ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەڵەواتی” حوکمی ئێعدامی لە دژی بەندکراوایی سیاسی ژن، “وریشە مورادی” خەڵكی شاری سنە دەرکرد، هەروەها لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ئیمان ئەفشاری” سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی بێ بنەمایی “بەغی” دەرکراوە.
دەرکردنی سزای لە سێدارە بەسەر ژنانی چالاکوانی سیاسی و مەدەنی، هەروەها پێشێلكردنی سەرەتایترین مافەكانیان لە بەندیخانە و ئازار و ئەشکەنجەیان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە نیشانەی ترس و خۆفی ئەو سیستەمە دیكتاتۆرەیە لە ژنان، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” هێرشێکی نوێی بۆسەر ژنان دەست پێکردووە و بەردەوام شاهیدی گرتن، زیندانی کردن و سەپاندنی حوکمی قورسین بەسەر ژنانی چالاکوان دا،کە ئەوەش درێژەی سیاسەتی ترس و تۆقاندنی ئەو حکومەتە دژە ژنەیە کە هیچ کات تێیدا سەرکەوتوو نەبووە.
ڕێکخراوەکەمان بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو دۆخە و پێمان وایە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر مافەکانی ژنان بە میکانیزمی نوێ پێشێل دەکا بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازی وە بۆ ئەو مەبەستە ژنان دەخاتە سیاچاڵەكانی خۆیەوە و لەوێدا بەوپەڕی دڕندەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکات.
ئێمە وەك بەشێك لە ژنانی كۆمەڵگای كوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەو سزا قورس و ناڕەوایە کە سەرپێیی لەدادگای شۆرش دەرچووە، داواکارین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەروەها رێکخراوەکانی ژنان و ئەحزابی سیاسیی وچالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی وێڕای مەحکومکردنی حوکمی ناڕەوای ئێعدام، پێکەوە دەنگی ئازادیخوازی و دادپەروەری ژنانی چالاك بەتایبەت وریشە و پەخشان بین و دەنگی كپ كراوی ئازادیخوازیان بگەیەنین بە کۆمەڵگەی جیهانی بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیم و هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوكمە ناڕەوایە و هەوڵ بدەین بۆ ڕزگار کردنیان.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران