ئامادەکردنی: ژیلا موستەئجێر
لەسەرەتای دەسپێکی شۆرشی ژن ژیان ئازادی کە چەخماخەکەی لە کوردستان و لە شاری سەقزەوە لێدرا، سەرەڕای زۆر دەسکەوتی مەعنەوی لە ڕەوتی ئەم شۆرشە، بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی شۆرشگێر شەهید کران و بەشیکیان دەستبەسەر و یا بریندار کران. لەم ڕاپۆرتەی خوارەوە بە شێوەیەکی ورد سرنج خراوەتە سەر ڕێژەی شەهیدان و هەروەها شیکارییەک لەسەر دەستبەسەرکرانەکان و هێرشیە هاژژەکییەکان بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەلایەن تیمی لێکۆڵینەوەی «هەنگاو» لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە ١٣٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان و چەند شارێکی ئێران کوژراون. هەروەها بەهۆی هێرشی هاژەکی و دڕۆنی سوپای پاسداران بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان لە نێو خاکی باشووری کوردستان بە بیانووی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، لانی کەم ٢١ ئەندامی ئەم حیزبانە و هاووڵاتییەکیی باشووری کوردستان گیانیان لەدەست داوە.
پۆلێنبەندی بەپێی شێوازی کوژران:
تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت؛ ١١٤ حاڵەت بەرانبەر بە ٨٥٪ کۆی گشتی.
کوژران لەژێر ئەشکەنجەدا؛ ٩ حاڵەت بەرانبەر بە ٦.٥٪ کۆی گشتی.
کوژران بەهۆی لێدانی باتۆم؛ ٦ حاڵەت بەرانبەر بە ٤.٥٪ کۆی گشتی.
کوژران بە چەقۆ؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ کۆی گشتی.
خنکان بەهۆی بەرکەوتن بە گازی فرمێسک ڕێژ؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ کۆی گشتی.
کوژران بە ژێرخستنی ئۆتۆمبێل؛ ١حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ی کۆی گشتی
سێدارە؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨ی کۆی گشتی.
نادیار؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ ی کۆی گشتی.
پۆلێنبەندی بەپێی پارێزگاکان:
پارێزگای سنە؛ ٤٣ حاڵەت
پارێزگای ورمێ؛ ٤٩ حاڵەت
پارێزگای کرماشان؛ ٢١ حاڵەت
پارێزگای ئیلام؛ ٢ حاڵەت
پارێزگای خوراسان ڕەزەوی؛ ٢ حاڵەت
پارێزگای تاران؛ ٨حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز؛ ٦ حاڵەت
پارێزگای قەزوین؛ ١ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان؛ ١ حاڵەت
پارێزگای مەرکەزی؛ ١ حاڵەت
ئاشکراکردنی ناسنامەی ژمارەیەکی دیکە لە کوژراوان
لە دوایین ڕاپۆرتی «هەنگاو»دا، ناسنامەی شەش هاووڵاتیی دیکەی کورد کە لە ڕەوتی بەرخۆدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژرابوون، لەدوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بە لیستی گیان بەختکردوانی شۆڕشی ژینا زیاد کرا.
عەلیڕەزا کاکامحەممەدی خەڵکی هەرسین کە لە تاران کوژرا، عەلیڕەزا حوسێنی خەڵکی کرماشان کە لە تاران کوژرا، محەممەدئەمین حەشمەتیان خەڵکی سونقوڕ کە لە کەرەج کوژرا، سەید محەممەد حوسێنی خەڵکی سەقز، هێمن حەمزە خەڵکی سەردەشت و مەتین نەسری خەڵکی سنە ئەو شەش هاووڵاتییەن کە لە ڕاپۆرتەکانی پێشووتری «هەنگاو»دا ناویان لە لیستی گیانبەختکردواندا تۆمار نەکردبوو و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی زانیاری ناوەکانیان لە لیستی ناوبردوو تۆمارکرا.
ژنان و منداڵان؛ ٦ ژن و ١٣ منداڵ و مێرمنداڵ لەنێو لیستی کوژراواندا؛
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لانی کەم ٥ ژن و کچێکی منداڵ بەناوەکانی مینۆ مەجیدی خەڵکی قەسری شیرین، نگین عەبدولمەلەکی خەڵکی قوروە، کوبرا شێخ سەقا خەڵکی مەهاباد، سارینا ساعێدی خەڵکی سنە، فریشتە ئەحمەدی خەڵکی سەردەشت و نەسرین قادری خەڵکی مەریوان گیانیان لەدەست داوە.
سێ کەسیان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان و سێ کەسی دیکەیان بە لێدانی باتۆم لەسەریان گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها لانی کەم ١٣ منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بەناوەکانی زەکەریا خەیال تەمەن ١٦ ساڵ، ئەمین مەعرەفەت تەمەن ١٦ ساڵ، عەبدوڵڵا محەممەدپوور تەمەن ١٦ ساڵ، ئەمیر فولادی تەمەن ١٥ ساڵ، ئەمیر حوسێن بەساتی تەمەن ١٥ ساڵ، عەلی موزەفەری سالانقوچ تەمەن ١٧ ساڵ، نیما شەفیق دوست تەمەن ١٦ ساڵ، ئارمین سەیادی تەمەن ١٨ ساڵ، سارینا ساعێدی تەمەن ١٦ ساڵ، کۆمار دەرئوفتادە تەمەن ١٦ ساڵ، دانیال پایبەندی تەمەن ١٧ ساڵ، بەهادین وەیسی تەمەن ١٦ ساڵ و کاروان قادرشوکری تەمەن ١٦ لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا کوژراون. ١٢ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت گیانیان لەدەست داوە و یەک کەسیان بە لێدانی باتۆم لەسەری گیانی لەدەست داوە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە «هەنگاو» لە ڕاپۆرتی پێشووتری خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە موئمن زەندی کەریمی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی سنە و ڕەزا کازمی خەڵکی موژژ تەمەن ١٦ ساڵ بوون. لەدوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی «هەنگاو» بۆی پشتڕاست بووەتەوە کە موئمن زەند کەریمی تەمەن ١٩ ساڵ و ڕەزا کازمی تەمەن ٢٢ ساڵ بوون. هەر لێرەدا داوای لێبوردن لە هەموو بەردەنگەکانمان دەکەین.
ئەشکەنجە؛ لانی کەم ١٠ هاووڵاتیی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، لانی کەم ١٠هاووڵاتیی دوای ڕفاندنیان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی حکوومەتدا کوژراون.
ئیسماعیل دزوار خەڵکی سەقز، محەممەد عەبدوڵڵاهی خەڵکی ئیلام، ڕامین فەتحی خەڵکی سنە، سامان قادرپوور خەڵکی شنۆ، ئومێد حوسێنی خەڵکی سنە، هێمن ئەمان خەڵکی بۆکان، شادمان ئەحمەدی خەڵکی دێولان، شەهریار عادلی خەڵکی سەردەشت و محەممەد حاجی ڕەسوڵ پوور و شێرزاد ئەحمەدنژاد خەڵکی بۆکان، ناوی ئەو کەسانەیە کە لەدوای دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.
بارودۆخی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر یاخود بە زۆرەملێی ڕفێندراون:
لەسەر بنەمای ئەکسیۆنی یاسایی لە پەیوەندی لەگەڵ دەستبەسەرکران، دەبێت تۆمەتبار بە لەبەرچاوگرتنی هەموو مافە یاساییەکانی پێکهاتوو لە بڕیاری دادگا، ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە، دەست ڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی، ڕاوێژکاری یاسایی و پارێزەر و ڕوونکردنەوەی تۆمەتە سەپێندراوەکان بەسەریدا، بۆ یەکێک لە بەندیخانە فەرمییەکانی تۆمارکراو لە لیستی ڕێکخراوی بەندیخانەکانی وڵات بگواسترێتەوە.
ئەوەی کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژیاندا ڕوویداوە، بەرانبەر بە مادەی ٢ی کنوانسیۆنی پشتیوانی لە هاووڵاتییان لەبەرانبەر ڕفاندنی زۆرەملی، تاوانێکی ترسناکە کە لە یاسا نێونەتەوەییەکانی تاوانەکان، وەک تاوان هەژمار دەکرێت.
هەرچەندە دەوڵەتی ئێران نەبووەتە ئەندامی ئەم کنوانسیۆنە، بەڵام پێناسەکردن و جێبەجێکردن و لەبەرچاوگرتنی ئەم یاسایە بەشێوەیەکی گشتی لایەنێکی نەریتی هەیە و پێویستە دەوڵەتەکان پابەندی بن.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە تەنانەت بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، تۆمەتبار لەدوای دەستبەسەرکرانی هەموو ئەم مافانەی هەیە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین پێشێلکردنی هەموو پێوەر و لایەنەکانی مافە نێونەتەوەییەکانە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە.
دوای تێپەڕینی پێنج مانگ بەسەر دەستپێکی خۆپیشاندانەکان، زیاتر لە ٧٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر یاخود ڕفێندراون، کە لەم بارودۆخەدا تیمی لێکۆڵینەوەکانی «هەنگاو» توانیویەتی ناسنامەی ٢١٦٧ کەس ئاشکرابکات، کە لەم ژمارەیە ٢٢٠ کەسیان ژن و ١٩١ کەسیان منداڵ و مێرمنداڵن.
دەبێت بگوترێت کە بەپشت بەستن بە لێکۆڵینەوەکان، بەشێوەیەکی سیستامتیک دەستبەسەرکراوان لە ژێر ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدان.
لەکۆی ئەو ٢١٦٧ هاووڵاتییە کە ناسنامەیان بۆ «هەنگاو» ئاشکرابووە، (٧٧٦) کەسیان خەڵکی پارێزگای سنەن. هەروەها (٦٦٠) کەسیان خەڵکی پارێزگای ورمێ، (٣٦٠) کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان و (٢٩٠) کەسیان خەڵکی پارێزگای ئیلامن. هەروەها لە شارەکانی ناوەندی ئێران لانی کەم ٨١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی «هەنگاو»، زۆرترین ئاماری هاووڵاتییانی ڕفێندراو لە شارەکانی سنە بە هەبوونی ٣٣٤ حاڵەت، پیرانشار بە هەبوونی ١٤٣ حاڵەت، شنۆ بەهەبوونی ١٢٦ حاڵەت، مەهاباد بەهەبوونی ١٢٦ حاڵەت و ئاودانان بەهەبوونی ١٠٨ حاڵەت تۆمارکراون.
بارودۆخی یاسایی دەستبەسەرکراوان
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەکۆی گشتی ئەو کەسانەی کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لە کوردستان دەستبەسەرکراون، هەتا ئێستا ١١١ کەسیان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە هەروەها کەسێکیش سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەتا ئێستا ١١١ کەس لەم کەسانە سەرجەم سزای ٣٤٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە هەروەها محەممەد مەهدی کەرەمی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، کە سزاکەی لە یەکێک لە بەندیخانەکانی کەرەج جێبەجێکرا.
هەروەها ٢٠ کەس لەم ژمارەیە سەرەڕای سزای بەندکران، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەمیان سزای ١٠٧٦ جار لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
سەرەڕای ئەم حاڵاتانە، لانی کەم ٩ کەس لە دەستبەسەرکراوان تۆمەتی «موحاڕەبە و فەساد فی الارض»یان بەسەردا سەپێندراوە کە ناوەکانیان بریتین لە پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، پوریا جەواهری خەڵکی کامێران و ٧ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی فەرهاد تەهازادە، فەرزاد تەهازادە، فەریاد حەمزەشور، شەهرام مەعرود مەلا، ڕەزا ئیسلام دوست، کاروان شاهی پەروانە و فەرزاد مەحمودپوور.
ئەم تۆمەتە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا زۆرجار سزاکەی سێدارەیە.
هێرشی هاژژەکی بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان و گیان لەدەستدانی لانی کەمی ٢١ ئەندانی ئەم حیزبانە
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، سەرەڕای ئەو کوشتارە بەرفراوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان دەستی پێکردبوو، لانی کەم چوار جاریش کەمپ و بارەگای حیزبە کوردستانییەکانی «دێموکرات، کۆمەڵە و پاک» لە قوڵایی خاکی باشووری کوردستانی داوەتە بەر هێرشی هاژژەکی و دڕۆنی و لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا لانی کەم ٢١ کەس لە پێشمەرگە و ئەندامانی ئەم حیزبانە لە نێویاندا دوو ژن و کۆرپەیەکی یەک ڕۆژ و هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێر گیانیان لەدەست داوە.
بەرپرسانی نیزامی ئێران چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێرشانە بەمەبەستی تۆڵەستاندنەوە و لە وەڵامی بانگەوازەکانی ئەم حیزبانە لە ڕاستای مانگرتنی گشتی لە کوردستان ئەنجامدراون. سەرەڕای کوژرانی ٢١ ئەندامی ئەم حیزبانە، بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢)
سوپای پاسداران سەرەتا ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان لە سیدەکان، حاجی عومران و هەڵگورد تۆپباران کرد و کەڵکی لە دڕۆنی خۆتەقێن وەرگرت. کاتژمێرێک دواتر هێرشی هاژژەکی و دڕۆنی بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان (پاک) و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کۆیە ئەنجامدا.
لە ڕەوتی ئەم هێرشەدا ٩ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی عوسمان فەیزە، ڕەیحانە کەنعانی (ژنێکی دوو گیان)، وانیار ڕەحمانی تەمەن ١ ڕۆژ، هاجر زەرگە، محەممەد خەلیلی، میلاد پیرساحێب، شێرکۆ بەرتەنی، عومەر مەحمودزادە و ئەیوب هونەروەر گیانیان لەدەست دا و چەندین کەس بریندار بوون کە هەتا ئێستاش یەکیان بە ناوی ئەبووبەکر حەسەنزادە بەشێک لە زامەکانی ساڕێژ نەبووە.
هەروەها ٨ ئەندامی پاک بەناوەکانی ئیحسان فەرەجی، ئومید نیکدڵ، یونس غەیاسی، ئاروین سۆهرابی، یەدوڵڵا نوری، سەعید ئومێدی، ئیدریس ئەمجەدی و کامەران ڕۆستەمی لە ئەنجامی هێرشی هاژژەکی و دڕۆنی سوپای پاسداران گیانیان لەدەست دا و هەر وەها پەیامنێرێکی کاناڵی «کوردستان ٢٤» بە ناوی سۆران کامەران بە سەختی بریندار بوو.
دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)
سوپای پاسداران هاوکات لەگەڵ تۆپباران بارەگای حیزبە کوردستانییەکان لە ناوچە سنوورییەکان، بەرەگا و کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی کردە ئامانجی هێرشە هاژژەکی و دڕۆنییەکانی.
لە ئەنجامی ئەم هێرشانە، لانی کەم سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوەکانی ڕێبوار عەبدی، ئاسۆ تەوانا و محەممەد بادروت و هەروەها هاووڵاتییەکی شاری کۆیە گیانیان لەدەست دا و بۆ جارێکی دیکە چەندین کەس بریندار و بوون و عەلی تەمەری ناسراو بە عەلی ئیلامی هەتا ئێستاش بە ژانی زامەکانی ئەو ڕۆژە شوومەوە دەژی.
دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)
سوپای پاسداران بە هاژژەک و دڕۆنی خۆتەقێن هێرشی کردەوە سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی، کۆیە و بەحرکە (کەمپی جەژنیکان). لە ئەنجامی ئەم هێرشانە ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بەناوی بێهزاد ئیسکات گیانی لەدەست دا.
سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)
هێرشی هاژژەکی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ هەڵکەوتوو لە نێوان شاری هەولێر و کەرکووک.