نێر و مێ، دوو ڕەگەزن کە پێکهێنەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین و کۆڵەکە سەرەکییەکانی هەموو خێزانەکانی نێو ئەو کۆمەڵگەیەن. هەر تاکێکی ئەم خێزانانەش وەک یەکێک لەو رەگەزانە، رۆڵی تایبەت بە خۆیان هەیە و بۆ ئەوەی خێزان و بە گشتی کۆمەڵگەکەیان تەندروست و پێشکەوتوو بێ، دەبێ سادقانە فیداکاری بۆ گێڕانی رۆڵ و ئەرکی خۆیان بکەن و لەو پێناوەدا تێبکۆشن. جا ئەو تاکە چ پیاوی خێزان بێ، چ ژنی خێزان بێ، چ کچ یا کوڕ و …هتد بێ.
کەواتە نەتیجە دەگرین کە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا هەردوو رەگەزی نێر و مێ، واتە ژن و پیاو تەواوکەری یەکترن و بەیەکەوە ڕۆڵییان هەیە لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و بەپێچەوانەکەشی، ئەگەر بێت و بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستن، زیان و خەساری گەورە بە کۆمەڵگەی خۆیان دەگەیەنن.
لێرەدا ئەگەر بمانهەوێ دیمانەیەک لە رۆڵی راستەقینەی ژن لە خێزان و کۆماڵگەدا وێنا بکەین، دەبینین و دەردەکەێ کە ژن چەندە دەتوانی شوێندانەریی هەبێت لە ڕەهەندەکانی سیاسی و کۆماڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگەدا. بەڵام ئایا ڕەگەزێ ژن کە خاوەنی ئەو باندۆر و کارتێکەرییە مەزنە-یە، لە بەڕێوەبردن و گێڕانی رۆڵی خۆیدا درێغی کردووە؟ یا ئەرکی خۆی بەباشی بەجێ گەیاندوە؟
مێژووی مرۆڤایەتی سەلمێنەری ئەو راستییە-یە کە ژنان لە سەردەمانی جۆراوجۆر و قۆناغە هەستیارەکانی مێژوودا رۆڵ و کاریگەری زۆر ئەرێنییان لە بنیاتنان و تەنانەت بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا هەبووە و تەنانەت چەندین شۆڕشی وەکوو «بزووتنەوەی ئیستێر» کە بۆ سەربەخۆیی ئیرلەند لە بریتانیا و لە ساڵی ١٩١٦ی زایینی رێکخرا، لەلایەن “کێنستانس مارکیۆویچ”ەوە رێبەری کرا. یا ساڵی ١٩٥٢ بزووتنەوەی ناسراو بە “٢٦ی مانگی مەی” لە کووبا و لەلایەن «سێلیا سانچێز» رێکخرا(ئەگەر چی لە مێژووی شۆڕشی کووبادا ناوی کاڵ و بزرە) کە هاوکات بوو لەگەڵ بەرخۆدانی کاسترۆ و چێگوارا. یا خود «ئەسما مەحفووز» کە توانی لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شۆڕشێکی گەورە لە قاهیرەی پێتەختی وڵاتی میسر رێکبخات و بە ملوێنان خەڵک بێنێتە مەیدانی تەحریری ئەو شارە. یا خود مینا قازی موحەممەد(هاوسەر پێشەوە قازی موحەممەد) و حەپسە خان و لەیلا زانا و بە دەیان و سەدان ژنی دیکە کە ژنانی لێهاتوو و خاوەن بەهرە بوون و بەداخەوە بەهۆی ژێردەستەیی نەتەوەی کورد، لە لاپەرەکان و پێڕستەکانی ژنانی گەورەی جیهاندا بزر بوون.
واتە ڕەگەزی ژن لە رابردوودا جیا لەوەی لە بوارەکانی کۆماڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا زۆر بە باشی ئەرک و رەساڵەتی خۆی بەڕێوە بردووە، لە نێو خێزانیشدا ئەرکی پەروەردە کردن منداڵ و نەوەی نوێی زۆر بە باشی بەڕێوە بردووە، بۆیە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان لە رابردوودا خاوەنی وەها ژنانێکی زیرەک و لێهاتوو بوون کە توانایی شۆڕش و ئاڵووگۆریان لەسەر ئاستی وڵاتان و ناوچە و تەنانەت جیهان بووە.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک زەق دەبێتەوە. ئەویش ئەوەیە کە بۆچی لە ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە گشتی وڵاتانی جیهانی سێهەم، ژن بەشاروومەندی پلە دووی کۆمەڵگە هەژمار دەکرێ؟
لە وڵاتانی دواکەوتوو و جیهانی سێهەمدا کە وڵاتی ئیرانیش لەخۆ دەگرن، ژن بە هاوڵاتی پلە دوو هەژمار کراوە و سەرەڕای ئەوەی کە کەمترین ماف و نرخی بۆ داندراوە، بگرە بە مرۆڤێکی کەم و کاڵا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و دەکرێ.
ڕێژیمی دواکەوتووی ئیسلایمی لە ئیران، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری روانگەی ڕەش و ناوەرۆکی بۆگەنی خۆی بەرامبەر بە پرسی ژن لە ئێرانی نیشان دا، بە دارشتنەوەی یاسای بنەڕەتیی وڵات، سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک مافی لە ژن زەوت کردن، بگرە کۆمەڵێک «قەید و بەندی» بۆ ژن دانا کە ژنی لە نیوەی زیندووی کۆمەڵگە و خێزانەوە کرد بە کۆیلە و کاڵای دەستی داڕێژەرانی یاسای رژیمی ئیسلامی و تا ئێستاش لە هەموو مافەکانییان بێ بەشن.
ڕێژیمی پیاوسالاری ئیسلامی لە ئێران هەر لەسەرەتای سەپاندنی خۆی بەسەر وڵاتدا، بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی «یا روسری یا توسری» کەوتە سەرکوتی ژن لە ئێراندا، کە لە یاسای رێژیمدا بە زەعیفە و نیوەی ڕەگەزی نێر پێناسە کراوە. بەڵام غافڵ لەوەی کە ژن یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆنی مەلاکانە کە لە ڕاستیدا بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنن(ناڕێکخراو) کە لەکاتی خۆیدا دەتوانن ببن بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەواوییەتی رێژیم.
نموونەی هەرە زیندوو بۆ سەلماندنی ئەو راستییە، شۆرشی “ژینا”یە. شۆڕشێک کە لەلایەن ژنی کوردەوە رێک خرا و سەرەڕای ئەوە کە زیاتر لە ٩٠ رۆژە بەردەوامە، بەڵکوو زۆربەی هەرەزۆری شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتۆتەوە بە هەموو نەتەوەکانییەوە.
دەبینین کە سەرەڕای سەرکوتی زۆر توند و بێبەزەییانەی ڕێژیم و هاوکات پێشکەشکردنی سەدان شەهید و هەزاران بریندار و دەیان هەزار دەستبەسەر کراو، ئاگری شۆڕشی ژنان هەر بڵێسەی هەیە و ئێستا ئیدی شۆڕشی تایبەت بە ژنی کورد نییە و بووە بە شۆڕشی هەموو نەتەوە و چین و توێژەکانی ئێران.