هاونیشتیمانیانی هێژا،
ئێمە لە ساتەوەختێکدا پێشوازی لە سەد و سی و پێنجەمین ساڵوەگەڕی یەکی ئەیار دەکەین، کە پێکهاتەی ئابووری کوردستان و بەم پێیەش
دۆخی چینی کرێکار لەم نیشتیمانە بە بەراورد لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی خاوەن سەروەی هەڵگڕیجیاوازییەکی بەرچاوە. هۆکاری سەرەکی ئەم
جیاوازییەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو سیستەمە کؤڵۆنیالیستییە کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران لە کوردستاندا جێگیر کراوە . یەک لە دەرهاویشتە وێرانەکەرەکانی ئەم سیستەمە ئیستیعمارییە ئەوەیە کە لە هەنگاوی یەکەمدا سەرجەم سەرچاوە و سامانە سروشتییەکانی کوردستان لە فۆڕمێکی داگیرکارانەدا بە دەستی دەوڵەتی ناوەند و کاربەڕێکەرانی ناوەچەیی و هەرێمی ئەو ناوەندە بەڕێوە دەچێت و سوودی لێوەردەگیرێت.
لە هەنگاوی دووهەمدا، ئەم مودێلە داگیرکارانە ڕێگا نادات کە سەرمایەداری کورد لە سەر جوگرافیای کوردستان وەبەرهێنان
لە پرۆژەگەلی ئابووری زەبەلاح و بەرهەمهێنەردا بکات. لە دۆخێکی ئاوادا، نە تەنیا پێشەسازی لە کوردستان دا پێک نایە، بەڵکوو بەم پێیەش
کرێکاری کوردیش لە پرۆسەی گەشەکردنی خۆیدا هێچکات نابێتە خاوەن ئەم پێشمەرجانەی کە بتوانێت بە گوێرەی پڕۆلیتیاریای وڵاتانی خاوەن
پیشەسازی فۆڕم بگریت.
دەرئەنجامی پڕئێش و ژانی ئەم دۆخە، شکڵگرتنی نموونەیەکی تایبەتە لە هێزی کاری هەرزان لە کوردستان کە هێندیک جار لە فۆڕمی کۆچێکی
داسەپاو، دەبنە ئەو گشتە کرێکارە ڕەش و ڕووتانە کە بە مەبەستی پەیداکردنی بژیوی ڕۆژانە بە لێشاو ڕوو لە شارە گەورەکانی ناوەند دەکەن،
هێندێک جار لە هەیبەتی هەزاران هەزار ژن و منداڵ و بنەماڵەدا دەبنە کرێکاری وەرزی کوورەخانەکان و سەختترین دۆخی کاردا خشتپێژی دەکەن و هێندێک جاریش لە کاراکتەری کۆڵبەردا، لە هەژماری هەزاردا، بە باری گرانەوە لە سەر پشت، لە سەرما و گەرمادا بە دۆڵاندا
دادەگەڕێن، بەرەوە لووتکە هەلدەکشێن و ڕێچکە دەبەستن، سنووری دەستکرد دەبڕن و زۆر جاریش لە گەڕانەوە دا دەکرێنە نیشانەی فیشەکی
سەربازی دەوڵەتی داگیرکەر هەتا بە خۆینی گەشیان دوند و کەند و تەلان و پێدەشتەکانی نیشتیمان ڕەنگین بکەن.
ئێمە وەکوو یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێمان وایە و پێداگرین لە سەر ئەوەی کە پەیوەندییەکی دیالیکتیک لە نێوان سیستەمی چەوسانەوەی داسەپاو بە سەر کرێکار و هەژاری کورد لە لایەک و کوردبوونی ئەم هەژار و کرێکارە لە لایەکی دیکەوە هەیە. بە واتەیەکی
فۆڕمگرتنی کاتێگۆڕیگەلی کۆمەڵایەتیی وەکوو کۆڵبەری کورد، ژنی خشتپێژی کورد ، کرێکاری هەرزانی کورد و هەموو ئەم تڕاژێدیایە
پەیوەندیدارانەی کە ئەزموون دەکرێت پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە کوردبوونی ئەم تۆێژانەوە هەیە. هەر بۆیەش ئێمە پێمان وایە کە ڕەهایی
چینی کرێکاری کورد تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕزگاری نیشتیمانی دا دەستەبەر دەکرێت.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کوردستان
1ی ئەیاری 2024