ئاسۆ مینبەری
دوابەدوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا بە دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێران و هاوکات لەگەڵ پێشێلکارییە بەرچاو و بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بە خەڵک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١ و لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا دامەزرا، داوای لە شایەتحاڵان و خەڵکانی کوردستان و ئێران کرد کە لە ڕاستای هەوڵەکانی ئەم کۆمیتەیە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان، زانیارییەکانی خۆیان لەمبارەوە ڕادەستی ئەم کۆمیتەیە بکەن.
لە ڕۆژی ٨ی مارسی ئەمساڵدا و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژن، ئەم کۆمیتەیە یەکەمین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێرانی بڵاو کردەوە و تێیدا هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ژنان و کچانی بە پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ و جینایەت دژی مرۆڤایەتی ناو برد.
ئەم کۆمیتەیە لە یەکەمین ڕاپۆرتی خۆیدا، نووسیویەتی: سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و هەڵاواردنی گشتگیر دژی ژنان و کچان پێشێلکاریی جیددی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی دژی ژنان بووە کە نموونەی ئاشکرای جینایەت دژی مرۆڤایەتییە.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لە کاتی شەهیدبوونی ژینا ئەمینییەوە دەستیان پێ کرد کراوە و وەک نموونە ئاماژە بە کوشتن، لەسێدارەدانی سەروویاسایی و کەڵکوەرگرتنی نایاسایی و لەڕادەبەدەر لە هێزی زۆر، زەوتکردنی سەرەڕۆیانەی مافی ئازادی، ئەشکەنجە، دەستدرێژی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕاوەدوونان و ئازاردانی ڕەگەزی کراوە.
یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ڕاپۆرتی ئەم کۆمیتەیە سەبارەت بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە کاتی دەسبەسەرکرانی ناوبراو لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە بووە و لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە توندوتیژیی فیزیکی بووەتە هۆی مەرگی ژینا ئەمینی و سارا حوسێن سەرۆکی ئەم کۆمیتەیە لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی هۆکاری مەرگی ژینا ئەمنیییە.
لە ڕاپۆرتی ئەم کۆمیتەیەدا باس لە هەڵسوکەوتی سەرەڕۆیانی دەسەڵات لە ڕێگەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کراوە و هاتووە کە بەپێی ئامارە جێی باوەڕەکان، ٥٥١ کەسی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە کوژراون کە لانیکەم ٤٩ کەسیان ژن و ٦٨ کەسیان منداڵ بوون.
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەم کۆمیتەیە، لە سەرماوەزی ١٤٠١ـەوە هەتا ئەمساڵ، لانیکەم ٩ کەس دوابەدوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و بەپەلە و دوای وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و ئەشکەنجە، لە سێدارە دراون.
بەڵام بابەتی سەرنجڕاکیش دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کۆمیتەیەکە کە لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسییەوە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ لێکدانەوەی شۆڕشی ژینا و لەژێر ناوی «کۆمیتەی هەڵبژێردراوی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر نائارامییەکانی ساڵی ١٤٠١» بڵاو کراوەتەوە!
ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕەشەمە و بە واژۆی حوسێن موزەفەر، بەرپرسی کۆمیتەکە بڵاو کراوەتەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو چەواشەکاریی ڕاستییەکانی تێدایە، تا جێگایەک کە هێرانا وەکوو هەواڵدەریی چالاکانی مافی مرۆڤ لە کاردانەوە بەم ڕاپۆرتە نووسیویەتی: ڕاستیی شێوەی کار، سەربەخۆیی و بێلایەنیی ئەم کۆمیتەیە لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەیی و گرووپەکانی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ جێگای گومان و پرسیارە.
ئەم کۆمیتەیە کە ١٠ ڕۆژ دوای ڕاپۆرتەکەی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ڕاپۆرتەکەی خۆی بڵاو کردووەتەوە لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا باسی لەوە کردووە کە تەنیا ٢٠٢ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ناسراو بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی گیانیان لەدەست داوە کە زۆربەیان چەکدار بوون، یان کەسانێکی ڕێبوار بوون کە لەلایەن ئاژاوەگێڕانەوە بە ئامانج، ئاگاهانە و بەئەنقەست کوژراون.
لە بەشێکی دیکەدا، بە ڕەتکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان باسی لەوە کردووە کە هیچ چەشنە لێدان و بەرکەوتنێکی فیزیکی لە هیچ کاتێکدا بەرانبەر بە ژینا ئەمینی نەکراوە!
کۆمیتەی هەڵبژێردراوی ڕەئیسی بە ڕووهەڵماڵراوییەوە باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی، لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ پرۆژیەکی بەرنامەبۆدارێژراو لەلایەن هەندێ وڵاتانی دەرەکییەوە بەروڕوو بووەوە کە کەڵکئاوەژوویان لە داخوازییەکانی خەڵک وەرگرت، ئەمە لەکاتێکدایە کە کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بەپێی بەڵگە بڵاوکراوەکان مەرگی تراژیکی ژینا و هاوکات بەستێنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان وای کرد کە خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە ڕێژیم و سیاسەتە گڵاوەکانی دەرببڕن، سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە هیچ وڵاتێک لە دەسپێکردنی ئەم ناڕەزایەتییانەدا ڕۆڵیان نەبوو و ئەوە ڕووداوێکی نێوخۆیی بوو کە خەڵكی هێنایە سەر شەقام.
هەر لەم پێوەندییەدا، لە ماوەی ڕابردوودا، گرووپی هاکێریی عیداڵەتی عەلی بە هاککردنی سیستمی بەناو دادوەریی ڕێژیم کۆمەڵێک بەڵگەی خستە ڕوو کە نیشانیان دەدا، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە بە فرتوفێڵ بنەماڵەی ژینا و بەتایبەت باوکی ناچار بە بێدەنگی بکات تاکوو بڵێسەی شۆڕشەکە دامركێتەوە، کە بە خۆشحاڵییەوە، هاوکات لەگەڵ پشتیوانیی بێوێنەی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی ئەمینی، بەهێز و خۆڕاگر لە بەرانبەر ڕێژیم ڕاوەستان و خاوەندارەتییان لە کچەکەی خۆیان کرد و بوون بە هێمای شۆڕشی ژینا.
کۆمیتەکەی ڕەئیسی لە بەشێکدا و بە چەواشەکارییەکی ڕوون باسی لەوە کردووە کە ناوەندەکانی ڕێژیم لەوانە دەزگا ئینتیزامییەکان و دادوەرییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١دا بەرپرسانە جووڵاونەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوەندەکانی ڕێژیم زیاترین ڕۆڵیان لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندا هەبوو و جیا لە کوشتنی ٥٥١ کەس بەپێی ئامارەکانی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی خۆپیشاندەر بە فیشەکی ساچمەیی ئەم هێزانە بریندار کران و بەشگەلێک لە جەستەیان لەدەست دا.
لە ڕاستیدا ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا تەنانەت پێش لە بڵاوکرانەوەی زانیارییەکان لەلایەن کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ڕوون و ئاشکرا بوون، لانیکەم ڕێژەی دەسبەسەرکرانەکان و ئازار و ئەشکەنجەی دەسبەسەرکراوان و باسکردنی ئەم ڕاستییانە دوای ئازادبوونیان ئەویش بە بارمتەی قورس نیشانیان دا کە سەرکوتکارییەکان تا چ ڕادەیەک دڕندانە بوون، لەم نێوانەشدا ئەشکەنجە و ئازاری ژنان بابەتێکی هەستیار و جێگەی باس و لێکۆڵینەوەیە. لە بەرانبەر ئەمەدا، دامەزرانی کۆمیتەی هەڵبژێردراوی ڕێژیم ڕێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستییەکانە نەک دەرخستنی ڕاستییەکان!
ڕێژیم بە دامەزراندنی ئەم کۆمیتەیە لە هەوڵدایە کە درۆ بخاتە بەرانبەر ڕاستییەکان و ڕای گشتی بخاتە گێژاوی نەزانییەوە، بەڵام گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەبات دژ بە ڕێژیم بەتایبەت لە کوردستان و لەلایەن ژنانەوە، نیشاندەری ئەو ڕاستییە بوون کە بەلاڕێدابردن و چەواشەکاری ناتوانێ هیچ لە ڕاستیی پرسە بگۆڕێ و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە گوێی جیهان گەیشتووە و نوێنەرایەتیی ئازارەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و بەتایبەت ژنانی کوردستان دەکات.
ڕێژیم پێی وایە دەتوانێ هاوارەکان بخنکێنی و درێژە بە سەرکوتکارییەکانی خۆی لە بەرگێکی بەناو یاساییدا بدات، بێئاگا لەوەی کە هیچکات ڕاستییەکان ناشاردرێنەوە و تیشکی ڕاستی لە تاریکترین ساتەوەختەکاندا خۆی دەردەخات.