەرگیز پاشەکەشەیان لە مافی خۆیان کە ئازادی و ڕزگاربوون لە ژێردەستەیە نەکردوە.
بەڕێزیان، ئاماژەی بە نەخش و ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ژینا هەروەها ئەرکی ژنان لە خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکسان دا کرد و گوتی: بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان یەکڕیزی و یەکگرتوویی خاڵی سەرەکییە و بە هەمووان دەبێ تێبکۆشین یەکگرتووی خۆمان بپارێزین. دوایی وتەکانی خاتوو شلێر، بەرێز بەرپرسی کۆمیتەی ڤێسترۆس خاتوو سوهەیلا مێهدیزادە ڕاپۆرتی کار و چالاکی دوو ساڵی ڕابردووی پێشکەش کرد و هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا سوپاسی خۆی ئاراستەی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی شاری ڤێسترۆس کرد و گوتی: کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڤێسترۆس بەبێ هاوکاری ئێوە ئەندامانی چالاکی ئەو کۆمیتەیە نەیاندەتوانی سەرکەوتن وەدەست بێنن.