ناسک نەسیری
پەخشان عەزیزی، کە لقی ٢٦ـی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ئیمان ئەفشاری سزای سێدارەی بەسەردا بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بەسەردا سەپاندوە، تاقانە کچی کوردستانیی بەندکراو، یان تاقە کچەکوردی سزای سێدارەبۆدەرکراوی کوردستان نییە، تاقانە کیژێکی کوردستانیش نییە کە لە ڕێی ئازادیی نەتەوە و نیشتمانەکەی و مافی کچان و ژنانی نیشتمانەکەیدا، تێچوو دەدات، بەر لەو گەلێک لەیلا قاسم، بە کردەوە و بە خۆڕاگریی خۆیان و بە ئامادەنەبوون بۆ چۆک دادان بۆ ویستە گڵاوەکانی دوژمنی داگیرکەر، ئەم ڕێگا تەژی لە شانازیی و سەروەرییەیان پێواوە و بوون بە ئەستێرەیەکی هەردەم درەوشاوە بە بان سینگی نەتەوەکەیانەوە و بوونە میدالیای شانازی و تاجە گوڵینەی هەرمان، بەڵام پەخشان یەکەم کیژێکی کوردستانە کە لەدوای بوونی مەسعوود پزشکیان بە سەرۆککۆماری ئێران، ئەم سزا ناڕەوایەی بەسەردا دەبڕێ کە هەڵبەت بەرهەمی خۆڕاگری، بڕوای قووڵ و پێداگریی ڕەوای پەخشان لەبان مافی نەتەوەکەی و کچان و ژنانی نیشتمانەکەیەتی کە نموونەیەکی زۆر لە کوشتن و بڕین و ڕاوەدوونان و بێ مافکران و سەر و گوێ بڕاوبوونیانی لە ڕۆژئاوای نیشتمان بە چاوی خۆی بینیوە و ئەمە چاوی زیتی، زیتتر و زمانی هەقوێژی، هەقوێژتر کردووە.
بەغی تۆمەتێکی ئاسایشی و ئەمنییە و بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی ‘بەغی’ وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزاکەی یان لە سێدارەدان دەبێت یان سزای زیندانیکردنی درێژخایەن دەگرێتەوە.
کە دەڵێین مەسعوود پزشکیان، بۆ ئەوە نییە کە ناوبراو کەسێک بێ کورد پردی هیوای لەسەر هەڵبەستبێ یان بتوانێ و بیهەوێ لە سیستەمی کوردکوژی، کوردستان خائێنی دژە ژن و ژیانی کۆماری ئیسلامی ئێڕانیدا، گۆڕانکاری ساز بکەت، بەڵوو بۆ ئەوەیە کە جارێکی تر و بە بەڵگەوە بە چڵکاوخۆرەکان کە بە ناوی کورد بوون و ژیان لەناو کورددا، ویستیان و هەوڵیان دا کورد بخەرفێنن و بگەمژێنن، ئەو ئیسلاح تەڵەبە دەست بە خوێن سوور و قەڵەم بە خیانەت شەڵاڵی کورد دەڵێم کە هەردەم ئامادەی وەرگرتنەوە یان بێژین سواڵی ڕەوایی لە کوردستان بۆ ئەم ڕژیمە داگیرکەرەن.
پەخشان عەزیزی، چالاکوانی بواری مافی ژنانی کوردستان، بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی دیداری بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. دواجار ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١١ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵەوە (٦ی جولایی ٢٠٢٤) بە دەستووری شۆرای لێپێچینەوەی زیندان لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە، بەم دواییانە لە دووتوێی نامەیەکدا کە لە ناو زیندانەوە نووسیویەتی، چیرۆکی ستەمی ژنبوون و کوردبوون دەگێڕێتەوە و باس لە دەستبەسەرکردنی توندوتیژی خۆی و بنەماڵەکەی، ئەشکەنجە قورسەکانی کاتی دەستبەسەربوون، ٥ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیدا و… دەکات.
پەخشان عەزیزی، بەم دواییانە لە دوتوێی نامەیەکدا کە لە ناو زیندانەوە نوسیویەتی، چیرۆکی ستەمی ژنبون و کوردبون دەگێڕێتەوە و باس لە دەستبەسەرکردنی توندوتیژی خۆی و بنەماڵەکەی، ئەشکەنجە قورسەکانی کاتی دەستبەسەربون، 5 مانگ ڕاگیران لە ژوری تاکەکەسیدا کردووە. نامەیەکی تەژی لە ئازار و گڕگرتوو لە ئیرادە و باوەڕ و چۆکدانەدان و کۆڵنەدان.
پەخشان عەزیزی لە ڕابردوویشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.
مازیار تاتایی و ئەمیر ڕەئیسیان، دوو پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپیکەوتنێکیشدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق سەبارەت بە تۆمەتەکانی سەر پەخشان ڕایانگەیاندووە “ئەم سزایەی لە سێدارەدان بە تۆمەتی بەغی بۆ پەخشان دەرچووە، واتە وەک ئەندامی گرووپیکی چەکدار کە چالاکی چەکداری دژی حکومەت ئەنجامداوە و بۆیە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەخشان عەزیزی نەک هەر چالاکی چەکداری نەبووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا حەوت ساڵە لە عێراق و سوریا بووە و دوای هێرشی داعش ڕۆیشتووەتە کەمپەکانی ئاوارەکانی ڕۆژئاوا و بە لەبەرچاوگرتنی بواری خوێندنەکەی، یارمەتی پەنابەران و بریندارەکانی دەستی داعشی داوە.”
ئەو دوو پارێزە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا دەڵێن “تەنانەت لە خودی ئەو سزایەی بۆ پەخشان دەرچووە، ئاماژە بە هیچ ئۆپەراسیۆنێک یان ململانێیەکی چەکداری بۆ خاتوو عەزیزی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نەکراوە.”