دیمانە: جیهان بێتووشی
کەس بە ئەڵفازم نەڵێ خۆکردیە خۆ کوردیە
هەرکەس نەدان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا
نالی
زمان ناسنامە و شوناسی هەر مرۆڤێکە لە هەر گۆشەیەکی ئەو دنیایەیە دەتوانێت زمان ببێتە ناسێنەرمان ئەگەر ئێمەی کورد ساڵەها بێت ژێر دەستە بین و لە لایەن دوژمنانەوە داگیر کرابین هەموو شتێکمان داگیر کرابێت بەڵام هیچ کات نەیانتوانیوە زمانمان لێ بستێنن بەکارهێنانی زمانی دایکمان لەلا کاڵ بکەنەوە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک چەند پرسیارێکمان لە دکتۆر تەلار مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی کۆیە کرد کە بەم شێوەیەوەڵامی پرسیارەکانی بۆ ڕوونکردینەوە
پرسیار/زمان چیە و چۆن پێناسەی زمانمان بۆ دەکەی ؟
د.تەلار :- سەرەتا ڕۆژی زمانی دایکتان پیرۆز بیت سەبارەت بە ناساندنی زمان پێناسەی جۆراو جۆری بۆکراوە بەڵام بە سادەترین شێوە دەتوانین بڵێین زمان ئامرازێکە بۆ لەیەکترتێگەیشتن و پەیوەندیکردن لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵدا یان دەتوانین بڵێین هۆکارێکە بۆ دەربڕینی هەستەکانمان گۆڕینەوەی بیروڕا .
پرسیار /دیاریکردنی ٢١شوبات وەکو ڕۆژی زمانی دایک بۆ چ مەبەستێک دەگەڕێتەوە؟
د.تەلار :- منداڵ سەرەتا ئەو زمانە فێر دەبێت زمانی دایکە جا ئایا ئەو زمانە هی دایکی خۆی بێت یان ئەو زمانە بێت کە لەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژی سەرەتا فێری دەبێت چونکە مەرج نیە منداڵ هەر لەگەڵ فێربوونی زمان بەو زمانە قسە بکا کە زمانی ڕەسمی منداڵی دایکیەتی سەبارەت بە مێژوی ڕۆژی زمانی دایک کە ڕۆژێکی تایبەتە و لە زۆربەی وڵاتاندا گرنگی پێ دەدرێت و سیمینار و مراسیمی تایبەتی بۆ دەگیرێت ئەو مێژوە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە لەوکاتەی کە وڵاتی بەنگلادش بەشێک بوو لە پاکستان و پاکستان ویستی زمانی ئوردو بەسەر بەنگلادیشەکاندا بسەپێنێت و زمانی دایکیان لە ناوبەرێت بەنگلادیش ئەوەیان قەبوڵ نەکرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چەندین کەس بوونە قوربانی و سەربەخۆی خۆیان وەرگرت و دوای ئەوەش رێکخراوی UN لە ساڵی ١٩٩٩ بریاریاندا و ٢١ شوبات بەرابەر بە ٢ ڕەشەمە وەکو ڕۆژی جیهانی دایک ناساند .
پرسیار / جەنابتان لە ئێستادا زمانی کوردی لە چ ئاستێکدا دەبینن؟
لە ڕاستیدا من لە ئێستادا زمانی کوردی لە ئاستێکی باشدا دەبینم چونکە ئەگەر ببینین زمانی کوردی بە شێکە لە دنیای تەکنەلۆژیا و لەبارەیەوە دابڕاو نیە وە چندین سیمینار و بابەتی جیا جیا لە وڵاتان بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرێن کە ئەوەش جێگەی گەشبینی و خۆشیە سەرباری هەموو ئاستەنگیەک کە بۆ زمانەکەمان دروستدەکرێ و تا ئێستا زمانێکی ستانداردی کوردیمان نیە .
پرسیار /جەنابتان وەکو مامۆستای زمانی کوردی زمانی کوردی لە پارچەکانی تری کوردستان چۆن دەبینی ؟
د.تەلار :ـ لە باشوری کوردستان ئەوا دەبینین کە هەموو کاروبار خوێندنی دەوڵەتی بە زمانی کوردییە و خۆشحاڵانە گرنگی تایبەت بەو بەشە دەدرێت لە زانکۆکان سەبارەت بە پارچکانی تریش کە بەداخەوە ئازادی و سەربەستی بە کارهێنانی زمانی دایک یان بڵێم زمانی کوردی لە ژێر ئاستەنگ دایەوە زمانی خوێندن و نوسین نیە سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان بە خۆشحاڵیەوە نزیکە و هەنگاوی باش لە پێشە بەڵام سەبارەت بە باکوری کوردستان بەداخەوە زمانی کوردی لەژێر زەبر و زەنگێکی زۆردایە و بەکارهێنانی تاوانە چونکە دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لە ناوبردنی زمانی کوردی دەدات چونکە زمان بە مەترسیەکی گەورە دادەنێت و وەکو ناسنەمەیەکی گرنگ چاوی لێدەکا کە تا ئێستا هیچ دوژمنێک نەیتوانیوە لێمان وەربگرێتەوە ئەگەر باس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم ئەوا جموجۆڵێکی باش دەبینرێ ئەگەر چەند ساڵێک پێش ئێستا زمانی کوردی تەنیا زمانی ڕۆژانە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بوبێ لە ئێستادا هەوڵێکی باش هەیە بۆ بەکارهێنان و چالاکی جۆراو جۆر بە زمانی کوردی ئەوەش بە دامەزراندنی رێکخراو دامەزراوە بۆ پاراستنی زمانی کوردی و فێرکردنی منداڵان و پاراوکردنی زمانیان لە بەکارهێنان وشی ڕەسەنی کوردی وە چالاکی جۆراو جۆر لە لایەن گەنجانەوە وە دەبین لە ماوەنەدا چەندین مامۆستاو پارێزەری زمانی کوردی کەوتونەتە بەر هەڕەشە و گرتن و سزادان بەڵام ئەمانە نەبونەتە هۆی وەستان .
پرسیار /لە کۆتایدادەمەوێ پرسیاری ئەوە بکەم کە ئایا چۆن هەر کامێکمان دەتوانین ببینە پارێزەری زمانی دایک ؟
د.تەلار :- سەرەتا ڕوم لە دایکانە کە منداڵەکانیان لە کاتی زمان پژاندا فێری زمانی شیرینی کوردی بکەن واتا زمانی دایکیان کاتێک منداڵەکانیان بە زمانێکی کوردی باش قسە دەکا شانازی پێوە بکات و بەوەی کە هەر لەمنداڵیەوە بە زمانی بێگانە قسە ناکات منداڵەکەی لا کەمتر نەبێت لە مناڵانی تر وە هەوڵ بدرێت لە خوێندنگا تایبەتەکان گرنگی سەرەتا بە زمانی دایک بدرێت جا زمانەی دووهەم و سێهەم دەمەوێت ڕووی قسەکانم بکەم کوردانی تاراوگە و هەوڵ بدەن ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی جیاوازیش بژین فێربونی زمانی کوردی بۆ منداڵەکانیان لە بیر نەکەن تا زمانەکە لە بیرو هزریاندا نەمرێت .
پرسیار/٦_دەبینین چەند ساڵێکە ئازادی لە باشوری کوردستان رەهایە و ئایا زمانەکانی تر چەندە کاریگەریان لەسەر زمانی کوردی هەبووە لە باشوور و ئایا چی بکەین تا ئەو زاڵبونەی زمانەکانی تر کەمتر بێ ؟
د.تەلار :- کاریگەربونی نێوان زمانەکان شتێکی ئاسەییە چونکە هەموو زمانێک کاریگەری لەسەر زمانی تر دەبێت و هەموو زمانێک بە زمانەکانی تر کاریگەر دەبێ و وشە لە زمانەکانی تر وەردەگرێ بەڵام گرنگە هەوڵبدەین ئەو کاریگەربونە لە ئاستی سنورداردابێت و بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانەکەمان بی و کاتێک وشەیەکی تازە بۆ مەبەستێکی نوێ وەردەگرین لەبەرابەر وشە بێگانەکە وشەیەکی کوردی دروست بکەین یان دابنێین .