“زمان، کەرامەت و شوناسی نەتەوەییمانە”
زمان سەرچاوەی ژیانی مرۆڤە و بوون و مانەوەی هەر نەتەوەیەک لە زماندا مانابەخشە. ئەوەی کە هەر نەتەوەیەک مافی ڕەوای خۆیەتی بە زمانی دایکی خۆی ئەرکەکانی ژیانی ڕاپەڕێنێت و بۆ پرۆسەی ژیان لە بوارە جیاوازەکاندا منداڵانی خۆی پەروەردە بکات، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە مخابن ئەم ڕاستییە لە پێوەندیی لەگەڵ نەتەوەی کورددا بەپێچەوانە بەرەو پێش دەڕوات و سەدان ساڵە کە داگیرکەرانی کوردستان نەک مافی پەروەردەکردنیان بە زمانی کوردی نەداوە، تەنانەت هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردیشیان داوە.
ئەگەر دوژمنانی کورد هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کورد دەدەن ئەم خەونەیان زیاتر لە هەموو پیلانێکیان لە تواندنەوە و یاساغکردنی زمانی کوردی دەبینەوە و بە هەموو شێوەیەک لەم ڕاستایەدا کێشە و ئاریشە ساز دەکەن و پاش سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەت ـ نەتەوەی تازەسەرهەڵدراوی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق بە شێواز و سیاسەتی جیاوازەوە بەرەنگاری ئەم زمانە بوونەتەوە. ئەگەر لە وڵاتی تورکیە ئاخافتن بە زمانی کوردی یاساغ بوو، لە ئێرانی سەردەمی پاشایەتی و ڕێژیمی ئیسلامیدا ئەم سیاسەتە گەلێک مەترسیدارتر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە چووە و سەدان ساڵە بە ئاشکرا و بە خشکە هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەم زمانە لە ڕێڕەوی خۆی ببەنە دەرەوە و وەکوو بەشێک لە زمانی فارسی لە قەڵەم بدرێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەم زمانە وەکوو سەرچاوەیەک و هەوێنێک بۆ گەشەکردنی زمانی فارسی کەڵک وەر گیراوە.
ئەگەرچی هەوڵەکان بۆ تواندنەوەی زمانی کوردی لە لایەن داگیرکەرانەوە جیدی بووە، بەڵام چەندین هۆکار ئەم زمانەی پاراستووە کە سەرەڕای نەبوونی دەسەڵات و پشتیوانێکی سیاسی بە شێوەی سروشتی لە حاڵی گەشەکردن و پەرەسەندنە و ڕۆژانە و ساڵانە شایەتی بەرزبوونەوە ڕێژەی پەرتووکە کوردییەکانین. لە گەشەکردنی زمانی کوردیدا جیا لە لەباربوونی سروشتی کوردستان و فرەڕەنگی و فرەزاراوەیی، مامۆستایانی بواری ئەدەبیات و زانستی کوردی پێشمەرگەئاسا ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە و لەگەڵ هەموو تەنگوچەڵەمەکان و گوشارە ئەمنییەتییەکانی ئەم ڕێگایە کۆڵیان نەداوە و بێپسانەوە خزمەتیان بە زمانی دایکی خۆیان کردووە.
هاونیشتمانانی ئازیز، خوێندکاران، لاوان و ژنانی نیشتمانپەروەر، لە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە کە وەکوو ڕۆژی زمانی دایک دیاری کراوە، داواکارین کە لە زمانی کوردی وەکوو سەرچاوەی ژیان و خەباتی دەیان ساڵەی نەتەوەکەمان پارێزگاری بکەن و لە پەروەردەکردن و فێرکردنی مناڵانی کورد کەمتەرخەم نەبن، لەبەر ئەوەی دوژمنانی کورد بە لاوازبوونی زمانی کوردی شاگەشە نەبن و ئەم سەنگەرەمان پێ چۆڵ نەکەن.
یەکیەتییەکانی خوێندکاران، لاوان و ژنانی دێموکرات
٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ی کوردی