فەرزانە حەبیبی
لە چ کاتێک و چ ڕێکەوتێکدا چەوسانەوە و ستەم لەمەڕ ژنان سەری هەڵ داوە؟ ئەم پرسیارە یەک وەڵامی هەیە و ئەویش ڕیشەکەی لە کۆمەڵناسی، پەروەردە و ڕامیاریدایە و وانەی لەسەر دەوترێتەوە.
لەو ساڵانەدا کە پیاوسالاری گەشەی سەندووە، بە هەمان ڕادەش لە تەمەنی ژنی کەم کردووتەوە، ئێستە ژنێکی چل ساڵان نەک تەنیا لە دەرەوە، بەڵکوو لەپێش چاوی خوێشی پیرێک دێتە هەژمار. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پیاوێکی حەفتا ساڵان دەگاتە ئەو باوەڕەی کە دەبێت لەگەڵ کچێکی بیست و چەند ساڵەدا ژیانی هاوبەش پێک بهێنیت. ئەگەر لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بە ژنێکی تەمەن چل و شەش بڵێین تۆ پیری، هەموو بە ئێمە پێ دەکەنن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە سیستەمی پیاوسالاری گەیشتووەتە هێز و ژن ڕۆخساری شادی خۆی لە دەست داوە.
با ئاوڕێک لە سەر بابسالاری و مێردسالاری بدەینەوە. لە باسی مرۆڤبووندا، ئازادی ڕێگەی گەیشتنی ژن و پیاو بە قۆناغی مرۆڤایەتییە. مرۆڤبوونی ژن و پیاو پەیوەندی بە زانیاری و عەقڵ و دڵەوە هەیە. بەڵام کولتووری نێرینە، مێشک و باوەڕی پیاوی بەسەر زانیاری و عەقڵ و دڵی ژندا زاڵ کردووە. ئاخر لە کولتوورێک نێرینەدا وەکوو جیهانی ئاژەڵان، زانست و عەقڵ و دڵ هیچ بوونێکی نییە، بەڵکوو کەلتوورێک بە ناوی زۆرداری هەیە. لەم کەلتوورەدا فەرهەنگی زۆرداری بەندیخانەی بابسالارانە و مێردسالارانەی ژنە.
لەم دۆخەدا نەک تەنیا زانست و ئاوەز (عەقڵ)ی ژن سەرکوێر دەکرێتەوە، بەڵکوو دڵی ژنیش هەر سەرکوێر دەکرێتەوە و وەکوو بەردی لێ دەکەن. باسێکی زۆر گرینگ بەتایبەت لەسەر دڵ هەیە؛ چونکە دڵ جیهانی سۆز و هەستەکانی ژنە، زەردەخەنەی دڵ لەسەر لێوەکان ڕەنگ دەداتەوە، ناسکی دڵ دەرمانی هەموو تووڕەیییەکانی مێشکە، هێوربوونی دڵ ئاسایشی ڕەوان و زەینە.
هەروەک دەڵێن: دڵ کە خەمبار بوو، هەموو گوڵێک وەک دڕک وایە. یانێ خەمی دڵ پەیوەندی بە چۆنیەتیی چاولێکردن و بیرکردنەوەوە هەیە. بەڵام کولتووری نێرینە لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی هەر دڵی ژنی بریندار کردووە و بەردەوام بووە لەو خەنجەرلێدانە، ئەم بریندارییە ناهێڵێت زەین و ڕەوانی ژن تەندروست بمێنێت.
پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بەزۆرەملێ زامێکە کە کچان لە بەندیخانەی باب دەیبەن بۆ سیاچاڵی مێرد. مێردسالاری ئەستەمترە لە بابسالاری، چونکە ژیانی ئابووریی ژن، زیاتر پەیوەندی بە گیرفانی مێردەوە هەیە، هەڵبەت بە هی بابیشەوە بەستراوەتوە. واتە هەر کەس نان و جلوبەرگ بدات بە ژن ئەوە دەبێتە خاوەنی ئازادیی ژن.
ژنانی وڵاتانی جیهانی سێیەم بوونەتە قوربانیگەلێکی بێدەنگ کە منداڵ گەورە دەکەن و چێشت لێ دەنێن و هەروەها کاتێک دەچنە دەرەوە بۆ کارکردن لەوێش دەبێت لەگەڵ دنیای پیاوانە و پیاوسالاری شەڕ بکەن و دژیان بوەستن، ئەمە مشتومڕێکی زۆر سەختە. ژنەکان هەموو خەم و بیریان پێڕاگەیشتن بە بنەماڵە دەبێت، کەمتر دەتوانن بچنە سەیران و گەشت و بە پێداویستییەکانی ڕەوان و جەستەیان ڕابگەن. ئەمە زیانێکی زۆر گرانە بۆ ژنان؛ هەرچەندە ژن ئەرک وەئەستۆ دەگرێت، بە هەمان ڕادەش پیاوان چاوەڕوانیان زۆرتر دەبێت. ئەم باسە هەر لە سەرەتاشەوە هەبووە، کاتێک پیاوان دەچوونە ڕاو و ژن لەنێو سروشت بەدوای دانەوێڵەدا دەگەڕا، هەر بە هۆکاری ڕۆڵی ڕاوچی و شەڕکەری پیاو، ئەوان بوونە سەرۆکی نێو ماڵ و ژنەکان ڕەگەزی بێدەسەڵات بوون.
سیمۆن دی بوڤوار وەک ئەگزیستانسیالیستێک باوەڕی وا بووە کە بوون لە چۆنیەتی لەپێشترە. بە باوەڕی وی مێژووی کولتووری بووەتە دژی وەی کە ژنان ئازادیی خۆیان هەست پێ بکەن و بەم پێیە هەنگاو بنێنەوە. ئەوان دەتوانن بە نەفی ئەفسانە کولتوورییەکان، خۆیان سەرلەنوێ پێناسە بکەن و تا ئەوکات کە ژنان ڕێگە بە پیاو و نەریتە کولتوورییەکان بدەن کە چییەتیی ئەوان پێناسە بکات، ئازاد نابن.
دیبوڤوار ئیستدلال دەکات کە ژن لە هەر شوێنێک بێت وەک “ئەوی تر”ی پیاو دێتە ئەژمار. ئەو باوەڕەی لە شوناسی خۆیدا پێک هێناوە کە پیاو کردارگرایە و ژن کرداروەرگرە (کۆنشپەزیر). هەروەها دیبوڤوار لەم باوەڕەدایە کە لە چوارچێوە کولتوورییەکانی هەنووکەدا وەک: “پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، دایکایەتی، پەیوەندییەکانی نێوان ژن – پیاو”، ژن شانسێکی بۆ ئازادی یان بەرانبەری نییە. سەرەڕای ئەمەش دیبوڤوار گەشبین بوو و باوەڕی هەبوو کە ژنان دەتوانن بەستێنی ئازادیی خۆیان چێ کەن. ئەوان دەتوانن ئەفسانە کولتوورییەکان بە کێشەوبەرە بکێشن، دەتوانن سەربەخۆییی ئابووری ئەزموون بکەن و ئەو ڕوانینە هەڵانەی کە ژن لە بواری هونەر و ئەدەبیات لە ئاستێکی نزمدا دەبینن، کەم کەنەوە.
ئەگەر ڕۆژێک دابێت کە ژن، نە لە ڕووی لاوازی و بێهێزبوون، بەڵکوو لە ڕووی هێزەوە عاشقی بکات … خۆشویستن بۆ ویش وەک پیاو دەبێتە سەرچاوەی ژیان نە مەترسییەکی مەرگبار. ئەم چەوسانەوە و ستەمە زۆر بەجوانی ڕەنگی داوەتەوە و هەستی پێ دەکرێت. بە بڕوای من ئەم نۆڤلێتە لە سەرەتای شارستانییەتی مرۆڤ نموونەیەکی بەرچاو لە چەوسانەوەی ژنان بوو کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاری بۆ خودی ژنان و شێوە ڕوانین و بیرکردنەوە و بەئاگابوونەوەیان دەگەڕێتەوە.
ئێگزیستانسیالیست: یانێ باوەڕ بە هەبوونی خۆت، واتە ژیان بێ مانایە مەگەر ئەوەی کە خۆت مانای پێ ببەخشیت.
سەرچاوە: ڕەگەزی دووهەمی سیمون دی بوڤار.