خەڵکی خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژنانی تێکۆشەر و غەمخۆر:
هەروەک دەزانن ئاڕمیتا گەڕاوەند کچە لاوی خەڵکی کرماشان کە مانگی ڕابردوو بەهۆی توندوتیژییەکان هێزەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی لە مێترۆی تاران بەهۆی حیجابی زۆرەملی و داسەپاو بەسەریدا، کەوتبووە بەر پەلاماری هێزەکانی ئیرشاد و بەماوەی 28 ڕۆژ چووە کۆماوە ئەمڕۆکە شەممە 6ی خەزەڵوەر گیانی لە دەست دا.
ئارمێتا گەڕاوەند کچە قوتابییەکی دیکەی دەستی جینایەتی کۆماری ئیسلامی بوو کە ڕۆژی 9ی ڕەزبەر لە وێستگەی میترۆیی شوهەدای تاران کەوتە بەر پەلاماری هێزەکانی بەناو گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی حیجاب کەوتە بەر لێدان و ئازار و ئەشکەنجە و ماوەی بیست و هەشت ڕۆژ لە کۆمادا بووە ئەوڕۆکە گیانی لە دەست دا.
لەگەڵ ئەوەی ئەمجارەیان دووبارە بە شێوازێکی زۆر دڕەندانەتر لە جاری پێشوو تەنانەت دوای ئەو جەنایەتە و کوشتنی ئەم کچە لاوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی و دایک و بابی کردووە کە ئەگەر قسە لەگەڵ ڕاگەیەندەکانی دەرەوە سوشیاڵمیدیا نەکەن و باس لە دۆخی تەندرووستی کچەکەیان نەکەن و بڵاوی نەکەنەوە ئەم کردەوە ناشرینەی ڕێژیم لەقاو بدەن، ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە و ناهێڵن کچەکەیان ببینن. و فشاریان دەخەنە سەری تا لەبەر کامێرا بڵێن هیچ شتێک وەک زەرب و زەنگ و توندوتیژی لەلایەن ڕێژیم ڕووی نەداوە گوشارێک لەلایەن ڕێژیم لەسەریان نەبووە و داوایان لە خەڵک کردووە تەنیا دوعا بۆ کچەکەیان بکەن و گوتوویانە نامانهەوێ خەڵک وێنەی کچەکەمان بڵاو بکەنەوە.
ئەوە یەکەم جار نییە و ئاخر جاریش نییە کە هێزەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی بەو شێوازە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بە بیانووی حیجاب دەکوژرێن و لە نێو دەچن. ساڵی ڕابردوو ژینا ئەمینی کچەلاوی کوردی خەڵکی سەقز بە شێوازێکی زۆر دڕندانە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم دەستبەسەر کرا و کوژرا.
کوژرانی ژینا ئەمینی بوو بە هۆکاری ئەوەی کە ڕق وکینەیەکی چەندین ساڵەی خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان بێتە دەرێ و شۆڕشێک بە ناوی شۆڕشی ژینا دەست پێ بکا.
ئەم ڕێژیمە چاونەترس و یاغییە دوای یەک ساڵ و مانگێک دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ئەمجارەش بە کوشتنی ئارمیتا گراوەند دووبارە هەمان جەنایەت دووپات بووە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەم ڕەفتارە قێزەون و دڕاندانەی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مروڤی و مەدەنی و نێونەتەوەییەکان دەکا چیتر ئەم شێوە ڕفتارانەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ خەڵکەکەی قەبووڵ نەکا. .
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
6ی خەزەڵوەری 1402